ئیسرائیل و سوریا لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی نهێنییان ئەنجامداوە و باسیان لە بەشداریكردنی دیمەشق كردووە لە رێككەوتنی ئیبراهیمی.

كەناڵ 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بە نهێنی و دور لە چاوی میدیاكان لێپرسراوانی ئیسرائیل و سوریا كۆبوونەتەوە و گفتوگۆكانیش لە ئازربایجان و بە نێوەندگیری ئیمارات بەڕێوەچووە و سەرپەرشتی كردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، نوێنەری توركیاش بەشداربووە لە كۆبوونەوەكە و باس لە بەشداریكردنی دیمەشق كراوە لە رێككەوتنی ئیبراهیمی.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، سوریا ئاشتی دەوێت و ئەوانیش یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل بگەنە رێككەوتن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی چوارشەممە دۆناڵد  ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع كرد بەشداری لە رێككەوتنی ئیبراهیمی بكات و شەرعیش پاڵپشتی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەكات.