ترەمپ هەڕەشەی دەستنیشانكردنی گەروی هورمز وەك ناوچەیەكی سەر بە ئەمریكا دەكات و ئێرانیش جەختدەكاتەوە هورمز سەر بە وڵاتەكەی دەمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە گەروی ستراتیژیی هورمز وەك هەرێمێكی سەر بە ئەمریكا دەستنیشان دەكات، وتیشی، توانیویانە تاران بە سەختی تێكبشكێنن و ئەو گەمارۆ دەریاییەش كە بەسەر بەندەرەكانی ئێراندا سەپاندوویانە، بەردەوام دەبێت و بە هیچ شێوەیەكیش رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ كەشتییەك بەو گەروەدا نادەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، سەركردایەتی ئێران بەهۆی جەنگەوە لەناوچووە و یەكێك لە كێشەكانیشی ئەوەیە كەسی دەستناكەوێت دانوستانی لەگەڵدا بكات.

لەبەرانبەریشدا، كازم غەریبئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەروی هورمز سەر بە ئێرانە و هەر سەر بەئێرانیش دەمێنێتەوە، وتیشی، بە فەرمانی ئێران نەبێت كەس ناتوانێت گەروی هورمز بكاتەوە یان دایبخات چ بگات بەوەی بیكات بە خاكی خۆی.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای "كێپلەر"یش كە تایبەتە بە چاودێریكردنی جووڵەی دەریایی، لە ماوەی 166 رۆژی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێراندا تەنها نزیكەی سێ هەزار و 371 كەشتی بە گەروی هورمزا تێپەڕیون كە ئەوەش نزیكەی 20%ی ئاستی هاتوچۆی پێش دەستپێكردنی جەنگە.