کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، ئەگەرى تۆزێکى کەم لە هەندێک ناوچەى باشورى هەرێم هەیە هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتیی نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان دادەبەزن.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆزیکی سوک لە هەوادا، کە لە ناوچەکانی باشوری هەرێم کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 34 پلەی سیلیزی
دهۆک : 34 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی
سۆران : 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان :40 پلەی سیلیزی
دەستەی حەجی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا 21 هەزار هاووڵاتی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینیی حەج گەیشتوونەتە سعودیە، کە کۆی گشتیی ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەمساڵ دەچنە حەج زیاترە لە 33 هەزار کەس.
محەمەد مەتەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری حەجی عیراق لە شاری مەدینە رایگەیاند، تا ئێستا لە رێگەی وشكانیی و ئاسمانییەوە 21 هەزار هاووڵاتی عیراقی گەیشتوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینیی حەج، کە لەو ژمارەیە، شەش هەزاریان سەردانی مەدینەیان کردووە و بەرەو حەج بەڕێدەکەون بۆ بوون بە حاجی.
باسی لەوەشکرد، عیراق لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کە پێشکەش بە هاووڵاتیانی خۆی دەکات بە درێژایی پرۆسەی حەج.
ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی ئەمساڵ لە عیراقەوە گەشتی حەج دەکەن 33 هەزار و 690 هاووڵاتییە، کە لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 136 هاووڵاتییان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
لە هەرێم رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگای وشکانییەوە بەرەو سعودیە کەوتە رێ و دوێنێش، یەکەم کاروان لە رێگەی ئاسمانییەوە بەرەو سعودیە رۆیشتن.
خانمی یەکەمی عیراق ستایشی دوایین کۆنسێرتی ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی کرد و رایگەیاند، "گرنگە لەیادمان بێت، کاتێک وشەکان پەکیان دەکەوێت موزیک دێتە گۆ".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی بەڕابەرایەتی هانس رۆتمان و ئاکۆ عەزیز، کۆششێکی بێ وێنەی پێشکەشکرد کە سەرنجی ئامادەبووانی نمایشەکەی راکێشا بە چەند بڕگەیەکی موزیکی بتهۆڤن و چەند ئاوازێکی کوردیی ناسراو.
ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگە لەیادمان بێت، کاتێک وشەکان پەکیان دەکەوێت موزیک دێتە گۆ".
دوێنێ شەممە، ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی بە رابەرایەتی هانس رۆتمانی بە رەگەز ئەڵمانی رابەری ئۆرکێسترا و سۆڵۆی ڤایۆلین و کۆنسێرت ماستەر ئاکۆ عەزیز عینایەت، هەروەها بەشداری چەندین هونەرمەند و موزیکژەنی ناوخۆ و جیهانیی، یەکەم کۆنسێرتی ساڵی 2025ی پێشکەش کرد و زیاتر لە هەزار بینەر بۆ بینینی کۆنسێرتەکە ئامادە بوون.
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری روداوەکەی گەڕەکی ئازادی راگەیاند و دەڵێت، رێکاری یاسای بەرانبەر گیراوەتە بەر.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی شەڕە تەقە لەنێوان دوو دراوسێدا دروست بوو، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، بکوژەکەش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای وەر گرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و رێکاری یاسای بەرانبەر گیراوەتەبەر.
شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان دوو دراوسێدا گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ کوژرا، کە بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بەهۆی کۆترەوە شەڕەکە سەری هەڵداوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پلەکانی گەرما ئەمڕۆ بەرز دەبنەوە، بەڵام سبەینێ روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە هەندێک ناوچەى جیا جیا نیمچەهەور دەبێت، هەروەها ئەگەرى تۆزێکى کەم لە هەندێک ناوچەى باشورى هەرێم هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە، بەڵام سبەینێ 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 33 پلەی سیلیزی
دهۆک : 33 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 33 پلەی سیلیزی
سۆران : 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان :39 پلەی سیلیزی
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەبێ ترەمپ دانوستانی نێوان ئۆكراین و روسیا سەركەوتوو نابێت و كۆتاییهێنان بە شەڕ كاتی دەوێت.
ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس رایگەیاند، تاكە رێگە بۆ بەرەوپێشچونی دانوستانەكانی نێوان روسیا وئۆكراین ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتن بكەوێت و گفتوگۆش لەگەڵ زیلینسكی بكات.
دەشڵێت، ترەمپ بە ئاشكرا پێشنیازی كرد كۆبوونەوەیەكی جیابكرێت و چونكە ئەوان بەدوای ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕێكی خوێناوین.
وتیشی، كاتیان نییە بۆ بەفیڕۆدان، زۆر شتی تر هەیە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، دەبێت بەهەمان شێوە بایەخیان پێ بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، سبەینێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی بە پوتنەوە دەكات، دواتر قسە لەگەڵ زیلینسكی دەكات.
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 290 ملیۆن كەس لە جیهاندا بەدەست برسێتی لە رادە بەدەر ناڵاندویانە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە قەیرانی خۆراك لە جیهاندا لە ژێر ناونیشانی "برسێتی بەهۆی ململانێكانەوە ژمارەی پێوانەی دەشكێنێت" رایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا 295 ملیۆن كەس رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، كە زۆرینەیان لە غەززە و سودان و یەمەن و مالی بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی شەش ساڵە لەسەر یەك ئەو رەوشە بەو شێوەیە بەردەوامە و ساڵانە برسێتی زیاد دەكات.
جەختیشی لەوەشكردەوە، ناكۆكییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا وەك بزوێنەری سەرەكی قەیرانەكە دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی خراپبوونی زیاتری رەوشی ئاسایشی خۆراك و بەدخۆراكی و بڕینی بەشێكی زۆری بودجەی رێكخراوەكەیان، توانای وەڵامدانەوەیان بۆ كاریگەرییەكانی برسێتیی كەمیكردووە.

ئەمڕۆ شەممە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر، پایتەختی عیراقی بەجێهێشت بەبێ ئەوەی وتارەکەی لە 34هەمین لوتکەی عەرەبیدا پێشکەش بکات.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، ئەمیری قەتەر دوای ئەوەی سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی دەکرد، لە دانیشتنی 34هەمینی ئاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی لوتکە، بەغدادی بەجێهێشت، بەڵام ئاژانسەکە هیچ هۆکارێکی بۆ ڕۆیشتنی تەمیم بن حەمەد ئال سانی نەخستەڕو.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە ئەمیری قەتەر تەنها کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەنجامداوە. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، کۆبوونەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە کە 34هەمین لوتکەی عەرەبی ئەمڕۆ لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد بە ئامادەبوونی شەش سەرۆک و بەرپرسی عەرەبی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان و وەزیری دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو.
هێشتا ڕوون نییە بۆچی ئەمیری قەتەر بەشداری لە پێشکەشکردنی وتارەکەی نەکردووە.
34ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی ئەمڕۆ شەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە سەرۆکایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی، هەروەها نوێنەری چەندین دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دەستی پێکرد.
لوتکەی عەرەبی لە بەغدا.. دیارترین لێدوانی سەرکردە و سەرۆکەکان
بەحرەین سەرۆکایەتی خولی ٣٤ـی لوتکەی عەرەبی رادەستی عیراق کرد، هەروەها وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبدولەتیف بن راشد ئەلزیانی، لە وتەکەیدا رایگەیاند، پشتگیری "پلانی دووبارە بونیادنانەوەی غەززە و وەستاندنی جەنگ و ناردنی یارمەتی دەکەین".
هەروەها ئەلزیانی پێشوازی کردنی خۆی "لە هەنگاوی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا" راگەیاند.
عیراق جەخت لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر غەززە دەکاتەوە:
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند؛ عیراق سیاسەتی سەپاندن و دەستێوەردانی دەرەکی کە بەرژەوەندی و سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی پێشێل دەکات، رەت دەکاتەوە.
د. لەتیف رەشید، وتیشی، کە گەلی فەلەستین روبەروی پڕۆسەی پاکتاوکردنی رێکخراو بۆتەوە کە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینە لە خاکی خۆیاندا.
سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی، جەختی لەسەر رەتکردنەوەی "دەستدرێژی بەردەوام لەسەر غەززە" کردەوە، هەموو شێوەکانی راگواستنی زۆرەملێی گەلی فەلەستینی مەحکووم کرد.
سودانی بەردەوامی پێشێلکاریەکانی سەروەری لوبنانی مەحکووم کرد و پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا کرد، هەروەها پشتگیری عیراقی بۆ یەمەن و یەکێتیەکەی دووپات کردەوە.
سودانی جەختی لەسەر پێشوازی وڵاتەکەی لە دانوستانە بەردەوامەکان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد "هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی سوریا رەت دەکەینەوە و پشتگیری لە پڕۆسەیەکی گواستنەوە دەکەین کە مافی هەموو سوریەکان بپارێزێت".
سکرتێری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی: هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ گەلەکەی.
لە وتەکەیدا لە میانەی لوتکەکەدا، سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیت رایگەیاند:
- هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتی گەلەکەی دەدات بۆ بینینی داهاتوویەکی باشتر.
- چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی هێشتا "لە بەدیهاتن دوورە" بەهۆی دەستێوەردان و چاوتێبڕین.
- حوسییەکان سوورن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی تواناکانی یەمەن.
- دابەشبوونە بەردەوامەکانی لیبیا هەڕەشەن بۆ سەر یەکێتی ئەو وڵاتە.
- لوبنان تێپەڕ دەبێت بە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا کە بریتییە لە سنووردارکردنی چەک بەتەنیا بۆ دەستی دەوڵەت.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا: لوتکەی بەغدا دەرفەتێکە بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
محەمەد عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا، لوتکەی بەغدادی بە ب"دەرفەتێک بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی" دانا.
لە وتەکەیدا، عەلی یوسف "پاکتاوکردنی بەکۆمەڵ"ی گەلی فەلەستینی لە غەززە مەحکووم کرد.
لەلایەکی ترەوە، سکرتێری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی حسێن ئیبراهیم تەها وتی: "هیواخوازین هەموو هەوڵەکان چالاک بکرێن بۆ دڵنیابوون لە مافی گەلی فەلەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەی".
ئیسپانیا داوای وەستاندنی "بازنەی توندوتیژی" دەکات:
پیدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ، ئەمڕۆ شەممە، داوای وەستاندنی بازنەی توندوتیژی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە کرد.
لە بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبیدا، سانچێز وتی: "پێویستە فشارەکان لەسەر ئیسرائیل زیاد بکرێن بۆ وەستاندنی هێرشەکان لەسەر غەززە"، وتیشی: "ئیسپانیا هەموو توانای خۆی بەکار دێنێت لە کۆبوونەوەی گروپی مەدرید بۆ وەستاندنی هێرش لەسەر غەززە و بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام".
هاوکات ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، کە بە نوێنەرایەتی ئەحمەد شەرع لە لوتکەکە ئامادەبوو، رایگەیاند: گەلی سوریا پابەندە بە ناسنامەی عەرەبی خۆیەوە، جیهانی عەرەبیش پەناگەی ئەوانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا وتی؛ هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ترەمپەوە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و سوپاسی دەوڵەتی قەتەر دەکەین بۆ پاڵپشتی بەردەوام و هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر گەلی سوریا.
وتیشی؛ سوپاسی ئیمارات و هەموو وڵاتانی عەرەبی دەکەین کە لەگەڵ گەلی سوریا وەستان.
لە مێژووی بەڕێوەچونی لوتکەی عەرەبیدا تەنها دوو کورد سەرۆکایەتی لوتکەکەیان کردووە، ئەوانیش سەرۆک مام جالال وەک یەکەم کورد لە ساڵی 2012 و د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەم ساڵدا.
لە 27 تا 29ـی ئاداری 2012 لوتكەی 23ی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچوو و سەرۆك مام جەلال سەرۆكایەتی لوتكەكەی كرد و ئەم لوتكەیە جیاوازبوو لە لوتكەكانی تر كە دیموكراسیەتی عیراقی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی كە كوردێك لوتكەكەی بەڕێوەبرد.
لەم ساڵیشدا 34 هەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچوو، تێیدا د. لەتیف رەشید سەرۆکایەتی لوتکەکەی کرد و لە وتاری دەستپێکدا رایگەیاند، دەبێت پەرە بە گیانی برایەتی نێوانمان بدەین
لە لوتکەکدا سەرۆک و سەرکردە و پاشای وڵاتانی عەرەبی کۆدەبنەوە و تێیدا گفتوگۆی ئەو بابەتانە دەکەن کە جێی سەرنجن.
ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ شەممە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەرکردە عەرەبییەکان و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ناردووە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبونەوەی لوتکەی روسیا-عەرەبی کە بڕیارە رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ماڵپەڕی کرێملین بڵاویکردووەتەوە، پوتن رایگەیاندووە: "سەرۆکی وڵات و حکومەتە بەڕێزەکان، بە بۆنەی کردنەوەی 34ەمین لوتکەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەم. ئێمە بڕیارمانداوە بەردەوام بین لە پەرەپێدانی دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ سەرجەم ئەندامەکانی."
سەرۆکی روسیا لە درێژەی پەیامەکەیدا وتویەتی: "لەم بارەیەوە دەمەوێت بانگهێشتی سەرجەم سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکەتان بکەم، هەروەها سکرتێری گشتی کۆمەڵەکە، بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین لوتکەی روسیا-عەرەبی، کە پلانمان هەیە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامی بدەین."
بەگوێرەی میدیاکانی روسیا، مۆسکۆ لە رێگەی ئەم لوتکەیەوە هەوڵدەدات هاوبەشی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر بکات و ئاسۆی هاوکاری سیاسی و ئابوری لە ژێر رۆشنایی خێراترکردنی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە.
شایەنی باسە ئەم لوتکەیە کە یەکەمین لوتکەیە لە جۆری خۆیدا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی روسیا دێت بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی لەسەر هەردوو ئاستی دولایەنە و بەکۆمەڵ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامادەیی روسیا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەدەسێنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەغدادی پایتەختی عیراق لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات و چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی تیایدا بەشدار بن.
ئەمڕۆ شەممە، بەغداد بە دروشمی "پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات" خولی 34ـی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و خولی 5ـی لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات.
پێشتر، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندبوو؛ کە میوانداریکردنی بەغداد بۆ لووتکەی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سەرەکی و هەوڵە جەمسەرییەکانی بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی ناوچەکە دەبنەوە و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان برایان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی گەلەکانمان بپارێزێت ودوپاتیشی کردەوە کە لوتکەی عەرەبی باس لەپرسە چارەنووسسازەکان دەکات و پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی کەیارمەتیدەربن لەگەیشتن بەئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "بەستنی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد، جەختکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵی بەرچاوی عیراق لە پێشخستنی ناوچەکەدا و دەستپێکردنی هەنگاوەکان بەرەو داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان."
لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەو کۆنفرانسەیە کە سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی وڵاتانی عەرەبی و چەندین رێکخراوی گەورەی تێدا بەشدارن و گفتوگۆ لەبارەی پرسی سیاسی و ئەمنی و سەرجەم پرسە گەرمەکانی ناوچەکە دەکەن و چەندین بڕیاری تێدا دەدرێت.
لوتکەکە تەمەنی 79 ساڵە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1946 یەکەم لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا و لە ساڵی 2000یشەوە بەشێوەیەکی ساڵانە هەر جارە و لە وڵاتێک ئەنجام دەدرێت.
بەغداد بە درێژایی ئەو 79 ساڵە تاوەکو ئێستا سێ جار میوانداری لوتکەکەی کردووە لە ساڵەکانی 1978، 1990 و 2012، کە دووەم لوتکەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجام دراوە.
لوتکەی سبەینێی وڵاتانی عەرەبی لەژێر ناوی "دیالۆگ و هەماهەنگی و گەشەپێدان" دەبێت و بڕیارە هەریەک لە پرس و ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و رایگەیاند هیوادارە بەم زوانە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو بابەتە تاوتوێ بکات.
سەرۆکی فەرەنسا لە میانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە ئەلبانیا بە راگەیاندنەکانی وت: "بارودۆخی مرۆیی غەززە قبوڵکراو نییە، لە سەرەتای ئەم دۆخەدا گەیشتووینەتە ئاستێک کە پێشتر نەمانبینیوە، لە روی کاریگەرییە مرۆییەکانییەوە".
ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەولەویەتەکان بریتین لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و دەستپێکردنەوەی هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "دەرفەتم دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەم، هەروەها ئەم بابەتەشم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ وروژاندووە".
هاوکات، ترەمپ پێشتر ئەمڕۆ هەینی باسی لەوە کردبوو کە "ئێمە چاو لە پرسی غەززە دەکەین، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەین، خەڵکێکی زۆر لە برسێتی دەمرن".
شایانی باسە، لە 2ـی ئازاری ئەمساڵەوە ئیسرائیل بە توندی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەززە قەدەغە کردووە کە ژمارەی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسە. لە 18ـی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستی دوو مانگە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای شەڕێک کە لە کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەریهەڵدا.
لە پێشهاتێکی سیاسی گرنگدا میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، کە سوریا و ئیسرائیل بە نیوەندگیری ئیمارات و بە ئامادەبوونی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، کە لە چەند رۆژی رابردودا، کۆبونەوەیەکی نهێنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیل لە وڵاتی ئازەربایجان بەڕێوەچووە، کە بە نیوەندگیری ئیمارات و بە بەشداری نوێنەرانی تورکیا ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی ئەگەری ئەندامبوونی سوریا لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی بووە، کە پێشتر چەندین وڵاتی عەرەبی وەکو ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب واژۆیان کردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێنیش لە سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلییەوە رایگەیاندوە کە ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی سوریا لەم دواییەدا گفتوگۆی راستەوخۆیان ئەنجام داوە، کە بە وتەی سەرچاوەکە "پێشهاتێکی دەگمەنە" و ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
شایانی باسە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، هەفتەی رابردو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی سوری ئاشکرای کردبوو کە حکومەتەکەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە سەبارەت بە وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا.
ئەم پەیوەندییانە دوای سەردانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە چڕتر بونەتەوە، بەتایبەت دوای کۆبونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە سعودیە لە ڕۆژی چوارشەممە.