ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، حكومەتی هەرێم پارەی موچەی مانگی ١٢ی لە بەغداد وەرگرتووە، بەڵام لە موچەخۆرانی شاردووەتەوە و دابەشی ناكات.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك وێنەی دوو نووسراوی ناردنی پارەی لە لایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم بڵاوكردووەتەوە و كە رۆژی٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤ دەرچووە.
سۆران عومەر لەوبارەیەوە دەڵێت، بەپێی ئەو دوو نووسراوە وەزارەتی دارایی عیراق پارەی موچەی مانگی ١٢ی بە دوو گوژم بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناردووە.
راشیگەیاند، بەغداد بڕی ٤٤١ ملیار و ٤٩٣ ملیۆن دیناری موچەی مانگی ١٢ی ناردووە بەڵام حكومەتی هەرێم لە خەڵكی شاردووەتەوە.


عیراق بەنیازە هێزی سەربازی زیاتر لەسەر سنووری سوریا جێگیر بكات، ئوردنیش رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق ئیمزا كرد بۆ پاراستنی سنوورەكانی.
تەحسین خەفاجی سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق جەختیكردەوە، سنوورەكان لەگەڵ سوریا پارێزراوە، هاوكات نیازی وڵاتەكەشی بۆ زیادكردنی هێزەكانی سەر سنوور پشتڕاستكردەوە.
خەفاجی وتیشی، لە ماوەی سێ ساڵدا توانیویانە لەكۆی ٦١٥ كیلۆمەتر سنوور لەگەڵ سوریا، ٤٠٠ كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێتی تەواوبكرێت و لە ناوەڕاستی ئەمساڵیشدا ئەوەی ماوەتەوە تەواو دەكرێت.
هاوكات ئوردنیش رێككەوتنێكی لەگەڵ دیمەشق ئیمزا كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.
لای خۆیەوە حكومەتی سعودیە پاڵپشتی هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سوریا دووپاتكردەوەو جەختی لە بەردەوامی پێشكەشكردنی یارمەتیەكان كردەوە.
ئەمڕۆ سەرۆکی رەوتی حیکمە گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و لە سەرەتاشدا سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی کرد.
دوێنێ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە سلێمانی و ئەمڕۆش سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد.
لە سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە چووە مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە و ئەریشیفی ئەو تاوانەی بینی کە سەدام حسێنی سەرۆکی رژێمی دیکتاتۆریی پێشووتری عیراق بەرامبەر بە هاوڵاتیانی شارەکە لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەنجامی داون.
لە یاداشتنامەیەکدا کە لە مۆنۆمێنتەکەدا هەڵدەگیرێت ئاماژەی بەوەکرد، "رێز لە روحی شەهیدانی هەڵەبجە دەگرین و هاودەنگی خەڵکی بەشەرەفی هەڵەبجەین".
ئەوەشی نووسی، "داوا دەکەین دەنگبدرێت بۆئەوەی هەڵەبجە ببێتە یەکێک لە پارێزگا سەربەخۆکانی عیراق".

عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی و لە دەباشان مەزاری سەرۆك مام جەلالی بەسەركردەوە، بڕیاریشە دواتر لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆببێتەوە.
عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، لە مەزاری سەرۆك مام جەلال بە رۆژنامەنوسانی وت، سەردانەكەی گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و رێزە لە كورد و بە دیاریكراوی خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها دەرفەتێكە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی عیراق و ناوچەكە بۆ گەیشتنە تێڕوانینێكی هاوبەش بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان.
بڕیاریشە، سبەینێ عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حكیمە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بكات و چاوی بە لێپرسراوانی پارێزگاكە بكەوێت.
وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، سبەینێ چوارشەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی ١٢ بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەت و لیواکانی پیادە دابەشدەکرێت.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجامداون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ چوارشەممە ٨ـی کانوونی دووەم هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی (٢٠٢٤/١٢) بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەت و لیواکانی پیادە دابەشدەکرێت.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، ئامانجمانە زۆرترین چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەین و یەکیان بخەینەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سینچۆل لیم کونسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان و پارک مینوو جێگری کۆنسوڵی گشتیی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، "ئامانجمانە زۆرترین گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون ئەنجام بدەین لە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ٢٠٢٥دا".
لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوە روون کراوەتەوە، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور باسی لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکان و کاری پێکەوەیی کرد و هێزی پێشمەرگەی بە قەڵغانی بەرگری و پاراستنی ئارامی ناوچەکە وەسف کردووە، بەرامبەر تێکشکاندنی داعش و مەترسییەکانی تیرۆر.
ئەوەشی خستووەتە روو، پێشمەرگە لای گەلی کۆریا ناوێکی پیرۆزە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور باسی لە بنیاتنانی سەنتەرێکی لێکوڵینەوەی ئابووری کردووە لە هەرێمی کوردستان کە رۆڵی گرنگ و گەورەی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی لایەنی ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا".
پاسپۆڕتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لەکاتی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنیدا چ کاتێکیان بۆ دیاری کراوە، لەو کاتەدا سەردانیان بکەن، بەپێچەوانەوە نۆرەکەیان دەفەوتێت.
پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاندووە، "ئاگاداری هاوڵاتیانی سلێمانی و دەوربەری دەکەین، بە گوێرەی کاتی دیاری کراوی خۆیان کە بە نامەی ئەلیکترۆنی بۆیان دیاریکراوە سەردانمان بکەن، واتە کاتژمێر و بەرواری نۆرەی ئەلەکترۆنییەکەی لە چ کات و بەروارێکدا بوو، ئەوا لەو کاتەدا سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش لە کاتی خۆیدا مامەڵەکانیان بۆ رایی بکەین".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی کاتی دیاریکراو نەبوون، ئەوا سەرەکەیان دەفەوتێت و مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێت، چونکە سەرەی کەسێکی دیکە دەبێت و لەو کاتەشدا کێشە بۆ سیستمەکە دروست دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێویستە بۆ ئەنجامدانی مامەڵە لە پاسپۆڕتی سلێمانی رۆژێک پێشتر بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەرێگای ماڵپەڕی فەرمیی خۆیانەوە نۆرە بگریت.
لەدوای مانگێك لە راگرتنی، ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق دەستیانپێكردەوە .
لێپرسراوانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بڵاویانكردەوە، لەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەكان لە رێی فڕۆكەخانەكەوە دەستیان پێكردووەتەوە و ئەمڕۆ دوو گەشت بەرەو ئیمارات ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، دوای ئەو زیانانەی لەکاتی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەددا بەر فڕۆکەخانەکە کەوت، دوێنێ دووشەممە، پڕۆسەی چاكسازی و نۆژەنکردنەوە كۆتایی هات.
لە رۆژی ٨ی ١٢ی ساڵی رابردوودا، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق چۆڵكرا و سەرجەم گەشتەكانیش راگیران.
دواتر لە رۆژی ٢٣ی هەمان مانگدا، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانەكە رایگەیاند، تەنها چەند گەشتێكی تایبەت لە فڕۆكەخانەكەوە ئەنجام دەدرێن كە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانییەوە رێگەیان پێدراوە.
وەفدی دەم پارتی پەیامەكەی ئۆجەلانی گەیاندە ئاك پارتی و سەعادەت و ئاییندە، رۆژی هەینێش دووبارە سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە. وتەبێژی دەمپارتیش دەڵێت، پێویستە لە تورکیادا واز لە بەکارهێنانی زمانی رەتکردنەوەی کورد بهێنرێت.
وەفدی دەم پارتی بە ئەندامێتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر و ئەحمەد تورك، دەستی بە ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی توركیا كرد بۆ گەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان.
ئەمڕۆش وەفدەكە سەردانی پارتی دەسەڵاتدار ئاكپارتی و پارتی سەعادەت و پارتی ئاییندەیان كرد، پێشتریش سەردانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی مەهەپەیان كردبوو.
دوای كۆبوونەوەكە سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، لە چوارچێوە كۆبوونەوەكانیاندا سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپەش دەكەن لە زیندان و ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانیان بڵاودەكەنەوە، بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگەشدا دووبارە سەردانی ئیمرالی بكەنەوە.
لای خۆیەوە ئایشە گول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی وتی، ئێستا دەبێت مەرجەكانی ئۆجەلان بگۆڕدرێت و هەلومەرجێك دروست بكرێت كە بەشدار بێت لەم قۆناغەدا و بیكاتە رووداوێكی مێژوویی.
جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە پەرلەمان بتوانێت بە زووترین كات ئەم ڕۆڵە بگێڕێت و دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەر و واز لە بەكارهێنانی زمانی رەتكردنەوە بهێنرێت بەرامبەر كورد لە توركیا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ١٠ ساڵ لە رێگریی دەسەڵاتدارانی توركیا، رۆژی ٢٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو، رێگە درا وەفدێكی پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی 'دەم پارتی' بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بچنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵیدا کۆببنەوە، کە کۆبوونەوەکەش سێ سەعاتی خایاند.
ماوەی دوو بۆ سێ رۆژە شەپۆلێکی سەرمای بەهێز رۆژئاوای ئەمریکای گرتووەتەوە و دوێنێ کەشناسیی ئەمریکا رایگەیاند، شەپۆلەکە بەرەو رۆژهەڵاتیش دەڕوات. بەرپرسانیش هۆشداری بەپەلەیان بڵاوکردەوە.
بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرمایەوە تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەک کوردەواریی دەڵێ: دونیا بەستوویەتی
بەهۆی شەختە و بەستنی شەقامەکانەوە سەرجەم خوێندنگەکان داخراون و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل وەستاوە، ئەوە جگە لەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیش راگیراون و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە و زیاتر لە نۆ هەزار گەشتیش دواکەوتوون.
لە حەوت ویلایەت هۆشداری بەپەلە دراوە
لە ئێستادا لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی، ماریلاند، ڤیرجینیا، ڤیرجینیای رۆژئاوا، کانساس، میزۆری، کینتاکی و ئارکنساس هۆشداری بەپەلە دراوە.

کارەبای چەند شارێک بڕاون
دوێنێ بەرپرسان هۆشداریان دا لەوەی شەپۆلی سەرماکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پچڕانی کارەبا، ئەوەش روویدا و ئەمڕۆ لە بەشێکی ویلایەتەکاندا کارەبا پچڕاوە.
ماڵپەڕی بی بی سی ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس، شەوی رابردوویان بەبێ کارەبا بەڕێکردووە.
هێشتا بەفر بارین بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە درێژە بخایەنێت
سەرەڕای ئەو کەشە ساردە و بەستنی شەقامەکان، هێشتا بەفربارین لە ویلایەتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوامە.
کەشناسیی پێشبینی دەکات، سەرەڕای بارانبارین بەڵام کەش بە ساردی بمێنێتەوە و بەهۆیەوە شەقامەکان زیاتر بیانبەستێت و بۆماوەی چەند هەفتەیەک کەشوهەوا بەو جۆرە بمێنێتەوە.

بەهێزترین شەپۆلی بەفربارینی ٣٢ ساڵی رابردووە
ماتیۆ کاپوسی کەشناسی گەورەی ئەمریکی باسی لەوەکردووە، ئەوە بەهێزترین شەپۆلی بەفربارینی ماوەی ٣٢ ساڵی رابردووی کانساسە.
سەرەڕای ئەو کەشە ساردە خەڵک یاری سەر بەفر دەکەن و چێژی لێدەبینن
لە بەشێک لەو ناوچانەی لە رووبارەوە نزیکن، خەڵک بەشێوەیەکی گستی دەستیان کردووە بە یاری سکێتی سەر بەفر و بەسەر رووبارەکاندا بە ئاسانی دەڕۆن و یاری دەکەن.
ئەگەرچی شەپۆلی بەفرەکە بەهێز و هەوایەکی زۆر ساردی هەیە، بەڵام خەڵک چێژ دەبینن و لەناو بەفرەکەدا کات بەسەردەبەن.


ئەمریكا كوژرانی سەربازێك و برینداربونی دوو سەربازیی وڵاتەكەی لە حەمرین راگەیاند.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە سێنتكۆم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوە، لە ٣٠ی مانگی ساڵی رابردوو تا شەشی ئەم مانگە ژمارەیەك ئۆپراسیۆنیان دژی داعش لە عیراق و سوریا ئەنجام داوە و بە فڕۆكەی جەنگی چەند ناوچەیەكی حەمرین بۆردومان كراوە.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەكردوە لە شەڕ و پێكدادانی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرپەرشتیی ئەمریكا لە ناوچەی حەمرین دژی چەكدارانی داعش، سەربازێك كوژراوە و دوو سەربازیش برینداربون.
بە پێی راگەیەنراوەكە لە دوو و سێی ئەم مانگەشدا هێزەكانی ئەمریكا بە هاوبەشیی لەگەڵ شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە هەڵمەتێكیان لە دژی رێكخراوی داعش لە ناوچەكانی دێرزور ئەنجام داوە و سەركردەیەكی داعشیان دەستگیر كردوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز چینی هەژاند و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەس لەژێر داروبەرزی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکان بەپەلە دەستیان بە کارەکان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی چین بڵاویكردەوە، بومەلەرزەكە بە گوڕی ٧.١ پلە بە پێوەری ریختەر روویداوە و ناوچەكانی تبت لە وڵاتی چین و چەند ناوچەیكی نیپاڵی گرتووەتەوە و لە هیندستان و بەنگلادیش هەستی پێكراوە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی بومەلەزەزانی هیندستان بڵاوی كردووەتەوە بومەلەرزەكە سەعات ٦:٣٥ خولەكی بەیانی لە ناوچەی شیزینگ لە تبت روویداوە كە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی نیپاڵ.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بومەلەرزەكەوە لانیكەم ٥٣ كەس لە تبت گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ كەسیش برینداربوون، هاوکات، دەیان کەس لەژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
بەهۆی ترس لە روودانی پاشەلەرزە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ماڵەكانیان جێهێشتووە.
ئاگر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر کەوتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئاگرەکە بەهۆی زۆپاوە کەوتووەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەی خستە روو، کرێکارەکان بەر لەوەی بچنە سەر کارەکانیان زۆپایان داگیرساندووە، بەڵام زۆپاکە گڕی گرتووە و بەهۆیەوە چەند کابینەیەکی شوێنی مانەوەی کرێکارەکان سوتاوە.
ئەوەشی خستە روو، بەر لە کەوتنەوەی ئاگرەکە کرێکارەکان چوونەتە دەرەوە، کە دوکەڵەکەیان بینیوە گەڕاونەتەوە و بینیویانە زۆپای کابینەکەیان گڕی گرتووە.
باسی لەوەشکرد، ئاگرەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و لەئێستادا کۆنتڕۆڵ کراوە، تیمەکانی بەرگری شارستانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەن و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وردەکاریی زیاتر دەخەنە روو.
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، پێویستە رۆژئاوا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە ساویلکە نەبێت و ئاگاداری دۆخەکە بێت. دەشڵێت، "فەڕەنسا هەرگیز دەستبەرداری شەڕڤانانی کورد نابێت لە سوریادا".
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، پێویستە رۆژئاوا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە ساویلکە نەبێت، کە لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە دەسەڵاتیان لەو وڵاتە گرتووەتە دەست.
ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، "فەڕەنسا هەرگیز دەستبەرداری شەڕڤانانی ئازادی نابێت، وەک کوردەکان، کە دژی گروپە توندڕەوەکانی سوریا شەڕیان کرد".
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە پێویستە رێز لە گۆڕانی رژێمی سوریا بگرین".
دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە دەستبەجێ ئازادکردنی سلێمان محەمەدی رۆژنامەنووس، کە لە ٢٥ی ١٠ ساڵی ٢٠٢٣وە لە دەروازەی فیشخاپور دەستگیرکراوە.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی سەر رۆژنامەنوس (سلێمان محەمەد ئەحمەد) و ئازادکردنی دەستبەجێ.
سلێمان محەمەد پێشتر سزای زیندانیکردنی سێ ساڵی بۆ دەرچووبوو، کە لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٣ـەوە لەلایەن ئاسایشی دهۆک لە دەروازی فیشخاپور دەستگیرکراوە کە دەستگیرکردنەکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چەند وڵاتێکی دیکەش.
لەو بارەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیارەکە و دەستخۆشی لە تیمی پارێزەرانی سلێمان محەمەد دەکەن.
سەنتەری میترۆ لەسەر زاری نەریمان ئەحمەدی پارێزەری سلێمانی رۆژنامەنووسەوە باسی لەوەکردووە، "هیچ بەڵگەیەک بۆ تۆمەتبارکردنی بەردەست نەبووە، بۆیە ئازادکراوە و لەئێستادا دەست دەکەن بە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی ئازادکردنی".
سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز بوو لە سلێمانی، لە رۆژی ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢٣دا دوای ئەوەی بۆ بەشداریكردن لە پرسەی باوكی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێم لە دەروازەی فیشخابوور دەسگیركرا و دوای ٢١١ رۆژ رێگە بە پارێزەرەكانی درا سەردانی بكەن.
رۆژی ٢٩ی ٧ی ساڵی رابردوو، لە هۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ئەو رۆژنامەنووسە بەڕێوەچوو، بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بۆماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە" سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە کەشێکی سارد و لە هەندێک ناوچە باران و لە هەندێکی دیکە بەفر هەرێمی گرتووەتەوە، کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ئاشکرا کردووە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بە گشتى، ئەگەرى نمەباران هەیە لە هەندێک ناوچەى شاخاویی بەتایبەت لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەگەڵ دورستبوونى تەم لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرماش لە نزمیدا دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: ١٥ پلەى سیلیزى
سلێمانی: ١٣ پلەى سیلیزى
دهۆک: ١٤ پلەى سیلیزى
کەرکوک: ١٧ پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: ١٣ پلەى سیلیزى
گەرمیان: ١٨ پلەى سیلیزى
زاخۆ: ١٤ پلەى سیلیزى