تورکیا داوایکردووە ھیچ لێکەوتەیەکی دارایی ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغداد نەخرێتەسەر وڵاتەکەی
کوردسات نیوز
٢٦ی ئابی ٢٠٢٣
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی رۆژی سێشمەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق بە رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" ی راگەیاندوە، ھاکان فیدان دۆسیەکانی ئاو و ھەماھەنگی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ کردووە و داوای لە عێراق کردووە پەکەکە وەک گروپێکی تیرۆریستی بناسێنێت و رێگری بکەن لە عێراقەوە ھێرش بکاتەسەر تورکیا.
رونیشیکردوەتەوە، تورکیا خۆی وەک لایەنێکی ناپەیوەندیدار دەبینێت لە ناکۆکییە نەوتییەکانی ھەرێم و بەغداد و ھاکان فیدان دوای کردووە ھیچ لێکەوتەیەکی دارایی لەسەر ئەو دۆسییە نەخرێتە سەر وڵاتەکەی تاکو رازی بن بە دەستپیکردنەوەی ھەناردەی نەوت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاندووە، تورکیا چاوەڕێی وەڵامی عێراق بۆ ئەو داواکارییانەی پێشکەشیکردوون بە تایبەت دۆسیەی پەکەکە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و سەردانەکەی مانگی داھاتووی ئەردۆغانیش بەندە بە وەڵامی عێراق بۆ ئەو داواکارییانەی ھاکان فیدان پێشکەشیکردوون و پێدەچێت سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتایی بێت لەسەر ئەو دۆسیانە.