هەواڵەکان

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان بەگشتى نیمچەهەور دەبێت و خێراى با کەمێک زیاد دەکات و هەندێک جار دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.

ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەینی، ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن و سبەینێش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 26  پلەی سیلیزی

سلێمانی: 22پلەی سیلیزی

دهۆک: 22  پلەی سیلیزی

کەرکوک: 29 پلەی سیلیزی 

زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی

سۆران: 23 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی

گەرمیان:28 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی رایگەیاند، بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشتی لە كیڵگەی كۆرمۆر بۆ زیاتر لە 500 ملیۆن پێ سێجا بەرزبووەتەوە .

كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی لەگەڵ هاوبەشەكەی كرێسێنت پترۆلیۆم راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەی كۆرمۆر لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی غازی سروشتی، كە هاوتای 500 بەرمیل نەوتی خاوە.

باسی لەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵی 2017 بەرێژەی 75% بەرهەمهێنانی غاز شل رۆژانە زیادیكردووە. وتیشی، رۆژانە 10 هەزار و 70 تۆن غازی شل "ئێڵ پی جی" بەرهەمدەهێن، ئەوەشیان بە دەستكەوتێكی گرنگ وەسف کردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ بەرزتركردنەوەی ئەو ئاستە .

هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی دانە غاز، كێڵگەی غازی كۆرمۆر رۆژانە 75% پێداویستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان پڕدەكاتەوە، بەمەش زیاتر لە شەش ملیۆن عێراقی لە هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراق سوودمەند دەبن.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، داهاتی وەبەرهێنانەكانیان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە رەخساندنی 20 هەزار هەلی كار لە هەرێم بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەخۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا بە ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی خۆی وتووە ئیلۆن مەسك بەمزوانە كۆشكی سپی جێدەهیڵێت.

رۆژنامەی پۆلەتیكۆی ئەمریكی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە ژمارەیەك لە ئەندامانی كابینەكەی و كەسانی نزیكی خۆی گوتووە كە ئیلۆن مەسك ملیاردێر و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كارامەیی ئەمەریكا بەم نزیكانە كابینەكەی بەجێدەهێڵێت.

دەشڵێت، ترەمپ و مەسك لەم چەند رۆژەی رابردوودا تاوتوێی ئەو بابەتەیان كردووە و بڕیارەیان داوە، كە مەسك بگڕێتەوە سەر كاری بازرگانی خۆی، بەڵام ئاماژە بەوە نەكراوە پێش وادەكەی خۆی وازدەهێنێت كە 130 رۆژە یاخود زووتر.
هاوكات دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە، پشكی چەند كۆمپانیایەك لە نێویاندا بەڵێندەرانی حكومی بەرز بوونەوەو  پشكی كۆمپانیای تێسلا بە رێژەی 5% بەرز بووەوە.

پێشتر ترەمپ، لەبارەی وازهێنانی مەسك لە كابینەكەی رایگەیاندبوو، پێی وایە مەسك كەسێكی تایبەتە و كۆمپانیاییەكی گەورەی هەیە و دەبێت بگەڕێتەوە سەر بازرگانییەكەی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکاندا سەپاند و رایگەیاند پێناسی گومرکی لە ئەمشەوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند باج بەسەر تەواوی وڵاتانی جیهاندا دەسەپێنێت و بڕیارێکی "مێژوویی" بۆ ئەم مەبەستە ئیمزا دەکات و وتی؛ ئەمە رۆژی رزگاری ئەمریکایە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی راگەیاندنی بڕیارێکی نوێی ئابوری راگەیاند کە بەگوێرەی وتەکانی، لە مێژووی ئەمەریکادا بێوێنەیە و بە فەرمانێکی مێژوویی ناوی برد.

ترەمپ لەم کۆنفرانسەدا وتی: "ئەمە یەکێکە لە گرنگترین رۆژەکان لە مێژووی ئەمریکادا، ئەمڕۆ ڕۆژی سەربەخۆیی ئابووری ئەمریکایە."

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، باج بە رێژەی 10% بەسەر هەمو کەلوپەلە هاوردەکاندا دەسەپێنرێت، هەروەها باجی 25% بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە دادەنرێت کە لە دەرەوەی ئەمەریکا دروست دەکرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوروپا هیچ بەرهەمێکی ئەمریکی هاوردە ناکات، بۆیە باجێکی تایبەت بە رێژەی 20% بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنێت.

ترەمپ بە توندی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "چیتر رێگە نادەین هیچ وڵاتێک سامانی وڵاتەکەمان بدزێت" و وتیشی ئەم بڕیارە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەمەریکا "چیتر بەرانبەر دزینی سامانەکانی بێدەنگ نابێت."

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە کاریگەریی گەورەی لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی دەبێت و لەوانەیە وڵاتانی دیکەش هەمان سیاسەت پەیڕەو بکەن، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی جەنگێکی بازرگانی لە نێوان زلهێزەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک پێش ئێستا؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەک لە سوریا و لە یەک کاتدا ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی و فرۆکە خانەی حەمایان بۆردومانکرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردوەتەوە؛ کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر دەوروبەری شاری حەما لە ناوەڕاستی سوریا.

هاوکات؛ کەناڵی 12ی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەخانەی سەربازی T4 لەنێو ئەو ئامانجانەدابوون کە لە سوریا بۆردومان کراون. 

بەرپرسێکی ئیسرائیلیش بە رۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی وڵاتەکەی وتووە: هێرشەکانی ئیسرائیل لەسوریا پەیامێکن بۆ تورکیا کە لە سوریا دەست لە کاروبارەکانی ئیسرائیل وەرنەدا.

جێی ئاماژەیە کە ئەمە چەندەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر خاکی سووریا لە ماوەی ئەم ساڵدا بە بیانووی لێدانی بنکە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە یەک ملیۆن پاوەندی ستەرلینی وەک هاوکاری بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی کۆچی نایاسایی و دەستگیرکردنی باندەکانی قاچاخچێتی.

بەپێی راگەیەندراوێک لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی بەریتانیا، ئەم بڕە پارەیە بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی و کۆچی نایاسایی.

جگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی، بەریتانیا راهێنان بە زیاتر لە 100کارمەندی سنوری و هێڵی ئاسمانی لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەکات و ئامێری پسپۆڕی دیاریکردنی بەڵگەنامەی ساختەشیان بەسەردا دابەش کردووە بۆ سەرکوتکردنی باندەکانی قاچاخچێتی و بەرگرتن لە بەکارهێنانی بەڵگەی ساختە لە فڕۆکەخانەکان و سنورەکان.

بەریتانیا کە پێشەنگی جیهانییە لە دۆزینەوەی بەڵگەنامەی ساختە، شارەزایی و ئامێری پسپۆڕی و هەواڵگری هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بەکارهێناوە بۆ دابەزاندنی ئەو رێگا سەرەکیانەی کە قاچاخچیەکان بەکاری دەهێنن.

حکومەتی بەریتانیا لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە "هەموو دەسەڵاتێکمان لەبەر دەستدایە و بەکاری دەهێنین بۆ راوکردن و دادگاییکردن و هەڵوەشاندنەوەی باندەکانی قاچاخچیەتی". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەریتانیا و عیراق هاوبەشی سەرەکی دەبن لەو هەڵمەتەدا.

ئەم هاوکارییە لە دوای بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێم دێت، لە لوتکەی بەرەنگاربونەوەی کۆچی نایاسایی کە لە چەند رۆژی رابردودا بە بەشداری نوێنەری چل وڵات لە لەندەن بەڕێوەچوو. دوای لوتکەکەش، وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی کۆبووەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئەو بڕە پارەیە وەک هاوکاری درایە حکومەتی هەرێم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاش ئەوەی بەریتانیا داوای لە کۆمپانیا و لایەنەکانی نزیک لە روسیا کرد، کە خۆیان لە پرۆگرامی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی بیانی تۆمار بکەن، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و لەندەن بەرەو گرژی زیاتر دەچێت.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە توندی وەڵامی ئەم هەنگاوەی داوەتەوە و ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاندوە: "کورتبینی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گەیشتوەتە لوتکە و ئەو لێدوانانەش تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنە."

بەپێی بڕیارەکە، کە لەلایەن دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیاوە راگەیەندراوە، سەرجەم دەزگا حکومی و سەربازییەکان، دەزگای هەواڵگری و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە لە بەریتانیان و پەیوەندییان بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیاوە هەیە، دەبێت پێش 1ـی تەمموز ناوی خۆیان تۆمار بکەن. 

وەزیری ئاسایشی بەریتانیا هۆشداری داوە هەر کەسێک خۆی تۆمار نەکات، ڕووبەڕووی پێنج ساڵ زیندانی دەبێتەوە.

زاخارۆڤا لە درێژەی لێدوانەکەیدا رەخنەی توندی لە سەرکردەکانی ئێستای بەریتانیا گرت و وتی: "سەرکردەکانی ئێستای بەریتانیا وەکوو سەرکردەکانی سەردەمی جەنگی دوەمی جیهانی نین، ئەوانەی ئێستا هەڵخەڵەتاون و دەیانەوێت لەگەڵ روسیا توشی کێشە ببن."

پێشتر، سەرکردەکانی ئەوروپا هۆشداریان دابو کە دوای ئۆکراین، روسیا لەوانەیە هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانیی ناتۆ، بەڵام بەرپرسانی مۆسکۆ بەردەوام ئەم بانگەشانە رەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە روسیا هیچ نیازێکی نییە هێرش بکاتە سەر ناتۆ یان وڵاتانی ئەوروپا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ بەدوای درۆنێکدا دەگەڕێن کە لە غەززەوە دزەی کردوەتە ناو وڵاتەکەیان و تا ئێستا نەیان دۆزیوەتەوە.

 بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، "لە دوای ئەوەی درۆنێک دزەی کردوەتە ناو خاکەکەیانەوە و ئاگادارکەرەوەی سیستەمی ئاسمانی لە باشوری ئیسرائیل لێیداوە، دواتر ونبووە و تا ئێستا نازانن چی بەسەر هاتووە، ئەمەش قەلەقی بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دروستکردووە
."

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس تا دێت زیاتر دەبن،
بەرنامەی خۆراكی جیهانیش دەڵێت؛ لە دوو رۆژی رابردودا دواین ژەمە خۆراكیان دابەشكردووە و ئێستا غەززە لەقۆناغی سەختی برسێتیدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری سێ رۆژەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە سەرکەوتویی پلانە ئەمنییەکان و ژمارەی گەشتیارانی هاتو بۆ پارێزگاکە کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو ئامادەکاری و پلانانەی کە بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزان لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر داڕێژرابوون، بەتەواوی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ لە بواری گەشتوگوزاردا، لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست لە بازگەکان و بنکە گەشتیارییەکان پێکهێنرابون، ژمارەی ئەو گەشتیارانەش، کە تەنها لە رۆژانی پشوی جەژندا سەردانی هەولێریان کردوە، 76 هەزار و 654گەشتیار بون. 

لە بواری ئەمنیشدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی پۆلیس لە ئامادەباشی تەواودا بوون و پلانەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراون. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا 28 تاوان تۆمارکراوە و هەموویان ئاشکرا کراون.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریش ئاماژەی بەوە کردوە، بەهۆی پابەندنەبونی شوفێران بە رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، 4 روداوی هاتوچۆ رویانداوە کە لە ئەنجامیاندا 12 کەس بریندار بوون.

تیمەکانی بەرگری شارستانی لە 9 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەدا هەڵسوکەوتیان کردوە کە خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

لە بواری تەندروستیدا، لە سێ رۆژی جەژندا 5 هەزار و 874 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێریان کردوە. هەروەها 119 منداڵ لە دایک بوون، 71 کوڕ و48 کچ، و669 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە لەگەڵ 620 حاڵەتی شوشتنی گورچیلە.

تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیش لە رۆژانی جەژندا 6 هەزار و 956 تۆن زبڵ و پاشماوەیان لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکردۆتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە وەک هەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای نزیکەی مانگێک، کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای داوەتەوە و تەنیا بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ڕازی بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە رایگەیاندوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی نامەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشتووەتەوە.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە ئاشکرای کردووە، هەرچەندە ترەمپ لە نامەکەیدا داوای دانوستانی راستەوخۆی لە رێبەری باڵای ئێران کردبوو، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا رەزامەندی نیشانداوە بە نێوەندگیری عوممان بەشداری دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، بەرپرسانی کۆشکی سپی بەسەر دو بەرەدا دابەش بوون، بەشێکیان بڕوایان وایە هێشتا ئومێد هەیە بە دانووستان لەگەڵ ئێران رێککەوتن بکرێت، بەڵام بەشەکەی دیکە دانووستان بە بێ سوود دەزانن و پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.

بەرپرسە ئەمەریکیەکە ئاماژەی بەوەش کردووە؛ کە ترەمپ نایەوێت لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگ، بەڵام بڕوای وایە بە زیادکردنی هێز و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی لە ناوچەکە دەتوانێت، هاوسەنگیی توانا و هێز دروست بکات، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات و بە بەهێزییەوە دانووستان دەست پێ بکات.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا کۆشکی سپی خەریکی کۆکردنەوەی هێزی زیاترە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە وردی لێکۆڵینەوە لە پێشنیازەکەی تاران دەکات بۆ دانووستانی ناڕاستەوخۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە پەتایەکی قورس لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانی قورسن و بە گشتی منداڵان لە سەرجەم تەمەنەکاندا دەگرێتەوە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش باس لە نیشانە و چارەسەرەکانی دەکات.

بەختیار قادر پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی وەرز گۆڕینەوە کەش دەگۆڕێت و چەندین جۆری ڤایرۆس و بەکتریا چالاک دەبن و دەبنە هۆی ژەهراویبوونی چەندین خۆراک، هەر بۆیە پەتا لەم وەرزانەدا بڵاو دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەم پەتایە جیادەکاتەوە ئەوەیە نیشانەکانی قورسترن، کە رۆژانە نزیکەی 750 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکات، نزیکەی 500یان توشی ئەم پەتایە بوون.

وتیشی، نیشانەکانی پەتاکە قورسن و لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە منداڵ نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکەی قورسی هەیە و دواتر لێیدەکات بە سکچوون و رشانەوە، پەتاکە هەردوو کۆئەندامی هەرس و هەناسە دەگرێتەوە.

 

منداڵانی خوار دوو ساڵ نیشانەکانیان بە قورسی تێدا دەردەکەوێت

 

باسی لەوەشکرد، بەگشتی منداڵانی خوار دوو ساڵ و بەتایبەتیش خوار شەش مانگ زۆر بە قورسی پەتاکە دەگرن و سەرجەم نیشانەکانیان هەیە و کۆکەیان زیاترە، بەڵام لە سەروو دوو ساڵەوە زیاتر نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکە و هەوکردنی سنگیان هەیە و لە ١١ و ١٢ ساڵ بەرەو سەریش زیاتر سکچوون و رشانەوە دەگرن.

ئەو پزیشکە داواش لە دایک و باوکان دەکات، ئەگەر نیشانەکانیان لە منداڵەکانیاندا بەدیکرد نەیانبەنە لای یاریدەدەرە پزیشکییەکانی گەڕەکەکان بەڵکو پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیانبینێت، بەتایبەت پێدانی دەرمانی دژە میکرۆب بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ زیانی زۆر بە منداڵەکە دەگەیەنێت لەبری ئەوەی چاکی بکاتەوە.

 

رێنمایی بۆ دایک و باوکان

دکتۆر بەختیار قادر رێنمایی دایک و باوکان دەکات بەوەی ئەگەر منداڵەکانیان نیشانەی توندی پەتاکەی نەبوو لەدوای بینینی پزیشك و وەرگرتنی دەرمان، لە ماڵەوە چارەسەریان بۆ بکەن زۆر باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن.

دەشڵێت: لە ماڵەوە دەرمانەکانیان لەکاتی گونجاودا بدەنێ و شۆربایان بۆ بکەن، هەروەها ئەو موغەزیانەی دەگیرێنەوە بیدەن بە منداڵەکانیان باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن و ئاویان بۆ هەڵبواسن.

ئەو پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر منداڵ موغەزی نەخواردەوە، ئەوا دایک و باوکان خۆیان بۆیان ئامادە بکەن، کوپێک ئاو بهێنن و بەهێندەی کەوچکێکی چا خوێ و شەکری تێبکەن و بیدەن بە منداڵەکانیان، یانیش شۆربای جیاوازیان بۆ دروست بکەن".

باسی لەوەشکرد، لەو کاتانەدا ئاو بەتەنیا منداڵەکە زیاتر وشک دەکاتەوە و توشی سکئێشە و سەرگێژخواردنی دەکات، بۆیە پێویستە ئاو بە خوێ و شەکرەوە بیاندرێتێ یان ماستاویان بدرێتێ.

لەکۆتاییدا روونیشیکردەوە، پێویستە دایک و باوکەکان بەلایانەوە ئاسایی بێت کاتێک دەرمانەکانیش دەدەن بە منداڵ بەڵام هێشتا توشی تا دەبێتەوە و نیشانەکانی هەیە ئەگەر زۆر توند نەبێت، چونکە بە گشتی پێنج رۆژی دەوێت بۆ چاکبوونەوە، بۆیە لەو ماوەیەدا پێویستە دەرمانەکانی بە رێکوپێکی پێبدەن و چاودێری بکەن تاوەکو پەتاکە تێدەپەڕێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی توركیا بنكەیەكی سەربازی لە ناوەڕاستی سوریا دەكاتەوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێدا جێگیر بكات.

سایتی میدڵ ئیست ئای بڵاویكردەوە، توركیا هەوڵەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بنكەی ئاسمانیی تی-فۆڕ لە ناوچەی تەدمور دەستپێكردووە و پلانی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی وڵاتەكەشی لەناو بنكەكە ئامادەكردووە.

دەشڵێت، ئەنكەرە دەیەوێت هەژمونی خۆی لە سوریا فراوانتر بكات و ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە لە نەبوونی ئێران و روسیا لە سوریا دروستبووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، توركیا بەنیازە سیستمی بەرگریی ئاسمانی هیسار و ئێس-400ی روسی لە بنكەی سەربازیی تی-فۆڕ جێگیر بكات، بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەكە بكات.

هەروەها پلانی ئەوەشی هەیە، فڕۆكەی چاودێری و درۆنی جەنگیش لە بنكەكە جێگیر بكات، بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی داعش لە سوریا.

هاوكات، ئیسرائیلیش نیگەرانە لە هەوڵی توركیا و پێی وایە بوونی بنكەی سەربازی توركی لە سوریا ئازادی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكانی لە سوریا كەمدەكاتەوە.

 

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی هەنگاریا تاوتوێی ئەوە دەكات رەگەزنامە لەو كەسانە وەرگرێتەوە كە خاوەنی دوو رەگەزنامەن. 

میدیاكانی هەنگاریا بڵاویانكردەوە، حكومەتی هەنگاریا پرۆژەیاسایەكی ئامادەكردووە بۆ وەگرتنەوەی رەگەزنامە لەو كەسانەی كە خاوەنی دوو رەگەزنامەن بە تایبەت ئەو كەسانەی كە بە هەڕەشە دادەنرێن بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتە، بەپێی پرۆژە یاساكەش بۆ ماوەی 10 ساڵ رەگەزنامەیان لێوەردەگیرێتەوە. 

ئاماژە بەوەشكراوە، یاساكە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە رەگەزنامەی سویسرا و نەرویج و ئایسلەندایان هەیە، بەڵام ئەوانەی كار بۆ رێكخراوێكی بیانی دەكەن و مەترسی دروست دەكەن رەگەزنامەیان لێوەردەگیرێتەوە. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا ئاشكرایكرد، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە ئەكاونتی جیمەیڵەوە نامە بۆ ئیمەیڵە حوكمییەكەی هاتووە، بەبێ ئەوەەی تۆمار كرابێت، بۆیە لێكۆڵینەوە دەستپێكردووە بۆ ئەوەی بزانرێت زانیاری نهێنی دزەپێكردووە یان نا ؟؟ 

برایان هیوز وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ئیمەیڵی كەسی مایك والتز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە لە حكومەت بۆی دانراوە، ئیمەیڵی لە ئەكاوتنی جیمەڵەوە بۆ هاتووە، بەڵام تائێستا دەرنەكەوتووە كە زانیاری نهێنی ناردبێت. 

راشیگەیاند، ئەو كەسانەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا كاردەكەن كە ئیمەیڵی كەسی یان حكومی بەكاردەهێنن پێویستە پێشتر تۆماری بكەن بۆ ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە گرفت دروست نەبێت. 

ئەوەش لەكاتێكدایە، مانگی رابردووش واڵتز دانی بەوەدا نا كە بەهەڵە رۆژنامەنوسێكی بۆ گروپ چاتی پلانی هێرشكردنە سەر حوسییەكان زیاد كردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان راگەیەنراوێکی لەبارەی بەکارهێنانی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکانەوە بڵاوکردەوە و بە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکانیش دەڵێت، ئەگەرچی کارێکی پیرۆزە، بەڵام بەمەبەستی کەمبوونەوەی، سوڵح بۆ ئەو تاوانبارانە مەکەن کە بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەر و شەڕکەرەکان تاوان ئەنجام دەدەن.

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چارەسەری گشتگیر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لەسەر شەڕکردن بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان کە زۆرجار کوشتنی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لەنێوان هەرزەکاراندا، چەند خاڵێکیان وەک کرۆکی چارەسەر داناوە.

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەڵێت، پێویستە دامودەزگا حکومی و دادوەرییەکان رێوشوێنی توند پەیڕەو بکەن بەوەی سزای توند دابنێن بۆ هەڵگرتنی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان و کارئاسانیان بۆ نەکەن، لایەنە ئەمنییەکانیش چاودێری زیاتری فرۆشگەکان بکەن و فرۆشتنی ئەو جۆرە کەرستانە بە تەواوی قەدەغە بکەن کە بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێت لەلایەن هەرزەکارانەوە.

ئەوەش هاتووە، ئەگەرچی کاری چاکەخوازی و سوڵح و لێبوردن و ئاشکردنەوە پیرۆزن، بەڵام لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا و بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو رووداوانە، پێویستە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان کەمتر داوا لە کەسوکاری قوربانییەکان بکەن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانبارەکان.

داواش دەکات، چەند وتارێکی هەینی تایبەت بکرێت بە بابەتی پەروەردەی منداڵ و مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان، هەروەها قێزەونکردنی تاوانی کوشتن.

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بە رێکخراوە مەدەنی و چالاکوان و پەروەردەکارەکانیش دەڵێت، گرنگە سیمینار و وۆرکشۆپ و چالاکی جیاواز بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەنجام بدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و بارانبارین بەردەوام دەبێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بەگشـتى هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بەردەوامی دابارینی تاوەباران و بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و پاشان بۆ کاتەکانی ئێوارە کەش سەقامگیر دەبێتەوە و ئاسمان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت تەنها لە بەشی باکور و باکوری رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆک کاریگەری شەپۆلەکە تا درەنگانی شەو دەمێنێت.

ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەندێک کات خێرایی با چالاک دەبێت و دەگاتە سەروو ٣٥ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، پلەکانی گەرماش 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە.

کەشناسی راشیگەیاندووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکاندا، هەروەها پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی دیکە نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 25  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 23پلەی سیلیزی

دهۆک : 21  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 27 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی

سۆران : 21 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 11 پلەی سیلیزی

گەرمیان :30 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5253545556...751