لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەکاتێکدا یادی پێنج ساڵەی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال دەکەنەوە میرات و بەخششەکانی بە بیر دەھێننەوە کە ھەموو ژیانی تەرخانکردبوو لە پێناو مافی گەلی کورد و لە پێناو دیموکراسی لە کوردستان و عێراق
بەناوی سەرکردایەتی و کادری پارتەکەیان پارتی چەپی کورد لە سوریا، پرسەو سەرەخۆشی لەناخی دڵەوە ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو حزب لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان.
باڵیۆزی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال سەرەخۆشی لە گەلی عێراق بەگەشتی و گەلی کورد بەتایبەتی دەکەن.
دەشڵێت، سەرۆک مام جەلال خاوەنی خەباتێکی گرنگ و مێژوویەکی پڕ لە ھەڵوێستی گەورە بووە و بە کەسایەتییەکی میانڕەو ناسرابوو.
محەمەد کازم ئال سادق ھیواشی خواستووە عێراق بەردەوام بێت لە ڕێگەی پێکەوەژیانی برایانە وەک چۆن سەرۆک مام جەلال کاری بۆ دەکرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی و نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، باوکی ئازیزم پێنج ساڵە لێرەنیت، دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی و کوردستان و عێراقەوە بۆت بنووسم.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو، دەتویست یەکێتی سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە دۆزە رەواکانی گەلی کورد و وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، بەڵام لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد، بەڵام لەکۆتاییدا یەکێتی بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرا، رێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی گیرا و بەکارھێنانی پلە و پۆست بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنان دراونەتە دادگا و ئارامی و ئاسایش لەپێشینەی ئەرکەکانە.
ھەروەھا راشیگەیاندوە، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەرەوشێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و بەشێک بووین لە چارەسەر نەک ئاڵۆزی.
دەقی پەیامەکە:
باوکی ئازیزم
پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێکی پڕ لە ھیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی، کوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و ھێزێکی لەبن نەھاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەھا پیرۆزانەی ھەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ ھاوخەبات و ھاوڕێکانتدا ھەر لەوپێناوەدا بوو.
لای ھەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەکەمان دا و یەکێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچکە تەندروستەکە و ھەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش ھەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست.
دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵکەکەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین کە وەرمانگرتووە. یەکێتی ھەڵگری سیاسەتێکی حەکیمانە و تەندروست بێت وەک ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەکرد. بەدیدگایەکی نیشتمانییەوە کار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکان بکەین و خزمەتی خاک و خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین. ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێکەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەکان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەکاندا کراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەک فەراھەم بکەین کە تاکەکان ھەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن. دەزانین رێگەکەمان سەختە و بەربەستەکان زۆرن، بەڵام بەڵێنێکە و داومانە (نەسرەوتن تا سەرکەوتن).
ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی کۆچتدا بۆم نووسیت ھەر بڕیارێک داومانە و دەیدەین لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێک بەویژدانێکی ئارامەوە بۆت دەنووسم ھەر ئەوەمان ئەنجامدا کە لێمان چاوەڕێدەکرا. رێگریمان لە بەھەدەردانی سامانی گشتی کردووە و رووبەڕووی نایەکسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەکارھێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەرکەکانمان داناوە. لەبوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشکەشکردووە و بەردەوامیش دەبین.
لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەدۆخێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێکی سادە بۆ دۆخەکە ئەو راستییەی دەردەخست کە کۆچی تۆ چ بۆشاییەکی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستکردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ لە ھەوڵەکانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو ھاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و ھەمووان شاھیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن کە بەشێک بووین لە چارەسەر نەوەک ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.
یادت بەخێر شکۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەھێنێت
کوڕی خۆت
بافڵ
ھەروەھا پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوێنێ لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ناوچەکانی کەپرە و شیلان و بەردەسۆر و ئەستیرۆکان و کونەگورگ لە سنووری باڵەکایەتی و ناوچەکانی بەربزین و بن گوندی پەڕێز و گوندی کەتینە و گوندی دەرھۆڵ لە ناوچەی برادۆست لە سنوری پارێزگای ھەولێر تۆپباران کران.
بەشێوەیەک لە ماوەی تەنھا پێنچ خولەکدا ئێران ٦٣ تۆپی ئاڕاستەی ئەو ناوچانە کرد. وتیشی، لەگەڵ تۆپبارانەکەی ئێران، سوپای تورکیاش لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە ناوچەی ڕۆبی و ڕواڵ و گەلی ڕەش و تارستا و کەم کۆڕا-ی لە برادۆست تۆپباران کرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، سەربازێکیان بە ناوی "یوسف ئاتاش"، لە چوارچێوەی "ئۆپراسیۆنی چڕنووک-قووفڵ" بریندار بووە و سەرباری ھەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی، بەڵام گیانی لە دەستداوە، ئەو لە کاتێکدایە رۆژی شەممە ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە" رایگەیاند، لە ھەڵمەتێکی نوێی ھێزەکانیاندا چوار سەربازی تری سوپای تورکیا لە سنوری پارێزگای دھۆک کوژران و سەربازێکی تریش بریندار بووە.
سوپای تورکیا لە رۆژی ١٨ی نیسانی ئەمساڵەوە، ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و باتیان و مەتینا لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی ئاگەدارکردنەوەیاندا، دەستبەجێ تیمی فریاکەوتنی خێرایان رەوانەی ھەردوو ڕوداوەکە کردووە، بەڵام نەتوانراوە کەسیان رزگاربکرێت و گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بەبەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان بۆ ئەم مانگە رایگەیاند موەلیدەکان لەکاتژمێر ١٢ نیوەڕۆ بۆ ١ی شەو کاردەکەن، لەگەڵ بەیانیان لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ ٨ی بەیانی ئەگەر کارەبای نشتیمانی کوژایەوە، موەلیدە ئەھلییەکان کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەن، لەکۆبوونەوەکەشدا ئەو خاڵە دووپاتکرایەوە، کە پێویستە پاش کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی (١٠) خولەک زیاتر بەسەر کارپێکردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بارەگایەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە گوندی "وەرد"ی سەر بە قەزای چۆمان بۆردومان کردووە، راشیگەیاند، ئەو گوندە تەنھا یەک کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای چۆمانەوە دوورە و تائێستاش وردەکاری زیاتری بۆردومانەکە و ئاستی زەرەر و زیانەکان نەزانراون.
ھەفتەی رابردوو، ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە زڕگوێز و کۆیە و پردی بۆردومان کرد، کە بەھۆیەوە زیاتر لە ١٥ کەس گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.
لە دیدارێکی نێوانیاندا کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ و شاندێکی یاوەریان ئامادەیبوون، باس لە چەندین پرسی گرنگ و تایبەت بە کاری پەرلەمانی، ئازادییە گشتییەکان، مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی سەرجەم ئاین و نەتەوە جیاوازەکان بە یەکسانی لە ھەرێمی کوردستاندا کرا.
دواتر سیناتۆر کریستیان کامبۆر، ئامانجی سەردانەکەیانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕوونکردەوە کە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە پەرلەمانییەکان و ھاوئاھەنگیی دیپلۆماسیی زیاتری نێوان ھەردوولا و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی لێژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فەرەنسا-یە.
لای خۆیەوە د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "گەلی ئێمە شانازییەکی گەورە بەو پەیوەندییە مێژووییانەوە دەکات کە لە ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەت و گەلی فەرەنسادا ھەیبووە لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا، بەتایبەت پشتیوانییەکانی خاتوو میتران لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئێمە مێژوویەکی درەوشاوەیە و گەلی ئێمە ھەرگیز لە یادی ناکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی فەرەنسای کرد لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ھاوکات پوختەیەکیشی لەبارەی ماف و ئازادییە گشتییەکان، پرسی ژنان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان بۆ شاندی مێوان خستەڕوو.
لە بەرامبەردا سیناتۆر کریستیان کامبۆر، بە بایەخەوە ڕۆڵی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی ھەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لە داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی ژنان و پاراستنی مافی پێکھاتەکان". وەک دەربڕینێکیش بۆ ھەڵوێستە جوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سیناتۆر کریستیان کامبۆر میدالیای سیناتی فەرەنسای پێشکەش بە د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.
سەرۆک مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە شەست ساڵی بێوچان خەباتی ھەمەلایەنەی کرد بۆ سەلماندن و بەدیھێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموکراسیەکانی گەلی کورد و پیادەکردنی بژاردەی دیموکراسی و دادپەروەری و پێکەوە ژیان لە عێراقدا.
ئەزموونی چەندین ساڵەی سەرۆک مامجەلال لە خەباتی دیپلۆماتیدا، لە مێژووی کوردایەتی ھاوچەرخ و ھەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەکەدا وێنەیەکی دەگمەنی پەیوەندییەکان بوو لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و رۆژئاوادا و بناغەی پتەویی ئەو دەستکەوتە دیپلۆماتیانە ، رەوایی و رەسەنایەتی مەسەلەی کوردی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دووپات دەکردەوە.
لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسیشیدا سەرۆک مام جەلال لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە ھەمیشە خاڵی کۆکەرەو و ڕاگرتنی ھاوسەنگی بوو، ھەڵبەتە ئەمرۆش دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ھەلومەرجی چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و لە ھەرێمی کوردستانیش، زیاتر لە ھەر کاتێکی تر دروستی دنیابینی سەرۆک مام جەلال لەسەر بنەماکانی تەوافق و شەراکەت و ھەماھەنگی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان دووپات دەبێتەوە و پێویستە ئەو بنەمایانە ببنە رێنوێنی تێپەڕاندنی قەیرانەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات و پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە ئەولەویەتی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیان بێت. ھەر ئەمڕۆش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێشخەر و داکۆکیکاری سەرسەختی ئەو پرەنسیبی سازان و پێکەوەییە.
لەساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆکی نەمر مام جەلال دا ئەوە بە بیر ھەموو لایەک دەھێنینەوە کە ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژێک زیاتر یەکێتیەکەمان، گەلەکەمان و رێبازی دیموکراسی ناوچەکە و عێراق بەتایبەتی، پێویستی بە حیکمەت و ئەزموون و دونیابینی سەرۆک مام جەلالە کە لە رێگەوە سود لە حیکمەت و رێبازی چەپکەگوڵەکە و پێکەوەژیان ببینین بۆ دەرچوون لە بەربەست و قەیرانەکان، چونکە رێبازو دونیابینی مام کەلتورێکی سیاسی و میراتێکی شۆرشگێرانەی دەوڵەمەندە و ھەموو لایەک دەتوانن دەرس و وانەی لێ وەر بگرن.
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال
قامەتی مێژوو و ستوونی پتەوی نیشتمان پەروەری
نەمری بۆ ھەموو شەھیدانی یەکێتی و گەلی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیستیمانیی کوردستان
٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڕیاریداوە بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە تەواوی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم رابگرێت، وتیشی ئەو بڕیارە تەنھا پڕۆژەی ئینتەرنێتی میری دەگرێتەوە کە حکومەتی ھەرێم لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ فەرمانگەکانی دابین دەکات، سەرەتا بڕیارەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتە جێبەجێ دەکرێت، دواتر ئەگەر سەرکەوتوو بوو، بڕیارەکە دەکرێت بە ھەمیشەیی.
بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دوپاتیشیکردەوە، بڕیارەکە بۆ ئەوەیە کە فەرمانبەران لە کاتی دەوامی خۆیاندا سەرقاڵی کاری لاوەکی نەبن و لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا بن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دەستیان گرتووە بەسەر چەند پارچە چەکێک و ژمارەیەک فیشەک و شانەی کڵاشینکۆفدا کە لەلای تۆمەتبارەکان بوون.
راشیگەیاند، "لە ئێستادا تۆمەتباران ( ێ،ی،ز لەدایک بووی ١٩٨٧)، (ا، س،م لەدایک بووی ١٩٩٩) ،( خ، ک، م، لەدایکبووی ١٩٩٣), ( ا، ا ،ا لەدایکبووی ٢٠٠١) ، ( ز،ڕ،ێ لەدایکبووی ١٩٧٣), ( ب،م،خ لەدایکبووی ١٩٩٩), ( ن،ف،ا لەدایکبووی ١٩٧٤)، بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ١٥ لەیاسای چەک ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە گەڵیاندا بەردەوامە."
باسی لەوەش کردووە، " تۆمەتباران وەک کارمەندی ھێزە ئەمنیەکان خۆیان ناساندبوو، بەڵام کارمەندی ھیچ کام لە ھێزە ئەمینیەکان نین."
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی د. خالید شوانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، ئەنجومەنی وەزارەتەکە کۆبووەوە و بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداربوون.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، ئاماژەی بە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە کردو تیشکی خستە سەر ئەو تەوەر و بابەتانەی بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و پەسەند دەکرێن.
لە دەستپێکدا لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕاپۆرتی پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی زانکۆی لەندەن لە ھەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، بۆ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرج و پێشنیارانەی کە لە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیراندا ھاتوەو گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا، تەوەری دوەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوە بریتی بو لە خوێندنەوەی پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ئامادەکرابو، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە بە گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەن ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەند کرا.
تەوەری سێیەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بریتی بو لە پەسەندکردنی مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی، کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان خرایەڕو، بۆ ئەمەش ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی مەرجەکانی کۆنفرانسی زانستی خستەڕو و ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا.
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، پاش ئەوەی چەند کەسێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زانیاریان پێداین و داوای لێپرسینەوەی یاساییانکرد لە تۆمەتبارێکی نەناسراو کە لە ڕێگەی ھاتووچۆی نێوان ناحیەی شۆڕش بۆ ناحیەی سەنگاو ھێماکانی ئاگادارکردنەوەی ھاتوچۆ لێدەکاتەوەو دەیدزێت پەیوەندیکرا بەو کەسانەوە.
دەشڵێت، پاش تێپەڕبونی کەمتر لە سەعاتێک لە داواکەی ھاوڵاتیان تۆمەتبارێک بەناوی ( ک ، م ، ع ) دانیشتوی ناحیەی شۆڕشی سەربەقەزای چەمچەماڵ لەلایەن ھێزەکانمان لەبەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیکرا.
تۆمەتبارەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە ویستویەتی تابلۆکان لەبازاڕدا بە فافۆن بفرۆشێت.
تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لەسەر بڕیاری دادوەر دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی و ئەو تابلۆیانەی لێیکردبۆوەو دزیبونی و بەتەمابوو لەبازاڕدا بیان فرۆشێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق:
پێنج ساڵ لەمەوبەر، دڵە گەورەکەی سەرۆک مام جەلال لە لێدان کەوت، عێراق و ھەموو ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان رابەر و سەرۆکێکی ناوازەی مێژووییان لەدەستدا، کە زیاتر لە شەش دەییە تەمەنی بۆ بەدیھێنانی ئازادی و ئاشتی و دیموکراسی لە عێراق و ناوچەکەدا تەرخانکرد.
ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال، ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و ناوچەکە و ئازادیخوازان تاساند و بووە رووداوێکی گرنگی جیھانییش.
سەرۆک مام جەلال لەتافی لاوێتیەوە تا بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی عێراقی فیدرال، بێدرێغ تیکۆشا بۆ بەدیھێنانی دیموکراسی بۆ عێراق و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، لەقۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی و شۆڕشدا، مام جەلال نمونەی باڵای سەرکردو و رابەرێکی پشوودرێژ و بەورە و ئازا بوو، کە ھەرچی زەبرو زەنگ و دڕندەیی ڕژێمی بەعس ھەبوو نەیتوانی ئیرادەی لاواز بکات، تا سەرەنجام لە ١٩٩١ لە بەشێکی زۆری کوردستان و دواتر لە ٢٠٠٣ دا ھەموو عێراق ئازاد کرا.
سەرۆک مام جەلال جگە لەوەی سەرکردەیەکی گەورەو کاریگەری ئۆپۆسیوزنی عێراقی بوو، لەھەمان کاتیشدا پشت و پەنای ھەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزسیۆن و نیشتمانپەروەرانی عێراق بوو. لە دوای ئازادکردنی عێراق و بنیادنانەوەی عێراقی فیدرالدا سەرۆک مام جەلال بەیەک مەودا لەگەڵ ھەموو پێکھاتە و ھێزە سیاسیەکان وەستا و ھەمیشە چەتری کۆکردنەوەی ناکۆکەکان و ھەوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، ھەربۆیە لەکاتی نەخۆشکەوتنیدا بەڕێز سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی نازناوی « ێمام الڕمان» ی پێبەخشی.
ئێستا کە یادی پێنج ساڵەی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە، لەھەموو کات زیاتر پێویستیمان بە روانگە و فکر و ئەزموونی سەرۆک مام جەلال ھەیە، بۆ کۆتایی ھێنان بە ناکۆکیە قووڵە سیاسیەکان و چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیان و خزمەتکردنی گەلانی ستەمدیدەی عێراق.
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی وەک خوێندکاران و گۆشکراوانی سەرۆک مام جەلال، بەڵێن دووپاتدەکەینەوە درێژەپێیدەری ڕێگا و فکر و ئەزموونەکەی بین، گفتوگۆی نیشتمانی و ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق و بەلاوەخستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسیەکان بە شاڕێگای خەباتی پەرلەمانی و دەستوری و دیموکراسیمان.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢ی تشرینی ٢٠٢٢