ئاژانسی تەسنیم: بـڕیـاری ئێران بـۆ بەشـدارینەکـردن لە دانوستانەکـان وەک خـۆی مـاوەتـەوە
بڵند
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردوەتەوە، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە دانوستانەکان تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و مەرجی بەشداریکردنی گرێدراوە بە لابردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران.
سەرەڕای لێدوانەکانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، کە رایگەیاند جەی دی ڤانس و تیمی دانوستانکاری ئەمریکا بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون، بەڵام تا ئێستا ئێران رەتیدەکاتەوە بەشداری گەرێکی تری دانوستانەکان ببێت لەگەڵ ئەمریکا.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەمارۆی دەریایی یەکێکە لە کۆسپە سەرەکییەکانی بەردەم دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان، کە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بە لایەنی ئەمریکی گەیەندراوە.
تەسنیم ئاماژەی بەوەکردوە، بەرپرسانی ئێران پێیان وایە، ئەمریکا هێشتا بە دیدێکی زیادەڕۆیانە و بە هەمان ئەو هەڵە سەربازییانەی پێشوتری سەیری مێزی دانوستان دەکات، بۆیە تاران ئامادە نییە ببێتە بەشێک لەوەی کە ناوی ناوە شانۆگەری و کات کوشتنی ئەمریکی.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئێران ئەگەری فریودانی میدیایی لەلایەن واشنتۆنەوە لەبەرچاو دەگرێت و هاوکات ئامادەکاری بۆ هەر روبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی دەکات و مەرجی گەڕانەوە بۆ دانوستانیش لابردنی گەمارۆ دەریاییەکانە.


