وەزارەتی دارایی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراونەتەوە لەبونی پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن بەغدادەوە تا تا ڕەتکرابێتەوە.
دەشڵێت، وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆیان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەنەوەو ھیوادارن حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.
وەزارەتی دارایی ھەرێم جختیکردووەتەوە، ھەرکات بڕیاری ناردنی ھەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنن وەک چۆن پێشتر ڕایانگەیاندووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆبووە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لە نێویشیاندا بەھێزکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و زامنکردنی ئاسمانی عێراق، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای تالیسی فەرەنسی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیمزابکات.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا، کە وەزیرەکان رۆژێک دیاریی بکەن بۆ پێشوازیکردن لە ھاوڵاتیان و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان.
مایلز کاگیز وتەبێژی پێشوی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ئەمریکا جێگۆڕکێ بە ھێزە سەربازییەکانی دەکات و ھێزی نوێ دێنە جێگەیان، حکومەتی عێراقیش ئاگاداری ھەموو جۆرە جموجوڵێکی ھێزەکانی ئەمریکایە و لە نزیکەوە چاودێری دەکات.
لەئێستادا نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی و ھەزار سەربازی ھاوپەیمانان لەچەند بنکەیەک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیرن کە ئەرکیان مەشقکردنە بە ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و ساڵانە ئاڵوگۆڕ بە ھێزەکان دەکرێت.
سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان رەتیکردەوە، جموجوڵی ئەم دواییەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان مەترسیداربێت و دەڵێت ئەو جموجۆڵە سەربازییانە تەنیا ئاڵوگۆڕی ھێزەکانە.
سەرباری دڵنیاییدانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەبارەی ئاڵوگۆڕی ھێزەکان و بوونی ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە، نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، جوڵەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ، جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، چونکە ھێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا دابخەن.
جەختی لەوەشکردەوە، ھێزەکانی ئەمریکا بەھیچ شێوەیەک ھیچ کارێک لە عێراق ناکەن و رەنگە داخستنی سنوورەکان بۆ کۆتاییھێنان بێت بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی ھەولێریان کرد وردبینینیان بۆ داھاتی نانەوتی شەش مانگی ھەرێمی کوردستان کرد، راپۆرتی کۆتاییان پێشکەش بە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، ماوەتەوە وەزیری دارایی عێراق ئیمزا لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات.
وتیشی، ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕیاریانداوە، بە دواداچوون بکەن بۆ ھۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە نزیکی فاملی مۆڵی قەزای سێمێڵ دوو ئۆتۆمبێلی باندێکی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر تەقەیان لە ھێزێکی ئەمنی کردووە.
وتیشی، یەکێک لە بازرگانەکانی باندەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و دەستبەسەر ٤٥ کیلۆ ماددەی ھۆشبەریشدا گیراوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند مانگێکە کار لەسەر ئەوە دەکەن چارەسەری کێشەی زەوییە سندوقییەکان و کێشەی کەرتی ٢٢ لە ماستەرپلانی شارەوانی سۆران و کێشەی گوندەکان بۆ دروستکردنی خانوو بکرێت، لە ئێستاشدا وەزارەتی شارەوانی ئەو کێشەیەی چارەسەرکردووە، ھاووڵاتیان دەتوانن داواکاری دروستکردنی خانوو پێشکەش بکەن.
وتیشی، لیژنەیەکیان پێکھێناوە و ئاسانکاری دەکات تا ئەو ھاووڵاتییانەی خاوەنی زەوی سندوقین بتوانن بە ئاسانترین شێوە بەبێ رۆتینات مامەڵەی دروستکردنی خانوەکانیان دەستپێبکەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرچی حاڵەتەکان توندنین و لەژێر کۆنترۆڵدان، ھاوکات تیمەکانی تەندروستی سەرقاڵی پشکنینی تایبەتن بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا پێویست دەکات ھاووڵاتیان ئاگاداری خۆیان بن و رێکارەکانی خۆپارێزیی بگرنەبەر، بەتایبەتی لە گرتنەبەری پاکوخاوێنی و دڵنیابوونەوە لە پاکیی و شیاویی ئاوی خواردنەوەیان، دوورکەوتنەوە لە خواردنێک کە سەردانەپۆشراو بێت یان لە ژینگەیەکی ناخاوێن دابێت، شۆردنی بەردەوامی دەستەکان بە باشی.
ھەروەھا داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشیی سکچووندا، رێنماییە پزیشکییەکان بەباشیی جێبەجێبکەن و لە ئەگەری توندبوون و بەردەوامیی نەخۆشیەکەدا سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر قسەکردن لەسەر دەروازەی سنووریی پەروێزخان، لەلایەن بەشی یاسایی وەزارەتی داراییەوە بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
وتیشی، تێبینییان لەسەر سکاڵاکە ھەیە، چونکە دادوەرەکە برای سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی پەروێزخانە، ھەروەھا لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ئاگادارکراوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو ماددەیەی سکاڵاکەی پێ تۆمارکراوە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە ھەیە، ھەربۆیە تانە لە سکاڵاکە دەدەن و داوا دەکەن، دادوەر و دادگایەکی دیگە کەیسەکە ببینن.
ئاڵپئەرسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "تی ئاڕ تی" رەسمی وڵاتەکەی رایگەیاند، تورکیا ئامانجی کاراکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانە بە زووترین کات. وتیشی، لەئێستادا پڕۆسەی چاکسازی ھێڵی بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیھان لە کۆتایی نزیک بووەتەوە.
ئەو لێدوانەی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردەوە، دوای نۆژەنکردنەوەی بۆریە نەوتییەکە.
تورکیا لە رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە راگرت، کە رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل بوو.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوە و تێیدا نمرەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەھەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی کە ژمارەیان (٤٧٦٢٩) دەرچووە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا بەمەبەستی کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەی سیستمی زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان.
لای خۆیەوە، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەیان کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەستپێدەکرێن بۆ ئەوەی لە زووترین کات یوزەر و پاسوۆرد بۆ دەرچووان دروست بکرێن و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە سیستمی زانکۆلاین لەنزیکترین کاتدا کارا دەکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاوی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە گرتنەوەی ئاو لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەک شەممە کۆبونەوەی تایبەت ھەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفی ئاو.
جەختیشیکردووەتەوە، ھیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نیە، ھیچ کۆبونەوەیەکیش ھەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان ھەردوو وەزارەت، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدان و بەیەکەوە کاردەکەن بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئاستەنگ و گۆرانکارییەکانی کەش و ھەوا.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەت پەیوەندییە ھاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن .
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی لەناکاوی تورکیا "ئافاد" بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سەعات ٦:٠٩ دەقیقە, بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٣ پلە بەپێوەری رێختەر, پارێزگای موغلای گەشتیاری لە باکوری کوردستان ھەژاندووە، قوڵاییەکەشی ٥٧.٦ کیلۆمەتر بووە.
راشیگەیاندووە، بومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، دوای بوومەلەرزە بەھێزەکەی رۆژی ٦ـی شوبات تاوەکو ئێستا، ٣٧ ھەزار و ٤٤٦ پاشلەرزە روویانداوە، کە ١٢ پاشلەرزە ٦ پلە و ٧١یان ٥ پلە بووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی پێشمەرگەی دێرین، مام عەبدوڵا مام قادر گردەسۆری
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مام عەبدوڵا مام قادر گردەسۆری، پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی دیاری ھەولێرمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان