وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات متمانە و ئاسایش لە نێوان خۆیاندا بەبێ دەستوەردانی دەرەكی بەهێز بكەن، هاوكات هۆشداریش دەدات كە نابێت خاكی وڵاتانی دراوسێ ببێتە سەكۆیەك بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتانی ناوچەكەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە چیتر ئەمریكا ناتوانێت ئاسایشیان بۆ دابین بكات.

ئاماژەی بەوەكرد، دەبێت دەوڵەتانی ناوچەكە پەیوەندییەكانیان بە بێ لایەنی دەرەكی رێكبخەنەوە و رێگری بكەن لەوەی خاكەكەیان بۆ لێدانی ئێران بەكاربهێنرێت.

سەبارەت بە گەروی هورمز رایگەیاند، داخستنی گەروەكە كارێكی سروشتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەیان و جەختی كردەوە؛ تا ئەو كاتەی شەڕ بەردەوام بێت، رێگە بە هاتوچۆی كەشتییەكان لەو رێڕەوەوە نادەن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، تیشكی خستەسەر دانوستانەكانیان لەگەڵ عوممان و ئاشکرایکرد، گفتوگۆكان تەنها بۆ دیاریكردنی رێڕەوی كەشتیوانییە لە گەووی هورمز.

ئەوەشی خستەڕوو، وەرگرتنی باج لە بەرانبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەكان مافێكی سروشتیی وڵاتەكەیەتی.