هەواڵەکانهەواڵەکان

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، نزار ئامێدی، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد، بە ئامادەبوونی دانا ئەسعەد، نوێنەری سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ تیمی حکومیی یەکێتی لە حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد و چۆنیەتی پتەوکردن و کاراکردنی رۆڵی سیاسی و ئیداریی نوێنەرانی یەکێتی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرا. هەروەها، تیشک خرایە سەر ستراتیژی یەکێتی بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی سیاسی و کارکردن بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی پتەو و کارا لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و خزمەتگوزارییەکان و جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان. هاوکات، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و کارکردن کرا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بەڕێوەچوونی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و شەفاف.

لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوان نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەتی فیدراڵی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا کرایەوە، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان و سەلماندنی پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی نیشتمانیی گەورە و کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری دەم پارتی، رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە شێوازێکی جیاواز لە رابردوو بەڕێوەدەچێت و لە یەکەم دیداریاندا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە روونیی دڵسۆزیی ئەویان بۆ ئاشتی بینیوە و باسیش لە رۆڵی سەکردەکانی ناو تورکیا و ئەردۆغانیش دەکات.

ئەحمەد تورک وتیشی: "ئەم پرۆسەیە، پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی گەلانە لەسەر بەها دیموکراتییە هاوبەشەکان" و جەختی لەوەشکردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بنەمای یاسایی بەهێز بکرێت.


ئەحمەد تورک وتی: "فراکسیۆنێکی نەتەوەپەرست هەیە، دەبینین کە نیگەرانن لەوەی پرۆسەکە بەرەو ئاشتی بڕوات، ئەمەش لە رێگەی ئەو کەسانەوە بە روونی دەبینین کە دەیهێننە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان."  ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانێت، رۆڵێکی چالاکتری هەبێت لە دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا.

ئەحمەد تورک جەختیکردەوە: "پێویست ناکات ئەم پڕۆژەیە تەنها وەک دانانی چەکی پەکەکە ببینرێت، بەڵکو دەبێت وەک پڕۆژەیەکی گەورەتر سەیر بکرێت کە لە برایەتیی تورک و کورد زیاترە و رێگە بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکات." وتیشی، تورکیایەک کە کێشەی کوردی چارەسەر کردبێت، سوودێکی گەورە بە ناوچەکە دەگەیەنێت. "پێویستە وەک وێنە گەورەکە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکرێت، بیروبۆچوونت هەرچییەک بێت، دەبێت هاوکار بیت لە پرۆسەی چارەسەریدا." ئەحمەد تورک ئەوەشی خستەڕوو کە هێشتا چینێکی نا-سیاسی لە تورکیادا دەڵێن "کورد بوونی نییە" و وتی: "ئاگایان لەوە نییە چی روویداوە، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم چینەش روونبکرێتەوە.


ئەحمەد تورک دووپاتیکردەوە کە کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە و وتی: "کێشەیەکی لەم جۆرە تەنها سەرکردەیەک دەتوانێت چارەسەری بکات کە باڵادەستیی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر کردبێت،" و لەم روانگەیەوە رایگەیاند کە ئەردۆغان لە پێگەیەکی بەهێزدایە. تورک بیریهێنایەوە کە لە رابردوودا دوو خول پەرلەمانتاری جەهەپە بووە و وتی: "راست نییە جەهەپە وەک یەک پاکێج هەڵبسەنگێنرێت. لەناو پارتەکەدا هاوڕێمان هەن کە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیش هەن پێیانوایە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا ئێمە بەرەو لایەنێکدا دەڕۆین، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئۆزگور ئۆزێل کەسێکە کە دەیەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت. من هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزێل بە بنیاتنەرانە دەزانم."

ئەحمەد تورک، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەو تێکۆشانە کرد کە لە رابردووەوە تا ئێستا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیانە ئەنجامیان داوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی یەکێتی سەردانی موسڵ دەکات و لەوێوە پەیامێکی نوێی دەبێت.

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند کە ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ ناساندنی کاندیدانی لیستی هاوپەیمانیی "یەکێتیی خەڵکی نەینەوا" (٢٨١) لە بازنەی نەینەوا بەڕێوەدەچێت.

گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەرنەڤاڵەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و پەیامی نوێی یەکێتی بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە و عیراق دەخاتەڕوو.

وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کەرنەڤاڵەکە سەعات 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە بارەگای مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بڕیارە لە وتارەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی تیشک بخاتە سەر سیاسەتی یەکێتی بۆ قۆناغی داهاتوو و گرنگیی پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی نەینەوا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە "پتەوە و لاواز نییە،" هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی حەماس کرد.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "دەکرێت حەماس یەکسەر لەناوببرێت ئەگەر بە شێوەیەکی باش رەفتار نەکات، ئەوانیش باش ئەوە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بییەوێت، دەتوانێت بە خێرایی حەماس چەک بکات."

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ستایشی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و وتی "پیاوێکی زۆر بەهرەمەندە" و بەڵێنیدا هاوکاری بکات بۆ دەرچوونی لەو دۆسیە یاساییانەی رووبەڕووی بووەتەوە. وتیشی: "کەس وەک من پشتیوانی نەکردووە... پێموانییە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام من پاڵپشتیم کرد."

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە "هەندێک لە رەفتارەکانی نەتانیاهۆی بەدڵ نەبووە" و وتی: "ئێوەش بینیتان من چیم کرد لەبەرامبەر ئەوەدا،" کە ئاماژە بوو بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای دوو ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی.

مانگی رابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵیی بۆ کەرتی غەززە خستەڕوو کە چەککردنی ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەکەی بە لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی پلە بە پلەی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو.

رێککەوتنی ئاگربەستەکە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە کاری پێدەکرێت، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکانی لەخۆگرتبوو—کە ئەمەش جێبەجێکرا—لەگەڵ رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.

تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی رادەستکردووەتەوە و هێشتا 8 تەرمی دیکە ماون. سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە رووفاتی عومەر نیوترا، هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە فەرماندەی تانک بووە لە سوپای ئیسرائیل، لەنێو ئەو تەرمانەدا بووە کە دوێنێ رادەستکراونەتەوە.

لەبەرامبەردا، بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل بەرامبەر وەرگرتنەوەی رووفاتی هەر بارمتەیەکی، رووفاتی 15 فەلەستینی رادەست دەکاتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یفات تۆمەر یەروشالمی، داواکاری گشتیی سەربازیی ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، بەهۆی دزەپێکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە دەستگیرکرا کە تێیدا دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر دەستبەسەرکراوێکی فەلەستینی.


تۆمەر یەروشالمی تۆمەتبارە بەوەی کە رێگری لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس کردووە لە دۆسیەی دزەپێکردنی ڤیدیۆکە، کە دەرکەوتووە خۆی لەپشت بڵاوکردنەوەیەوە بووە. لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەیدا، بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، ویستویەتی "روبەڕووی پروپاگەندەی چەواشەکارانە ببێتەوە کە دژی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسای سەربازی دەکرێت."

بەڵام دواتر دەرکەوت کە ناوبراو نەک هەر خۆی ڤیدیۆکەی دزەپێکردووە، بەڵکو جێگرەکەی خۆی راسپاردووە بۆ "لێکۆڵینەوە" لە رووداوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بەو شێوەیە دەرچووە کە "هیچ رێگەیەک نییە" بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنەکە.


گرتە ڤیدیۆییەکە کە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک سەرباز لە بنکەی سەربازیی "سدی تێمان" لە باشوری ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس کە دەستبەسەرە. بەپێی زانیارییەکان، لێدانەکە بە تەواوی روون نییە، چونکە سەربازەکان بە قەڵغانەکانیان دیوارێکیان لە دەوری دەستبەسەرکراوەکە دروستکردووە. دواتر ئەو دەستبەسەرکراوە فەلەستینییە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.


ئاشکرابوونی ئەم پیلانگێڕییە دوای پشکنینی ئاسایی "پۆلیگراف" (درۆدۆزەرەوە) هات بۆ وتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە دانی بە هەموو شتێکدا ناوە. هەروەها دەرکەوتووە کە گروپێکی نهێنیی واتسئاپ هەبووە کە لانیکەم نۆ ئەفسەری دیکەی هەمان نووسینگە تێیدا ئەندام بوون و ئاگاداری دزەپێکردنەکە و شاردنەوەی راستییەکان بوون، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

لەسەر رووداوەکە، پێنج سەربازی یەدەگ تۆمەتبارکراون، لە کاتێکدا پارێزەرەکانیان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە گوایە دەستدرێژیی سێکسیش کرابێتە سەر دەستبەسەرکراوەکە.

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی سەرکۆنە کرد و بە "مەترسیدارترین هێرشی پروپاگەندە" ناویبرد کە ئیسرائیل لە دامەزراندنییەوە رووبەڕووی بووبێتەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەوبارەیەوە دەکرێت.

لایەنگرانی چاکسازیی دادوەری لە حکومەتی ئیسرائیلدا، ئەم دۆسیەیە وەک روونترین نموونە بۆ بوونی "دەوڵەتی قوڵ" لەناو دامەزراوەکانی ئیسرائیلدا بەکاردەهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە بە پێوەری رێختەر شاری مەزاری شەریفی لە باکوری ئەفغانستان هەژاند، بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکە برینداربوون.

دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە لە قوڵایی 28 کیلۆمەتردا بووە لە نزیک شاری مەزاری شەریف. لە ئامارێکی سەرەتاییدا، وتەبێژی تەندروستی هەرێمی سەمەنگان رایگەیاندبوو کە 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 150ی دیکە برینداربوون، بەڵام دواتر دەسەڵاتە خۆجێیەکان ئامارەکەیان بۆ لانیکەم 20 کوژراو و 320 بریندار بەرزکردەوە.

دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا "ئاگادارکردنەوەی پرتەقاڵی" دەرکردووە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری "روودانی زیانی گیانیی گەورە و کارەساتێکی بەرفراوان." دەستەکە راشیگەیاندووە، ئەو رووداوانەی پێشتر گەیشتوونەتە ئەم ئاستەی ئاگادارکردنەوە، پێویستیان بە بەدەنگەوەچوونی نیشتمانی و هەرێمی هەبووە.

حاجی زەید، وتەبێژی هەرێمی بەلخ رایگەیاند، بومەلەرزەکە زیانی بە بەشێک لە مەزارگەی پیرۆزی شاری مەزاری شەریف گەیاندووە، کە بە مزگەوتی شین ناسراوە. هاوکات، دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئەفغانستان رایگەیاندووە کە دواتر راپۆرتی ورد لەبارەی زیانەکانەوە بڵاودەکەنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو کەسانە بڵاوکراوەتەوە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکاندا گیریان خواردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بومەلەرزەی تێدا روودەدات. لە ساڵی 2023 بومەلەرزەیەک گیانی لانیکەم هەزار کەسی سەند، هەروەها لە ساڵی 2015 بومەلەرزەیەکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس لە ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەشتی ئاسمانیی لەنێوان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و توركیا دەستپێدەكاتەوە و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش دەڵێت: لەماوەیەکی نزیکدا گەشتی راستەوخۆمان بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەبێت.

رێباز محەمەد بەڕێوبەری گشتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە وەکالەت رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا فڕۆکەخانی سلێمانی هەنگاوێکی گرنگە، بە خۆشحاڵیشەوە ئیتر هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەتوانن گەشتەکانیان لە فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا ئەنجامبدەن، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا گەشتی راستەوخۆ بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە.

وتیشی، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی.

رێباز محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەسەرەتای راگرتنی گەشتەکان بەردەوام لەگەڵ کونسوڵی تورکیا لە پەیوەندیدا بووە، هاوکات لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دواجار توانرا گەشتەکان دەستپێبکاتەوە.

بەڕێوبەری گشتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی 12دا هێڵێکی دیکە بە تێچوویەکی کەمتر گەشتەکانی لە فڕۆکەخانی سلێمانی دەستپێدەکات، هەروەها هەوڵدەدەین زۆرترین گەشت بهێنینە فڕۆکەخانەکە.

لە رۆژی 3ـی نیسانی 2023ەوە ، توركیا بریاریدا بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مانگی رابردوو بریاریدا قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەكانی لەسەر فرۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرایکرد، ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یاخود زیاتریان لە خوێندنی پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەر یەکەیان بە رێژەی ٪50 ئەنجامدەدرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڵاویکردەوە، بە فەرمانی د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یان زیاتریان لە سیستمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەر یەکەیان بە رێژەی ٪50 لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت، بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (2025- 2026) جێبەجێ دەکرێت، هەروەها ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی 45٪ـی کرێی خوێندن هەژمار دەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئەم داشکاندنە خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی دەڵێت: لە کوردستان و بەغداد کار بۆ بە پیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی دەکەین.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری وەرزشی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئێمە بە شێوەیەکی ریشەیی پشتیوانی لە کەرتی وەرزش دەکەین نەک بە پینەوپەڕۆ، بەشێک لە وەرزشوانان ئاگادارن کە زیاتر لە ساڵێکە بۆردێکمان پێکهێناوە و پلانی تۆکمەمان بۆ پێشخستنی هەموو بوارە وەرزشییەکان داناوە و بە کرداریش لەو ماوەیەدا هەندێک هەنگاومان ناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی پەسەندکردنی یاساوە لە کوردستان و بەغدا کار بۆ بە پیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی دەکەین، ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەی بودجەوە، ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ کەرتی وەرزش دابین بکەین، بەبێ یاسا و بەبێ بودجە هەر هەنگاوێکی دیکە بنرێت کاتییە و بۆ پینەوپەڕۆیە و کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی کەرتی وەرزش نابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک سەبارەت بە دەرکردنی کارمەندانی چێشتخانە، نەخۆشخانەی هیوا لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکە بەهۆی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بووە کە سیستمی گرێبەستی راستەوخۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو کارمەندانە لەسەر بنەمای گرێبەستێکی کاتی کاریان کردووە کە تا رێکەوتی 30-6-2025 کاری پێکراوە. بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە7057، دەبووایە دوای ئەو بەروارە، خزمەتگوزاریی چێشتخانە لە رێگەی پرۆسەی تەندەرینەوە بدرێت بە کۆمپانیا، هەروەک چۆن لە هەموو نەخۆشخانەکانی دیکەدا پەیڕەو دەکرێت.

نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردوو 2024 وەزارەتی دارایی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوە "دواجار دەبێت" گرێبەستەکە بە شێوەی راستەوخۆ نوێبکرێتەوە.

بەپێی روونکردنەوەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وەک وەفایەک بۆ ستافە کۆنەکە، داوای لێکردوون لەگەڵ ئەو ستافە نوێیەی کە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە دێن، بەردەوام بن لە کارەکانیان.

لە کۆتاییدا، نەخۆشخانەی هیوا هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن و رێز لە هەموو کەسێک دەگرن کە خزمەت بکات، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە "ناتوانن بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان کار بکەن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وێب سایتی "The American Conservative" ئەگەری ئەوەی بەدوور نەزانیوە کە ئۆکراین بەرپرسیار بێت لەو تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوانەی کە لەم دواییانەدا لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە.

وێب سایتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "میدیاکانی هەنگاریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئۆکراین لەپشت هێرشەکانی سەر هەردوو وڵاتە ئەوروپییەکەوە بێت. هەروەها چەندین شیکار گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە رەنگە ئۆکراین سەرچاوەی هێرشەکان بێت."

بەپێی راپۆرتەکە، تەقینەوەکان لە هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە، کە دوو وڵاتن هێشتا نەوتی روسیا دەکڕن و ئەو پاڵاوگانەش کە کراونەتە ئامانج، کاریان پاڵاوتنی نەوتی خاوی روسیا بووە. بەتایبەتی لە رۆمانیا، تەقینەوەیەک پاڵاوگەیەکی سەر بە کۆمپانیای "لوکئۆیڵ"ی روسیای هەژاند.

هۆکارێکی دیکەی گومانەکان ئەوەیە کە رووداوەکان لە 20ی تشرینی یەکەمدا روویانداوە، کە هەمان رۆژ وەزیرانی وزەی یەکێتیی ئەوروپا کۆتوبەندی نوێیان خستەسەر هاوردەکردنی نەوتی روسیا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیاش کەوتووەتەوە، کە ئەم پاڵاوگەیەش سەر بە گروپی MOLی هەنگارییە و نەوتی خاوی روسیا لە رێگەی هێڵی بۆریی "دروژبا"وە دەپاڵێوێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاندووە، بوداپست ئەگەری ئەوە رەتناکاتەوە کە ئاگرکەوتنەوەکەی پاڵاوگەی گروپی MOL بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بووبێت.

وێب سایتە ئەمریکییەکە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە "بێدەنگییەکی بەرچاو" لە میدیاکانی رۆژئاوادا لەبارەی ئەم رووداوانەوە هەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە قەزای کفری، منداڵێکی تەمەن یەک ساڵان بووە قوربانیی رووداوێکی هاتووچۆ و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گەڕەکی هەواری نوێی قەزای کفری، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا پیکاب لە منداڵێکی تەمەن یەک ساڵانی داوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی 24ی یاسای هاتووچۆ و لەئێستادا تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، دوو هاوڵاتیی بەریتانییان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت دەستیان لەو هێرشەی ناو شەمەندەفەرێکدا هەبووبێت کە لە پارێزگای کامبریجشێر روویدا و بووە هۆی برینداربوونی نۆ کەس.

پۆلیس جەختی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ روداوەکەدا ناکەن و روونیکردەوە، "هەرچەندە پۆلیسی دژە تیرۆر لە قۆناغەکانی سەرەتای لێکۆڵینەوەکەدا بەشداربوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هێرشەکە پاڵنەری تیرۆریستی لەپشتەوە بووبێت."

جۆن لۆڤلێس، ئەفسەری پۆلیس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، چوار لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی دوو کەسی دیکەیان هێشتا ناجێگیرە.

ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو گومانلێکراوەکە بەریتانین، یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە و رەشپێستە، ئەوی دیکەیان تەمەنی 35 ساڵە و بە رەچەڵەک خەڵکی کاریبییە.

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە یەکێک لەو شەمەندەفەرانەدا رویدا کە بەرەو باکووری ئینگلتەرا دەچوو، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو سەرنشینەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ، سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازی لە بەڕێز عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆ کرد و تاوتوێی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و دڵنیابونەوە لەسەرکەوتنی کرا.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو و رێگاکانی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی کرا، بە شێوەیەک کە رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا بەهێزتر بکات.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی کەشێکی ئارام و جێگیر کرد، تا هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی مافی دەستووری هاووڵاتیان لە دەنگداندا زیاتر  ئازادی و شەفافیەت لە وڵاتدا مسۆگەر بکەن.

هەروەها جەختی لە گرنگی رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پاراستنی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە پڕۆسەی دەنگدان لە رێگەی جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمنی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەدا کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.

لەلای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری ناوخۆ پلانی تایبەتی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو، جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە شێوەیەک کە هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئەمنی و رێک و پێکدا بەڕێوەبچن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو ناوچانەی لە غەززە کۆنتڕۆڵی دەکەن، گروپی حەماسی تێدایە و هەوڵ دەدەن بە تەواوەتی لەناویان بەرن، جەختیشیکردەوە جارێکی دیکە رێگەنادەن لوبنان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئیسرائیل

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ لەو ناوچانەی غەززە  کە کۆنتڕۆڵیان کردوە، هێشتا گروپی حەماسی تێدایە،  ئەوانیش لەئێستدا لەهەوڵی لە ناوبردنی حەماسدان.

ناوبراو وتوشیەتی؛ حەماس گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و ئێستا تەنها "سێبەرێکە" لەچاو پێشوتردا، ، بەڵام هەوڵی بەهێزبونەوە دەدەن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردوە ئەزانن حزبوڵای لوبنانیش بە هەمانشێوە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە  و بەهێزبونەوە دەدات، بەڵام ئەوان دەزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەنو  جارێکی دیکە رێگەنادەن  لوبنان ببێتە بەرەیەکی نوێ لەدژی  ئەوان.

ناتانیاهۆ هەڕەشەی لە حوسییەکانیش کردوە و جەختیکردوەتەوە، ئەوان هەڕەشەیەکی جدی و مەترسیدارن،  هەرچی پێویست بێت بۆ نەهێشتنیان ئەنجامی دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو (مانگی 10) دیاریکرد و رایگەیاند، نرخی هەر سەعاتێک بۆ یەک ئەمپێر بە (48) دینار دەبێت.

نرخەکە کام ناوچانە دەگرێتەوە؟

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو نرخە بۆ ئەو قەزا و ناحیانەی سنوری پارێزگای سلێمانییە کە هێشتا کارەبایان بەشێوەی بەردەوام پێناگات و لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا موەلیدەکانیان کاردەکەن.

روونیشکراوەتەوە، لە سەنتەری شاری سلێمانی و گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی مەلیک مەحمود کارەبا بەردەوامە و موەلیدەکان کارناکەن، بۆیە ئەم نرخە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە. شێوازی حسابکردنی نرخەکەش بەپێی کاتژمێری کارکردنی موەلیدە دەبێت، کە ژمارەی کاتژمێرەکان جارانی (48) دینار دەکرێت.

نرخی کیلۆوات بۆ سیتییەکان:

سەبارەت بەو سیتییانەی کە کارەبای نیشتمانییان نییە و تەنها پشتیان بە کارەبای موەلیدە بەستووە، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بە (293) دینار دیاریکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...126127128129130...983