وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان، هەڵوێستی ئێرانی لەبارەی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ روون کردووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، هاتووە: عەباس عراقچی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان، دیدگای ئێرانی سەبارەت بە پرسی ئاگربەست و پێویستی کۆتاییهێنان بە جەنگ خستووەتەڕوو.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: عراقچی تیشکی خستووەتە سەر بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ستایشی بایەخدانی حکومەتی پاکستانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان.