رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە سەبارەت بە پرسی ئێران بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت.
گرۆسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت لەگەڵ ئێران، و لەگەڵ تیمەکانی ئەمریکا و ئێران دابنیشین بۆ گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی و کرداری.
سەبارەت بە رۆڵی ئاژانسەکە لە قۆناغی داهاتوودا، گرۆسی گوتی: ئێمە بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکەین کە بڕیارە لە سویسرا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەبچێت، و رونیشیکردەوە کە: چەندین بژاردەی جیاواز لەبەردەستدا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا.
سەبارەت بە گرنگی کات و لایەنی ئابوری، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە هۆشداری دا و رایگەیاند: ئەگەر تا کۆتایی مانگی حوزەیران گەروی هورمز نەکرێتەوە، ئەوا ئابوری جیهان دەچێتە ناو هێڵی سوورەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆکرانیا شەپۆلێک هێرشی بەربڵاوی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی مۆسکۆی پایتەختی روسیا ئەنجامدا، ئەمەش وەک بەردەوامییەک بۆ بەئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە زنجیرە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلێگرام" رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی روبەڕووی 180درۆن بووەتەوە کە لە پایتەخت نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لەو درۆنانە توانیویانە پاڵاوگەیەکی نەوت بپێکن لەو هێرشەدا کە بە هێرشێکی "مەزن و گەورە" وەسفی کرد. ئەمەش دووەمجارە لەم هەفتەیەدا کە ئەو پاڵاوگەیە دەکرێتە ئامانج.
لای خۆشییەوە، ئەندرێی ڤۆرۆبیۆف، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند، پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکێنراوەکان بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوەندێکی بازرگانیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ، هەروەها درۆنێکی تر کێشاوێتی بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لە شاری "ژوکۆڤسکی"، کە زیانی بە بەشێک لە پەیژەی فریاکەوتنی باڵەخانەکە گەیاندووە.
لە هێرشێكی چەكداریدا بۆسەر كاروانێكی هێزەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سوریا لە حەسەكە 10 سەرباز بریندار بوون و گوماندەكرێت هێرشەكە لەلایەن داعشەوە ئەنجام درابێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر رێگای نێوان تەل تەمەر و سەرێكانی لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر پاسێكی گواستنەوەی سەربازانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا و بەهۆیەوە 10 سەرباز بریندار بوون.
ئەگەرچی تا ئێستا هیچ راگەیەنراوێكی رەسمی لەسەر روداوەكە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام گوماندەكرێت هێرشەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام درابێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك چەكدارانی داعش هێرشی جیاوازیان بۆسەر شارە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان و سوریا ئەنجام داوە و لە دوایین هێرشیشدا بۆسەر شاری رەقە ئەندامێكی سەر بە هێزەكانی ناوخۆ كوژرا و سێ ئەندامی تر بریندار بوون.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە کاتی بەسەرکردنەوەیەکدا، هاوسۆزی و رێزی قووڵی خۆی بۆ مێژوی خەباتگێڕی سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق، "مام جەلال" دەربڕی و بە یەکێک لە کۆڵەکگرنگەکانی دەوڵەتمەداری و نیشتمانی پێناسە کرد.
ئەعرەجی لە وتەیەکدا کە بە دەستی خۆی لە دەفتەری یاداوەرییەکانی سەردانەکەدا نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە کردوە: بەوپەڕی شانازی و سەربەرزییەوە، سەردانی مەزاری کەسایەتی گەورە "مام جەلال"مان کرد، کە خاوەنی مێژویەکی خەباتگێڕانی مەزنە لە رووبەڕووبوونەوەی ستەم و دکتاتۆریەتدا، و یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بزووتنەوەی نیشتمانی بوو.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینەکەیدا جەختی لە رۆڵی مێژوویی مام جەلال کردوەتەوە لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و رایگەیاندووە: خوای گەورە لێی خۆش بێت و شاد بکات بەقەد ئەو خزمەتەی لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتدا پێشکەشی کردووە، کاتێک هەوڵێکی گەورەی دا بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی عیراق لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا و بەرگریکردن لە دۆزی رەوا و بنەماکانی حەق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، تا رۆژی پێنجشەممە دەستدەکەن بە دابەشکردنی موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردوە، موچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
دارایی هەرێم دەشڵێت؛ لەهەمان کاتدا موچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای(1-7-2024)ـوە و بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئیمزاکردنی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران.
دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە:
بڕگەی 1: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لەم شەڕە بەردەوامەدا، لە رێگەی ئیمزاکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەوە، راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا (بە لوبنانیشەوە) رادەگەیەنن. لەمەودوا بەڵێن دەدەن کە دەستپێشخەری هیچ شەڕ و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە یەکتر نەکەن، و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز یان بەکارهێنانی دژ بە یەکتر، هاوکات گرەنتی سەلامەتی خاک و سەروەریی لوبنان دەکەن. رێککەوتنی کۆتاییش جەخت لەسەر راگرتنی هەمیشەیی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا دەکاتەوە، بە بەرەی لوبنانیشەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو حوکمانەی تر کە لەم بڕگەیەدا هاتوون.
بڕگەی 2: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڵێن دەدەن کە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن، و دەستوەرنەددەنە کاروباری ناوخۆیی لایەنەکەی ترەوە.
بڕگەی 3: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی زۆرترینی 60 رۆژدا، کە ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا شایەنی درێژکردنەوەیە.
بڕگەی 4: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکات بە لابردنی گەمارۆ دەریاییەکانی و هەر جۆرە رێگری و ئاستەنگێک کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، و لە ماوەی 30 رۆژدا گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت.
لەم ماوەیەدا، قەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان هاوتای ئەو رێژەیە دەبێت کە پێش شەڕەکە هەبووە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگەڕێنرێتەوە دۆخی پێشوو، هەروەها ئەمریکا بەڵێن دەدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
بڕگەی 5: لە کاتی واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەدا، ئێران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەدات بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ وەرگرتنی رسوومات (باج)، تەنها بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە.
هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکات، بە رەچاوکردنی پێویستی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان و پاککردنەوەی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەم هاتوچۆیە لە ماوەی 30 رۆژدا کارا دەکرێت.
ئێران دیالۆگ لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی داهاتوو لە گەرووی هورمز، بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی تری کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی هاوسنووری گەروی هورمز.
بڕگەی 6: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، پلانێکی کۆتایی هاوبەش دابڕێژێت کە بەهاکەی لە 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت، بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران. میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا تەواو دەکرێت. ئەمریکا سەرجەم مۆڵەت، بەخشین و رێپێدانە داواکراوەکان بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان دەبەخشێت.
بڕگەی 7: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کۆتایی بە هەموو جۆرە سزایەکی سەپێنراو بەسەر ئێراندا بهێنێت، بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکییەکان)، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی رێککەوتووبەسەردا وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی. ئێران و ئەمریکا داندەنێن بە گرنگیی باڵای پرسی کۆتایهێنان بەو سزایانەی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 8: ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە ههوڵی بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، ئەمریکا و کۆماری ئێران رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی پرسی لەناوبردنی ماددە پیتێنراوە کۆگاکراوەکان، ئەمەش بە پشتبەستن بە میکانیزمێک کە لە نێوان هەردوولادا لەسەری رێککەوتن دەکرێت بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی لە بڕگەی 7دا هاتووە، بە مەرجێک کەمترین ئاستی ئەم میکانیزمە بریتی بێت لە کەمکردنەوەی پلەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە پێگەکەدا لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا، هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی پیتاندن و پرسە رێککەوتووەکانی تری پەیوەندیدار بە پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە پشتبەستن بە چوارچێوەیەکی گونجاو کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا لەسەری رێککەوتن دەکرێت، ئەمریکا و ئێران داندەنێن بە گرنگیی باڵای بابەتە ئەتۆمییەکانی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 9: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە، و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە.
بڕگەی 10: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و تا کاتی کۆتایهاتنی سزاکان، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مۆڵەتی بەخشین (ئەنجامدانی کار بەدەر لە سزا) بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانی، بەرهەمە پترۆڵییەکان، بەرهەمە لادراوەکان (المشتقات) و سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانیان دەر بکات، بە مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی، گواستنەوە و هاوشێوەکانیانەوە.
بڕگەی 11: ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، پارە و داراییە بلۆککراوەکان یان سنووردارکراوەکانی سەر بە ئێران بۆ بەکارهێنانی تەواوەتی بەردەست بکات، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی هاوبەش لەسەر رێوشوێنەکانی ئازادکردنی ئەم پارانە لە کاتی دانوستانەکاندا رێکدەکەون، هەروەها پێویستە ئەم پارانە، چ لە هەژمارە ئەسڵییەکەیدا بمێننەوە یان بگوازرێنەوە، بە تەواوی بەردەست بن بۆ بەکارهێنان لە سەکردنی (پێدانی) شایستە داراییەکان بە هەر سودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ئەمریکا بەڵێن دەدات سەرجەم مۆڵەت و ڕێپێدانە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەربکات.
بڕگەی 12: ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە رێککەوتنی کۆتاییەوە.
بڕگەی 13: دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، و بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی (1، 4،5، 10، 11) و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان دەستپێدەکەن سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتایی تەنها بەو جۆرەی پەیوەندی بە بڕگەکانی تری ئەم یاداشتەوە هەیە.
بڕگەی 14: رێککەوتنی کۆتایی بە بڕیارێکی پابەندکەر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پەسەند دەکرێت.
بە نێوەندگیری پاكستان، ئێران و ئەمریكا یاداشتنامەكەی نێوانیان ئیمزا كرد، مەراسیمی ئیمزاكردنەش لە سویسرا هەڵوەشایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران، بە جیا یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوانیان ئیمزا كرد بۆ ئەوەی بە رەسمی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە گرنگترین بەندەكانی ئەم یاداشتنامەیەش، راگرتنی شەڕ و لادانی گەمارۆكان و دەستەبەركردنی هاتوچۆی ئارامە لە گەروی هورمز.
شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیمزاكردنی یاداشتنامەكە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك هەنگاوی یەكەمیش، ئێران بەبێ دواكەوتن گەروی هورمز دەكاتەوە و ئەمریكاش دەستبەجێ گەمارۆ دەریاییەكە هەڵدەگرێت.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ وتی، یاداشتنامەی لێكگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ئیمزاكردووە،هەروەها سوپاسی چین و روسیاشی كرد بۆئەوەی لە كانی جەنگەكەیان لەگەڵ ئێران بێلایەنیان هەڵبژارد.
هاوكات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، یاداشتنامەكە بە رەسمی لەلایەن پزیشكیانەوە ئیمزا كراوە، بەڵام مەراسیمی ئیمزاكردنەكە كە بڕیار بوو سبەینێ هەینی لە سویسرا بەڕێوەبچێت، هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا وتی، رێككەوتنەكە رێگا بۆ ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكە خۆش دەكات و دەرفەتی دووبارەكردنەوەی گەروی هورمز خۆش دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە لە ماوەیەكی نزیكدا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ راگەیاندنی ئیمزاکردنی رێککەوتنی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند موشەکەکانیان هێ؟ڵی سورە و تەنها بۆ هێڕشکردن دروست کراون نەک دانوستان کردن لەسەریان.
لە لێدوانێکی تونددا سەبارەت بە تواناکانی وڵاتەکەی، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، موشەکەکانی ئێران تەنیا بۆ تەقاندن و بەرگریی دروستکراون نەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان.
ناوبراو بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوە کرد کە "موشەکەکانی ئەوان بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەن کەس قسەیان لەسەر بکات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە رەسمی جەختی کردەوە کە لە هیچ پرۆسەیەکدا و لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بە هیچ جۆرێک باس لە توانای بەرگریی ئێران ناکرێت و ئەم بابەتە هێڵی سوورە.
ئەمەش لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دوێنێ رایگەیاند، رێگە بە ئێران دەدات هەندێک لە موشەکی باڵیشتیکی هەبێت، چونکە نادادپەروەرییە وڵاتانی دراوسێ موشەکی بالیستیکیان هەبێت و ئێران نەی بێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماری هێرشە درۆنییەکانی 24 کاتژمێری رابردووی راگەیاند و زیانەکانی خستەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگاکە، کاتژمێر (10:05)ی شەوی سێشەممە (16ی حوزەیرانی 2026)، لە رێگەی یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شاری کۆیە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی داوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران تەواوی ئەو ئامانجانەی بەدیهێناوە کە وڵاتەکەی دەستی بۆ دەبرد، بەتایبەت رێگریکردن لە تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دوابەدوای ئەم رێککەوتنە، نرخەکانی نەوت بۆ ئاستێکی بێپێشینە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و ئەگەر ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکرایە، گەروی هورمز نەدەکرایەوە و بۆردومانەکانیش بەردەوام دەبوون.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە، دوو رۆژی رابردوو کاتێکی یەکجار سەخت بووە و بە رونی بە ئێرانییەکانیان راگەیاندووە کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بۆ شەوی دووەمیش بۆردومانیان دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا وتویەتی؛ کۆتاییان بە سەرکردەکانی ئێران و هێزی دەریاییەکەیان هێنا، بەڵام نەیدەویست ببینە شاهیدی قەیرانێکی ئابووری، بۆیە ئەم رێککەوتنەی ئیمزا کرد بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێکی ئابوری گەورە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە لوتکەی گروپی حەوت (G7)دا، وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان تاوتوێ کردووە و ئەوانیش یەکجار دڵخۆشن بەم هەنگاوە، دوو رۆژی رابردووش دەرفەتێکی باش بووە بۆ قسەکردن لەگەڵ نزیکترین دۆستەکانی لەبارەی رێککەوتنەکەوە.
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشانداوە، کە لەمەودوا سەرکردەکانی ئێران بە شێوازێکی تەواو جیاواز رەفتار دەکەن و ناگەڕێنەوە بۆ کارەکانی رابردویان و جەختی لەوە کردوەتەوە، ئەگەر دەستوەردانی ئەو نەبووایە، ئێران تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیلی لەناودەبرد.
ئیبراهیم رەزائی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ "بۆردومانکردنی ئێران" ئەگەر سەرکردەکانی رەفتاری خۆیان چاک نەکەن.
رەزائی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" رایگەیاند: ئەم لێدوانانە پێشێلکردنی خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەیە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە یاریکردن بە کارتی بۆردومانکردن دژی ئەو پابەندییانەیە کە راگەیەندراون.
وتەبێژەکەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: واشنتۆن ناچار کراوە رەفتارەکانی خۆی چاک بکات لە رێگەی راگرتنی هەندێک لە سیاسەتەکانی و هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆ و سنووردارکردنەکان.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداری توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: ئەگەر جارێکی تر بیر لە بژاردەی بۆردومانکردن بکەنەوە، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێن بۆ مۆزەخانەیەک بۆ پەند وەرگرتن.
ئەم وەڵامە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد تڕەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو: ئەگەر ئێرانییەکان بە باشی رەفتار نەکەن، ئەوا دەست دەکەینەوە بە باراندنی بۆمب بەسەر سەریاندا.
سكرتێری گشتی ناتۆ رەتیكردەوە ئەمریكا دەستبەرداری ناتۆ بێت هەرچەندە ژمارەی سەربازەكانی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە.
مارك روتە سكرتێری گشتی پەیماننامەی ئەتڵەسی باكور (ناتۆ) رایگەیاند، ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە، بەڵام دەستبەرداری ناتۆ نابێت و واشنتۆن پابەندبوونەكانی خۆی بە جۆرێك داڕشتووە لەگەڵ مۆدێلی هێزەكانی ناتۆدا بگونجێت.
وتیشی، شوێنی ئێستای هێزەكانی ئەمریكا دەگۆڕێت و وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵ و ئەركی خۆیان دیاری دەكەن و پێویستە ئەوروپا و كەنەدا بەرپرسیارێتی سەرەكیی بگرنە ئەستۆ و بەرگرییان بەهێز بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی و پێداویستی جەنگی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە و تەنانەت فرۆكەی جەنگی و سیخوڕییەكان و درۆنەكانیش دەگرێتەوە.
گەنجێک کە بەمەبەستی راوەماسی روی لە روباری سیروان کردبوو، خنکا و لەئێستادا گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: گەنجەکە ناوی (ئەحمەد لوقمان)ـە و تەمەنی 26 ساڵە، هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
ئیبراهیم محەمەد وتیشی: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هاووڵاتی لە روباری سیروان دا خنکاون.
بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تووشبووەکان باوک و کوڕێکن (تەمەن 71 و 29 ساڵ) و دانیشتووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن، هۆکاری تووشبوونەکەشیان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵەکەیاندا لە دوو هەفتەی رابردوودا دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ دەرهاویشتە و پێکهاتەکانی ئاژەڵە تووشبووەکەدا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و سەردانیکردنی نەخۆشخانە، گومانیان لێکراوە و سەرجەم رێکارە پزیشکییەکان و پشکنینی پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە، لە ئێستاشدا هەردووکیان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان، رەوشی تەندروستی یەکێکیان تا رادەیەک جێگیرە، بەڵام تووشبووەکەی دیکە تەندروستیی ناجێگیرە.
راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەڵام دوای بەدواداچوون و پشکنین تەنها ئەم دوو حاڵەتە بە رەسمی پشتڕاستکراونەتەوە، هاوکات دوو حاڵەتی دیکەش کە دانیشتووی شارەکانی دەرەوەی هەرێمن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی تێبینیکردنی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
بانکی ناوەندیی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە شێوەیەکی بڕاوە ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبونی نیازی گۆڕین یان هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی دەکەن.
بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دا لە بڵاوکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵە چەواشەکارییەکاندا، و ئاشکرای کرد کە بەڵگەنامەیەکی ساختەیان دۆزیوەتەوە کە تێیدا هاتووە گوایە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داواکارییەکی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بۆ (1600) دینار بەرانبەر بە یەک دۆلار.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بانکەکە داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتیان کرد کە ورد بن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و تەنها پشت بەو هەواڵ و سەرچاوە رەسمیانە ببەستن کە راستەوخۆ و بە شێوەی تایبەت لەلایەن بانکی ناوەندیی عیراقەوە بڵاودەکرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سلێمانی ئاگادارییەک ئاڕاستەی ئەو جوتیارانە دەکات کە بۆ ساڵی 2025 گەنمیان رادەست بە سایلۆکە کردووە.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەو جوتیارانەی کە ژمارەی پسوڵەی سەرەوەی کێشەکەیان تا ژمارە (1214) هەیە، پێویستە سبەی پێنجشەممە، رێکەوتی 19ی حوزەیرانی 2026، سەردانی هۆبەی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سلێمانی بکەن.
ئەم سەردانیکردنە بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانی کڕینەوەی گەنمەکەیانە لەلایەن حکومەتەوە.