فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)  رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، بە بەشداری 15هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی  ئۆپراسیۆنی پرۆژەی ئازادی لە گەروی هورمزدا.

سێنتکۆم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە  و تێیدا هاتووە؛ لەمڕۆوە هێزەکانیان دەستیان کردوە بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بەناوی پڕۆژەی ئازادی، کە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا راگەیەندراوە و ئامانجی سەرەکیی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەروی هورمزدا.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریایییەکانی جیهان و بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، نزیکەی یەک لەسەر چوارەمی بازرگانیی نەوتی جیهان کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی و پەین لەم گەروەوە تێپەڕ دەبن، هەر بۆیە پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە وەک هەنگاوی یەکەمی ئابوری دەبینرێت.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازیی ئامادە کردوە کە پێکهاتووە لە 15 هەزار سەرباز و ژمارەیەکی زۆر کەشتی جەنگی و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی جێگیر لە وشکانی و دەریا، هەروەها سیستەمە پێشکەوتوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرەمەبەست لەخۆ دەگرێت.

لە لایەکی ترەوە، سێنتکۆم دەسپێشخەرییەک بەناوی پێکهاتەی ئازادیی دەریایی راگەیاندوە، ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی هەماهەنگییەکی بەهێزتر و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان هاوپەیمان و شەریکە نێودەوڵەتییەکاندا، تاوەکو بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ روبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە،کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گەشتیاریی نێودەوڵەتی دروست دەکات.