لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە؛ ئەم پرۆژەیە لە سودی شوێنە بازرگانیەکانە چونکە دەبنە خاوەنی کارەبایەکی بەردەوامی بێ پچڕان.
پرۆژەی روناکی پرۆژەیەکە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە رێگایەوە کارەبای 24سەعاتی بۆ هاووڵاتیان دابینبکات، بەڵام بەهۆی زۆری نرخی کارەباکەوە لەلای بەشێک لە هاووڵاتیان و لە گەڕەکەکانی هەولێر نارەزایەتی لێکەوتەوە و لە ئێستاشدا ئەو پرۆژەیە لە سلێمانی خراوەتە کار.
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانە لە ئازاری منداڵانی فەلەستینی و داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە "کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت".
دوو بەرپرسی کۆشکی سپی بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەست بە بێزاری دەکات لە شەڕی بەردەوام لە غەززە، هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، ترەمپ ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لە وێنەکانی ئازارچەشتنی منداڵانی فەلەستینی و داوای لە یاریدەدەرەکانی کردووە بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵێن، ترەمپ دەیەوێت "کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت".
بەپێی راپۆرتی ئەکسیۆس، سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێزارە لەوەی لە غەززە رودەدات و دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و بارمتەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و هاوکارییەکان بگەنە ناوچەکە، دەیەوێت دەست بکات بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە کە نەتانیاهۆ ئێستا هەست بە فشارێکی گەورە ناکات لە لایەن ترەمپەوە و بەرپرسەکە وتویەتی: "ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بیەوێت رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگرتنی ئاگربەست لە غەززە، دەبێت فشارێکی زۆر زیاتر بخاتە سەر هەردوو لا".
لەم نێوەندەدا، سەرکردەکانی دیکە هەوڵ دەدەن فشار دروست بکەن و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا رۆژی دووشەممە راگەیەنراوێکی دەرکرد کە تیایدا هەڕەشەی هەنگاوی دژ بە ئیسرائیل دەکەن بەهۆی شەڕی غەززە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئێمە دەستەوەستان ناوەستین لەکاتێکدا حکومەتی نەتانیاهۆ بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەم کردەوە هەڵانە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشە سەربازییە نوێیەکەی خۆی رانەگرێت و کۆتوبەندەکانی لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان هەڵنەگرێت، ئێمە هەنگاوی زیاتری بەرچاو دەگرینەبەر وەک وەڵامدانەوەیەک".
نەتانیاهۆ بانگەوازی ئەوروپییەکانی رەتکردەوە و "سەرکردەکانی لەندەن، ئۆتاوا و پاریس"ی تۆمەتبار کرد بە "پێشکەشکردنی خەڵاتێکی گەورە بە هێرشی لەناوبەر دژی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر".
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتی کاتی لە سوریا لەوانەیە دوای چەند هەفتەیەکی کەم بڕوخێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خلیسکانی وڵاتەکە بەرەو شەڕی ناوخۆیی بەرفراوان.
بەپێی راپۆرتەکان، رۆبیۆ لە میانەی دانیشتنێک دا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وتی: "مەسەلەکە پەیوەندی بە دەسەڵاتی کاتییەوە نییە، ئێمە پێمان وا نییە کە ئەوان زەرەر بگەیەنن. کێشەکە لە لایەنەکانی دیکەی سەر خاکەکە دایە کە بونەتە هەڕەشە. ئێمە دەبێت پارێزگاری لەوانە بکەین کە نەک تەنها دەچنە ناو وڵاتەکەوە، بەڵکو لەوانەش کە لەوانەیە ناچار بکرێن وڵاتەکە بەجێبهێڵن. پێویستە ئامادەبین بۆ چۆڵکردن و پلان دابنێین بۆ پاراستنیان لە هێرشەکان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە بارودۆخی سوریا هێشتا ناجێگیرە، و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەگەری روخانی حکومەتی کاتی لە سوریا لە هەفتەکانی داهاتوودا و خراۆتربوونی دۆخەکە بەرەو "شەڕی ناوخۆیی بەرفراوان" بە دوور نازانێت.
جێی باسە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژی 14ـی ئایار لە ریاز چاوی بە سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع کەوتبوو، کە ئەمە یەکەم دیدار بوو کە سەرکردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سوریای کۆکردبێتەوە لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا.
هەرچەندە ماركۆ رۆبیۆ وردەکاری زیاتری لەبارەی سروشتی ئەو هەڕەشانەوە کە روبەروی دەسەڵاتی کاتی لە سوریا دەبنەوە نەخستۆتە رو، بەڵام لێدوانەکانی نیگەرانییەکی گەورەی دەزگا دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەردەخەن سەبارەت بە ئەگەری خراپتربوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە وڵاتەکەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی دواییان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی لەبارەی گرێبەستەکانی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە "گرێبەستەکان نوێ نین" و "هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە".
بەپێی رونکردنەوەکە کە ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو رێککەوتننامەیەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی HKN و WesternZagros "رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن".
لە رونکردنەوەکەدا هاتووە: "دادگاکانی عیراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە رێککەوتننامەکان".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش داوە کە "هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین".
سەبارەت بە ئامانجی ئەو رێککەوتننامە و گرێبەستانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رونی کردووەتەوە کە ئامانج لێیان "پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە رێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق".
لە سەرەتای رونکردنەوەکەشدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە رونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە".
نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی دەزگای میدیایی کوردساتی کرد و لەلایەن دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتیی دەزگاکەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی 5ـی 2025 بوو، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی دەزگای میدیایی کوردساتی کرد لەپای ئەو هەوڵانەی کە دەزگاکە ناویەتی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە رۆژی 20ـی 10ـی 2024 بەڕێوەچوو.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رێگریان لە پاڤێل دۆرۆڤ، یەکێک لە دروستکەرانی "تەلەگرام" کرد کە گەشت بکات بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام پێیان راگەیاندوە، دەتوانیت سەردانی ئیمارات بکەیت.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا داواکاری دۆرۆڤیان بۆ گەشتکردن بۆ ئەمریکا رەتکردووەتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گەشتەکە "نە پێویستە و نە پاساوێکی هەیە".
داواکاری گشتی لە پاریس لە بڕیارێکدا کە لە 12ـی ئایاری ئەمساڵ دەرچووە، جەختی کردووەتەوە لەوەی کە "قەدەغە کراوە "دۆرۆڤ" بە بێ مۆڵەت، فەرەنسا جێبهێڵێت."
ئەم روداوە لە کاتێکدا دێت کە گرژییەکانی نێوان دۆرۆڤ و دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە زیادبووندایە.
پێشتر، دروستکەری "تێلێگرام" ئاشکرایکردووە کە نیکۆلا لێرنەر، بەڕێوەبەری هەواڵگری دەرەوەی فەرەنسا، داوای لێکردووە کە کەناڵی لایەنگر و بەرپرسانی رۆمانی لە پلاتفۆڕمەکەیدا دابخات و ئەویش رەتی کردووەتەوە.
دۆرۆڤ لەگەڵ نیکۆلای برای بە دامەزرێنەر و دروستکەری تەلەگرام دادەنرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزاکانیان بەسەر روسیادا سەپاند، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر حکومەتەکەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، سزاکان بەشێوەیەکی سەرەکی دوو کەرتی گرنگ دەگرێتەوە: کۆمپانیا داراییەکان و ئەو تانکەرە نەوتانەی کە بە شێوەیەکی نهێنی هاوکاری روسیا دەکەن لە دەور دانەوەی سزاکانی پێشتر.
جێی باسە، ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە بەریتانیا و ئەوروپا هەوڵیان داوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی بکەن بۆ بەشداریکردن لە سەپاندنی ئەم سزایانەدا، بەڵام دواجار بەبێ گەڕانەوە بۆ واشنتن، یەکلایەنە ئەم بڕیارەیان داوە.
شایەنی باسە، ئەم هەنگاوە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و چەند سەرکردەیەکی ئەوروپی ئەنجامی دا، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا - ئۆکراین.
لەو بارەیەوە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە هەردوو لایەنی روسی و ئۆکراینی رەزامەندییان نیشان داوە بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی دوو قۆڵی دەستبەجێ لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هاوکات، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا پێداگرییان کردووەتەوە لەسەر پێویستی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر مۆسکۆ.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی 5ـی 2025 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد.
لەدیدارەکەدا باس لەو پرسانە کرا کە لەدانیشتنەکانی خولی 34 هەمینی لوتکەی ئاسایی عەرەبی بەغداد بەڕێوەچوو، هەروەها تاوتوێی بڕیار و راسپاردەکان و کارکرن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی لوتکەکە لە پەرپێدانی ئاسایش وسەقامگیری ناوچەکەدا کرا.
هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هەمووان کرا کەیارمەتیدەر بوون بۆ سەرکەوتنی لووتکەکە و دوپاتیش لە پێویستیی هەوڵی زیاتر و کارکردن کرا، بۆ ئەوەی عیراق ڕۆڵی سەرەکی خۆی لە ناوچەکەدا بەدەست بهێنێتەوە لەڕێگەی هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبی لەبارەی ئەو پرسە گرنگانەی ناوچەکە و جیهان بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکە پتەوتر بکات.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان و هەڵوێستی عیراق لەبارەیانەوە کرا و پێداچوونەوەیەکیش بەو هەوڵانەی دراوون و ڕۆڵی عیراق لە بارەی پرسە ناوچەییەکان و دۆخی وڵات کرا.
هاوکات جەختکرایەوە لەگرنگی پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان بە شێوەیەک کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان ئەو رێنماییانەی بڵاوکردەوە کە پێویستە جێبەجێ بکرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەسی هەراسانکار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لقی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان چوار رێنمایی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کەسەی هەراسانکار لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەوانە رێنمایی گرنگن.
دقی رێنماییەکان:
1-پەیوەندی بە كەسی هەراسانكارەوە ببڕە، تەنانەت ئەگەر لەژێر گوشارێكی زۆردا بیت.
2-نابێت هیچ بڕە پارەیەك رەوانە بكەن یان ژمارەی كارتی بانكیتان ئاشكرا بكەن.
3- لە بانگەشەكانی هەراسانكار دوور بكەونەوە و هەڕەشەی ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی لێ مەكە لەكاتی روداوەكەدا، بەڵكو راستەوخۆ كەسانی شارەزاو پەیوەندیداری لێ ئاگادار بكەرەوە.
4- وێنە "سكرینشوت"ـی بەڵگەكان بپارێزە بۆ بەرگریكردن لە خۆت لە كاتی سكاڵا تۆماركردندا.
لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە کۆنتڕۆڵکردنی رەفتاری تاکەکان تیایاندا سەختترە، ئەو گرفت و تاوانانەی بەهۆی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە دروست دەبن و رودەدەن زیاتر بون، ئەگەرچی هەوڵی زۆر دراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چەندین رێکاریان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو تاوانانە گرتوەتە بەر، بەڵام هێشتا بەهۆی ئەوەی تاکەکان دەتوانن ناسنامەی خۆیان بشارنەوە و سنوردارکردن و کۆنتڕۆڵ کردن ئاسان نییە.
باشترین رێگەچارەش هۆشیاری تاکەکان و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆڕانەدا بکەن و بەکاریان بهێنن، هەروەها هۆشیاری بەرانبەر بە تاوانەکان و ئەو رێکارانەی دەبێت بیگرێتە بەر لەکاتی توشبون بە هەر دۆخێکی نەخوازراودا.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و خۆڵ دەبارێت، بەڵام سبەینێ کەش ئاسایی دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ بوونى تۆزێکى سوک لە کەشدا لە هەندێک ناوچە ، هەروەها پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەینێ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما جارێکی دیکە 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 35 پلەی سیلیزی
دهۆک : 36 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی
سۆران : 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیدارەی گەرمیان، لەکاتی گەڕانەوەیان لە تاقیکردنەوە، دوو خوێندکار کە برای یەکترن، گیانیان لەدەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو خوێندکار کە برای یەکترن، بە ماتۆڕسکیلەکەیان لە تاقیکردنەوە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لە رێگادا بارهەڵگرێک لێیداون و بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارهەڵگرەکە لە مەرزی پەروێزخانەوە هاتووە و ئەو دوو برایەش لەدوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانیان، بەرەو گوندی سوتکێی سەر بە ناحیەی مەیدان گەڕاونەتەوە.
دوو براکە تەنها سێ ساڵ جیاوازی تەمەنیان هەبووە و یەکیان 12 ساڵ و ئەوی دیکەشیان 15 ساڵ بووە.
لە ئاوی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا، كۆچبەرێك گیانی لەدەستدا و 61ی دیكە رزگاركران.
بەڕێوەبەرایەتی دەریایی فەڕەنسا رایگەیاند، بەلەمێكی كۆچبەران كە لە كەناری باكوری فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێكەوتبوو بەهۆی زۆری ژمارەی كۆچبەران نقومبووە، دوای گەیشتنی ئاگاداركردنەوە سەبارەت بەو بەلەمە، بەلەمێك و هەلیكۆپتەرێكی سەر بە دەریایی فەڕەنسا نێردراون بۆ رزگاركردنی ئەو كۆچبەرانە، لە ئەنجامدا كۆچبەرێك گیانیلەدەستدا و 61ی دیكە رزگاركران.
لە دوای ئەو رووداوەوە، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەڕێی تێپەڕاندنی كەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی بچووك گیانیان لەدەستداوە، بۆ 12 كۆچبەر بەرزبووەوە، لەكاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 78 كۆچبەر لەو رێگەیە گیانیانلەدەستدابوو.
هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 12 هەزار و 500 كەس كەناڵی ئینگلیزیان بە بەلەمی بچووك تێپەڕاندووە، هەوڵەكانیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو كەناڵە زیادیكردووە، لەكاتێكدا حكومەتەكەی كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەوڵی روبەڕوبوونەوەی كۆچی نایاسایی دەدات.
ئەمڕۆ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی سنە دەكەن و لەگەڵ پارێزگاری سێ شاری رۆژهەڵاتی كوردستان، تاوتوێی پرسی ئابووری و بازرگانی و كشتوكاڵی و گەشتیاری دەكەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و ژوورە بازرگانییەكان و لێپرسراوی كۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران، سەردانی شاری سنە دەكەن، لەگەڵ پارێزگاری سنە و ورمێ و كرماشان كۆدەبنەوە.
وتیشی، بە مەبەستی پتەوكردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەكان، لە كۆبونەوەكاندا بابەتی ئابووری، بازرگانی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و كلتوری تاوتوێ دەكرێن.
پێشتریش ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە رایگەیاندبوو، ئامانجی سەرەكیی سەردان و كۆبونەوەكان، گەشەپێدانی ئابووری دەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی نەتوانراوە وەك پێویست كەڵك لە بازاڕی عیراق وەربگرن.
هاتوچۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ماتۆڕسواران بەپێی جۆری سەرپێچییەکە سزا دەدرێن.
سەرپێچی و سزاکان بەم جۆرەن:
-ئەگەر ماتۆڕسواران بە دەنگی ئەگزۆز هاووڵاتیان هەراسان بکەن، ئەوا دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیاندا دەگیرێت.
-هەر ماتۆڕسوارێک لە ترافیکلایتەکان نەوەستێت سزای مادی دەدرێت.
-هەر ماتۆڕسوارێک کڵاو و سەرئەژنۆ و مەچەکپارێز بەکارنەهێنێت سزای مادی دەدرێت.
-ماتۆڕسواران سەرکێشی و نمایش بکەن دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیاندا دەگیرێت.
-ئەگەر ماتۆڕەکان لۆگۆی کۆمپانیاکانی گەیاندنیان پێوەبێت مانگانە سزاکە بۆ کۆمپانیاکە دەنێردرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم ئێستا بێزارن لەدەست بەرزی دەنگی ماتۆڕەکان و نمایشە سەرکێشییەکانیان لەسەر شەقامی گشتی و گەڕەک و کۆڵانەکاندا.
لە دوای 14 ساڵ، بۆ یەكەمجار هاووڵاتیانی سوریا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە گەیشتنە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
محەمەد ئەبو خێر شوكری وەزیری ئەوقافی سوریا رایگەیاند، یەكەم كاروانی هاوڵاتیان كە 247 كەس بوون لەسەرجەم پارێزگاكانی سوریا، گەیشتوونەتە سعودیە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
وتیشی، هاووڵاتیانی سوریا بە چەند كاورانێك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە بەرەو سعودیە گەشت دەكەن كە تا دووی حوەزیران بەردەوام دەبێت، دەشڵێت، هاووڵاتیان لە گەشتەكەیاندا هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكرێت.
لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئەو سورییانەی لە پارێزگاكانی دەرەوەی كۆنترۆڵی رژێمی ئەسەد دەژیان، نەیانتوانیوە لە فڕۆكەخانەی دیمەشقەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج روو لە سعودیە بكەن، بەڵكو لە وڵاتانی دراوسێی سوریاوە رۆیشتوونەتە سعودیە و فەریزەی حەجیان بەجێهێناوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، ئەگەرى تۆزێکى کەم لە هەندێک ناوچەى باشورى هەرێم هەیە هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتیی نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان دادەبەزن.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆزیکی سوک لە هەوادا، کە لە ناوچەکانی باشوری هەرێم کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 34 پلەی سیلیزی
دهۆک : 34 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی
سۆران : 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان :40 پلەی سیلیزی