وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق پلانی خۆی بۆ بونیادنانی نزیکەی 40 بەنداو لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات ئاشکرا کرد.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و باشتر بەڕێوەبردنی سامانی ئاو دێت.
ویسام خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتەکە رایگەیاند: ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژانە سوودوەرگرتنە لە ئاوی باران و لافاوە وەرزییەکانی زستان، تاوەکو لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاربهێنرێنەوە.
سەبارەت بە وردەکارییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە 36 بۆ 40 بەنداو لە پلانەکەدایە، کە سێ دانەیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و تورکیادان، ئەو سێ بەنداوەش بریتین لە (ئەبیەز، خەرز، و ئەبوتاقیە) کە لە ئێستادا لە قۆناغی زۆر پێشکەوتووی جێبەجێکردندان.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە پلانەکانی وەزارەت لە ئیدارەدانی لافاوەکانی ئەمساڵ سەرکەوتوو بووە، کە بووەتە هۆی پڕبوونی بەنداوە گرنگەکانی وەک دەربەندیخان و حەمرین.
لە وەڵامی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە هەنگاوی ئەمریکا بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمئەلئەنبیا رایگەیاند، گەروەکە لە دەستی "هێزە چەکدارەکان"ی ئێراندایە و هۆشداریی دایە کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
بارەگای خاتەمولئەنبیا، دەڵێت؛ پێویستە کەشتییەکان خۆیان لە "هەر کردارێک" بەدور بگرن بۆ تێپەراندنی گەروەکە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان، ئەگەر نا دەکرێنە ئامانج .
بارەگاکە جەختیکردوەتەوە، هـەر هێزێكی بیانی بە تایـبەت سوپای ئەمریکا لە گـەروی هورمز نـزیـک بێتەوە دەیکەینە ئامانج و هێرشی دەکەنە سەر.
ئەمە لە کاتیكدایە، سەرۆکی ئەمریکا کردنەوەی تاکلایەنەی گەروی هورمز لە رۆژی دووشەممە راگەیاند، بەڵام ئێران ئەم کارەی بە “پێشێلکردنی ئاگربەست” ناوبرد.
لایخۆشیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، بە بەشداری 15هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی پرۆژەی ئازادی لە گەروی هورمزدا.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە کە دەسپێشخەرییە نوێیەکەی پەیوەست بە گەرووی هورمز مەرج نییە تەنیا یاوەریکردنی راستەوخۆی کەشتییە بازرگانییەکان بێت لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاوە ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە نزیک ناوچەکە دەبن بۆ رێگریکردن لە سوپای ئێران لە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزی دەریایی ئەمریکا زانیاری ورد دەداتە کەشتییە بازرگانییەکان لەبارەی باشترین رێڕەوە دەریاییەکان لەناو گەرووی هورمزدا ئەم هەنگاوە بە تایبەتی بۆ ئەوەیە کە کەشتییەکان لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە مینی دەریاییان تێدا چێنراوە تاوەکو بە سەلامەتی و بەبێ مەترسی گەشتەکانیان ئەنجام بدەن
ئەم جموجۆڵە نوێیەی واشنتۆن لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و رێگریکردن لە هەر پەککەوتنێکی زیاتری بازرگانی جیهانی و وزە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە دروست بووە هێزە ئەمریکییەکان لە ڕێگەی چاودێری ورد و دابینکردنی زانیاری هەواڵگرییەوە دەبنە قەڵغانێک بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە شێوەیەکی فیزیکی لە تەنیشت هەموو کەشتییەکەوە بن
لە روداوێکی ترسناک و دەگمەندا، پۆلیسی باشوری ئەفریقا توانی پاشماوەی جەستەی بازرگانێکی بێسەروشوێن لە ناو سکی تیمساحێکی زەبەلاحدا بدۆزێتەوە، ئەم روداوە دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە پیاوێکی تەمەن 59ساڵ لە مانگی نیساندا ون بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بازرگانەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک روباری "کۆماتی" دۆزرابوەوە و بەمەش گومانیان بۆ دروست بووە، کە لەلایەن تیمساحەوە کراوەتە ئامانج.
بۆ دۆزینەوەی بازرگانەکە، تیمەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنەکەیان مەترسیداریان لەناو روبارەکەدا ئەنجامدا، چونکە پڕ بووە لە تیمساح.
کاپتن یۆهان پۆتگیتەر، سەرکردایەتی تیمێکی کرد بۆ چونە ناو قوڵایی ناوچەی تیمساحەکان و دەستنیشانکردنی ئەو تیمساحەی، کە گومانی لێ دەکرا هێرشەکەی ئەنجام دابێت.
دوای کوشتنی تیمساحە بەئامانج گیراوەکە و گواستنەوەی لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە، بوە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای هەڵدرینی سکی تیمساحەکە، پاشماوەی جەستەی مرۆڤی تێدا دۆزراوەتەوە و ئێستا پۆلیس ئەو پاشماوانەی ناردوە بۆ تاقیگەی جنائی تاوەکو لە رێگەی پشکنینی DNAـەوە بە رەسمی ناسنامەی بازرگانەکە پشتڕاست بکەنەوە و کۆتایی بە گومانەکان بهێنن
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، بە بەشداری 15هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی پرۆژەی ئازادی لە گەروی هورمزدا.
سێنتکۆم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ لەمڕۆوە هێزەکانیان دەستیان کردوە بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بەناوی پڕۆژەی ئازادی، کە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا راگەیەندراوە و ئامانجی سەرەکیی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەروی هورمزدا.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریایییەکانی جیهان و بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، نزیکەی یەک لەسەر چوارەمی بازرگانیی نەوتی جیهان کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی و پەین لەم گەروەوە تێپەڕ دەبن، هەر بۆیە پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە وەک هەنگاوی یەکەمی ئابوری دەبینرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازیی ئامادە کردوە کە پێکهاتووە لە 15 هەزار سەرباز و ژمارەیەکی زۆر کەشتی جەنگی و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی جێگیر لە وشکانی و دەریا، هەروەها سیستەمە پێشکەوتوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرەمەبەست لەخۆ دەگرێت.
لە لایەکی ترەوە، سێنتکۆم دەسپێشخەرییەک بەناوی پێکهاتەی ئازادیی دەریایی راگەیاندوە، ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی هەماهەنگییەکی بەهێزتر و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان هاوپەیمان و شەریکە نێودەوڵەتییەکاندا، تاوەکو بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ روبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە،کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گەشتیاریی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە مامەڵەیەكی بە دراوە ئەلیكترۆنییەكان و بازرگانیی فۆڕێكس قەدەغە كرد.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم بڕیارە لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق و وەزارەتی دارایی دەرچووە، چونكە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و هیچ كۆمپانیایەكیش لەم بوارەدا مۆڵەتی رەسمی نییە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە كە هەر كەس و گروپێك لەژێر ناوی كۆمپانیادا مامەڵە بەو دراوانەوە بكات، شوێنەكەی دادەخرێت و روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
لە كۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتییان كردووە بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان لەم جۆرە بازرگانییە دوور بكەونەوە و هەر كەسێكیش مافێكی لای ئەو كۆمپانیایانە هەبێت، پێویستە هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمرۆ یەکشەممە، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی رۆژنامەنووسانی عیراق کرد.
سەرۆک کۆمار لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی (ئیکس) رایگەیاند: "لە رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەریدا، گەرمترین پیرۆزبایی و رێز و پێزانین ئاراستەی رۆژنامەنووسانی عیراق دەکەم، کە بە هەموو بوێری و دڵسۆزییەکەوە بەردەوامن لە گەیاندنی پەیامە نیشتمانی و پیشەییەکەیان.
هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەهێزکردنی بنەماڵەی یۆژنامەوانی کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە ئازادی و بەرپرسیارییەتییەوە ئەنجام بدەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ژینگەیەکی ئارام و گەرەنتی پێویست بۆ کارەکانیان دابین بکرێت، بە جۆرێک کە رۆڵی میدیای ئازاد لە بونیادنانی نیشتمان و چەسپاندنی بەها دیموکراسییەکاندا بەهێز بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار بە شانازییەوە یادی "شەهیدانی قەڵەم و وشە"ی لە عیراق بەرز نرخاند، کە لە پێناو گەیاندنی ڕاستی و پاراستنی ئازادیدا گیانی خۆیان بەخت کردووە.
دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کە مەودای مانۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا زۆر تەسک بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەڵەکەبوونی چەندین زانیاری مەیدانی و دیپلۆماسی فشارخێنەر.
ئەو دەزگایە لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە "ئێکس" بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دیمەنی ئێستا لەژێر کاریگەری چەند هۆکارێکی سەرەکیدایە، لەوانە:
-کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئێران بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن پێنتاگۆنەوە سەپێنراوە.
-گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە تۆنی دەربڕینی چین، رووسیا و وڵاتانی ئەوروپی بەرامبەر هەڵوێستی ئەمریکا.
-ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی دۆناڵد ترەمپ ئاراستەی کۆنگرێسی کردووە، لەگەڵ دانپێدانانی واشنتۆن بە کۆمەڵێک مەرجی ئێران وەک بنەمایەک بۆ دانوستان.
بەیاننامەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم زانیارییانە تەنها یەک خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت: دەبێت ترەمپ لە نێوان پرۆسەیەکی مەحاڵ یان رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران یەکێکیان هەڵبژێرێت، هەروەها جەختی کردەوە کە مەودای بڕیاردانی ئەمریکا "بەرەو سنوورداربوون چووە".
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران پێ گەیشتووە، بەڵام چاوەڕێی داڕشتنە وردەکەی دەکات.
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە بژاردەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هێشتا لەسەر مێزە "ئەگەر تاران هەڵسوکەوتی خراپ بکات".
موجتەبا زارعی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجومەنی شوورای ئێران، لە زاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی تیمی دانوستانکارەوە رایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، داوای کردووە لە کاتی دانوستانەکاندا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت.
زارعی لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: تێگەیشتنی تایبەتی من لە کۆبوونەوەم لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف ئەوەیە کە چاکەی دنیا و قیامەت لە گوێڕایەڵی وەلی فەقێدایە، کە ئێستا ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیییە.
هەروەها لە زاری قالیبافەوە دەڵێت: بنەمای دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بە مۆڵەتی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی بووە، چونکە بەبێ مۆڵەتی رابەری ئێران، هیچ دانوستانێک لە رووی شەرعی و یاساییەوە گرێ نادرێت.
قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە: من هەرگیز خۆبەخش نەبووم بۆ دانوستان یان بەرپرسیارێتی دانوستان لەگەڵ دوژمنی ئەمریکی، بەڵام دوای بڕیارە یەکگرتووەکانی ناو پایەکانی دەسەڵات، ئەرکی خۆم جێبەجێ کرد بۆ بەرگری لە دەستکەوتەکانی دەسەڵات و خوێنی ئیمامی شەهید و شەهیدان و گەل و جەنگاوەرانی ئێران و ئیسلام. دەشمزانی قسە و باس دروست دەبێت، بەڵام دەبوو ناوبانگی خۆم بخەمە گرەو.
لە درێژەی قسەکانیدا هاتووە: جگە لە مۆڵەتی دانوستان، ناوەڕۆکی دانوستانەکانیش لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتەدا بووە کە رابەری شۆڕشی ئیسلامی رایگەیاندووە، کاتێک لایەنی ئەمریکی ویستی بچێتە ناو باسێکی پسپۆڕانە دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، پێیان وترا کە دەستەی دانوستانکار لەلایەن رابەرەوە قەدەغە کراوە بچێتە ناو وردەکارییە پسپۆڕییەکانی ئەو بابەتە، لەمەودوا بڕیار لەم بوارەدا تەنها لە دەسەڵاتی رابەردایە، بەڵام دەبێت بزانین کە ئێمە لە دۆخی جەنگداین و بڕیارەکان بەپێی نوێترین زانیارییەکان و لەژێر سەرپەرشتی ئەودا بەردەوام دەستکاری و باشتر دەکرێن، ئاشکرایە کە بڕیاری کۆتایی لای رابەرە و هەمووان پێی پابەندن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "بۆ رێزگرتن لە مۆڵەتی رابەر، پێش چوونە ناو ئیسلام ئاباد، شەخسی خۆم رێگریم کرد لە ئامادەبوونی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لە ناو پێکهاتەی تیمی دانوستانکاردا.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: حزبوڵڵا و گەلی لوبنان یەکێکن لە مەرجەکانی چوونە ناو قۆناغی ئاگربەست، جگە لەوەی ئەمە فەرمانی رابەر بوو، هەموومان لەسەر ئەمە کۆک بووین، تەنانەت دکتۆر پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا وتی: جیاکردنەوەی حزبوڵڵا قبوڵ ناکەین، چونکە ئەم کارە ترسنۆکی و بێنامووسییە.
لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، سەنتەری میترۆ جەخت لە پێویستی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارام بۆ كاری میدیایی دەكاتەوە.
ئەمساڵ كە دروشمی جیهانی بریتییە لە پێكهێنانی ئایندەیەك كە ئاشتی تێیدا سەروەر بێت، سەنتەری میترۆ دەڵێت، رەوشی هەرێمی كوردستان و عیراق بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پاشەكشەی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك عێراق حەوت پلە دابەزیوە و لە هەرێمیش چەندین پێشێلكاری بەرامبەر 252 ڕۆژنامەنووس تۆماركراوە.
سەنتەری میترۆ داواكارییەكی چەند خاڵی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە تێیدا جەخت لە ئازادكردنی ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و قارەمان شوكری، جێبەجێكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، و دووبارە لێكۆڵینەوە لە كەیسی شەهیدانی قەڵەم دەكاتەوە.
هەروەها داوای كۆتاییهێنان بە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەكان لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە و پشكنینی مۆبایلی ڕۆژنامەنووسان دەكات.
میترۆ داواش دەكات میدیاكان ببنە سەكۆی گفتوگۆی دیموكراسی نەك ئاشوب، و پارەی سیاسی بۆ شەڕی بێهوودە بەكارنەهێنرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند کە 100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان لە ماوەی 17 رۆژدا دیاریکراوە، و جەختیشی کردەوە کە گەشتەکان لە پێنج فڕۆکەخانەی ناوخۆییەوە دەستیان پێکردووە.
میسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەت، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی رەسمی رایگەیاند: ئەو 100 گەشتەی کە پێرێ دەستیان پێکردووە، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا، نەجەف و بەسڕەوە دەبن.
گەشتەکان راستەوخۆ بەرەو مەدینە و جیددە دەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی رێکوپێکی کارکردن دێت کە ئامانجی ئاسانکاری لە هاتووچۆ و کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانییە بۆ حاجیان.
هەروەها روونیکردەوە: پلانی گواستنەوەی ئاسمانی کە تا 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، سەرەتا بە چوار گەشت لە رۆژێکدا دەست پێدەکات و دواتر بەپێی چڕی ژمارەی حاجیان و خشتەی دیاریکراو، وردە وردە بۆ پێنج تا حەوت گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە رێنمایی راستەوخۆ دراوە بە هێڵە ئاسمانییەکانی عیراق، کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی گەشتە ئاسمانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکان، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵ و تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە حاجیان.
لە کۆتاییدا سافی جەختی کردەوە: وەزارەت لە رێگەی ئەم پلانەوە هەوڵ دەدات ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە وەرزی حەجدا بەرز بکاتەوە و گەشتێکی ئارام و سەلامەت بۆ حاجیان دابین بکات، ئەمەش ئامادەیی دامەزراوەکانی گواستنەوە و توانایان لە بەڕێوەبردنی پرۆسە گەورەکان بە کارایی و ڕێکخستنێکی بەرز نیشان دەدات."
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و هۆشداریی لە هاتنی بارستە هەوایەکی سارد دەدات کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر و تەرزە.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتی بە نیمچەهەور دەمێنێتەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ دوو بۆ چوار پلە بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن لە ناوچە شاخاوییەکان و سنورییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ هەیە.
کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لە درەنگانی ئەمشەوەوە بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی سبەینێ بە ڕوونی دەردەکەون.
ئاشکراشیکرد، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن؛ لە سەنتەری پارێزگاکان شەش بۆ هەشت پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان حەوت بۆ نۆ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەسەر لوتکەی شاخە بەرزە سنورییەکان بەفر ببارێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش تەرزە ببارێت.
کەشناسی هۆشداریش دەدات، کاریگەری ئەم بارستە هەوا ساردە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەسەر ناوچەکە بەردەوام دەبێت، بۆیە هاووڵاتییان پێویستە ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوەی پلەکانی گەرما بن.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، حكومەت بڕی نۆ ترلیۆن ديناری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان قەرز كردووە.
عودەی عەواد، سەرۆكی كوتلەی سادقون لە ئەنجومەنی نوێنەران چەند زانیارییەكی گرنگی دەربارەی رەوشی دارایی و سیاسی عیراق خستەروو، بەوتەی خۆی حكومەت لە مانگی یەكەوە تا ئێستا بڕی نۆ تریلیۆن دیناری لەناوخۆی وڵاتەكەیی قەرز كردووە.
دەشڵێت، ئەو قەرزە بۆ داپۆشینی كورتهێنانی بودجە و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری سەرەكی ئەو قەرزە دەگەرێتەوە بۆ داخستنی گەروی هورمز و راوەستانی هەناردەكردنی نەوت، نەك زیادبوونی خەرجییەكانی حكومەت.
ئەمە لە كاتێكدایە، پێشبینی دەكرێت رۆژی شەممەی داهاتوو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی.
سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ئەگەری زۆرە پێشنیازە نوێیەكەی ئێران رەتبكاتەوە و جەنگ دەستپێبكاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، بە گومانە ئەو پێشنیازە نوێیەی ئێران قبووڵ بكرێت، چونكە ئێرانییەكان هێشتا باجی ئەو تاوانانەیان نەداوە كە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و جیهان كردوویانە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر بێتو ئێران هەڵە بكات ئەوە هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێدەكاتەوە ئەوەی ماویشە لە ناوی دەبەن.
ئەم قسانەی ترەمپ لەدوای ئەوەدێت كە میدیاكانی ئێران بڵاویانردەوە، تاران پێشنیارێكی 14 خاڵی پێشكەشی پاكستا كردووە، كە تێیدا داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكان و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ گەروی هورمز دەكات.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی عیراق دەڵێت، داهاتی نانەوتی نابێتە رێگر لە بەردەم ناردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم.
بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق ئامادەیە كەمتر لە 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی مانگی چوار لە حكومەتی هەرێم وەربگرێت.
دڵنیاییشیدا كە حكومەتی عیراق موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت و داهاتی نانەوتی نابێتە رێگر لە ناردنی.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و ئاشکرایدەکات: کە پەیامنێرێک رۆڵی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و دەزگا ھەواڵگرییەکان ببینێت، نیشانەی ھیچ نییە، بێ مۆراڵی ھەندێک میدیا و میدیاکار و کارەکەرانی ناو میدیا نەبێت.
دەقی راگەیەنراوەکە..
سەرسمی پەیامنێرێک
کبوة مراسل
کە پەیامنێرێک رۆڵی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەو دەزگا ھەواڵگرییەکان ببینێت، نیشانەی ھیچ نیە، بێ مۆراڵی ھەندێک میدیا و میدیاکار و کارەکەرانی ناو میدیا نەبێت..
کە پەیامنێرێک شوێن و کات و کاریگەریی و مانای پرسیارەکەی نازانێت، ھەموو رۆڵێک دەبینێت کاری میدیا نەبێت، کە شەقامی کوردستان گلەیی و گازندە لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، لەم حاڵەتانەوە سەرچاوەی گرتوە، بۆیە تەڕو وشکمان پێکەوە دەسووتێین..
ئەوەی لە رەحیم رەشیدی وەشایەوە لەبەردەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، رەفتارێکی ناجۆر و نا شایستە بوو، کوردانی ھەر چوار پارچەو بەتایبەت باشوری کوردستان و لە باشوریش خەڵکی سلێمانی بێزارو نیگەران کرد.. ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەم رەفتارەی رەشیدیی و پۆزش نەھێنانەوەی کەناڵەکەی بۆ خەڵکی سلێمانی، لە خۆڵدانی میدیای نابەرپرس دەخەمڵێنین و بە خەڵکی کوردستان و سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیریی) دەڵێین:
ئەو رەفتارە لەسەر میدیا ئەژمار مەکەن، چونکە رەنگدانەوەی بچوکیی و خۆبەکەمزانیی کەسانێکە لەبەردەم گەورەیی و خۆڕاگریی و خەبات و شۆڕشەکانی شارێک کە پێی دەڵێن سلێمانی..
ھێشتا ئێوەمانان زۆرتان ماوە، لە قەڵبەزەی گیانفیدایی و (نا) کانی ئەم شارە بگەن..
بەناوی ھەموو خەڵکی سلێمانی و ھەموو کوردێکی دڵسۆزی شۆڕش و کوردایەتی، دەڵێین دەریای سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە بە دەمی چۆلەکە پیس ببێت..