پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بە فێڵ ئۆتۆمبێلێکی لە هاووڵاتییەک بردبوو
دیلان
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە بە فێڵ ئۆتۆمبێلێکی لە هاووڵاتییەک سەندبوو؛ دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی گەڕێندرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵای تۆمارکرد سەبارەت بەوەی بە فێڵ ئۆتۆمبێلەکەی لێ براوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی سەیدسادق و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد، توانییان تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، هاوکات دەستیش بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیرا کە تۆمەتبارەکە بردبووی.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی (مادەی 456) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.


