هەواڵەکانهەواڵەکان

بەشێک لە وردەکاریی نوێ لەسەر رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە گەروی هورمز ئاشکرا دەبێت و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فارسی رایگەیاندووە، تەنها 60 رۆژ تێپەڕبونی کەشتییەکان بە گەروی هورمزدا بێبەرانبەرە.

ئاژانسی فارس بڵاویکردوەتەوە، کە لە دواساتەکانی دانوستانەکاندا دەقی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا توشی چەند گۆڕانکارییەک بووە، بە شێوازێکی رون جەخت لەسەر سەپاندنی سەروەریی هاوبەشی ئێران و عومان بەسەر گەروی هورمزدا دەکاتەوە.

بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان، وەک ئەوەی ئاژانسەکە بڵاویکردوەتەوە، داهاتوی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی دەریاوانی لە گەروی هورمزدا لەلایەن ئێران و عومانەوە دیاری دەکرێت.

ئاژانسی فارس دەڵێت؛  بەکارهێنانی دەستەواژەی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان بەو مانایەیە، کە ئەمریکا وەرگرتنی باج و تێچوی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەرەسمی بۆ ئێران دەسەلمێنێت

هەروەها جەختکراوەتەوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە، تاران تەنها بۆ ماوەی 60 رۆژ رەزامەندی نیشانداوە کە کەشتییەکان بێ بەرانبەر بە گەروی هورمزدا تێپەڕبن، ئەمەش دەری دەخات، کە واشنتۆن پرەنسیپی پێدانی باج و تێچوەکەی قبوڵ کردووە و تەنها داشکاندنی بۆ ئەو 60 رۆژە بەدەستهێناوە.

ئاژانسی فارس ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئێران بەنیازی ئەوەیە دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە، لە رێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە سەلامەتی، دەریاوانی، ژینگە و دڵنیایی (بیمە)، داهاتی دارایی لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو گەروەدا بەدەستبهێنێت و بۆ پەرەپێدانی ئابوری وڵاتەکەی بەکاریبهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری عەلی نزار، بەرێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بڵاویكردەوە، بەغداد داواكارییەكی پێشكەشی ئەنقەرە كردووە بۆئەوەی  رێككەوتنی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی نێوان كەركوك و بەندەری جەیهان لانیكەم یەك ساڵ درێژبكاتەوە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی پێدانی كاتی زیاترە بە هەردوولا بۆ دانوستاندن لەسەر رێككەوتنێكی نوێ، كە هەناردەكردنی نەوت لەم رێڕەوە گرنگەوە رێكبخاتەوە.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، عیراق لە سەرەتایی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە رێگەی بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە كردووە.

ئەو هەنگاوەی حكومەتی عیراق لەكاتێكدایە كە رێككەوتنی ئێستای تایبەت بە هێڵی بۆری كەركووك – جەیهان لە 27ی تەمموزی داهاتوودا كۆتایی دێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سیستەمی نوێی دیجیتاڵی وەزارەتی کارەبا لە هۆبەی فرۆشیاری وزەی گەرمیان، دەربەندینخان، دوکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق کە نزیکەی 280,000 هاوبەش سوودی لێدەبینن دەکەوێتە کار.

وەزارەتی کارەبا دەڵێت؛ سیستەمە نوێیە لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و سوودی دەبێت لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان لەڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجتاڵی ئی-پسوولە بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.

ئاماژەی بەوەکردوە،ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، کە پێشووتر هەمان سیستم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، راپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات جێبەجێکرا و رەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی روناکییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، ئاسمان بەگشتی لەنێوان  ساماڵ و پەڵە هەوردا دەبێت  و ئەمڕۆش  پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ  نزمدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و ئاسمانیش ساماڵ دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژی سێ شەممە بە پیچەوانەوە، پلەکانی گەرما روو لە بەرزبونەوە دەکەنو  دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی سێشەممە

هەولێر: 38 پلەی سیلیزی

پیرمام: 34 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 36 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 37پلەی سیلیزی

دهۆک: 37 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 38 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 25 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 40 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل رایگەیاند، سەرەڕای فشارەکانی ئێستا و داهاتوش سوپای وڵاتەکەیان لە لوبنان، سوریا و غەززە دەمێننەوە و لەو ناوچانەی بە دەستیانەوەیە ناکشێنەوە.

یسرائیل کاتزی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیدا، پەیڕەوی لە سیاسەتێکی رون دەکەن، کە تێیدا جەخت لە مانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سوریا و کەرتی غەززە دەکەنەوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردوە، سەرەڕای سەرجەم فشارە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا و داهاتوو، ئەوان بە تەواوی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان رەتدەکەنەوە.

هاوکات، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و رایگەیاندوە، ئەگەر ئێران بەهۆی روداوەکانی لوبنانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا ئەوانیش بە هەموو هێزی خۆیانەوە وەڵامی دەدەنەوە و هێرش دەکەنە سەر ئێران.

 لە لایەکی دیکەوە، دەستەی پەخشی فەرمی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە بەهۆی بەردەوامی ناسەقامگیری و رەوشی نادیاری پەیوەست بە لوبنان و ئێرانەوە، بڕیاردراوە رەوشی نائاسایی لە بەرەی ناوخۆیی وڵاتەکەدا تاوەکو 30ی حوزەیران درێژبکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ناتانیاهۆ کەسێکی سەختە و هێندەی نەمابوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان رێکەوتنەکەیان لێ تێکبدات، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ئێران ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو.

دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاراندا، رایگەیاند بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و دواتر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئەو وڵاتەدا رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕیوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین‌ پینگی سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای کردوە  بۆ هاوکارییەکانیان لەم رێککەوتنەدا.

 لە بەرانبەردا، بە توندی رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرتوە و وتویەتی؛  هێرشەکانی ئەو خەریک بوو ببێتە هۆی تێکچوونی رێککەوتنی کۆتایی.

دۆناڵد ترمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندوە، ناتانیاهۆ ئەو کەسێکی سەخت و دژوارە، لە راستیدا دەبێت زۆر سوپاسگوزاری ئەوان بێت، چونکە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبوایە، ئیسرائیل تەنانەت دوو سەعاتیش بەرگەی نەدەگرت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سی ئێن ئێن رایگەیاندوە، دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتۆندا، سوپای ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ لابردنی گەمارۆکانی گەروی هورمز و بریاریشە رۆژی هەینی گەمارۆکان بەتەواوەتی لاببرێن.

لێپرسراوێکی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا فەرمانێکی رەسمی پێگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی، کە ئێستا لەسەر گەروی هورمز هەیە

بڕیارە ئەم هەنگاوە لە رۆژی هەینی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، بەو مەرجەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە شێوەیەکی رەسمی ئیمزا بکرێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک  ئەمریکا رایگەیاند، دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، فەرمانی هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکای بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەرکردووە.

ترەمپ پێشتر و لە سەرەتای گرژییەکاندا، نزیکەی شەش هەفتە دوای دەستپێکردنی جەنگ، ئەم گەمارۆ دەریاییە توندەی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو.

سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە دڵنیایی داوە، کە لەگەڵ باکردنەوەی گەروەکە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە لە رۆژی هەینیدا، نەوت جارێکی دیکە لە هەردوولاوە بۆ ناوچەکە و تەواوی جیهان رەوانە دەکرێت و دەست بە جوڵە دەکاتەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەوەشی خستوەتەڕوو،  ئەو لێپرسراو ئەمریکییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم پلانە لە ئێستادا تەنیا وەک تێگەیشتن و خوێندنەوەیەک بۆ رەوشەکە سەیر دەکرێت، کە  هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە و ئەگەری هەیە تا رۆژی هەینی گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەڕاستی مانگی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی واشنتۆن دەكات و چەند دۆسێیەك تاوتوێ دەكات بەتایبەتیش ئەمنی و ئابووری.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، لەگەڵ ژمارەیەك وەبەرهێنەری ناوخۆیی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ واشنتۆن ئەنجام دەدات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و چەند لێپرسراوێكی تری ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

وتیشی، چەند دۆسێیەكی گرنگ لە ئەجێندای سەردانەكەی زەیدیدا هەیە كە دیارترینیان ئەمنی و ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر پایتەختی لوبنان، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کەناڵەکانی راگەیاند و ماڵپەڕە هەواڵییەکانەوە رایگەیاند، ئەو هێرشە بووەتە هۆی دواکەوتنی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆیە هێرشی لەو جۆرە قبوڵکراو نییە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: زۆر نزیکین لە ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا و لە سەرەتاشدا بە شێوەی ئەلکترۆنی دەبێت.

وتیشی: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەی دواخست، چونکە وا بڕیاربوو ئێستا ئیمزاکرابووایە، بەڵام چەند سەعاتێک پرۆسەکەی دواخست.

ئەکسیۆس ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، ترەمپ زۆر لە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئسیرائیل توڕە بووە
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لە تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: ئەم هێرشەی کۆتایی ئیسرائیل بۆسەر بەیروت، نەدەبووایە بکرابایە.

لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی و ئێران زۆر نزیکن لە گەشتن رێککەوتنێک کە ئاشتی باو ناوچەکە و لوبنانیش دەهێنێت، بۆیە نەدەبووایە نە حزبوڵا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل و نە بەپێچەوانەشەوە.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک نابێت تەلئەبیب هێرشبکاتە سەر لوبنان، بەڵام لە بەرانبەریشدا نابێت حزبوڵا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: نزیکین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، ئەمەش دەکرێت ببێتە سەرەتای ئاشتییەکی درێژخایەن و جوان، با لەدەستی نەدەین.
بڵاوکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکاش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا حزبوڵا هێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتەش لە وەڵامدا، هێرشی ئاسمانی کردەسەر پێگە ئابورییەکانی ئەو گروپە چەکدارییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم، بڕیارێکی دەرکردووە سەبارەت بە وەرگرتنی نەخۆش و حاڵەتی فریاکەوتن و بریندار لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و تێیداهاتووە، "لەکاتی رەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بە ئەرکی وەرگرتنی نەخۆش هەڵبستێت و دەستبەجێ کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدات".

وەزارەتیتەندروستی هەرێم، رایگەیاندووە: لەکاتی رەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بە تایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن و باری ناجێگیر و چاودێری چڕ، وەزارەتی تەندروستی جەخت لە بڕیارێک دەکاتەوە کەوا پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بە ئەرکی وەرگرتنی نەخۆش هەڵبستێت و دەستبەجێ کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدات.

وەزارەتی تەندروستی دەشڵیت: نابێت نەخۆش رەتبکرێتەوە یان وەرنەگیرێت بەبیانووی نەبوونی شوێن یان نەبوونی چاودێری چڕ یان بەبیانووی ئەوەی کەوا نەخۆش لەباری بێ ئومێدی و بێ هیوایی چارەسەر دایە یان هەر بیانووێکی دیکەی وەک نەبوونی خەرجی پێویست، ئەوا پێویستە نەخۆش وەربگیرێت لەکاتی هەرکێشەیەکدا پێویستە ڕەچاوی مافی نەخۆش بکرێت و چارەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسای بەرامبەر سەرپێچیکاران وەردەگیرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند لیژنەیەكی باڵا بۆ بابەتی نوێكردنەوەی گرێبەستی هەناردەی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانەوە دروستكراوە و لەئێستادا رەشنوسێك بۆ گفتوگۆكردنی لەگەڵ توركیا ئامادەكراوە.

سەلیم فەرهود وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەسەرپەرشتی وەزیری نەوت و كادیرەكانی وەزارەت لیژنەیەك دروستكراوە و پێشتریش سەردانی توركیا كراوە و سەردانەكان بەردەوام دەبن تا ئەوەی دەگەینە رێكەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو بابەتە.

سەلیم فەرهود دەربارەی كاری كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم وتی، كۆمپانیاكان بەهۆی روداوە ئەمنییەكان و جەنگی ئێران و ئەمریكاوە كارەكانیان جێهێشتووە، وەزارەت كار دەكات بۆ ئەوەی دوبارە دەست بە بەرهەمهێنان بكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكان، هەروەها وەزیری دەرەوەی و سوپاسالاری عیراق ئامادەبوون. 

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رێگرییەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی كارە كۆمپانیاكان كرا و سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای كرد سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێت و دەستبەكاركردن بكەنەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراق لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستێكی زۆرباشدایە و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەنجامدانی ئەو رێكەوتنە سێ قۆڵیە بوو كە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت ئەنجامدرا.

كوردسات نیوز، پرسیاری هەوڵەكانی وەزارەتی نەوتی كرد بۆ زیادكردنی هەناردەی نەوت و لە وەڵامدا وتی، ئێستا لە هەوڵداین زۆرترین بری نەوت هەناردەبكەین، ئەویش بەرێگەی وشكانی لە سوریا و ئوردن و هەندێك جاریش لەرێی دەریاییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل پێگە و بارەگاکانی حزبوڵای لە زاحییەی بەیروت بۆردومان کرد و ئێران هۆشداری دەدات.

دوای تەقینەوەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە رۆژئاوا بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمانی راستەوخۆی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری، هێرشێکی توندیان کردە سەر چەند ئامانجێکی حزبوڵا لە گەڕەکی زاحییەی باشوری بەیروت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەر بە حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەی زاحییەی باشوری بەیروت.

ناتانیاهۆ هۆشداری توندی دایە لوبنان و ئاماژەی بەوەکرد، بێدەنگ نابن و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هێرشکردنەسەر ئیسرائیلدا ناکەن.

لەلای خۆشیەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بارەگایەکی فەرماندەیی حزبوڵا بووە کە بۆ ئاڕاستەکردن و داڕشتنی نەخشەی هێرشەکان دژی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.

سەرچاوە پزیشکی و میدیاییەکانی لوبنانیش لە زانیاری سەرەتاییدا ئاماژە بە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چوار کەسی تر دەکەن لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا.

لەبەرانبەدا، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەیدا هۆشداری توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: "ناکرێت تووشی هەڵەی ستراتیژی بن لە هەژمارکردنی هاوکێشەکاندا. ئەگەر دەتانەوێت بگەنە رێککەوتن یان لێکگەیشتن، رێگەی راستەقینە راگرتنی ئیسرائیلە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق، سوریا تۆڕێكی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەری هەڵوەشاندەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا بڵاویكردەوە، توانیویانە تۆڕێكی نێودەوڵەتیی رێكخراو بۆ قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو تۆڕەش دەستگیر بكەن.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەش كردووە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە عیراق، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی جۆری و هاوكاتیان لە هەردوو پارێزگای حومس و دێرەزوور ئەنجامداوە.

راشیگەیاند، لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستبەسەر 800 هەزار حەبی هۆشبەری جۆری كەپتاگۆن و 60 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری حەشیشدا گیراوە كە ئامادەكرابوون بۆ قاچاخچێتی و بازرگانیكردن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی هێزێكە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندایە.

فالح فەیاز لە میانی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی 12هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی، داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق كرد، سەربازگەكانی حەشدی شەعبی بۆ دەرەوەی شارەكان بگوازێتەوە.

پابەندبوونی تەواوی خۆیشی بە یاسا و ڕێساكانی ئێستا دووپاتكردەوە و وتی، جوڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە تەواوی لە ژێر ركێفی  فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندای.

راشیگەیاند، حەشدی شەعبی دژی تائیفەگەری وەستاوەتەوە، بەشداربووە لە بنیادنانی هاوبەشییەكی نیشتمانیدا كە تێیدا سەرجەم پێكهاتە و ئایینەكان لە یەك سەنگەردا دەجەنگن.

ئاماژەی بەوەشكرد، حەشد نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەكان دەكات و دەرفەتی بۆ كەمینەكانیش ڕەخساندووە بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكانی خۆیان.

ئەم داواكارییە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئەو هەوڵانەی لە لایەن حكومەتی عیراقەوە دەستیپێكردوە بۆ هێشتنەوەی چەك تەنها بە دەستی دەوڵەت و رادەستكردنی چەكی گروپە چەكدارەكان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وەفدێکی قەتەری بۆ تاران بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەقی لێکگەیشتنەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئێران ئاشکرایکرد، واشنتۆن لە چوارچێوەی رەشنووسی یاداشتی لێکگەیشتنەکەدا، رازی بووە بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرز لە ناوخۆی خاکەکەیان.

ئەو لێپرسراوە باڵایە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا تاوتێ دەکرێت، هەروەها تاران بە رەسمی رازی بووە کە بەپێی رێککەوتنەکە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و نەبێتە خاوەنی.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی خاڵەکانی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئێران دەستبەجێ گەروی هورمز بەروی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکاتەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئێران راشیگەیاند، واشنتۆن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵدەگرێت، ئەمەش رێگە بە تاران دەدات نەوتەکەی بفرۆشێت و دەستی بە داهاتەکەی بگات.

ئاشکراشیکرد، لایەنی ئەمریکی رازی بووە بە ئازادکردنی 25 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، کە گواستنەوەی نەختیی راستەوخۆ و هێڵە کریدیتە داراییەکان دەگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5354555657...1117