وەزیری رۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی لە یەکەمین فێستیڤاڵی ھونەری و پەروەردەیی شارباژێر دەکات
کوردسات نیوز
٢٦ی ئابی ٢٠٢٣
لە پیرۆزباینامەکەدا دەڵێت " بەبۆنەی سازدانی یەکەمین فێستیڤاڵی ھونەری و پەروەردەیی لە شاری چوارتای دەڤەری شارباژێری ڕەنگین، بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخواز، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و مامۆستایان و خوێندکاران و ھاوکارانی ئەم فێستڤاڵە دەکەم، کە ھونەرو پەروەردەیان ئاوێزان کردووە بۆ بەدیھێنانی سێ ئامانجی پیرۆزی پەروەردەییو ژینگەییو نیشتمانی".
دەقی پیرۆزباییەکە...
بەبۆنەی سازدانی یەکەمین فێستیڤاڵی ھونەری و پەروەردەیی لە چوارتای شارباژێر، بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەم فێستڤاڵە ١٣ کورتە فیلمی لە خۆگرتووەو لە لایەن مامۆستایانی ھونەرو خوێندکارانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارباژێڕ لە گوندەکانی شارباژێڕی رەنگین و دڵگیر بەرھەم ھاتووە، فیلمەکان پەیامی ھۆشیاریی پەروەردەیی و ژینگەیی و نیشتمانی لەخۆدەگرن، ئەوەش سێ بابەتی گرنگن لەڕێی ھونەری سینەماوە دەگەنە مێشکو دڵو دەروونی بێگەردی خوێندکارانو بایەخی خوێندنو خۆشەویستیی خاکی نیشتمانو پاراستنی ژینگە بەرجەستە دەکەن.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و مامۆستایان و خوێندکاران و ھاوکارانی ئەم فێستڤاڵە دەکەم، کە ھونەرو پەروەردەیان ئاوێزان کردووە بۆ بەدیھێنانی سێ ئامانجی پیرۆزی پەروەردەییو ژینگەییو نیشتمانی.
لەگەڵ رێزمدا
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان