بەگوێرەی "فرانس پرێس" سوپای ئیسرائیل موشەکێکی لە یەمەنەوە هاویژراوی تێکشکاندووە، کە بووەتە هۆی چالاک کردنی زەنگی مەترسی لە قودس و ناوەڕاستی ئیسرائیل.

لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل وتی: "موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی تەلئەبیب کراو لە پاش لێدانی زەنگی مەترسی لە رێی سیستمی بەرگرییەوە موشەکەکە خرایە خوارەوە". 

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردودا، دوای ئەوەی مووشەکێک کە حوسییەکان هاویشتیان نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە دەرەوەی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە هێرشێکی گەورەی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا و پێش ئەو هێرشە ئاسمانییەش، فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەنعای دەرکرد.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ەوە، حوسییەکان لە یەمەن، بۆ پشتگیری کردن لە بزوتنەوەی حەماس، چەندین هێرشی دووبارەیان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام داوە بۆ سەر ئیسرائیل.

هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەفتەی رابردو راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان راگەیاند و دواتر سەڵتەنەی عومان رایگەیاند کە ناوبژیوانی لە رێککەوتنێکی ئاگربەستدا کردووە.