هەواڵەکانهەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان رەوانەی پاکستان دەکات و  بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، ئەگەر ئێران رازی نەبێت بـە رێککەوت هەموو وڵاتـەکە دەتەقێتـەوە.

بە گوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارە ویتکۆف ئێوارەی دووشەممە بگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان و رۆژی سێشەممە بەشداریی لە گەڕێکیتری گفتوگۆکان بکات لەگەڵوەفدی ئێراندا.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، کە زاواکەی، جارێد کۆشنەر، وەک شارەزایەکی دێرین لە دانوستانەکانی ئاشتیدا، هاوشانی ویتکۆف بەشداری کۆبوونەوەکان دەبێت، لە کاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کە پێشتر سەرپەرشتی گەڕی یەکەمی کردبوو، لەم گەشتەدا ئامادە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند؛ هەرچەندە پێشنیازێکی "دادپەروەرانە"ی بۆ رێککەوتن خستووەتەڕوو، بەڵام ئەگەر رێگەچارەی دیپلۆماسی سەرنەگرێت، واشنتۆن پەنا بۆ هەنگاوی سەربازی دەبات و هەموو وێستگەکانی وزە و پردەکان لە ئێران دەکاتە ئامانج.

سەبارەت بە ئەگەری بەشداریی خۆشی لەو کۆبونەوانەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە رەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەردانی پاکستان بکات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی نێردە تایبەتەکانی دەکات.

ئەمە لە کاتێكدایە تا ئێستا لایەنی ئێران، هیچ ئاماژەیەکیان بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکادا نەکردوە و لە گەری یەکەمدا داوایان کردبوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەشداری بکات لە گفتوگۆکاندا. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران حەتمییە و بە شێوەیەکی "دۆستانە یان سەخت" ئەنجام دەدرێت.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەی بی سی نیوز ئاماژەی بەوە کرد: ئێران پێشێلکارییەکی مەترسیداری بۆ رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام داوە، بەڵام ئێمە هێشتا بڕوامان وایە کە دەتوانین بگەیەنە رێککەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر پێویستیی یەکلاییکردنەوەی پرسەکە کردەوە و وتی: رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر روو دەدات، جا بە رێگەی دۆستانە بێت یان بە رێگەیەکی سەخت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانە توندەکانی بەرامبەر تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بڕیارە نوێنەرانی وڵاتەکەی ئێوارەی سبەی بگەنە "ئیسلام ئاباد"ی پایتەختی پاکستان بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر چەندین دۆسیەی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاڤێر میلای، سەرۆکی ئەرجەنتین، بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە ئیسرائیل، ئەوەش لە پێشینەی بەشداریکردنی لە مەراسیمی داگیرساندنی مەشخەڵ لە ئاهەنگی فەرمیی "ڕۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیل" لە قودس.

بڕیارە لەم سەردانەدا میلای باڵیۆزخانەی ئەرجەنتین لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بگوازێتەوە و بە فەرمی بیکاتەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشووی بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.

ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی هێڵێکی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و بوێنس ئایریس، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی عەممار حەکیم کردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی.

لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە: دووبارەبوونەوەی متمانەدان بە بەڕێزتان، رەنگدانەوەی رۆڵی کاریگەرتانە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بەشداربوونی کاراتانە لە بەهێزکردنی کاری نیشتمانیی هاوبەش لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عێراق، بەو ئاراستەیەی کە خزمەت بە سەقامگیریی وڵات دەکات.

دەقی پەیامەکە

بەڕێز جەنابی سەماحەتی سەید عەممار حەکیم

بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەتان وەک سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ خولێکی نوێ، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و لە راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانتان بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

دووبارەبوونەوەی متمانەدان بە بەڕێزتان، رەنگدانەوەی رۆڵی کاریگەرتانە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بەشداربوونی کاراتانە لە بەهێزکردنی کاری نیشتمانیی هاوبەش لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عێراق، بەو ئاراستەیەی کە خزمەت بە سەقامگیریی وڵات دەکات.

چاوەڕوانی هەوڵی بنیاتنەری زیاترین بۆ برەودان بە هاوکاری و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان بە جیاوازیی بیروبۆچوون و ئینتیماکانیانەوە.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیم.

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش دۆزرانەوە كە روفاتی دەیان كەس لە خۆ دەگرن و لە نێویشیاندا روفاتی ژمارەیەك پێشمەرگە هەن 
لیژنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان رایگەیاند، پڕۆسەی هەڵدانەوەی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە بەری ڕاستی موسڵ دەستپێكردووە كە روفاتی قوربانیانی دەستی داعشیان تێدایە. ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی لیژنەكە دەڵێت ،  تائێستا ڕوفاتی ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی و پێشمەرگە و خەڵكی موسڵ لەو گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە و كارەكانیشیان بەردەوام دەبن، بۆ پشكنینی چەند شوێنێكی دیكە كە گومان دەكرێت گۆڕی بەكۆمەڵی لێ بێت.

هەروەها زەید عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە موسڵ رایگەیاندووە، سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە كە دەیان روفاتیان تێدایە.
 وتیشی، روفاتەكان رەوانەی پزیشكی داد دەكرێن بۆ ئەنجامدانی پشكنینی "دی ئێن ئەی" بە مەبەستی ناسینەوە و رادەستكردنەوەیان بە كەسوكاریان.

عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا، کە سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردوە ئەوەی رونکردەوە، مێژووی ئەم گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ روداوەكانی ساڵی 2015 و روفاتی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی پێكهاتەی ئێزدی و پێشمەرگە لەنێو گۆڕەكاندان، ئەمەش قەبارەی ئەو تاوانە گەورەیە نیشان دەدات كە داعش بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان ئەنجامیداوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک ببێتەوە، کە زۆرجار بارانەکە بە شێوەی لێزمە و شەستەباران دەبێت و هەورە تریشقە و ئەگەری بارینی تەزرەشی لەگەڵدا دەبێت. 

بەپێی راپۆرتی کەشناسی، پشکی شێری دابارین بۆ ئەمڕۆ لە سنووری باکووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری کۆیە و ئیدارەی سۆران دەبێت، هاوکات بەشەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک بەتایبەت ناوچەکانی ئاکرێ و زاویتە و دینارتە و مێرگەسوور بارانی چڕیان لێ دەبارێت، لە کاتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دابارین بە شێوەی شەستەبارانی کورتخایەن و هەورە تریشقە دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و خێرایی با بەراورد بە دوێنێ کەمتر دەبێتەوە، و ئەم کەشە بەهارییە ناجێگیرە بۆ سبەی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک کە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا دووبارە شەپۆلەکە چالاک دەبێتەوە و کاریگەرییەکەی لەسەر پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی زیاتر دەبێت.

 بۆ سبەی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک، بارانەکە زیاتر بە شێوەی بارانی بەهاری و تاوە بارانی کورتخایەن دەبێت، کە ئەمەش تایبەتمەندی کەشی ئەم وەرزەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی بڕی باران لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بە شێوەیەکی بەرچاو جیاواز بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەناو جەرگەی باخچەی ئاژەڵانی نیشتمانی لە واشنتون، چیرۆکێکی کاریگەر و پڕ لە جوانیی مرۆیی لەناو جیهانی ئاژەڵاندا لەدایکبوو، کە تێیدا بێچووە فیلێکی ئاسیایی بە ناوی "لین مای"، توانی سەرنجی ملیۆنان بینەر لە سۆشیاڵ میدیا بۆ لای خۆی رابکێشێت.

"نی لین"ی دایک، دوای لەدایکبوونی بێچووەکەی لە مانگی شوباتدا، نەک هەر شیری پێ نەدا، بەڵکو بە رەفتارێکی توند و دوژمنکارانە "لین مای" بچکۆلانەی لەخۆی دوورخستەوە، ئەم دیمەنانە لە سۆشیاڵ میدیا بوونە جێی خەم و پەژارەی هەوادارانی سروشت.

لەو کاتەی هەموان نیگەرانی ژیانی "لین مای" بوون، فیلێکی دیکە بە ناوی "سوارنا" هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی. 
سوارنا کە پێشتر تامی دایەنیی نەکردبوو، وەک پاڵەوانێکی بێدەنگ هاتە پێش و باوەشی میهرەبانی بۆ بێچووە تەرەبووەکە کردەوە.

تیمی چاودێری دەڵێن: ئەوەی سوارنا ئەنجامی دەدات کارێکی سیحراوییە، ئەو توانیویەتی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان پاراستنی 'لین مای' و پێدانی ئازادی بۆ یاریکردن دروست بکات، وەک ئەوەی ساڵانێکی زۆر بێت ئەزموونی دایەنیی هەبێت.

تڕێندێکی جیهانی و سۆزێکی بێ سنوور
ئێستا ڤیدیۆکانی "لین مای" کە بەدوای "سوارنا"دا رادەکات و لەگەڵیدا فێری جووڵە دەبێت، بوونەتە پڕبینەرترین ڤیدیۆکانی سۆشیاڵ میدیا. بەکارهێنەران ئەم چیرۆکە بە "درامایەکی ڕاستەقینەی ژیان" ناو دەبەن و هەموان چاوەڕێی ساتەکانی گەورەبوونی ئەم بێچووە فیلە دەکەن کە توانی لە رەتکردنەوەی دایکی تێپەڕێت و ببێتە سیمبولی "سۆزی جێگرەوە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی فراوانکردنی بازنەی شەڕ نادات و هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک.

پزیشکیان لە لێدوانێکدا، رایگەیاند: "هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە لەسەر بنەمای پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە داڕێژراوە، ئێران بەدوای فراوانکردنی شەڕدا ناگەڕێت، دەسپێشخەری هیچ جەنگ و ململانێیەک نەبووە و هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ دەوڵەتێک.

پزیشکیان باسی لەوە کرد کە دوژمن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی شکستی هێناوە و پەنای بۆ هێرشکردنە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و ژێرخانی وڵات بردووە.

لە کاردانەوەیەکدا بۆ هەڕەشەی گەڕاندنەوەی ئێران بۆ "سەردەمی بەردین"، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ئەم لێدوانانە نییەتی ڕاستەقینەی داگیرکەران بەرامبەر شارستانیەتی ئێران دەردەخەن.

ئەم وتانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی توندی سەربازی و دیپلۆماسیدا تێپەڕ دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە 24 سەعات بەسەر بانگەوازەكەی هەسەدە بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسەی هێرشی كردبووە سەر سیمبولە كوردییەكان لە قامیشلۆ، دەستگیر كرا
ئاسایشی ناوخۆی قامیشلۆ بڵاویكردەوە، دوای چاودێرییەكی ورد و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی گشتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانكوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار حسێن حەسۆ و دەستگیریان كردووە. 

ئەم ئۆپەراسیۆنەش دوای ئەوە هات، تۆمەتبار لە گۆڕەپانی 'دەواری زۆری' لە شاری قامیشلۆ، سووكایەتی بە سیمبولە نەتەوەییەكان كردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەسەر ئاستی جەماوەری و سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان لێكەوتەوە.

ئاساییش ئاماژەی بەوە كردووە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە پاڵنەری ئەم كارە هەوڵێك بووە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی گیانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێكهاتەكانی ناوچەكەدا.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا، فەرماندەیی ئاساییش جەختی كردووەتەوە كە پابەندن بە پاراستنی دەستكەوتە كۆمەڵایەتییەكان و لێپرسینەوە لە هەر كەسێك كە بیەوێت دەست بۆ ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییان ببات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ ی ئێران لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە ناکات، ئەوەش لەبەر ترسی لە کەوتنەوەی زیانی گیانیی یەکجار زۆر.

بەپێی سەرچاوەکان، بۆ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاست کراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی چونی هێزەکان بۆ دوورگەکە سەرکەوتوو دەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ پێی وابووە کە سوپای ئەمریکا دەبێتە ئامانجێکی ئاسان و تووشی خەسارەتێکی زۆر و قورسی وای دەبێت کە جێگەی قبووڵکردن نییە، وەک ئەوەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێ داوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، کەشتیی نیشتنەوەی "یو ئێس ئێس راشمۆر" (USS Rushmore) لە ئێستادا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی دەریاییە لەسەر ئێران لە ناوچەی دەریای عەرەب.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە دەریاوانان و هێزەکانی مارینز لەسەر پشتی کەشتیی "راشمۆر" ئەرکەکانی گەمارۆدان لە ناوچەی ئاماژەپێکراو جێبەجێ دەکەن.

لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا، فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکشکێنەری مووشەکی ڕێنماییکراوی "یو ئێس ئێس پینکنی" (USS Pinckney) دەوریەی چڕ لە ئاوە هەرێمییەکاندا ئەنجام دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، و روونی کردەوە کە ئەم گەمارۆیە بووەتە هۆی ڕاوەستانی تەواوەتی جووڵەی بازرگانی دەریایی بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە.

ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئێران دوێنێ شەممە دووبارە گەرووی هورمزی داخستەوە و رایگەیاند کە کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆی و لەژێر چاودێری توندی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە، لەگەڵ پابەندکردنی زۆربەی ئەو کەشتیانەی بە ئاوە هەرێمییەکانیدا تێدەپەڕن بە پێدانی باج و ڕەسمی تێپەڕبوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسداران رایگەیاند، ئێران لە توانایدایە بۆ ماوەی یەك ساڵ رۆژانە بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەكە رابگرێت
محەمەد رەزا نەقدی، راوێژكاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئێران لە توانایدایە بۆ ماوەی یەك ساڵ رۆژانە بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەكە رابگرێت، بەڵام ئێران نایەوێت بەو ئاستە زیان بگەیەنێت بە ئابووری جیهان.


ئەوەشی خستەڕو، لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی جەنگ ئێران ئامانجەكانی دەستنیشانكردووە بۆ هێرش كردن.


ئەو راوێژكارە وتیشی، ئێران تائێستا نەیتوانیوە بەشێك لە ئامانجەكانی جەنگی بەدیبهێنێت، بەڵام لە ئەگەری پێكانی ئەو ئامانجانە هاوكێشەی جەنگەكە بە تەواوی دەگۆڕێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران رەتیدەكاتەوە رەزامەندی دەربڕی بێت لەسەر هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردەوەی دانوستانەكان و مەرجیش بۆ هەر دانوستانێكی گریمانەیی دادەنێت
دوای ئەوی خولی پێشووی دانوستانی ئەمریكا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان بێ ئەنجام كۆتایی هات، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئەنتالیا رایگەیاند، تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی خولی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دیاریی نەكراوە.

وتیشی، پێویستە هەردوولا پێشوەختە رێككەوتن لەسەر چوارچێوەی لێكتێگەیشتن بكەن بۆ ئەوەی وتووێژەكان شكست نەهێنن و گرژییەكان پەرەی زیاتر نەسەنن.

راشیگەیاند، تاران بەهیچ شێوەیەك نایەوێت واشنتۆن لە پرسی ئەتۆمیدا لە یاسا نێودەوڵەتیەكان دەربچێت و لە دەرەوەی ئەو یاسایانە مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

لەبارەی رەوشی گەروی هورمزیشەوە ئاماژەی بەوە كرد، پابەندبوونی ئێران بە پاراستنی ئاسایشی گەرووەكە بەستراوەتەوە بە رێزگرتنی ئەمریكا لە مەرجەكانی ئاگربەست.

هۆشداریشیدا، هەر پێشێلكارییەك یان جیاكارییەك دژ بە كەشتییە ئێرانییەكان، دەرئەنجامی توندی بۆ لایەنی بەرانبەر لێ دەكەوێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی رەوتی حیکمە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی عەممار حەکیم کرد

دەقی پەیامەکە:

برای ئازیزم جەنابی سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی نوێکردنەوەی متمانەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە بەڕێزتان وەک سەرۆکی ڕەوتەکە بۆ خولێکی نوێ، بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن و لێهاتووییتان بۆ دەخوازین لە ئەرکەکانی داهاتووتاندا
.

نوێکردنەوەی متمانە بە جەنابتان، پشتگیرییە بۆ کاروانی سیاسی و بەهێزکردنی سەقامگیری، ئەوەش وامان لێدەکات چاومان لە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە نیشتمانییەکان بێت، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هاووڵاتیان بگەیەنێت و ڕێڕەوەکانی چاکسازی و بونیادنان لە وڵاتدا بچەسپێنێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد و لە رێورەسمی ئاڵوگۆڕکردنی لێپرسراوی مەڵبەندی دەڤەرەکە بەشداربوو

لە دوای سەردانەکەی بۆ دەڤەری راپەڕین و ئاڵوگۆڕ لە پۆستی مەڵبەندی ئەو دەڤەرە، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بۆ هەمان مەبەست سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد و لە رێوڕەسمێکدا لە مەڵبەندی سۆران، هەڤاڵ خدر مستەفا ماڵئاوایی لە پۆستەکەی کرد و هەڤاڵ کاروان گەزنەیی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەند دەستبەکار بوو.

 
قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا بە ناوی سەرۆک بافڵ و خۆی و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتییەوە سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی هەڤاڵ خدر مستەفا کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا وەک لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران زۆر دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. وتیشی: لەگەڵ ئەوەی کارکردن لە دەڤەری سۆران هەمیشە سەخت و پڕ لە تەحەدا و کێشە بووە، بەڵام کاک خدر بە هاوکاریی ئەندامانی مەڵبەند و کادران و دڵسۆزانی یەکێتی، زۆر سەرکەوتووانە سیاسەتی یەکێتی لە سنوورەکە جێبەجێ کردووە.

لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ناوی خۆی و سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتیی یەکێتیشەوە پیرۆزبایی لە هەڤاڵ کاروان گەزنەیی کرد و رایگەیاند: کاک کاروان گەنجێکی پێگەیشتوو و دڵسۆز و بە توانای یەکێتییە و دڵنیاین بە هاوکاریی ئەندامانی مەڵبەند و کادران و جەماوەری یەکێتی سەرکەوتوو دەبێت لەم ئەرکە نوێیەیدا. پشتیوانیی خۆی و سەرۆک بافڵ و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتیشی بۆ دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی باسی لە سەنگ و پێگەی یەکێتی کرد لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا و رایگەیاند: یەکێتی چیتر ئەو یەکێتییەی پێش چەند ساڵ نییە کە تەنیا بە کێشەکانی ناوخۆیەوە سەرقاڵ بوو، بەڵكو یەکێتی ئێستا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ یەکێکە لە هێزە هەرە کاریگەرەکانی عیراق و وەک یەكێتییەکەی سەردەمی مام جەلال، لە بەغداد رۆڵی گرنگ دەبینێت لە داڕشتنەوەی سیاسەت و کردنەوەی گرێکوێرەکان.

وتیشی یەکێتی ئێستا ئەو هێزەیە لە واشینتۆن و تاران و پاریس و مۆسکۆ و هەموو ناوەندە گرنگەکان حیساب بۆ بۆچوون و سیاسەتی دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سكرتێری ناتۆ دەڵێت پێشبینییەكان بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی دوورن لە راستییەوە، چونكە واشنتۆن لە ناتۆ ناكشێتەوە
مارك روته سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، پێشبینییەكان بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە ناتۆ هیچ بنەمایەكیان نییە و دوورن لە راستییەوە، جەختیشیكردەوە، ئەو پاراستنە ئەتۆمییەی واشنتۆن بۆ ئەوروپای دابینكردووە، جێگەی هیچ گومانێك نییە.

وتیشی، چەتری ئەتۆمیی ئەمریكا گەرەنتی كۆتاییە بۆ ئاسایش و ئارامی لە وڵاتانی ئەوروپا و دڵنیاشە هەر وا دەمێنێتەوە.

لێدوانەكانی ئەم ماوەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ببووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەبارەی كشانەوەی ئەو وڵاتە لە ناتۆ و رایگەیاندبوو، هاوبەشەكانی ناتۆ وەك پێویست پشتگیریی شەڕی دژی ئێران ناكەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5657585960...1065