کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی "مەسرور بارزانی" سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچێت و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت.
لە تەوەری یەکەمدا، دوایین پێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ دەخرێتەڕوو.
لە تەوەری دووەمیشدا، تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە دەکرێت، کە تایبەت بوو بە دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی.
لە تەوەری سێیەمیش، رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
بڕیار شوانی، نوێنەری حزبە کوردیییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیچ نادادپەروەرییەک لە پێکھاتەی لقی کەرکوکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نیە، بەڵام لە فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکور نادادپەروەرییەکی زۆر لەبەرامبەر کورد ھەیە و لەکۆی ١٠٩ بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تەنھا ٢٢یان کوردن، ھەروەھا لە کۆی ١٢ بەڕێوەبەری دەستە لە کۆمپانیای نەوتی باکور ھیچ کوردێکی تێدا نیە.
وتیشی، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا کورد ٥٥%ی دەنگەکانی کەرکوکی ھەبووە و دەبوایە بەو رێژەیە پۆستەکان لای کورد بووایە کەچی ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری کەرکوک کە مافی رەوای کوردە دوور لە دەستور و یاسا لەلایەن بریکاری پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت.
نوێنەری حزبە کوردییەکانی کەرکوک داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکان کرد دووبارە پۆستە ئیدارییەکان بەپێی شایستەی ھەڵبژاردن دابەشبکرێنەوە و بەھیچ جۆرێک بڕگەی ٣٥ لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای عێراق قبوڵناکەن و لە دادگای فیدراڵی تانەیان لێداوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، حکومەتی ھەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ٢ ملیار و ٧٧١ ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووبەرووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون،و پاراستنی سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی گشتی لە ھەرێمی کوردستان.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شارەکانی عێراق لەزیادبووندایە و بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٢٨ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوەو ١٨ توشبوویان گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان لە پارێزگای زیقارن.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی:
بەڕێز کاک سیروان مامۆستا مەلا محەمەد بەحرکەیی
بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (خەدیجە رەسوڵ پیرداود)، دایکی بەڕێزتان و خێزانی کەسایەتی دیار و تێکۆشەری کۆچکردوو مامۆستا مەلا محەمەد بەحرکەییم پێگەیشت .
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی خەبات و قوربانیدانن لەپێناو کوردستان.
لە خوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بۆ ڕێکخستنەوەی باشتری ئەرکەکان و جۆشدانەوەی خەباتی ئێستا و ئایندەی چین و توێژەکان لە ناومەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکاندا ، ئەمڕۆ رەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی هەریەک لە جوتیار نوری لێپرسراوی مەکتەب و فریال عەبدوڵا لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوە پیشەییەکان و سەرتیپ عەلی لێپرسراوی بۆردی وەرزش و ئەندامانی مەکتەب کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتری ئامادەبوان لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ڕۆڵ و پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستە ڕوو کە لە رێگەی گفتوگۆی سیاسی ودبلۆماسیەوە گشت هەولێکی لەگەڵ لایەنە کوردستانی وعێراقی و نێردە دبلۆماسیەکان خستۆتە گەڕ بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە ئاسۆی وڵات و ناوچەکەلەبەرژەوەندی گەلی کوردستان و گشت گەلانی عیراق بێت لە دابین کردنی گشت مافەکانی هاووڵاتیاندا.
لە بارەی دوا پێشهاتە سیاسیەکانی کوردستانەوە ، رەفعەت عەبدوڵا وتی ئەوەی لە رۆژی 22 ی 5 سەرۆکی پارلەمان و پارلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی گرتیانە بەر تەئکیدکردنەوەی گیانی پەرۆشی یەکێتی بوو بۆ چارەسەرو دەستپێشخەری بەرپرسیارنە بۆ هەمواری یاسای هەلبژاردن و ریوشوێنەکانی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تاکو ببنە بنەماکانی هەلبژاردنێکی پاک و بێگەرد .
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا، رەفعەت عەبدوڵا بریاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی داوای لە ئەندامانی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان کرد بە بەرنامەو پرۆژەی نوێوە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ خزمەتی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبەکانی تردا کار لەسەرپێگەیاندنی کادری پیشەیی بکەن .
پاشان جوتیار نوری لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان کارو چالاکی مەکتەبەکەیان لە ماوەی رابووردودا و بەرنامەی کاری ئایندەیانی خستە ڕوو کە بۆ نوێکردنەوەی سەندیکاو رێکخراوەکان لە خۆ ئامادەکردندان بۆ چەند هەڵبژاردنێک لەناو رێکخراوەکاندا .
رۆژی چوارشەمە ٢٤ی ئایار قوباد تاڵەبانی لەڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیی بە سەروەر مەحمود _ەوە کرد و دەستخۆشی لێکرد کە بەھۆی ھەڵوێستە ئازایانەکەیەوە توانیویەتی ژیانی ٣٠ کەس لە مردن رزگار بکات و پێشی وت کە وەک کوردێک شانازیت پێوە دەکەین.
لە بەرامبەردا سەروەر مەحمود وتی، زۆر دڵخۆش بووە کە جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پەیوەندیی پێوەکردووە و دەستخۆشی لێ کردووە، ئەم جۆرە ھەڵوێستانە ھاندەرێکە بۆ ھەموو ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات بە شێوازی جۆراوجۆر ناو و ناوبانگی کورد بە جوانی نیشانی وڵاتانی دیکە دەدەن.
سەروەر مەحمود تەمەنی ٣٩ ساڵە و ھاووڵاتییەکی بەریتانیایە و خەڵکی شاری کەلارە، رۆژی چوار شەممەی ھەفتەی رابردوودا کاتێک دەبینێت باڵەخانەیەک بەھۆی شۆرتی کارەباوە ئاگری گرتووە، بە ھانای ئەو خەڵکەوە دەچێت کە لە ئاگرەکەدا گیریان خواردوە و تاکو تیمەکانی فریاکەوتن دەگەنە شوێنی رووداوەکە ژیانی ٣٠ کەس لە دانیشتوانی ناو باڵەخانەکە رزگار دەکات.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەشێکی زۆری مادەکانی پڕۆژەیاسایی بودجە یەکلایی کراونەتەوە و گفتوگۆکانیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنەکانی ئەمشەو و بەرەبەیانی رژی پێنجشەممە بڕگەکانی تریش یەکلایی بکرێتەوە.
وتیشی، ماددەی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە شایستە داراییەکانی ھەرێم یەکلایی نەکراونەتەوە، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پێکھاتەکان سەرنج و تێبینی جیاواز و پێشنیاری جیاوازیان ھەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو دوو مادەیە، سەبارەت بە شێواز و میکانیزمی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و شێوازی مامەڵکردن لەگەڵ ئەژمارە بانکییەکەی کە داھاتی نەوتی ھەرێمی تیا ئەژمار دەکرێت، پێشنیاری جیاوازیش ھەیە لەگەڵ ئەوەی لە دەقی پڕۆژەیاساکەدا ھاتووە، ئەوەش کۆدەنگی کۆتایی لەسەر دروست نەبووە.
د. نەرمین مەعروف راشیگەیاند، ھەموو لایەنەکان خوازیارن ئەو دوو بڕگەیە بە لێکتێگەیشتن تێپەڕێنرێت، نەک بە ناچاری ببرێتە ھۆڵی پەرلەمان و لەوێ یەکلایی بکرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی دەشڵێت، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت.
دەقی روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی ئازادی:
سەبارەت بە دانیشتنی ئەمرۆی دووشەمە رێکەوتنی ٢٢ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ ی پەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنی ئازادی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لە بارەی ئەو گرژی و ئالۆزیەی کە لە دانیشتنەکە رویدا لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە هەیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان
وە ئیستاش داوا لە هەموو فراکسیۆنەکان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بارودۆخە هەنوکەییە بکەن و دەتواندرێ بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت هەر لەم بارەیەوە فرکسیۆنی ئازادی وەک پێشتر ڕای گەیاندوە کە پێویستە هەلبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی ئەنجامبدرێت و لەگەل درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە و داواشمان کردوە کۆمسیۆنی هەلبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی هەموو لایەنەکان بێت نەک بە شێوەی قۆرخکاری لە نێوان پێنج لایەن کارا بکرێتەوە
لە کاتێکدا هەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن کە ئەمە دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا
لە هەمانکاتدا سەر لەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە حزبی شیوعی و فراکسیۆنی ئازادی لەگەل ئەم شێوە کۆمسیۆنە بێت و جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەینەوە
د.محی الدین حسن
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ماڵیکیان لە گوندی خەڵەف لە سنوری ناوچەی بارێ لە سنوری قەزای شنگال بۆردومانکردووە، بەڵام ھێشتا زیانەکانی ئەو بۆردومانە نەزانراون.
بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە، کە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکی لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنوری شنگال بۆردوومانکرد و بەھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای رووداوەکەش، لیژنەیەکی ئەمنی لە سوپای عێراق و پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانی پێکھێندران و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە شوێنی بۆردومانەکە کرد.
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دادگای فیدراڵی ئەمریکا سزای روس رۆجیو تەمەن ٥٤ ساڵی خەڵکی ویلایەتی پێنسلڤانیای داوە بەھۆی ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتیەکی وڵاتی ئیستۆنی لە ساڵی ٢٠١٥ لە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا ئەو کەسە ھەوڵیداوە کارگەیەکی دروستکردنی چەک بە نایاسایی لە ھەرێمی کوردستان دروستبکات.
سزای ئەو کەسە کە دادگا بۆی بڕیوەتەوە بریتییە لە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی و چەندین تۆمەتی دیکەشی ھەیە لەوانە ناردنی چەک بۆ عێراق بێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و بەقاچاغبردنی کەلوپەل و سپیکردنەوەی پارە.
بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئامارێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٣٨٥ ھەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نییە، بەڵکو لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە ئەو ئامارە تۆمارکراوە و بەشێوەی تێست بووە، واتا ھیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمارکراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت، لە رێگەی تاسڵوجە-دوکان ھەژمار ناکرێن.
راشیگەیاند، ئەو ھەڵەیەی روویداوە لە پێدانی زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان، واتە ئاماری سەرپێچییەکان تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نەبوون، بەڵکو بە درێژایی تێستی کامێراکان بووە لە ساڵی رابردووەوە تائێستا و لەسەر ھیچ شۆفێرێکیش ھەژمار نەکراوە.
ئەو روونکردنەوەی لەکاتێکدایە بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، تەنھا لە رۆژی دووشەممە لە رێگەی دوکان- تاسڵوجە ٣٨٥ ھەزار و ٢٠٠ سەرپێچی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممە وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی سەردانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیان کرد و داوایانکرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینیش بگرێتەوە کە لە ناوخۆدا ئاوارەبوون و یان پێشتر ئاوارەی ئێران بوون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.
وتیشی، لەو دوو سنورەدا سەدان خێزانی ئاوارەی شنگال، نەینەوا و ناوچەکانی دیکە ھەن کە دوای ھێرشەکانی داعش نیشتەجێبوون و بەھۆی دابیننەکردنی پێداویستییەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە بەمەبەستی ھاندانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بۆ ھەر خێزانێک زەوی نیشتەجێبوون یان ھاوکاری داراییان پێبدرێت، لەم بارەیەوە پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، وەزیری کۆچ و کۆچبەران پێشوازی و پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەیان دەربڕیووە تاوەکو بڕیارەکە ئاوارەکانی کوردستانیش بگرێتەوە.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو خدیجە رسول پیرداوود
بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی خاتوو (خدیجە رسول پیرداوود) خێزانی خوالێخۆشبوو (مەلا محەمەد بەحرکەیی) کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر، نیگەران و دڵگران بووم.
بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم. خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی ١٣ھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر بەشداری پانێڵێکی کرد و رایگەیاند، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان لە ھەرێمی کوردستان دروستبکرێن، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سوود لەو پڕۆگرامەی حکومەت وەربگرن کە ئێستا خراوەتە تەندەر.
لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان ھەندێک بەرنامەیان ھەبووە کە چۆن بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون بێبەرامبەر بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینبکەن، لە سنوری دھۆک وایانکردووە لە ھەولێر پڕۆسەکە خەریکە تەواودەبێت و لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەیش وادەکەن، ھەموو کەسێک ببێتە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێم راشیگەیاند، پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان دەکرێت و جەختیشی لەوەکردەوە، لە دروستکردنی باڵەخانەدا پێویستە رێژەی سەوزایی، کوالێتی و ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی کەمئەندام لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا.
حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری قەتەر رایگەیاند، لە بارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە، لەناوخۆی عێراق ھیچ جۆرە کێشە و گرفتێک نەماوە و ھەموو رێککەوتنێکیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کراوە.
وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی تورکیان، چونکە پێیان وتراوە لیژنەیەکی ھونەری پشکنین بۆ بۆری گواستنەوەی نەوت دەکات بۆئەوەی دڵنیابن بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردووەوە زیانی بەرنەکەوتووە.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامە کار بۆ رێکخستنەوە و زیاتر گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و زیادکردنی بەرھەمھێنان دەکات بەتایبەتیش کەرتی غاز، دەیەوێت رێگاکانی ھەناردەکردنی نەوتیش ھەمەجۆر بکات لە پێناو داھاتی زیاتر و گەشەپێدانی کۆی ئابووری عێراق.