سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی هێزێكە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندایە.
فالح فەیاز لە میانی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی 12هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی، داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق كرد، سەربازگەكانی حەشدی شەعبی بۆ دەرەوەی شارەكان بگوازێتەوە.
پابەندبوونی تەواوی خۆیشی بە یاسا و ڕێساكانی ئێستا دووپاتكردەوە و وتی، جوڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە تەواوی لە ژێر ركێفی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندای.
راشیگەیاند، حەشدی شەعبی دژی تائیفەگەری وەستاوەتەوە، بەشداربووە لە بنیادنانی هاوبەشییەكی نیشتمانیدا كە تێیدا سەرجەم پێكهاتە و ئایینەكان لە یەك سەنگەردا دەجەنگن.
ئاماژەی بەوەشكرد، حەشد نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەكان دەكات و دەرفەتی بۆ كەمینەكانیش ڕەخساندووە بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكانی خۆیان.
ئەم داواكارییە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئەو هەوڵانەی لە لایەن حكومەتی عیراقەوە دەستیپێكردوە بۆ هێشتنەوەی چەك تەنها بە دەستی دەوڵەت و رادەستكردنی چەكی گروپە چەكدارەكان.
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وەفدێکی قەتەری بۆ تاران بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەقی لێکگەیشتنەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئێران ئاشکرایکرد، واشنتۆن لە چوارچێوەی رەشنووسی یاداشتی لێکگەیشتنەکەدا، رازی بووە بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرز لە ناوخۆی خاکەکەیان.
ئەو لێپرسراوە باڵایە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا تاوتێ دەکرێت، هەروەها تاران بە رەسمی رازی بووە کە بەپێی رێککەوتنەکە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و نەبێتە خاوەنی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی خاڵەکانی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئێران دەستبەجێ گەروی هورمز بەروی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکاتەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئێران راشیگەیاند، واشنتۆن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵدەگرێت، ئەمەش رێگە بە تاران دەدات نەوتەکەی بفرۆشێت و دەستی بە داهاتەکەی بگات.
ئاشکراشیکرد، لایەنی ئەمریکی رازی بووە بە ئازادکردنی 25 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، کە گواستنەوەی نەختیی راستەوخۆ و هێڵە کریدیتە داراییەکان دەگرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین دەکات رایدەگەیەنێت: بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی (م. حسێن محەمەد بەهائەدین)، برای بەڕێزتان، زۆر دڵگران و خەفەتبار بووین.
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان......
بەڕێز: مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی (م. حسێن محەمەد بەهائەدین)، برای بەڕێزتان، زۆر دڵگران و خەفەتبار بووین. لە قوڵایی دڵەوە هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی جەنابتان و هەموو خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزتان دەکەین.
لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بخاتە بەر میهرەبانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، سەبووری و ئارامییش بە جەنابتان و هەموو لایەک ببەخشێت.
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بڵاویکردەوە کە وەفدێکی قەتەری لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردن لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە تاران کۆبوونەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانی وەفدەکە بە مەبەستی تاوتێکردنی دوایین پێشهاتەکانی رێڕەوی دیپلۆماسییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردندا.
هاوکات، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، کە وتووێژکارانی قەتەری بەیانی ئەمڕۆ بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوتوون، ئەمەش وەک بەشێک لەو هەوڵانەی کە ئامانجیان داڕشتنی کۆتا دەستکاری و هێنانەدی رێککەوتنی کۆتاییە بۆ ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
دوای ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی گەڕان و چاودێری بۆ رێگریکردن لە قۆرغکاری و جێگیرکردنی نرخی خۆراک، ئەنجومەنی پێشبڕکێ ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی هێلکە لە بازاڕەکاندا دەستی بە دابەزین کردووە و بڕی پێویستیش خراوەتە روو.
موھەند خەلیف مەحموود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنەکە رایگەیاند، لێژنەکانی پێشبڕکێی سەر بە ئەنجومەنەکە لە سەرجەم بازاڕە ناوخۆییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و بەردەوامن لە چاودێریکردنی جووڵەی کڕین و فرۆشتن بە تایبەت لەسەر کاڵا خۆراکییە بنەڕەتییەکان، ئەمەش بە مەبەستی ئاشکراکردنی هەر حاڵەتێکی قۆرغکاری یان یاریکردن بە نرخ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرانبەریان.
مەحموود جەختی کردەوە کە ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان دابینکردنی کاڵا بۆ هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرهەمەکان لە بازاڕدا.
ناوبراو رونی کردەوە کە پێناسەی گومرگیی ئەم دواییانە تەنها کاڵا لاوەکییەکانی گرتووەتەوە (وەک قاوە و هەندێک ماددەی ناوبنەڕەتی)، و بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان نەبردووە کە هاوڵاتی رۆژانە پشتیان پێ دەبەستێت، وەک (برنج، شەکر، هێلکە و سەوزەوات).
ئەنجومەنی هەماهەنگی کاروباری کەرتی بانکی لە ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکانی چوار بانکی سەرەکیی وڵاتەکەی پەکخستووە، بەڵام هیچ جۆرە دزەکردنێک بۆ ناو زانیارییەکانی کڕیاران و بەشداربووان تۆمار نەکراوە.
میدیا رەسمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری ئەنجومەنەکەوە بڵاویانکردەوە، هێرشەکە ژێرخانی هاوبەشی پەیوەندییەکانی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن بانکەکانی "ملی" (نیشتمانی)، "تیجارەت"، "سادرات" و "گەشەپێدانی هەناردەکردنی ئێران"ـەوە بەکاردەهێنرێت.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە وای لە تیمە تەکنیکییەکان کردووە رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی کاریگەری کردووەتە سەر هەندێک لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
ئەنجومەنی ناوبراو جەختی کردەوە کە هیچ دەستڕاگەیشتنێکی نایاسایی بە زانیارییەکانی کڕیاران یان سڕینەوەی داتاکان تۆمار نەکراوە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ باری ئاسایی خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بانکەکانی ئێران دوێنێ شەممە رایانگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانیان تووشی تێکچوونی تەکنیکی بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ئەنجامدانی مامەڵە بانکییە دیجیتاڵییەکان.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"یش بڵاویکردەوە، کێشە تەکنیکییەکە بانکە سەرەکییەکانی گرتووەتەوە (لەوانە ملی، تیجارەت، سادرات و گەشەپێدانی هەناردەکردن)، ئەمەش بەهۆی گرفتێکەوە بووە کە لە بەشێک لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی سەر بە "کۆمپانیای نیشتمانیی خزمەتگوزارییەکانی زانیاری" رویداوە.
ئەمرۆ وردبینكردن لە لیستی موچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەرێوەبەرایەتی گەنجینەكان تەواو دەكرێت و لە ماوەی 72 سەعاتدا رەوانەی بەغداد دەكرێت.
بەپێی دوایین ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری كوردسات نیوز كەوتوو، تا بەیانی ئەمرۆ لە بەرێوەبەرایەتی گەنجینەكان وردبینی كردن لە لیستی موچەی مانگی 6 ی فەرمانبەرانی هەرێم كۆتایی نەهاتووە، بەڵام دوانیوەرۆی ئەمرۆ وردبینی تەواو دەبێت و لیستی موچە رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكرێـت.
بەپێی سەرچاوەكانی كوردسات نیوز، لە ماوەی 72 سەعاتدا لیستەكە رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت كە لەلایەن تیمێكی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبرێتە بەغداد بۆ ئەوەی هەر تێبینیەك هەبێـت تیمەكە رونكردنەوە بدەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی مامۆستا سهڵاحهدین محەمەد بههائهدین دەکات و دەڵێت: هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا حسێنی برای بەڕێزتان، دڵگران و غەمباری کردین.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەڕێز/ مامۆستا سهڵاحهدین محەمەد بههائهدین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستان
هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا حسێنی برای بەڕێزتان، دڵگران و غەمباری کردین.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بەڕێزتان و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەكەین و هاوبەشی خەمتانین.
لە خوای گەورە داواكارین، گیانی كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شادبكات، ئارامی و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.
نرخی شۆربای گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور بە شێوەیەکی بەرچاو روی لە هەڵکشان کردووە و بووەتە دوو هێندەی نرخی گۆشتی مانگا، هۆکاری ئەمەش نزیکبوونەوەی وادەی قەدەغەکردنی گشتگیری بەخێوکردن و فرۆشتنی سەگە بۆ مەبەستی خواردن، کە بڕیارە لە ساڵی 2027 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاووڵاتییەکی ناوخۆیی بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" راگەیاندووە، شۆربای گۆشتی سەگ کە لە وەرزی هاویندا لە کۆریای باشوور ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە "بۆسینتانگ" دەناسرێت، لە ئێستادا لە چێشتخانەکاندا بە دوو هێندەی نرخی شۆربای گۆشتی مانگا دەفرۆشرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو قەدەغەکردنە نزیکەی وادەی جێبەجێکردنی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە رونکردنەوەی داوە کە تێچووی یەک ژەم شۆربای "بۆسینتانگ" لە گۆشتی سەگ لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی 30 هەزار وۆن، لە کاتێکدا نرخی ژەمێک گۆشتی کوڵاوی سەگ بە کێشی 200 گرام، دەگاتە نزیکەی 50 هەزار وۆن (هاوتای 2.3 هەزار روبڵ). ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم نرخە نزیکەی دوو هێندەی تێچووی ئەو خواردنە باوانەیە کە کۆرییەکان لە گۆشتی مانگا دروستی دەکەن، وەک شۆربای "گالبیتانگ" و پارچە گۆشتی برژاو.
مۆڵەتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی هێشتا دەتوانن تا کۆتایی ساڵی 2026 گۆشتی سەگ لە چێشتخانەکاندا بکڕن، بەڵام لە شوباتی 2027ـەوە بە تەواوی قەدەغە دەکرێت.
شۆربای "بۆسینتانگ" سەر بە پۆلێنکردنی ئەو خواردنە نەریتییە کۆرییانەیە کە بە "بۆیانگسیک" ناسراون؛ ئەمانە ئەو جۆرە خۆراکانەن کە پێشینیان پێیان وابووە یارمەتی گەڕاندنەوەی هێز و وزە دەدات لە کەشی گەرمدا.
ئەم پۆلێنکردنە شۆربای مریشک لەگەڵ ڕەگی جینسیگ "سامگیتانگ" و چەندین خواردنی هاوینی دیکەش لەخۆدەگرێت.
بەپێی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە خۆراکانە ئارەقکردنەوە زیاد دەکەن و یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە ئاسانی بەرگەی گەرمای هاوین بگرێت، هەر بۆیە لەم وەرزەدا خواستی زۆریان لەسەرە.
سزای سەرپێچیکاران لە یاسا نوێیەکەدا
بەپێی ئەو یاسایەی کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی کۆریای باشوورەوە پەسەند کراوە، لە 7ی شوباتی 2027ـەوە بەخێوکردن، سەربڕین و فرۆشتنی سەگ بە مەبەستی خواردن بە تەواوی لە وڵاتەکەدا قەدەغە دەکرێت.
شایەنی باسە بۆ سەربڕینی سەگ بە مەبەستی خواردن سزای تا سێ ساڵ زیندانیی، یان پێبژاردنی سزای دارایی تا 30 ملیۆن وۆن، هەروەها بۆ بەخێوکردن و فرۆشتن سزای تا دوو ساڵ زیندانیی، یان سزای دارایی تا 20 ملیۆن وۆن، بەڵام یاساکە هیچ سزایەکی جیاوازی بۆ خودی کڕیار یان بەکاربەر دیاری نەکردووە.
بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکانی کەشوهەوا، لە سەعاتەکانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان روو لە نزمبوونەوە و کەشوهەوا فێنک دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی راگەیاند و ئاماژە بەوەدەکات، بەپێی لە سبەینێوە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا خێرایی با زیاد دەکات، هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان کەمێک نزم دەبێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک کات و ناوچەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، پلەکانی گەرما بە جیاوازی دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی بە بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
پیرمام: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 34 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 39 پلەی سیلیزی
ئیسرائیل نیگەرانە لە رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران و ئاشکرایدەکات، مەترسی لەسەر ئاسایشیان دروست دەکات.
دوای راگەیاندنی ئامادەکارییەکان بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیل نیگەرانی قووڵی خۆیان لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دەربڕی ر رایانگەیاند، ئەم هەنگاوە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان دروست دەکات، چونکە چاوپۆشی لە دۆسیە هەستیارەکان کردووە.
تەلئەبیب ئاماژە بەوەدەکات، خاڵەکانی ئێستای تێککەوتنەکە، پرسی چەکە ئەتۆمییەکان، موشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان وەک حیزبوڵا و حوسییەکان پشتگوێ دەخات، هاوکات بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئیدارەی ئەمنی و سیاسی ئیسرائیل بۆ تاوتێکردنی ئەم بابەتە کۆببێتەوە.
سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات،موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، دەقی رێککەوتنەکەی بۆ ئەنجومەنی باڵا پەسەند کردبێت، هەرچەندە دەقەکە راستەوخۆ باس لە دۆسیەی ئەتۆمی ناکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاران رەزامەندی بدات لەسەر دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی لە ناوخۆی ئێراندا.
لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس رایگەیاند، ئێران چەکی ئەتۆمی ناوێت و دوای رێککەوتنەکە دەستبەجێ گەروی هورمز دەکرێتەوە.
ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە ، هیچ پارەیەک بە ئێران نادرێت و لە قۆناغی داهاتوودا مادە ئەتۆمییە کۆکراوەکان هەڵدەگرنەوە و لەناوی دەبەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە تۆڕی "CNN" بڵاویکردووەتەوە، ئێران تەواوی ئەو شوێنانەی کە یۆرانیۆمی لێ پاشەکەوت کراوە مینڕێژ کردووە، و ترەمپیش لە دوا ساتدا رێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سوپای ئەمریکا کردووە کە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران بووە.
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە تاران ئامادە نییە، ئەمڕۆ یەکشەممە، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێکەوتەکە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
"بەپێی سەرچاوەکان، تاران لە ترسی ئەوەی ترەمپ ئەم بۆنەیە بۆ مەرامی پڕوپاگەندە و ریکلامی میدیایی بەکاربهێنێت، ئەو بڕیارەی داوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەندێک لە چاودێران پێیان وایە پێداگریی ترەمپ لەسەر دیاریکردنی ئەمڕۆ بۆ وادەی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، ئامانج لێی گۆڕینی ئەم روداوە سیاسییە نێودەوڵەتییەیە بۆ دەستکەوتێکی کەسی و پڕوپاگەندەی میدیایی کە هاوکات بێت لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی خۆیدا.
وەزارەتی تەندروستی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، بە رەسمی رایگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە بە ڤایرۆسی کوشندەی "ئیبۆلا" لە وڵاتەکەدا بەرزبووەتەوە بۆ 710 حاڵەت، هاوکات تا ئێستا 139 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.
ئەم پەرەسەندنە خێرایە لە کاتێکدایە، کە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) پێشتر و لە 17ی ئایاری رابردوودا بە رەسمی باری نائاسایی راگرت و رایگەیاند؛ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆ و ئۆگاندا بووەتە مەترسییەکی راستەقینە و ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دیکەش دروست دەکات.
بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر، رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لەگەڵ ناوەندی ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، لە5ی ئەم مانگەدا، پلانێکی فریاگوزاری و ئامادەکاریی پێشوەختیان بە بەهای 518 ملیۆن دۆلار راگەیاند، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی زنجیرە نوێیەکەی ئەم پەتایە کە بە (ڤایرۆسی بونديبوغيو - سلالەی ئیبۆلا) ناسراوە.
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی لە قەزای شارەزور راگەیاند، کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو و دەستیش بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیرا کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزور تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو، لە ئێستاشدا دەستبەسەر گەنمە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبارەکە کە پیاوێکی لەدایکبووی ساڵی 1986ـە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.
هاوکات لەگەڵ وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان و جووتیاران دەکات کە زیاتر ئاگاداری خەرمان و بەرهەمەکانیان بن، لە کاتی بوونی هەر گومانێکیشدا دەستبەجێ پەیوەندی بە بنکەکانی پۆلیس یان هێڵە گەرمەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن.
بە بەشداری زیاتر لە 117 هەزار خوێندكاری قۆنای 12ی ئامادەیی، تاقیكردنەوەكانی كۆتایی لە هەرێم دەستیانپێكرد.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە سنوری پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە 26 هەزار و 500 خوێندكار مافی بەشداریكردنی تاقیكردنەوەكانیان هەیە.
وتیشی، رێگە بە تیمەكانی راگەیاندن و فۆتۆگرافەران و راگەیاندكاران نادرێت بچنە ناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكانەوە بۆ ڕوماڵكردن.
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، بەشێك لە خۆپیشاندەران ئێران داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتەكەیان دەكەن.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، كۆمەڵێك لە خۆپیشاندەران لە ئێران رژانە سەر شەقامەكان و داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان كرد.
ئاماژەیانبەوەشكرد، خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكەدا بە توندی دژی ئەو تێگەیشتن و ڕێككەوتنانە وەستاونەتەوە كە ئێستا لە نێوان تاران و واشنتندا باسیلێوەدەكرێت.
راشیانگەیاند، خۆپیشاندەران دروشمی ڕەخنەگرانیان دژی پرۆسەی دانوستانەكان بەرزكردووەتەوە و پێیان وایە هەندێك لە بەندە بڵاوكراوەكانی رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكە، لەگەڵ بنەما نەگۆڕەكان و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئێران ناگونجێن.