وەزارەتی نەوتی عیراق: چەند رۆژێكی دیكە هەناردەری نەوت لە رێی هێڵی كەركوك-جەیهانەوە دەستپێدەکات
٢١ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هێڵی نەوتی كەركوك-بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێدەکات.
ساحب بەزون وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بە ئامانجی زیادكردنی هەناردەی نەوتی عیراق، لە چەند رۆژی داهاتوودا هیڵی نەوتی كەركوك-بەندەری جەیهانی توركیا لە رێی فیشخابورەوە دەكرێتەوە و لە سەرەتاشدا رۆژانە نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی ئەو هێڵەوە هەناردە دەكرێت، لە كاتێكدا ئەو هێڵە توانای هەناردەكردنی یەك ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە، دەشڵێت، لە ئێستادا هەناردەكردنی نەوت لە رێی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان رۆژانە نزیكەی 200 هەزار بەرمیلە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، وەزارەتەكەیان كار دەكات بۆ بەكارهێنانی هەموو رێگا بەردەستەكان بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت و كارەكانیشیان بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عیراق-ئوردن لە داهاتوودا بەردەوامە.


