لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا بە توندترین شێوە هۆشداریدەدات لە مەترسیی زیندانەکانی داعش و رایدەگەیەنێت، باوەڕی وایە دەبێت ئەمریکا بە هەر نرخێک بێت بەرگری لەو زیندانانە بکات.
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "هەزاران لەم شێتانە لە زیندانەکاندان، ئەگەر دەربچن دۆزەخ دروست دەبێت... چەندین ساڵە ئەمە دەڵێمەوە".
سیناتۆرە ئەمریکییەکە پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەتی سوریا کردووە و دەڵێت: "ئاگاداربن کە شکاندنی زیندانەکانی داعش کارەساتە بۆ ئەمریکا، سوریا و ناوچەکە".
جەختیشی کردووەتەوە کە نابێت ئەمریکا دوودڵ بێت لە بەرگریکردن لەو زیندانانە و دەبێت "بە هەر رێگەیەک بێت" بیانپارێزێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێن دەدات رێگە نەدات هێزەکانی تورکیا و قەتەر لە کەرتی غەززە کار بکەن و دان بەوەشدا دەنێت کە لەگەڵ ئەمریکا ناکۆکییان هەیە لەسەر شێوازی ئیدارەدانی دوای جەنگ.
ناتانیاهۆ لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) رایگەیاند، قۆناغی دووەمی جەنگ بریتییە لە چەککردنی حەماس و پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەک و وتی: "ئەم ئامانجانە بەدی دەهێنین، جا بە رێگەی ئاسان بێت یان بە زەبری هێز".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە ئێستادا لەسەدا 53ـی خاکی غەززەیان بەدەستەوەیە و لە "پێگەی هێزەوە" قسە دەکەن.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناکۆکییان هەیە سەبارەت بە پێکهاتەی ئەو هێزەی بڕیارە دوای جەنگ ئیدارەی غەززە بدات، جەختیشی کردەوە کە رێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا و قەتەر لە ناوچەکەدا نادەن.
لەلایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ رەتیکردەوە لیژنەی لێکۆڵینەوەی رەسمیی دەوڵەت بۆ روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر پێکبهێنرێت و پێی وایە تەنیا لێکۆڵینەوەی سیاسی متمانەی خەڵک بەدەستدەهێنێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ئۆپۆزسیۆن بە شکستخواردوو و کەمتەرخەم تۆمەتباری دەکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئارام پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، سنوری راپەڕین کادیرێکی بەئەمەک و راستگۆی لەدەستدا.
دەقی پەیامەکەی:
خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی ئارام پیرۆت بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (ئارام پیرۆت) بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین، زۆر غەمباربووم.
بەم کۆچە، سنوری ڕاپەڕینی سەربەرز کادرێکی بەئەمەک و راستگۆ و ژیری لەدەستدا، سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، هێرشێکی چەکدارانی سەر بە دیمەشقیان لە میحوەری گوندی عالیە تێکشکاندووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاش چیای کەزوان بۆردومان دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا هەسەدە ئاشکرای کردووە، کەمێک پێش ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر چیای کەزوان لە باشوری شاری حەسەکە و هاوکات شوێنەکە تۆپباران کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی هەسەدە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان لە میحوەری گوندی "عالیە" تێکشکاندووە و زیانی زۆری گیانی و ماددییان بە هێرشبەران گەیاندووە.
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا هەڕەشەی توند لە حکومەتی سوریا دەکات و دەڵێت، ئەگەر پێشڕەوییەکانیان بەرەو باکور و شاری رەققە رانەگرن، سزای "ئێسک شکاندن"یان بەسەردا دەسەپێنن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن تێکدەدەن.
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی بەرەو رەققە، فشار دەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی (یاسای قەیسەر) بە شێوەیەکی زۆر توندتر بسەپێنرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارە هیچ کەسێک لە سوریا گوێ لە ئەو و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا ناگرێت، بۆیە هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوون لەم سیاسەتە تەنیا سزای توندی لێناکەوێتەوە، بەڵکو زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سوریا دەگەیەنێت.
سیناتۆرە کۆمارییەکە بە زمانی هەڕەشەوە دەڵێت: "ئەگەر واتێدەگەن قسەکانمان فشە، بەردەوام بن... هەوڵمداوە دادپەروەر بم لەگەڵ حکومەتە نوێیەکە، بەڵام دیارە گوێتان لێ نییە. ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکان رزگار بکەن، بوەستن و بکشێنەوە، هیوادارم ژیرانە بڕیار بدەن".
فەوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە، بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەکات و دەڵێت، رۆژئاوا رووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە.
لە پەیامێکدا فەوزا یوسف رایگەیاندووە: "چەتەکانی داعش لەژێر ناوی سوپای سوریادا هێرشێکی بێباکانە ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ رۆژی پاراستنی کەرامەت و بوونمانە".
ناوبراو داوا لە خەڵکی باکوری کوردستان دەکات بەرەو شارۆچکەکانی نوسەیبین (بەرامبەر قامیشلۆ) و پرسوس (بەرامبەر کۆبانێ) بڕۆن و لەسەر سنورەکان کۆببنەوە بۆ پشتیوانیکردنی بەرخودانی رۆژئاوا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەفربارینەوە زۆربەی رێگاکانی سنوری ئیدارەی سۆران مەترسیدارن و داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
لە راگەیەندراوێکدا بەرگریی شارستانیی سۆران داوای لە شۆفێران کردووە، هاتوچۆ لە رێگاکانی سۆران بۆ قەزاکانی (مێرگەسۆر، چۆمان، خەلیفان و سیدەکان) ڕابگرن، چونکە بەپێی پێشبینییەکان ئەمشەو شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەلێزمە روو لە ناوچەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەیەک شۆفێر و هاووڵاتی بەهۆی گیرخواردنیان لە بەفردا داوای بەهاناوەچوونیان کردووە، بەڵام تیمەکانیان ناتوانن لە یەک کاتدا فریای هەموو رێگاکان بکەون، بۆیە داوا دەکەن هاوکاریان بن و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان رێگاکان بەکارنەهێنن.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق تاوانێکی قێزەونیان ئەنجامداوە و بە شێوازی داعش ژمارەیەک شەڕڤانیان سەربڕیوە.
لە راگەیەندراوێکدا هەسەدە ئاشکرای کردووە، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک شەڕڤان، سەریان بڕیون و ڤیدیۆی تاوانەکەشیان تۆمار کردووە، کە ئەمەش "تەواو لە شێوازی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەچێت".
هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، سبەینێ سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سنورەکە پشووی رەسمی دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا پەروەردەی سۆران ئاماژەی بەوەکردووە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامەکان و وەرگرتنی راپۆرتی کەشناسی، دەرکەوتووە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن.
روونیشیکردووەتەوە، بەهۆی ئەگەری دروستبوونی شەختە و نالەباریی کەشوهەوا، بڕیاردراوە سبەینێ سێشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی سنوری ئیدارەی سۆران بکرێتە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، سبەینێ سێشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکە پشووی رەسمی دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا پەروەردەی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما لە سنوری گەرمیان بەتایبەت لە ناحیەکانی مەیدان، شێخ تەویل و بەشێک لە گوندەکان زۆر دادەبەزن.
روونیشیکردووەتەوە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بڕیاردراوە تەنیا سبەینێ سێشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکە بکرێتە پشوو.
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا "بارۆنی مادە هۆشبەرەکان"ی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە دۆسیەی ئەو کەشتییەی بە 10 تۆن کۆکایینەوە لە ئیسپانیا دەستی بەسەردا گیرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە شەش پارێزگای تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر 19 شوێن و توانییان "شەتین گۆرین" ناسراو بە بارۆنی کۆکایین و شەش گەورە تۆمەتباری دیکە دەستگیر بکەن. دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر تەواوی سامانی گواستراوە و نەگواستراوە، هەژماری بانکی و دراوی ئەلکترۆنیی دەستگیرکراوەکاندا گرت.
دەستگیرکردنی گۆرین دوای ئەوە هات کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخست پەیوەندیی بە کەشتیی "United S"ـەوە هەیە، کە رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە ئیسپانیا دەستی بەسەردا گیرا و 10 تۆن کۆکایینی تێدابوو.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، کەشتییە 295پاکەت کۆکایینی تێدابوو کە کێشی هەر یەکێکیان 35 کیلۆگرام بووە. کەشتییەکە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 لە بەندەری مێرسین-ی تورکیاوە دەرچووە و بە مەغریب و بەرازیلدا تێپەڕیوە و لە ناوەراستی دەریاوە لە نزیک سورینام بارەکەی وەرگرتووە.
بەهۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێکی خێرا لە ئیسپانیا، لانی کەم 39 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، تیمەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن لە پڕۆسەی رزگارکردن.
رۆسیۆ فلۆریس، سەرنشینێکی تەمەن 30 ساڵ کە شەمەندەفەرەکە بەرەو مەدرید دەیگواستەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کۆردۆبا چارەسەر وەردەگرێت، بە رۆژنامەی "ئێل پایس"ی راگەیاندووە: "رووداوەکە ترسناک بوو، بە هەوادا فڕێدراین... ئێستا هەموو گیانم ئازار و شینبوونەوەیە، سوپاس بۆ خوا من باشم، بەڵام دۆخی زۆر کەس لە من خراپترە".
لای خۆیەوە، پاسەوانی شارستانیی ئیسپانیا (گواردیا سیڤیل) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 220 ئەفسەر و کارمەند بەشداری لە پڕۆسەی رزگارکردندا دەکەن لە شوێنی رووداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات لەگەڵ رزگارکردنی بریندارەکان، هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی تەرمی قوربانییان بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی کەشوهەواو و دابەزینی پلەکانی گەرما، سبەینێ سێشەممە و رۆژی چوارشەممە پشووی رەسمییە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ئاماژەی بەوەشکردوە بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامتی گشتییە.
پارێزگاری سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ بەهۆی پێشبینییەکان بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، کرایە پشوی رەسمی لە ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومیەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای راوێژکردن بە فەرمانگا پەیوەندیدارەکان لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی و تەندروستیی گشتییدا ئەو بڕیارەیان داوە.
پارێزگای هەڵەبجەش بڕیاریدا، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمی بێت.
دواتریش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییدا، بڕیارماندا 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمی بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی پێشبینییەکان، رۆژانی 20 و 21 ئەم مانگە شەپۆلێکی سەرما روو لە هەرێم دەکات و پێشتریش شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداریان دابوو لە هاتنی شەپۆلەکە و داویان کردبوو لە ناوەندەکانی خوێندن بکریتە پشوو
عەتا محەمەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان، 536 کەیس هاوکاری وەردەگرن، کە دوکان و شوێنی بازرگانی، هەروەها ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک خێزانی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ لە خۆدەگرێت.
عەتا محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ: رایگەیاند، ئەمڕۆ دەستدەکەن بە دابەشکردنی قۆناگێ سێیەمی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، کە نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دینار لە خۆدەگرێت.
ناوبرا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ 285 دوکان و شوێنی بازرگانی هاوکاری دەکرێن و 112 ئۆتۆمبێل و 139 ئۆتۆمبێلی دیکەيش، کە سکاڵایان هەبووە هاوکاری دەکرێن، کە بە شێوەیەکی گشتی کەیس هاوکری دەکرێن.
عەتا محەمەد، جەختیشیکردەە، سبەینێشش هاوکاری بەسەر ئەو یەکە نیشتەجێبونانە دابەشدەکرێت، کە پێشتر تۆمار نەکرابوون، کە ژمارەیان 386 شوێنی نیشتەجێبوونە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر هاوکاری کرابوون، بەڵام هاوکاریەکان کەم بوون، ئەوانیش 430 کەیسن و هاوکارییەکانیان بۆزیاد کراوە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، وریابن و نەکەونە داوی دەنگۆ ناڕاستەکان، جەختیشیکردوەتەوە سەرجەم ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لە حەسەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە دورن لە راستییەوە.
ئیلهام ئەحمەد لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و نەکەونە داوی دەنگۆ ناراستەکان، کە با سلەوە دەکەن لە حەسەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە.
باسی لەوەشکردوە، تەواوی ئەو چەواشەکاریانە لەلایەن گروپە توندرەوەکانی سەر بە دیمەشقەوە بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی گرژیی و زەمینەسازی بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانی.
ناوبرا جەختیشیکردوەتەوە لەوەی ئەوان بەتەواوەتی پابەندی ئاگربەستن و کاردەکەن بۆ یەکخستنەوەی هەموو هێزەکان لە حەسەکە.