هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانیان گورزی توندیان لە ئێران داوە و گەروی هورمزیش بە کراوەیی ماوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی شەوی رابردوو "گورزی زۆر توند و بەهێزیان" لە ئێران داوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی تاران کردیانە سەر چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (NBC) ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی تاران پێشتر داخرانی گەروی هورمزی راگەیاندبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بە کراوەیی بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا ماوەتەوە.

ترەمپ پەردەی لەسەر زانیارییەکی نوێ لادا و ئەوەی خستەڕوو، "رۆژی شەممە واشنتۆن و تاران لە لێواری گەیشتن بە رێککەوتنێک بوون و ئێرانییەکان ئامادەبوون دەستبەرداری هەموو شتێک ببن، بەڵام لەپڕێکدا و دوای دوو سەعات لەو کەشە، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان."

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' جەختیکردەوە، هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی گەشتە دەریاییەکان، و راشیانگەیاند، ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە و جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە.

ئەم گرژییە قورسە دوای ئەوە دێت کە ئێران رایگەیاندبوو، رێگە بە چوونەژوورەوەی هیچ کەشتییەک نادات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە تاران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی بەڕێز شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی باوکی بەڕێز شێخ تەمیم، میری دەوڵەتی قەتەر بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...

بە داخەوە هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی باوکی بەڕێز شێخ تەمیم، میری دەوڵەتی قەتەرمان پێگەیشت.

بەبۆنەی ئەم كۆستەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی میری قەتەر و گەلی دۆستی قەتەر دەكەین.

لە خوای گەورە داواكارین كۆچكردوو بخاتە بەر بەزەیی خۆی و بە بەهەشتی بەرین شادی بكات، سەبووری و ئارامیش بە كەسوكار و گەلی دۆستی قەتەر ببەخشێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەلی کورد هەرگیز دۆستە راستەقینەکانی خۆی لەبیر ناکات.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بەدڵگرانییەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام، دۆستی دڵسۆزی گەلی کوردمان پێگەیشت؛ ئێمە بە پێزانینەوە لە پشتگیرییە بەردەوامەکان و داکۆکیکردنی سەرسەختی ئەو لە دۆزی رەوای گەلی کورد دەڕوانین و بە زیندوویی لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی کۆچکردوو و گەلی ئەمریکا دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سێنتکۆم کراوەیی گەروی هورمز بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتیدا رادەگەیەنێت و ئاشکرایدەکات، تەنها لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 140 کەشتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، گەروی هورمز بە رووی سەرجەم ئەو کەشتیانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی بەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕن، دەشڵێت: "ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروەکەدا نییە."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "هێزەکانمان لە ناوچەکەدا جێگیرکراون و لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش سەرەڕای ئەو هێرش و رەفتارە شەڕەنگێزانەی ئێران کە هیچ پاساوێکیان نییە."

له‌ به‌شێكی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جوڵەی بازرگانی و دەریاوانی لە گەروی هورمز بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 140 کەشتیی جۆراوجۆر بە سەلامەتی بە ناو ئەو گەروەدا تێپەڕیون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیراق رایدەگەیەنێت، بە هاوكاریی چەند وڵاتێكی دراوسێ، ڕێڕەوی ئاسمانیی سەلامەت و جێگرەوەی بۆ بەردەوامیدان بە گەشتەكان دابین كردووە.

ئەحمەد عیماد، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای خزمەتگوزارییەكانی گەشتە ئاسمانیییەكانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاندووە، بە هاوكاری چەند وڵاتێكی دراوسێ، توانیویانە چەند رێڕەوێكی ئاسمانیی سەلامەت و جێگرەوە بۆ بەردەوامیدان بە هاتوچۆی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی وڵاتەكەدا دابینكردووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئامانجیان لەو هەنگاوە گۆڕینی ئاسمانی عیراقە بۆ یەكێك لە زیندووترین و دڵخوازترین رێڕەوەكان بۆ گەشتە ئاسمانییەكان، چونكە عیراق دەتوانێت كات و تێچووی ئابووری بۆ كۆمپانیا گەورە فڕۆكەوانیەكانیە نێودەوڵەتیەكان كەم بكاتەوە.

جەختیشیكردەوە، لە ئێستادا هاتوچۆی ئاسمانی لە كایەی ئاسمانی عیراقدا بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیوا موحسین رەزایی، راوێژکاری باڵای سەربازیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی کردەوە و رایگەیاند کە گەروی هورمز لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی گرنگترە.

لیوا رەزایی رایگەیاند: شەهیدبوونی سەرکردەی شۆڕش ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەها و ئامانجەکانی شۆڕش.

هاوکات بە تیشکخستنە سەر گرنگیی ستراتیژیی گەروی هورمز، وەسفی کرد کە بایەخەکەی لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی زیاترە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەكی رەسمی لوبنانی رایگەیاندووە، وڵاتەكەی رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەگەڵ ئیسرائیل بەرێوەدەچێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت كە لوبنان مەرجی كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیلی لە دوو ناوچەی باشوری وڵاتەكەی دانابوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

هاوكات وەفدێكی سەربازیی ئەمریكا لە ئێستادا لە لوبنانە و لەگەڵ فەرماندەیی سوپای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە بە مەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لەسەری رێككەوتوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی گەلی سوریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەمین دانیشتنی کرانەوەی خۆی بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع ئەنجامدا. ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەستپێکی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی یاسادانان سەیر دەکرێت لە قۆناغی دوای روخانی رژێمی ئەسەد، کە پشت بە بنەماکانی "راگەیاندراوی دەستووریی 2025" دەبەستێت.

گرنگترین رێکارەکانی دوو دانیشتنی یەکەم

دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامان سوێندی دەستوورییان دەخۆن بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی یاسایی، دواتر پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن، جێگرەکەی و ئەمیندارانی سەر بە دەنگدانی نهێنی ئەنجام دەدرێت.

لە دانیشتنی دووەمدا سەرۆکی نوێی ئەنجومەن داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات ئامادەی دانیشتنی دووەم بێت بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی، هەروەها ئەنجومەن لە ماوەی مانگی یەکەمدا پەیڕەوی ناوخۆی خۆی دادەڕێژێت.

بەپێی دەستووری کاتی، تەمەنی ئەم ئەنجومەنە 30 مانگە (قابیلی درێژکردنەوەیە) تا ئەو کاتەی دەستووری هەمیشەیی پەسەند دەکرێت و هەڵبژاردنی نوێ دەکرێت.

ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنجومەن بریتین لە پێشنیازکردن و پەسەندکردنی یاساکان، هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکان، پەسەندکردنی بودجەی گشتی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، راگەیاندنی لێبووردنی گشتی، و لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. هۆکارێکی تری گرنگی ئەم ئەنجومەنە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری نوێی وڵات.

رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە ئەنجومەنەکەدا:

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی ئەنجومەنەکە، پشکی پێکهاتەی کورد لە ئەنجومەنی گەلی سوریادا گەیشتە 12 ئەندام، کە دەکاتە رێژەی 5.7٪ی کۆی گشتیی ئەندامانی ئەنجومەنەکە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە لیستی رەسمی ئەحمەد شەرع تایبەت بە دیاریکردنی (سێیەکی تەواوکەری ئەندامان) راگەیەندرا کە لە 70ئەندام پێکهاتووە.

ئەم پڕۆسەیە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان لە سەرجەم پارێزگاکان راگەیەندرا، جگە لە پارێزگای سوەیدا کە سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.

ئەندامە کوردەکان کە ژمارەیان ١٢ کەسە، بەسەر دوو پارێزگای سەرەکیدا دابەشبوون: پارێزگای حەلەب کە کورد 5 کورسی بەدەستهێناوە، کە نوێنەرایەتی شارەکانی (کۆبانی، عەفرین، و تەل عەران) دەکەن، وپارێزگای حەسەکە کە کورد 7 کورسی بەدەستهێناوە، کە نوێنەرایەتی شارەکانی (قامیشلۆ، دێریک، عامودا، و سەرێ کانی / ڕەسولعەین) دەکەن.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی، سبەینێ دووشەممە لە چوارچێوەی سەردانێکی رەسمیدا بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت.

عەبوودی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە: ئەم سەردانە وەک بەرجەستەکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان دێت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراون، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد: کاتی ئێستای سەردانەکە "گرنگییەکی گەورە"ی پێدەبەخشێت، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستیارە ناوچەییەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت.

هەروەها روونکردنەوەی دا کە سەردانەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێناو بەرجەستەکردنی کارنامەی وزاری حکومەتدایە بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن، و ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی سەردانەکە تیشک دەخەنە سەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ، کە دیارترینیان پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە.

وتەبێژی حکومەت پەردەی لەسەر ئەجێندایەکی ئابووری چڕ لادا، کە واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان لە کەرتی نەوت و غازدا چڕدەبنەوە، و روونی کردەوە: ئامانجی سەردانەکە هێنانەناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییە پسپۆڕەکانە بۆ کارکردن لە عیراق و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای بەرهەمهێنانی کەرتی نەوتی عیراق، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەروی هورمز وەک تاکە دەروازە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكی نوێی چاندنی مۆخی ئێسكی راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد سەرەڕای ئەوەی  وەک پێویست خزمەتی سەنتەری چاندنەوەی مۆخ لە سلێمانی ناكرێت، بەڵام توانیویانە یەکێک لە نەشتەرگەرییە دەگمەنەکان ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق، نەشتەرگەرییەکی وردی چاندنی مۆخمان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.

لە بارەی تێچوی نەشتەرگەریەکەشەوە،  د. یاد وتی ئەگەر لە دەرەوە بکرایە 140 هەزار دۆلاری تێدەچوو.

بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەماژەی بەوەکرد، تا ئێستا لە سەنتەرەکەیان، توانیویانە تا ئێستا 523 نەشتەرگەری مۆخ ئەنجام بدەن و رەخنەی لە حكومەتی هەرێم و عیراق گرت كە ئاوڕی پێویست لە سەنتەرەكە نادەنەوە.

ناوبراو لە کۆنفرانسەکەدا ئەوەشێخستەڕوو، تێچووی دارایی سەنتەرەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، ئیدارەی گشتیی یەكێتی و خێرخوازانەوە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا تەنها 40%ی خزمەتگوزارییەكانی بۆ نەخۆشانی سلێمانییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی ماڵئاوایکردننی ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ هاوکاری و خزمەتەکانی لەبیر ناکەین.

لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە؛ "ئەندرو بیزلی لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە کوردستان  رۆڵێکی بەهێزی بینی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێم"

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک هەرێمی کوردستان ناوبراو لە زۆر بواردا هاوکارمان بوو و بەتایبەتیش لە پرسی گەشەپێدانی ناوچەیی و کردنەوەی دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین جێدەستی دیارە .

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندوە، هاوکاری و خزمەتەکانی لەبیر ناکەین، ئەمڕۆ ماڵئاواییمان لێ کرد و هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی عیراق بۆ ژینگە، ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوامی رەسمی لە رۆژانی داهاتوودا کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی لە ژێر رۆشنایی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمادا.

روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: پلەکانی گەرما کە لە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕن، کاریگەری نەرێنییان لەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە، بەتایبەتی بەساڵاچووان، ژنان، منداڵان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، سەرەڕای فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت، هەر بۆیە داوا دەکات کاتەکانی دەوامی رەسمی کەم بکرێتەوە بۆ کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەڕۆ لەبری کاتژمێر 3:00.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەم رێکارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی ئەو کاریگەرییە تەندروستییانەی کە بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە دروست دەبن.

روانگەکە جەختیشی کردەوە: دەکرێت پشتببەستین بە سیستمی کاری نەرم و کارکردن لە دوورەوە بۆ ئەو وەزیفانەی کە پێویستیان بە ئامادەبوونی مەیدانی نییە، لەگەڵ پابەندکردنی کەرتی تایبەت بە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام، و کەمکردنەوەی کاتەکانی کاری دەرەوە بۆ کرێکاران لە کاتی لوتکەی گەرمادا کە لە سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆوە تا 4:00ی ئێوارە دەخایەنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە: کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوام هۆکار دەبێت بۆ زیادکردنی کاتەکانی پێدانی وزەی کارەبا بە هاووڵاتییان دوای کوژاندنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە فەرمانگە حکومییەکاندا، سەرەڕای کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە بەرهەتاوگەیان، بێهێزی و ماندوێتی لە نێوان هاووڵاتییاندا، بەتایبەتی ئەو راوێژکار و سەردانیکەرانەی کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان چاوەڕێ دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی دێرەزوور بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری سەر بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، چەند لێپرسراوێكی ئەمنیی سەر بە رژێمی پێشووی سوریایان لە پارێزگای دێرەزوور دەستگیركردووە.

روونیشیكردەوە، سەرەكیترینی ئەو لێپرسراوانە فازڵ نوێجی بووە كە لێپرسراوی لێكۆڵینەوە بووە لە ئاسایشی سیاسی و لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی ئەلبوكەمال كاری كردووە و چەندین پۆستی تری ئەمنیشی هەبووە.

هاوكات، لێپرسراوی بەشی پڕچەككردن و گروپی نیشانەشكێنەكان و لێپرسراوی زیندانەكانی ئاسایشی دەوڵەتیش دەستگیركراون و لە ئێستاشدا لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكەن بەتۆمەتی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و پێشێلكردنی مافەكانی دەستبەسەركراوان.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامن، داواشی لە هەر كەسێك كردووە كە سكاڵای هەیە یان پێیوایە لەلایەن هەر یەكێك لەو كەسانەوە روبەڕووی پێشێلكاری بووەتەوە، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ هاووڵاتیان و گەشتیاران ئاگاداردەکاتەوە، دوای راگرتنی بۆ ماوەی دوو سەعات،  لە ئێستادا هاتوچۆی گەشتیاریلە دەروازەکە ئاسایی بوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە رایگەیاندوە، ئەمڕۆ بۆ ماوەی دوو سەعات بەهۆی پچڕانی سیستمی ئەلەکترۆنی لە دیوی ئێران، هاتوچۆی گەشتیاری راگیرا.

ئاماژەی بەوەکردوە، لەئێستادا کێشەکە چارەسەرکراوە و هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ئاسایی بوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر سەرچاوەیەک لە دەروازەکەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند بوو، بەهۆی بونی کێشە لە دیوی ئێران، هاتوچۆی گەشتیاری راگیراوە و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی ناتوانن بچنە ئێرانەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی، عەباس عراقچی کرد کە پێویستە ئاڵۆزییەکان کەم بکرێنەوە و بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتن پێشان بدرێت لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی خێرای بارودۆخی ناوچەکەدا.

ئەمەش لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو کە لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدرا، تێیدا بیروڕا گۆڕدرانەوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان، بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی بەردەوام و پەرەسەندووی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی گەرووی هورمز و دەوروبەریدا.

وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەک تاکە رێگەی گونجاو دەمێننەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا.

شایەنی باسە کە پاکستان رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت بۆ نزیککردنەوەی بیروڕاکان و گەیشتن بە هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێشتریش داوای لە لایەنەکان کردبوو پابەندبن بە مۆڵەتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد بۆ ئاشتی کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ئیمزاکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و گەرم  دەبێت، بەراورد بە دوێنێ  ئەمڕۆ و سبەینێش پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە، گەرمیان بە 49 پلە گەرمترین  و حاجی ئۆمەرانیش بە 36 پلەی سیلیزی  ساردترین ناوچەی هەرێم دەبێت.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و زۆربەی ناوچەکانیش  لە سەرو 40 پلەی سیلیزیەوە دەبن.

کەشناسی دەڵێت؛ ئەمڕۆ بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و لە چەند ناوچەیەکی هەرێم نزیک دەبێتەوە لە نیوە کوڵین.

لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشانسی ئاماژەی بەوەکردوە پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبونەوە، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و گەرمیان بە 49 پلە گەرمترین و حاجی ئۆمەرانیش بە 36 پلە ساردترین ناوچەی هەرێم دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی دووشەممە؛

هەولێر: 45 پلەی سیلیزی

پیرمام: 41 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 44 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:46 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 45 پلەی سیلیزی

دهۆک: 43 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 44 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:46 پلەی سیلیزی

گەرمیان:49 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:36 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...127128129130131...1223