بافڵ تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵی جەماوری یەکێتی لە هەولێر رایگەیاند، قەڵای هەولێر سەوزە و ئەوان لە بە غداد پرۆژەی گەورە و خزمەتگوزار بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن، بەڵام بە شێوازێکی یەکێتیانە لە زاخۆوە تا خانەقین بەیەک چاو سەیری هەموو کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، لە هەولێری پایتەخت کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222ـی یەکێتی بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند؛ بودجەی کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ ساڵەکانی 2004 بۆ 2013 و پڕۆژەی گەورە لە بەغدادەوە دێننەوە بۆ کوردستان، تەواوی ئەو پردانەی لە نێوان هەرێم و بەغداد تێکشکێندراوە چاکی دەکەنەوە.
جەختیکردەوە یەکێتی هێزی ئێوە دەبێت لە بەغداد؛ دەنگی تەواوی چین و توێژەکان دەبێت بەبێ جیاوازی، ئاماژەی بەوەشکرد لە ساڵی 2014وە دامەزراندن وەستێندراوە بۆ خەڵکی ئاسایی، بەڵام بۆ ئەوانەی نزیکی فیرعەونەکانن بەردەوام هەیە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا روی کردە کریستیانەکان و رایگەیاند وەک یەکێتی رێز لە مافی پێکهاتەکان دەگرن و دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێم نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، جەختیکردەوە دەبنە بەرگریکاری راستەقینەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
داوشیکرد لە رۆژی دەنگدان دەنگ بدەن بە لیستی 222 و بۆ ئەوەی گەندەڵییەکان نەهێڵن و ئازادی بۆ هەولێر بگەڕێننەوە، وەک چۆن لە کەرکوک توانیان ئازادی بۆ بگەڕێننەوە و پارێزگارێکی کورد دابنێن.
لە کۆتای وتارکەشیدا ئاماژەی بەوەکرد یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هێزی کۆسرەت رەسوڵ و دیپلۆماسیەتی مام جەلالی هەیە، بۆیە لە هێزەکانی دیکە جیاوازە و هەمیشە رزگارکەری کوردستان بوون و داواشیکرد لە رۆژی دەنگداندا سندوقەکان سەوز بکەن.
راستەوخۆ بینەری کەرنەڤاڵی جەماوەریی یەکێتی بن لە هەولێر
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی دیموکرات، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردوەتەوە توانیویانە حەشارگەیەکی داعش بکەنە ئامانج لە باکووری ڕەقە و پێنج ئەندامی داعشیان دەستگیرکردوە کە یەکێک لە شانەکانی داعشیان پێکهێناوە.
ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنێکی وردا لە باکور رەقە، هێزەکانی کۆماندۆ بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەشارگەی شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان کردوەتە ئامانج لە شارۆچکەیەکی باوکری رەقە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە ئۆپراسیۆنەکەدا پێنج ئەندامی داعشیان دەستگیر کردوە، کە سیانیان سەرکردەن و بەشداربوون، لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان کە پێگە سەربازییەکانیان و دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەریان کردبووە ئامانج، و هەوڵیان دەدا ئاژاوە چاندن و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.
ئاماژەیانبەوەشکردوە؛ ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و هەواڵگری لەسەر جموجۆڵی ئەندامانی شانەکە و چاودێریکردنی پەیوەندییەکانیان و ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ دژی هێزەکانیان و دامەزراوە مەدەنییەکان بووە، جەختیشدەکەنەوە لەوەی بە پشتبەستن بە زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، هێزەکانیان بە وردبینییەکی بەرز، لە هەمان کاتدا بە پشتیوانی ئاسمانی و سیخوڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا.
ئوردن و ئەڵمانیا رۆژی شەممە رایانگەیاند کە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوەپێبکرێت، دەبێت رێگەپێدانی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت.
ئەم هێزە بەشێکە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پلانی 20 خاڵییەکەی ترەمپ، لە قۆناغێکی دواتردا، داوای پێکهێنانی "هێزێکی کاتیی سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی دەستبەجێ" لە غەززە. ئەرکی ئەم هێزە "دابینکردنی راهێنان و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینیی پەسەندکراو" لە کەرتی غەززە.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە میانی کۆڕبەندی "دیالۆگی مەنامە" لە پایتەختی بەحرەین، رایگەیاند: "هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی هێزی سەقامگیری بتوانێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا کاریگەر بێت، دەبێت رێگەپێدانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت".
سەفەدی جەختیشی کردەوە کە ئوردن سەربازەکانی نانێرێت بۆ بەشداریکردن لەم هێزەدا. شایەنی باسە، عەممان بەشداری لەو ناوەندەدا دەکات کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە باشوری ئیسرائیل دامەزراوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.
لەلایەن خۆیەوە، یۆهان ڤادیفول، هاوتا ئەڵمانییەکەی سەفەدی، پشتیوانیی بەرلینی بۆ پێدانی رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێزە نێودەوڵەتییەکە لە غەززە، دەربڕی. ڤادیفول رایگەیاند کە هێزەکە "پێویستی بە بنەمایەکی یاسایی رون دەبێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا" و دانی بەوەدانا کە ئەمە "گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە رەنگە ئامادەبن هێزەکانیان بنێرن بۆ غەززە، هەروەها بۆ فەڵەستینییەکانیش. ئەڵمانیاش دەیەوێت رێگەپێدانێکی رون بۆ ئەم هێزە ببینێت".
پێشتریش، گروپە فەڵەستینییەکان بە سەرۆکایەتیی بزوتنەوەکانی فەتح و حەماس، لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، جەختیان لە "گرنگیی دەرکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبووەوە سەبارەت بەو هێزە کاتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست".
سەید عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڕەشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو و رایگەیاند، ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندان و وتیشی؛ ناتوانین پیتاندن رابگرین.
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا، عراقچی جەختی کردەوە: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و پێشبینیی هەر رەفتارێکی دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنانەوە دەکەین". ناوبراو وتیشی؛ کە ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەیدەتوانی هێرش بکاتە سەر ئێران و وتی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە و سەلماندی کە ئیسرائیل دوژمنی راستەقینەی ناوچەکەیە".
سەبارەت بە دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ نیشاندا بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و دڵنیاییدا لە ئاشتیانەبوونی. ئەو وتی: "دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ئارادایە، بەڵام واشنتن مەرجی قبوڵنەکراوی خستووەتەڕوو".
عراقچی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەرگیز دانوستان لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ناکات و هیچ کەسێکی ژیر چەککردنی خۆی قبوڵ ناکات. ناوبراو وتیشی: "ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرین و ئەوەی بە جەنگ بەدەست نەهاتووە، ناتوانرێت بە سیاسەت ببەخشرێت".
عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد کە خواستیان بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن نییە، بەڵام دەتوانن لە رێگەی دانوستانی ناراستەوخۆوە بگەنە رێککەوتن.
سەبارەت بە دۆخی ماددە پیتێنراوەکانی ئێران، وەزیری دەرەوە وتی: "ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکاندا ماونەتەوە و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگواستراونەتەوە".
لە کۆتاییدا،عراقچی هەڵوێستی ئێرانی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دووپاتکردەوە و وتی: "ئێمە پشتگیریی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەین و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە شەرمەزار دەکەین".
کەمێک پێش ئێستا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلە بە پێوەری رێختەر، قەزاکانی کفری، کەلار و خانەقینی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هەژاند.
بەپێی زانیارییەکانی محەمەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی "زەماوەند" بووە و لە قووڵایی 17کیلۆمەتردا رویداوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، سەردانی گەڕەکی شۆڕشی نوێی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکانی ئەو گەڕەکە.
گەڕەکی شۆڕشی نوێ بە یەکێک لە گەڕەکە نوێیەکانی شاری سلێمانی دادەنرێت و تیمەکانی شارەوانی دوای تەواوکردنی کاری تێکەڵەڕێژکردن، دەستیان بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی کردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەستی بە هەڵمەتێکی فراوانی خزمەتگوزاری کردووە کە چەندین گەڕەکی ناوشاری سلێمانی گرتووەتەوە.
لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی شارەوانی سوپاس و دەستخۆشیی لە تیمەکان کرد کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی شەممە لە هەندێک لە دامەزراوەکان پشووی فەرمییە، بەڵام ئەوان دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەردەوامن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی بارانبارین، کارەکانی قیرتاوکردن، تێکەڵەڕێژکردن و کۆنکرێتکردن لە سەرجەم گەڕەکەکاندا چڕتر کراونەتەوە، بە ئامانجی گەیاندنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکانی شاری سلێمانی بەبێ جیاوازی.









لە یادی رۆژی جیهانیی هاوسۆزی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای یادکردنەوەی قوربانیدانی شەڕڤانان و خەڵکی شارەکە، جەختی لە گرنگیی هاوپەیمانیی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی کردەوە لە تێکشکاندنی داعشدا.
مەزڵوم کۆبانێ لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "لە رۆژی جیهانیی هاوسۆزی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دژی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش، قوربانیدانە گەورەکانی شەڕڤانان و گەلەکەمان بەبیردێنینەوە لەپێناو بەرگریکردن لە شارەکەیان و مرۆڤایەتی بەگشتی."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد لەو شەڕەدا و وتی: "ئەو هاوسۆزییە جیهانییە و پشتیوانییەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانمان لەو شەڕەدا، هەروەها هەڵوێستی هەموو ئەوانەی لەو رۆژە سەختانەدا لەگەڵمان وەستان، بوونە هێمای یەکگرتوویی مرۆڤایەتی لە روبەروبوونەوەی تاریکی و توندڕەویدا."
کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پشتیوانییە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و وتی: "ئەو هاوپەیمانێتییە وایکرد توانای تێکشکاندنی رێکخراوەکەمان هەبێت لە شارەکەماندا و لەوێوە دەستپێبکەین بۆ کۆتاییهێنان بە خەلافەتە بەناوەکەیان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سورییەکان."
رۆژی١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک "رۆژی جیهانیی کۆبانێ" دیاریکراوە. ئەمەش وەک رێزگرتنێک لە خۆڕاگریی مێژوویی خەڵک و شەڕڤانانی شارەکە کە لە ساڵی 2014دا، دوای134 رۆژ بەرخۆدانی قارەمانانە، توانیان هێرشی چەکدارانی داعش تێکبشکێنن و شارەکە ئازاد بکەن.
لەنزیک یەکێک لە حەوت سەمەرەکەی جیهان، هەرەمی گەورەی خوفو لە جیزە، ئەمڕۆ شەممە میسر بە رەسمی دەرگای مۆزەخانەی گەورەی میسری کردەوە، کە بە یەکێک لە دیارترین پڕۆژە کولتوورییەکانی سەردەمی نوێ دادەنرێت.
ئەم مۆزەخانەیە، کە بە گەورەترین مۆزەخانەی شوێنەواری لە جیهاندا وەسف دەکرێت، نزیکەی 100 هەزار پارچە شوێنەوار لەخۆدەگرێت کە مێژووەکەیان بۆ حەوت هەزار ساڵی مێژووی میسر دەگەڕێتەوە، لە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە تا دەگاتە سەردەمی یۆنانی و رۆمانی.
گەنجینەی توت عەنخ ئامون؛ ئەزموونێکی نوێ:
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی مۆزەخانەکە، نمایشکردنی تەواوی کەلوپەلەکانی ناو گۆڕی توت عەنخ ئامون، پاشا گەنجەکەی میسرە، کە بۆ یەکەمجارە بە تەواوی نمایش دەکرێن. ئەم گەنجینەیە زیاتر لە 5,500 پارچە لەخۆدەگرێت، لەوانە دەمامکە زێڕینە سەرسوڕهێنەرەکە، تەختی پاشایەتی و گالیسکە جەنگییەکان.
دکتۆر تارق تەوفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی میسر، دەڵێت: "بیرۆکەکەم ئەوەبوو کە تەواوی گۆڕەکە نمایش بکەم، واتە هیچ شتێک لە کۆگاکاندا نەمێنێتەوە و هیچ شتێک لە مۆزەخانەکانی تردا نەمێنێتەوە. بەمەش سەردانکەران هەمان ئەو ئەزموونە تاقی دەکەنەوە کە هوارد کارتەر پێش زیاتر لە سەدەیەک تاقیکردەوە."
بانگەواز بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکان:
هاوکات لەگەڵ کردنەوەی مۆزەخانەکە، زانایانی میسر داواکارییەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە سەرەکییەکانی میسر لە وڵاتانی تر چڕتر کردووەتەوە. دیارترین ئەو شوێنەوارانەی داوای گەڕاندنەوەیان دەکرێت بریتین لە:
بەردی رۆزێتا (Rosetta Stone): کە لە مۆزەخانەی بەریتانی نمایش کراوە.
بورجی ئاسمانیی دندەرە (Dendera Zodiac): کە لە مۆزەخانەی لوڤەر لە پاریسە.
نیو پەیکەری نەفەرتیتی: کە لە بەرلین نمایش کراوە.
زاهی حەواس، وەزیری پێشووی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر، دەڵێت: "پێویستە ئەم سێ پارچەیە وەک نیازپاکی و دیارییەک لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە بگەڕێندرێنەوە، هەروەک چۆن میسر چەندین دیاریی بەخشییوەتە جیهان."
کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری:
تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارە و پێشبینی دەکرێت ساڵانە 8 ملیۆن گەشتیار سەردانی بکات، ئەمەش بوژانەوەیەکی گەورە بە کەرتی گەشتیاریی میسر دەبەخشێت کە بەهۆی قەیرانە هەرێمییەکانەوە زیانی بەرکەوتبوو.
ئەحمەد سدیق، رێبەری گەشتیاری، دەڵێت: "هیوادارین مۆزەخانەی گەورەی میسر سەردەمێکی زێڕینی نوێ بۆ زانستی میسریات و گەشتیاریی کولتووری دەستپێبکات."
مێژووی پڕۆژەکە:
بیرۆکەی دروستکردنی مۆزەخانەکە بۆ ساڵی 1992و سەردەمی حوسنی موبارەک دەگەڕێتەوە و کاری بیناسازی لە ساڵی 2005دەستیپێکرد. بەڵام پڕۆژەکە روبەروی چەندین ئاستەنگ بووەوە، لەوانە قەیرانی دارایی، بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011، پەتای کۆڤید-19 و جەنگە هەرێمییەکان، کە بوونە هۆی دواکەوتنی کارەکانی.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو خاچی سوری نێودەوڵەتی روفاتی سێ تەرمی لە حەماسەوە وەرگرت و ڕادەستی ئیسرائیلی کرد، پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل رایگەیاند کە پاش پشکنین دەرکەوتووە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لە بارمتە کوژراوەکان نین.
پشکنینی تەرمەکان:
شەوی هەینی، خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر داوا و بە رەزامەندیی هەردوو لایەن، روفاتی سێ تەرمی گواستەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل. پاش گەیشتنیان، روفاتەکان بۆ پشکنین رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل کران تا ناسنامەیان دیاری بکرێت.
بەڵام، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لەو 11 بارمتە کوژراوەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، نین. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە پرۆسەی دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکان لەژێر بەرپرسیارێتی ئەواندایە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
وەفدی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڕیارە رۆژی ٣ی مانگ بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، وەفدەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتیدا دێت، کە ماوەیەکە دەستیپێکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارەدا پەیامی گرنگ لەلایەن ئۆجەلانەوە ئاڕاستەی شاندەکە بکرێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە "کۆبوونەوەی گەلان و باوەڕەکان" لە قەرس رایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتی قۆناغی یەکەمی تەواو کردووە و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە لەلایەن رێکخستنی دەم پارتی لە قەرس سازکرابوو و نوێنەرانی گەلان و ئایینە جیاوازەکانی شارەکەی کۆکردبووەوە، باکرهان ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کشانەوەی لە تورکیا کرد لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. باکرهان وتی، "هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان و کشانەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا و راگەیاندنی ئەوەی کە چیتر چەک دژی دەوڵەتی تورکیا بەکارناهێنێت، گرنگییەکی مێژوویی هەیە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر کێشەی چەک لە ئارادا نەمابێت، ئایا ئەرکی دەوڵەت و حکومەت نییە کە ئەو هۆکارانە لەناو ببات کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەک، وەک "تاکڕەوی، ڕەگەزپەرستی و کارە نادیموکراتییەکان."
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی کۆمەڵگەی دیموکراتی کۆتایی هاتووە و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان. ئەو وتی، "ئێستا ئێمە لە قۆناغی دووەمداین. لە قۆناغێکداین کە دەبێت یاسا بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لەگەڵ ئاشتیدا بگونجێت." باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان تیشک دەخەنە سەر چارەسەری و هەوڵدەدەن ئەو تێگەیشتنە کە لە ژیانی ڕۆژانەی قەرسدا هەیە، زاڵ بکەن.
هەروەها وتیشی، "ئەو خەباتەی ئێستا دەیکەین هی هەمووانە. کۆماری دیموکراتی تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی گشتگیر مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو عەقڵ و باوەڕانەدا بکات کە کێشەیان هەیە."
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، بەڵام ترەمپ دوودڵە.
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بەشێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین.
سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی موشەکە پێشنیازکراوەکان بۆ کیێڤ دەتوانن توانای هێرشبردنێکی بێ وێنە بە هێزەکانی ئۆکراین ببەخشن، کە رێگە بە هێزەکانی ئۆکراین دەدات بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە گرنگەکان لە قوڵایی روسیادا بکەنە ئامانج، ئەگەر ترەمپ رەزامەندی لەسەر بدات.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سەرکردایەتی سەربازی ئەمریکا ئامادەیی لۆجستی خۆی بۆ رادەستکردنی ژمارەیەکی سنوردار لە موشەکەکان دووپاتکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئاراستەکانی کۆشکی سپی و بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپن بۆ دیاریکردنی قەبارە و ژمارەی موشەکەکان و کاتی جێبەجێکردنی.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، مۆسکۆ بە توندی دژایەتی پێشنیازی دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین دەکات، هەروەها دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداریدا کە دابینکردنێکی موشەکی تۆماهۆک بۆ کیێڤ هەڵکشانی مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ هەمووان کۆتایی بێت.
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 12 ملیار دینارە، هەروەها داهاتی ئەم مانگە نزیکەی 70 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەووە، کە لە رۆژی 25 تا 31ـی ئەم مانگە داهاتی نانەوتی 12 ملیار و 509 ملیۆن و 924 هەزار دینار بووە.
هەر بەپێی ئاماری ماڵپەڕەکە، لەم مانگەدا داهاتی نانەوتی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 69 ملیار و 7 ملیۆن دینارە.
پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوا لە ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی دەكات، كۆتایی بە داخستنی حكومەت بهێنێت، چونكە بووەتە هۆكاری دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكانی ئەمریكا.
ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن.
وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە.
پێشتر سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، بەهۆی پرۆگرامەكانی تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی لە وڵاتانی تر، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەكەی كردووە، دەست بە تاقیكردنەوەی چەكە ئەتۆمییەكانی ئەمریكا بكات.
بڕیارە سبەی شەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە شاری هەولێر وتارێک پێشکەش بکات، کە تێیدا کاندیدانی لیستی (٢٢٢)ی یەکێتی بۆ بازنەی هەولێر دەناسرێن.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کەرنەڤاڵەکە لەژێر دروشمی "هێزی تۆین لە بەغداد" بەڕێوەدەچێت و کاتژمێر 4ی دوا نیوەڕۆی رۆژی شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، سەرۆک بافڵ وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودایە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیست و کاندیدەکانی خۆی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بە رەسمی بە دەنگدەرانی دەناسێنێت.