بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، سبەی شەممە سەرجەم ئەو بانکانەی کە ئەرکی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیان لە ئەستۆدایە، کراوە دەبێت و موچە دابەشدەکەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی گەیشتووەتە کوردسات نیوز، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرگای بانکەکان بۆ مووچەخۆران دەکرێنەوە
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لەبەغداد، پێشوازی لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد.
لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی برایانەی نێوان عیراق و فەلەستین کرد، هەروەها رێگاکانی بەهێزکردنیان لەبوارە جیاجیاکاندا، لەگەڵ هەڵوێستی پشتیوانی نەگۆڕی عیراق بۆ دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی عیراقی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە، لە پێش هەموویانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان و جەختی لەوەش کردەوە کە دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر کەرتی غەززە پێویستی بەهەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێزی عەرەبی هەیە کە گوزارشت لەنیشاندانی ئیرادەیەکی هاودەنگی و پشتیوانی کاریگەر بۆ گەلی فەلەستین بکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەلوتکەی عەرەبی زەمینەیەکی گونجاو خۆش دەکات بۆ ئاراستەکردنەوەی هاودەنگی عەرەبی بەرەو پشتیوانیکردن لەدۆزی فەلەستین و داڕشتنی هەڵوێستێکی کاریگەر کە مافەکان بپارێزێت و خۆڕاگری گەلی فەلەستین لەبەرامبەر داگیرکاریدا بەهێزتر بکات.
لەلای خۆیەوە مەحمود عەباس، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی چەسپاوی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەلەستین دەربڕی و دەستخۆشی لە میوانداریکردنی لە لوتکەی عەرەبی و ئەو پلاتفۆرمە ستراتیژییەی کە نوێنەرایەتی دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی فەلەستین بە جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی سەرۆکی حوسییەکانی یەمەنی کرد و رایگەیاند کە بە "هێزێکی گەورەتر" هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکدارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سووپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە چەندین هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە لە دژی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن و هەردوو بەندەری ستراتیژی حودەیدە و سەلیفی بۆردوومان کردون.
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەم هێرشانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "فڕۆکەوانەکانمان بە سەرکەوتوویی هێرشیان کردە سەر هەردوو بەندەری تیرۆری سەر بە حوسییەکان. ئەمە درێژەی کارەکەمانە و هێشتاش بەڕێوەیە، بە هێزێکی گەورەتر لە حووسییەکان دەدەین و سەرکردەکانیان دەکەینە ئامانج".
هاوکات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راشکاوانەی ئاراستەی عەبدولمەلیک حوسی، سەرۆکی باڵای حوسییەکان کرد و وتی: "چارەنووسی وەک یەحیا سنوار و حەسەن نەسروڵڵا دەبێت"، لە ئاماژەیەکی راستەوخۆ بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان.
ئەم هێرش و هەڕەشانەی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە حوسیەکان لە شەشی ئەم مانگە بە مووشەک دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان پێکا و دوێنێش پێنجشەممە هەوڵێکی نوێیان دا بۆ ئامانجگرتنی هەمان فڕۆکەخانە لە نزیک تەلئەبیب، بەڵام سوپای ئیسرائیل موشەکەکەی لە ئاسمان تێکشکاند.
ئێوارهی ئهمڕۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای سێ وڵاتی گەورە (ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی داخراوی سازکرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناجێگیری ئەمنی لە پایتەختی لیبیا.
بەپێی زانیاری میدیا جیهانیەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا "هانا سێروا تێتە"، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری لیبیا، راپۆرتێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد دەربارەی پێکدادانە خوێناوییەکانی چەند رۆژی رابردوو و هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکە بە ئەکسیۆسی وتووە: "ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە قوربانیانی مەدەنی لە پێکدادانەکاندا، و داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان بگرن و پابەندی رێککەوتننامەی ئاگربەستەکە بن کە چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا راگەیەندرا".
بەپێی بەیاننامەی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختیان لەسەر "پێویستی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بە سەرکردایەتی خودی لیبیا" کردۆتەوە، کە رێگە خۆش بکات بۆ هەڵبژاردنێکی نیشتمانی بە مەبەستی "کۆتاییهێنان بە دابەشبوونە ناوخۆییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری بۆ وڵات".
شایەنی باسە، پێکدادانە چەکدارییەکان لە تەرابلوس لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو (12ـی ئایاری 2025) دەستیان پێکرد، دوای کوژرانی عەبدولغەنی ئەلکیکلی ناسراو بە "غەنیوە" کە فەرماندەی پێشووی هێزی پشتیوانی سەقامگیری بوو. ئەم روداوە بووە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە پایتەخت و بڵاوبوونەوەی شەڕ بۆ چەندین ناوچەی تر.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەمڕۆی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، وڵاتانی سعودیە و قەتەر هاوکاری داراییان پێشکەش کردووە بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سوریا.
کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵيتی جیهانی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا دەڵێت لە 12ـی ئایارەوە، سوریا هیچ قەرزێکی لەسەر نەماوە لە کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA)، کە بەشێکە لە سندوقی بانکی نێودەوڵەتی و تایبەتە بە پێدانی قەرز و هاوکاری بۆ وڵاتانی هەژار.
بڕی ئەو قەرزەی بۆ سوریا دراوەتەوە 15.5 ملیۆن دۆلار بووە، کە لەلایەن سعودیە و قەتەرەوە دراوەتەوە. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ دەدات بە سوریا بۆ داواکردنی قەرزی نوێ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە کە بەهۆی سالانی شەڕەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
لە ئاستی سیاسیشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانی دواییدا بۆ سعودیە رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت. هەروەها ترەمپ ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریای کرد و بە "پیاوێکی بەهێز" ناوی برد.
چەند زانیارییەک لەسەر کۆمەڵەی بانکی جیهانی (World Bank Group):
کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی جیهانی، دامەزراوەیەکی داراییە کە لە پێنج رێکخراوی نێودەوڵەتی پێکهاتووە و لە ساڵی 1944ـەوە دامەزراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە کەمکردنەوەی هەژاری و پشتگیری گەشەی ئابوری بەردەوامە لە وڵاتانی گەشەسەندوو.
بەشەکانی کۆمەڵەی بانکی جیهانی:
١. بانکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان (IBRD) - قەرز دەدات بە وڵاتانی مامناوەند
٢. کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA) - هاوکاری و قەرزی بێسوود یان کەم سوود دەدات بە هەژارترین وڵاتان
٣. دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) - وەبەرهێنان و راوێژکاری پێشکەش بە کەرتی تایبەت دەکات
٤. ئاژانسی گەرەنتی وەبەرهێنانی فرەلایەن (MIGA) - بیمەی مەترسی سیاسی دابین دەکات بۆ وەبەرهێنەران
٥. ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی وەبەرهێنان (ICSID) - دابینکردنی چارەسەری نێودەوڵەتی بۆ ناکۆکییەکانی وەبەرهێنان
کۆمەڵەی بانکی جیهانی ساڵانە نزیکەی 60 ملیار دۆلار پێشکەش دەکات بە شێوەی قەرز، بەخشین و هاوکاری تەکنیکی بۆ زیاتر لە 100 وڵات. ئەم رێکخراوە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بنیاتنانەوەی وڵاتانی دوای قەیران و شەڕ، هەروەک ئەو هەنگاوانەی ئێستا بۆ سوریا دەینێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کە سەردانی عیراقیان کردوە بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە کۆبوونەوەی 34 ـەمینی خۆیدا.
له سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار شانازی خۆی به بەشداریکردنی له کارەکانی لوتکەی عەرەبی دەربڕی و ستایشی ئاستی هاوکاری بنیاتنەر و پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆڵی مرۆیی کرد لە رێگەی رێکخراو و دەزگاکانی کارکردن لەو وڵاتەدا.
هاوکات د. لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی ژینگەیی و سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و هاوکاری و لێبوردەیی لەنێوان گەلاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرەکانی لووتکەی عەرەبی لە بەغداد و ئەو بڕیار و راسپاردانە تاوتوێ کرا کە دەردەچن بۆ بەهێزکردنی دەرفەتی ئاشتی لە ناوچەکە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاوات و هیواکانی گەلان.
سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەوەکردەوە کە بەستنی کۆبوونەوەکە لە بەغداد ئاماژەیە بۆ رۆڵی سەرەکی عیراق لە ناوچەکە و پشتیوانی بۆ هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی ببێتە هۆی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لەسەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و هیوای خواست کە لوتکەی بەغداد بە بڕیارێک دەربچێت کە پرۆسەی کاری هاوبەشی عەرەبی بەهێز بکات و پاڵپشتی هاوخەباتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بکات.
هەروەها تاوتوێی قەیرانی ئاو و پێویستی هەوڵی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست بۆ عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سەرەوەی ئاو کرا و هەروەها دۆسیەی یەزیدی و پێویستی بەردەوامی لێکۆڵینەوەیان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و چارەسەرکردنی ئەم کێشە مرۆییە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی زیندووی عیراق و هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەی بۆ عیراق و بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغداد.
هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوای سەرکەوتنی لوتکەی بەغداد و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کۆبوونەوەکەی نێوان وەفدەکانی روسیا و ئۆکراین لە ئەستەنبوڵ، دوای نزیکەی سەعاتێک و 40 خولەک کۆتایی هات.
دیدارەکە یەکەم دیداری راستەوخۆی روس و ئۆکراینیایە لە دوای ساڵی 2022ەوە، بەگوێرەی نوسینگەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، لەگەڵ ئیبراهیم کالین، بەرپرسی هەواڵگری تورکیا، بەشداری گفتوگۆکانیان کردووە. بەرپرسێکی ئۆکراینیاش رایگەیاند، کە خولی نوێی دانوستان لەگەڵ روسیا "ئەگەری هەیە، بەڵام بەرنامەی بۆ دانەنراوە".
هاوکات، سەرۆکی وەفدی روسیا رایگەیاند؛ "ئێمە لە ئەنجامی دانوستانەکان رازین و بەوردی هەردولا بۆچونەکان دەخەنە رو".
ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین داوای کرد ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ لە ئەستەنبوڵ شکستی هێنا ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە "وەڵامێکی بەهێز"ی روسیا بداتەوە و ئامادەنەبوونی پوتنیشی ئیدانە کرد.
زێلێنسکی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا وتی: ئەگەر دەرکەوت کە شاندی ڕروسیا تەنها بۆ نمایشکردن لەوێن و نەمانتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنین، ئەوا دەبێت هەمووان وەڵام بدەنەوە.
جەختیشی لە پێویستی "وەڵامدانەوەی بەهێز و سزا" کردەوە و وتی، "پوتن ترساوە" بۆیە نەهاتووە بۆ تورکیا.
دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ هونەرمەند محەمەد عەباس بارام لە ئوردن کۆچی دوایی کرد و بەخاک سپێردرا، لەسەر داوای کەسوکارەکەی و لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانی، تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ هونەرمەند محەمەد عەباس بارام لە تەمەنی 73 ساڵیدا و لە ئوردن کۆچی دوایی کرد، هەر لە وڵاتی ئوردن بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆش هاوسەری ئەو هونەرمەندە رایگەیاندووە، لەسەر ئەرکی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەمشەو تەرمەکەی دەردەهێنرێتەوە و دەخرێتەوە ساردکەرەوەوە تاوەکو مامەڵە یاساییەکانی بۆ دەکرێت و دواتر تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە شاری سلێمانی.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی لە ئوردنەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و لەگەڵ گەیشتنەوە و بەخاکسپاردنیشیدا پرسەی بۆ دادەنرێت.
محەمەد عەباس بارام ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1952 لە کەرکووک لەدایک بووە.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواو کردووە، خاوەنی دەیان گۆرانیی تۆمارکراوە، بەڵام زیاتر بە گۆرانیی (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش) ناوبانگی دەرکرد.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین بەهمەن حسێن ئاڕاستەی خانەوادەکەی کردوو رایگەیاند، كاك بەهمەن یەكێك بوو لە تێكۆشەرە دێرینەكان، چ لە شاخ و چ لەدوای ڕاپەڕینەوە، لە كایەی حزبی و حكومیدا نموونەی كەسی دڵسۆز و ماندونەناس بوو لە پێناو خزمەتكردنی گەل و وڵاتدا.
دەقی پرسەنامەکە...
پرسەنامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین بەهمەن حسێن
بەڕێزان ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
كەسوكار و خانەوادەی تێكۆشەری دێرین كاك بەهمەن حسێن
بۆ كۆچی دوایی كاك بەهمەن حسێن بەرپرسی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و وەزیری پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و گشت هاوڕێیانی دەكەین
كاك بەهمەن یەكێك بوولە تێكۆشەرە دێرینەكانی كاروانی ڕزگاریخوازانەی كوردایەتی ، چ لە شاخ و چ لەدوای ڕاپەڕینەوە ، لە كایەی حزبی و حكومیدا نموونەی كەسی دڵسۆز و ماندونەناس بوو لە پێناو خزمەتكردنی گەل و وڵاتدا، بۆیە هەمیشە جێگە دەستی و ناوی بە زیندوویی دەمێنێتەوە
لەیەزدانی مەزن داواكارین ڕۆحی كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و ئارامی بە گشت لایەك ببەخشێت.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سبەینێ شەممە، بەغدادی پایتەختی عیراق لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات و چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی تیایدا بەشدار بن.
سبەینێ شەممە، بەغداد بە دروشمی "پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات" خولی 34ی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و خولی 5ی لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات.
لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەو کۆنفرانسەیە کە سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی وڵاتانی عەرەبی و چەندین رێکخراوی گەورەی تێدا بەشدارن و گفتوگۆ لەبارەی پرسی سیاسی و ئەمنی و سەرجەم پرسە گەرمەکانی ناوچەکە دەکەن و چەندین بڕیاری تێدا دەدرێت.
لوتکەکە تەمەنی 79 ساڵە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1946 یەکەم لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا و لە ساڵی 2000یشەوە بەشێوەیەکی ساڵانە هەر جارە و لە وڵاتێک ئەنجام دەدرێت.
بەغداد بە درێژایی ئەو 79 ساڵە تاوەکو ئێستا سێ جار میوانداری لوتکەکەی کردووە لە ساڵەکانی 1978، 1990 و 2012، کە دووەم لوتکەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجام دراوە.
لوتکەی سبەینێی وڵاتانی عەرەبی لەژێر ناوی "دیالۆگ و هەماهەنگی و گەشەپێدان" دەبێت و بڕیارە هەریەک لە پرس و ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.
توركیا میوانداری دانوستانی راستەوخۆی نێوان روسیا و ئۆكراین دەكات و زیلینسكیش دەڵێت، یەكەم هەنگاو ئاگربەستە بۆ ماوەی مانگێك.
ئەمڕۆ دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئۆكراین و روسیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت و بڕیارە کۆبوونەوەکە سەعات 7:00ی ئێوارە دەست پێ بکات.
ڤلادیمیر میدینسكی راوێژكاری سەرۆكی روسیا سەرۆكایەتی وەفدی وڵاتەكەی دەكات.
بەپێێ زیانیاری میدیكانیش ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئامادەی دانوستانەكە دەبێت و گفتوگۆكان زیاتر تیشك دەخەنە سەر ئاگربەست بۆ ماوەی مانگێك.
وەزارەتی دەرەوەی توركیاش رایگەیاند، بڕیار وابوو دانوستانی نێوان روسیا و ئۆكراین رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رەتیكردەوە دانوستان بكات لەگەڵ وەفدی روسیا بەبێ ئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتن، دانوستانەكە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کەش جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا و پلەکانی گەرما 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا، هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور، پلەکانی گەرماش 3 بۆ 4 پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 34 پلەی سیلیزی
دهۆک : 34 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 38 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 35 پلەی سیلیزی
سۆران : 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان :39 پلەی سیلیزی
ئیسرائیل و سوریا لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی نهێنییان ئەنجامداوە و باسیان لە بەشداریكردنی دیمەشق كردووە لە رێككەوتنی ئیبراهیمی.
كەناڵ 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بە نهێنی و دور لە چاوی میدیاكان لێپرسراوانی ئیسرائیل و سوریا كۆبوونەتەوە و گفتوگۆكانیش لە ئازربایجان و بە نێوەندگیری ئیمارات بەڕێوەچووە و سەرپەرشتی كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، نوێنەری توركیاش بەشداربووە لە كۆبوونەوەكە و باس لە بەشداریكردنی دیمەشق كراوە لە رێككەوتنی ئیبراهیمی.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، سوریا ئاشتی دەوێت و ئەوانیش یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل بگەنە رێككەوتن.
ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع كرد بەشداری لە رێككەوتنی ئیبراهیمی بكات و شەرعیش پاڵپشتی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەكات.
مۆرگان ئۆرتاگۆس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند کە حزبوڵا بەرپرسیارە لە تێوەگلانی لوبنان لە شەڕە دووبارەکاندا. ئەو جەختی کردەوە: "لوبنان دەبێت سەروەری خۆی بپارێزێت و رێگری لە گروپەکان بکات بۆئەوەی جارێکی دیکە روبەروی شەڕ نەبێتەوە".
لە لێدوانێکدا، ئۆرتاگۆس رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی بریکارە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی لایەنە داراییەکانی حزبوڵا.
ئۆرتاگۆس ئاماژەی بەوەشکرد: "حزبوڵا بەرپرسیارێتی تێوەگلانی لوبنان لە شەڕە دووبارەبوەکاندا لە ئەستۆدایە. لە ماوەی 20 ساڵدا حزبوڵا دوو جار لوبنانی بەرەو شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بردووە و هەر جارێکیش باشور بووەتە قوربانی".
جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو: "حزبوڵا، لوبنانییەکان دەکێشێتە ناو ئەو شەڕانەی کە نایانەوێت بیکەن و دەیانخاتە بەردەم مەترسی و چاوپۆشی لە بۆچوون و هەڵبژاردنەکانیان دەکات".
ئۆرتاگۆس ئاشکراشیکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و قەتەر هاوڕان لەسەر ئەوەی لوبنان لە شەڕ دوور ناخرێتەوە تا حزبوڵا بە تەواوی چەک دانەنێت.
بەگوێرەی "فرانس پرێس" سوپای ئیسرائیل موشەکێکی لە یەمەنەوە هاویژراوی تێکشکاندووە، کە بووەتە هۆی چالاک کردنی زەنگی مەترسی لە قودس و ناوەڕاستی ئیسرائیل.
لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل وتی: "موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی تەلئەبیب کراو لە پاش لێدانی زەنگی مەترسی لە رێی سیستمی بەرگرییەوە موشەکەکە خرایە خوارەوە".
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردودا، دوای ئەوەی مووشەکێک کە حوسییەکان هاویشتیان نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە دەرەوەی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە هێرشێکی گەورەی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا و پێش ئەو هێرشە ئاسمانییەش، فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەنعای دەرکرد.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ەوە، حوسییەکان لە یەمەن، بۆ پشتگیری کردن لە بزوتنەوەی حەماس، چەندین هێرشی دووبارەیان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام داوە بۆ سەر ئیسرائیل.
هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەفتەی رابردو راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان راگەیاند و دواتر سەڵتەنەی عومان رایگەیاند کە ناوبژیوانی لە رێککەوتنێکی ئاگربەستدا کردووە.
سەرباری راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، سوپای توركیا 14 جار تۆپبارانی ئامێدی كرد، ئەردۆغانیش دەڵێت، هیچ كات نە لە عیراق، نە لە سووریا چاوپۆشییان نەكردووە و لەمەودواش نایكەن.
كامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی سی پی تی رایگەیاندووە، لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتی رابردوودا، تۆپخانەكانی سوپای توركیا 14 جار تۆپبارانی گەلی سیڤایان لە چیای مەتینا لە پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی كردووە.
هەرچەندە پەكەكە لە رۆژی 12ی ئایارەوە هەڵوەشانەوەی خۆی و چەكدانانی راگەیاندووە، بەڵام لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا سوپای توركیا 31 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا وتی، هیچ كات نە لە عیراق، نە لە سوریا چاوپۆشییان لە تیرۆر نەكردووە و لەمەودواش نایكەن.