لەکاتێکدا دۆخی ئەمنیی سودان بەرەو خراپتربوون دەچێت و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون دەستیپێکردووە، سەرۆک وەزیرانی سودان حاڵەتی نەفری گشتی راگەیاند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە بێدەنگی و کەمتەرخەمی لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی رودەدەن تۆمەتبار کرد.
شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لە باکووری کۆردۆفان:
بەگوێرەی تۆڕی پزیشکانی سودان، ویلایەتی باکووری کۆردۆفان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەی بارا، روبەروی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون بووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، تۆڕەکە رایگەیاندووە کە لەماوەی رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 4500 کەس لە بارا ئاوارە بوون، نزیکەی 1900 کەسیان گەیشتوونەتە شاری ئەلئوبەید و ئەوانی دیکەش هێشتا لە رێگادان و روبەروی دۆخێکی مرۆیی سەخت و کەمیی خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون بوونەتەوە. زۆربەی خێزانەکان بە شەکەتییەکی زۆرەوە گەیشتوون و چەندین حاڵەتی سکچوون و بەدخۆراکی بەتایبەت لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا تۆمارکراوە.
لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا نزیکەی 1100 کەس لە شاری بارا ئاوارە بوون، ئەمەش بەشێکە لە زنجیرەیەک ئاوارەبوون کە لە نێوان 26بۆ29ی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 35,600 کەسی گرتووەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی سودان: بێدەنگیی نێودەوڵەتی هاوبەشییە لە تاواندا
کامل ئیدریس، سەرۆک وەزیرانی سودان، داوای لە گەلی سودان کرد کە یەک ریز بن لەبەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئەنجامی دەدەن. ئیدریس رایگەیاند: "بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە 'فاشر و بارا' ئەنجامی دەدەن، بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا." بۆ سەر فاشر شەرمەزار کرد و داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێیان بە توندوتیژییەکان کرد.
شانۆگەریی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاند کە تۆمەتباری پێشێلکارییەکانی فاشر، ناسراو بە "ئەبو لولو"، یان دەستگیرکردووە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت. "ئەبو لولو" لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا دەرکەوتبوو کە هاووڵاتیی بێچەک لە فاشر دەکوژێت و پێشتریش شانازیی بە کوشتنی نزیکەی 900 سودانییەوە کردبوو.
بەڵام مینی ئارکۆ میناوی، حاکمی هەرێمی دارفور، راگەیاندنی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"ی بە "شانۆگەرییەکی بێتام" وەسفکرد و داوای دەستگیرکردنی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و براکانی و هەموو ئەوانەی فەرمانەکانیان جێبەجێ کردووە، کرد.
لە وەڵامی تۆمەتەکاندا، هاوپەیمانیی دامەزرێنەری سودان کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە سەرکردایەتی دەکرێت، رایگەیاند کە پێشێلکارییەکانی فاشر "تاکەکەسی" بوون و لەلایەن "توخمە ئاژاوەگێڕەکانەوە" ئەنجامدراون.
لە کۆتاییدا، عەبدولباقی حەمدان، باڵیۆزی باڵای سودان لە یەکێتی ئەوروپا، جەختیکردەوە کە داواکاری بۆ ناساندنی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" داواکارییەکی جەماوەرییە و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەمبارەیەوە بەردەوامە.
داتای ناڕاست و پێوانەی هەڵە:
لە مانگی ئابدا، دەزگای "پۆلێنکردنی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراک" (IPC) کە پەیوەستە بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ڕایگەیاند کە لە بەشێک لە غەززەدا برسێتی بوونی هەیە. بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن بەڵگەی سەرەکیی برسێتی، کە بوونی ژمارەیەکی زۆری تەرمی لاواز و مردوو بەهۆی بەدخۆراکییەوەیە، لە غەززەدا بوونی نەبووە.
دەزگای IPC پشتی بە پێوانەیەکی سەرەکی بەستبوو کە پێی دەوترێت "پێوانەی بازنەی ناوەڕاستی باسک" (MUAC)، کە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بەدخۆراکی لە منداڵاندا بەکاردێت. بەپێی ستانداردەکانی IPC، ئەگەر ڕێژەی %15ی منداڵان نیشانەکانی بەدخۆراکییان تێدا دەرکەوت، ئەوا ئاماژەیە بۆ بوونی برسێتی.
بەڵام داتا نوێیەکەی ناوەندی جیهانیی خۆراک، کە لە ١٧ی ئەیلولدا بڵاوکرایەوە، دەریدەخات کە ڕاپۆرتەکەی IPC پشتی بە داتای "کێش پێنەدراو" (unweighted data) بەستووە، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی منداڵە بچووکەکان وەک تووشبوو بە بەدخۆراکی پۆلێن دەکات و ڕێژەکە بەرز دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە بەپێی ڕێنماییەکانی خودی IPC، دەبێت داتای "ڕێکخراو بە کێشی تەمەن" (age-weighted data) بەکاربهێنرێت.
"بنەمای بانگەشەکە هەڵوەشایەوە"
بەپێی داتا نوێیە ڕاستکراوەکە، ڕێژەی بەدخۆراکی لە ناوچەی غەززە لە نیوەی دووەمی مانگی تەمموزدا نزیکەی %14.8 بووە، کە لە خوار ئاستی %15ی پێویستەوەیە بۆ ڕاگەیاندنی برسێتی. هەروەها ڕێژەکە لە مانگی ئابدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەتەوە بۆ ئەو ئاستەی لە مانگی حوزەیراندا تۆمار کرابوو.
مارک زلۆچین، توێژەری پێشووی زیرەکیی دەستکرد کە چەندین مانگە لێکۆڵینەوە لە داتاکانی غەززە دەکات، دەڵێت: "کاتێک دەبینیت کە ڕێژەکە لە بنەڕەتدا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە."
زلۆچین ڕاپۆرتەکەی IPC بە "درۆیەکی گەورە" ناودەبات و دەڵێت: "ئەوان داتایەکی دروستکراویان بەکارهێناوە و ئاماری خاو و کێش پێنەدراویان وەک ئەوەی داتای ڕاستکراوەی ستاندارد بێت، پیشانداوە."
جیاوازیی گەورە لەنێوان پێشبینی و ڕاستیدا
پێشتر بەرپرسانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) بەرگرییان لە ڕاپۆرتەکەی IPC کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە "بەرزبوونەوەی خێرای" ڕێژەی بەدخۆراکی، مەترسیی مردنیشی بەشێوەیەکی خێرا بەرزکردووەتەوە.
بەڵام شیکارییەکی نوێ لەلایەن سالۆ ئایزنبێرگ، ئەندامی دەستەی "ئۆنێست ڕیپۆرتینگ"، دەریدەخات کە بەپێی ستانداردەکانی IPC، دەبوایە ڕاگەیاندنی برسێتییەکە تا ١٠ی تشرینی یەکەم (کاتی ئاگربەست) نزیکەی ١٠ هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی برسێتییەوەی لێبکەوتایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، داتاکانی حەماس و نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانخستووە کە لە ماوەی ڕاگەیاندنی برسێتییەکەوە تا کاتی ئاگربەست، تەنها ١٩٢ حاڵەتی مردنی پەیوەست بە بەدخۆراکی تۆمارکراوە، کە دەکاتە تەنها %2ی کۆی ژمارە پێشبینیکراوەکە.
رۆژنامەی "فاینانشڵ تایمز" ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو لوتکەیەی هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو لە بوداپێست لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە دوای هەڵوێستی نەگۆڕی روسیا دێت سەبارەت بە داواکارییە توندەکانی پەیوەست بە دۆخی ئۆکراینەوە.
فاینانشڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە راستەوخۆ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئاڵۆز لەنێوان دیپلۆماتکارە باڵاکانی واشنتن و مۆسکۆدا دراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل چەندین کردەی تەقاندنەوە و تۆپبارانێکی چڕی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە ئەنجامدا، هاوکات حکومەتی ئیسرائیل ناسنامەی تەرمی دوو بارمتەی وەرگیراوی لە حەماس پشتڕاستکردەوە.
تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لە خان یونس:
بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپای ئیسرائیل چەندین کردەی گەورەی تەقاندنەوەی باڵەخانەکانی لە رۆژهەڵاتی خان یونس، بەدیاریکراوی لە شاری عەبسان ئەنجامداوە. ئەم کردانە هاوکات بوون لەگەڵ تۆپبارانێکی چڕی تانکەکانی ئیسرائیل لەناو شارەکەدا.
ناساندنەوەی تەرمی دوو بارمتە
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناسنامەی پاشماوەی تەرمی هەردوو بارمتە "عومیرام کوپەر" و "ساهیر باروخ"ی پشتڕاستکردووەتەوە، کە پێشتر حەماس تەرمەکانیانی رادەست کردبوو.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکی دادی کاری لەسەر تەرمەکان کردووە، خێزانی هەردوو بارمتە کوژراوەکە ئاگادارکراونەتەوە.
تۆمەتبارکردنی حەماس بە پێشێلکردنی ئاگربەست:
پێشتر حەماس تەرمی 15 بارمتەی لە کۆی 28 بارمتەی گیانلەدەستداو رادەستی ئیسرائیل کردبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا بوو کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر لە 10ی ئەم مانگەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، بەشێک لەو پارچانەی حەماس رادەستی کردوون، هی بارمتەیەک بوون بەناوی "ئۆفیر تسەرفاتی" کە پێشتر سوپا تەرمەکەی دۆزیبووەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا سەربازێکی ئیسرائیلیش کوژرا.
دوای ئەمە، ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماسی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد و ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کرد "هێرشی بەهێز" ئەنجام بدات، هەروەها یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریش، هەڕەشەی ئەوەی لە حەماس کرد کە "باجێکی قورس" دەدات.
زیانەکان و وەڵامی حەماس
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 104 کەس، کە 46یان منداڵ بوون و ئەمەش بەرزترین ئاماری رۆژانە بووە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە.
لەوەڵامدا، بزوتنەوەی حەماس ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە کە بەهۆی وێرانکارییەکانی جەنگەوە، دیاریکردنی شوێنی تەرمەکان ئاڵۆز و قورسە. حەماس رونیکردەوە، "دۆزینەوەی تەرمەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا کاتی دەوێت و کەرەستەی پێویستمان بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکاندا نییە."
جێی باسە، بەپێی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتەی زیندووی ئازادکرد و لەبەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادکرد. بەپێی زانیارییەکانی دەزگا تەندروستییەکانی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تا ئێستا، لانیکەم 68,643 فەڵەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەریەکە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سنجار، ئەندامانی وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوێنێ لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەشتەپە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، گەیشتوونەتە "لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە دوێنێ پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکرایەوە، بوڵدان و سنجار ئاشکرایانکرد کە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان و وەفدی یاوەری نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە.
ئەندامانی وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی رایانگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندنێکی وردمان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هەنگاوەکانی داهاتوو کرد."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە خۆشحاڵییەوە دەمانەوێت ئەوە رابگەیەنین کە گەیشتینە لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییەکی هاوبەش لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە دەبنە هۆی خێراتر و تەندروستتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی عەشیرەتی زێباری کرد بۆ کۆچی دوایی (نوح ئەحمەد ئاغا زێباری)، برای هەریەک لە لەتیف زێباری و ئەرشەد زێباری.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو دەربڕی و هیوای سەبووریی بۆ هەموولایەک خواست.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان و خزمانمان لە عەشیرەتی زێباری
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (نوح ئەحمەد ئاغا زێباری) برای بەڕێزان کاک (لەتیف زێباری و ئەرشەد زێباری)مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و هاوبەشی ماتەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات. ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە پاکستان و ئەفغانستان لە 6ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) لە ئیستانبوڵ دەست بە دانوستانەکانی ئاشتی دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست تا ئەو وادەیە رێککەوتن.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد: "هەموو لایەنەکان لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەست رێککەوتوون. وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا لە ئیستانبوڵ لە 6ی تشرینی دووەم تاوتوێ دەکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەفغانستان و پاکستان لە ئیستانبوڵ کۆتاییان هاتووە، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە نێوەندگیریی تورکیا و قەتەر بەڕێوەچوو، و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان.
جێی باسە، گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە شەممەی رابردوو لە ئیستانبوڵ دەستیپێکردبوو، رۆژی چوارشەممە تووشی وەستان هاتبوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.
ئیسلام ئاباد، کە روبەروی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی بووەتەوە، لە کابل داوای "رێوشوێنی باوەڕپێکراو و یەکلاکەرەوە" دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گروپانەی کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەری بەکارناهێنن. بەڵام بەرپرسانی ئەفغانستان ئەم داواکارییانە بە "ناواقیعی" وەسف دەکەن.
دوو هەفتە پێش ئێستا، پێکدادانێکی بەرفراوان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات رویدا، دوای ئەوەی حکومەتی تاڵیبان هێرشی کردە سەر خاڵێکی سنووریی پاکستان وەک وەڵامێک بۆ ئەو تەقینەوانەی کابلیان هەژاندبوو، دواتر بە نێوەندگیریی قەتەر ئاگربەست لەنێوانیاندا راگەیەندرا.
شا چارڵزی سێهەم "هەنگاوی کردەیی" بۆ لێسەندنەوەی سەرجەم نازناو و رێزلێنانەکانی شازادە ئەندریوی دەستپێکرد، هاوکات ئاگادارکراوەتەوە کە دەبێت گرێبەستەکەی بۆ مانەوە لە ماڵەکەی لە "ڕۆیاڵ لۆج" لە ویندسۆر کۆتایی بهێنێت.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "ئاگاداریی رەسمی پێشکەش کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی مانەوەی و ئەو دەبێت بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوونی تایبەتی دیکە بگوێزێتەوە."
بەپێی بڕیارەکە، ئەندریو چیتر بە "شازادە" ناناسرێت و ناوی دەبێتە ئەندریو ماونتباتن ویندسۆر.
راگەیەندراوەکەی کۆشکی بەکینگهام ئاماژەی بەوە کردووە کە گرێبەستی مانەوەی لە خانووە 30 ژوورییەکەیدا "تا ئێستا پارێزگاریی یاسایی بۆ دابین کردبوو تا بەردەوام بێت لە نیشتەجێبوون."
هەروەها هاتووە: "ئەم سزایانە بە پێویست زانراون، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکە، کۆشکی بەکینگهام جەختی کردووەتەوە: "خاوەن شکۆ شا و شاژن دەیانەوێت ئەوە رون بکەنەوە کە بیر و هاوسۆزیی قووڵیان لەگەڵ قوربانیان و ڕزگاربووانی هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیدا بووە و بەردەوامیش دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوز، بڕیارە ئەندریو بگوێزرێتەوە بۆ موڵکێکی تایبەت لە ناوچەی ساندریگهام، کە خەرجییەکانی لەلایەن خودی شا چارڵزەوە بە شێوەیەکی تایبەت دابین دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کچەکانی ئەندریو، شازادە بیاتریس و شازادە یوجینی، نازناوەکانیان وەک خۆی دەهێڵنەوە، چونکە ئەوان کچی کوڕی پاشان.
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە بۆ ماوەی 22 ساڵ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان دواخستنی ژەمی بەیانیان و تێکچوونی تەندروستی و زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەدا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوودا.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە گۆڤاری "BBC Science Focus" بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە بەردەوام ژەمی بەیانیانیان دواخستووە، تێکڕای تەمەنیان 10 ساڵ کەمتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە کاتی خۆیدا نانی بەیانیان خواردووە.
توێژەران لە ماوەی بەدواداچوونە دوورودرێژەکەیاندا تێبینیی ئەوەیان کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات، بەشداربووان زیاتر ژەمی بەیانیان و ئێوارانیان دواخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ نانخواردن لە رۆژێکدا بەردەستە.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە خواردنی نانی بەیانی لە کاتێکی درەنگدا (بەتایبەت لە کاتژمێر 9ی بەیانی یان دواتر) لەوانەیە پەیوەندی بە چەندین کێشەی تەندروستییەوە هەبێت، وەک:
خەمۆکی
ماندوێتیی بەردەوام
تەندروستیی خراپی دەم و ددان
دکتۆر حەسەن داهتی، یەکێک لە توێژەرەکان، دەڵێت: "گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکیی کەسانی بەساڵاچوودا، بەتایبەتی کاتی نانی بەیانی، دەتوانێت وەک نیشانەیەکی ئاسان بۆ بەدواداچوونی تەندروستیی گشتییان بەکاربهێنرێت."
توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە زیادبوونی دیاردەی "رۆژووی پچڕپچڕ"، کە تێیدا خەڵک بە ئەنقەست ماوەی نێوان ژەمەکان درێژ دەکەنەوە و نانی بەیانی دوادەخەن، رەنگە کاریگەریی لەسەر ئەم دەرئەنجامانە هەبووبێت.
دوای گەمارۆیەکی 18 مانگی و پێکدادانێکی خوێناوی، شاری فاشر، دواین پێگەی سوپای سودان لە هەرێمی دارفور، بەتەواوەتی کەوتە دەست هێزەکانی پشتیوانیی خێرا. کەوتنی شارەکە دەرگای بەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتردا کردەوە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە "کۆمەڵکوژی" و "پاکتاوی رەگەزی" دەکەن، لە کاتێکدا چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتی لەوپەڕی مەترسیدایە.
کەوتنی فاشر و کرانەوەی دەرگای دۆزەخ:
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشەکانیان بۆ سەر فاشر چڕکردەوە و بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، لە ماوەی تەنها دوو رۆژدا نزیکەی 2000 کەس کوژراون. سەندیکای پزیشکانی سودان جەخت دەکاتەوە کە ژمارەی قوربانییەکان "زۆر لەوە زیاترە"، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و ئەو ترس و تۆقاندنەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بڵاویان کردووەتەوە، بەدواچوونی ورد بۆ ژمارەی قوربانییەکان ئەستەم بووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتوم "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لەمبارەیەوە دەربڕیوە و ئەو توندوتیژییەی بە "پەرەسەندنێکی ترسناک" وەسف کردووە. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە "نیشانەی رونی پاڵنەری رەگەزی لەپشت کوشتنەکانەوە هەیە."
بەڵگەکان تەنها قسەی شایەتحاڵەکان نین. تاقیگەی توێژینەوەی مرۆیی لە زانکۆی یەیڵ (Yale) لە ئەمریکا، لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە "بەڵگەی ڕوونی" لەسەر کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا کردووە. وێنەکان پەڵەی گەورەی خوێن و کۆمەڵێک تەرم لە شەقامەکانی فاشردا نیشان دەدەن کە پێشتر بوونیان نەبووە، ئەمەش پشتڕاستی ئەو تاوانانە دەکاتەوە کە باس دەکرێن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی پشتیوانیی خێرا ماڵ بە ماڵ گەڕاون و خەڵکیان لەسەر بنەمای ناسنامەی رەگەزییان گولـلەباران کردووە. هاوکات، کردەوەی قێزەونی وەک لاقەکردن، رفاندنی ژنان و منداڵان وەک بارمتە، و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجامدراون. لە لایەکی ترەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە کە "شۆک بووە" بە بیستنی هەواڵی کوژرانی زیاتر لە 460 نەخۆش و کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەی سعودی لە فاشر کە هیچ بەشدارییەکییان لە ململانێکاندا نەبووە.
ڕەهەندێکی رونی رەگەزی لە شەڕی فاشردا هەیە، چونکە گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانی هۆزی زاغاوە، کە بە "هێزی هاوبەش" ناسراون، شانبەشانی سوپا شەڕیان کردووە. بۆیە چەکدارانی RSF هاووڵاتیانی مەدەنیی زاغاوە وەک ئامانجی رەوا دەبینن.
سوپاش بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەو گروپە رەگەزییانە دەکاتە ئامانج کە وەک بنکەی پشتیوانیی RSF دەیانبینێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک سەنار و جەزیرە کە دەکرێت ئەوانیان حەشاردابێت.
ئیمی مەحمود، بەڕێوەبەری ستراتیژیی تۆڕی مرۆیی ئاوارەکان، دەڵێت: "ئیتر گرنگ نییە تۆ هاووڵاتیی مەدەنی بیت یان لە کوێ بیت، تەنانەت لە خەرتومیش، سەلامەت نیت. چونکە لە چاوتروکانێکدا، ئەوانەی چەکیان بەدەستەوەیە، دەتوانن و بەردەوام دەبن لە زیندانیکردنی ناڕەوا، بێسەروشوێنکردن، کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەمووان."
قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە:
کەوتنی فاشر شەپۆلێکی نوێ و گەورەی ئاوارەیی دروست کردووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 36 هەزار کەس لە شارەکە هەڵاتوون، کە زۆربەیان بە پێ بەرەو شاری "تویلە" رۆیشتوون کە 70 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی ناوخۆی سودان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 12 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات و پەنابردنی 1.5 ملیۆن کەسی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک میسر، لیبیا و چاد.
قەیرانەکە تەنها ئاوارەیی نییە، بەڵکو برسێتییەکی کوشندەشە. بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات کە زیاتر لە 24 ملیۆن سودانی روبەروی "نەبوونی ئاسایشی خۆراک" بوونەتەوە. لەم دۆخە ناهەموارەدا، حکومەتی سودان دوو بەرپرسی باڵای لە وڵات دەرکردووە، کە ئەمەش هەوڵەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.
خۆبەخشانی ناوخۆیی و رێکخراوە مرۆییەکان، وەک تۆڕی "ژوورەکانی فریاکەوتن" و خاچی سوور، داوای یارمەتیی بەپەلە دەکەن و رایانگەیاندووە کە توانایان بۆ بەهاناوەچوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەکان زۆر سنووردارە.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە توندی ئیدانەی هێرشی هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بۆ سەر شاری فاشر لە باکوری دارفور کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە "مەترسیی ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان، بەتایبەت تاوانی لەسەر بنەمای رەگەزی" دەربڕی.
لەکۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە سودان، دوو بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند کە کەوتنی فاشر "گۆڕانکارییەکی گەورەیە" لە قەیرانی سوداندا و هەواڵەکانی باکوری دارفوریان بە "سامناک" وەسف کرد.
رەگ و ریشەی ململانێکە: هێزەکانی پشتیوانی خێرا کێن و شەڕەکە چۆن دەستیپێکرد؟
هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) لە بنەڕەتدا لە میلیشیای "جەنجەوید"ەوە سەریان هەڵدا، کە لە کاتی شەڕی دارفور لە ساڵی 2003 لەلایەن عومەر بەشیری سەرۆکی ئەوکاتەوە بۆ سەرکوتکردنی هۆزە عەرەبەکان بەکارهێنران و بە دڕندەیی ناسرابوون. لە ساڵی 2013، ئەم میلیشیایانە بە رەسمی کرانە هێزێک بە ناوی "پشتیوانیی خێرا".
ئەم هێزە رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە روخاندنی حکومەتی بەشیر لە ساڵی 2019، پاشان لە ساڵی 2021 شانبەشانی سوپا بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان، کودەتایان بەسەر حکومەتی مەدەنیدا کرد.
بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ژەنەراڵ بورهان و محەمەد حەمدان دۆگلۆ (حمێدتی)، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بە سوپاوە و دیاریکردنی سەرکردایەتیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، قوڵ بووەوە. ئەم ناکۆکییە لە 15ی نیسانی 2023دا تەقییەوە و بووە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەر.
دابەشبوونی کردەیی و ئاییندەیەکی نادیار:
بە کۆنترۆڵکردنی فاشر، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئێستا بە کردەیی تەواوی هەرێمی دارفوریان لەژێر دەستدایە، کە هەرێمێکی ستراتیژی و فراوانە و لەڕووی سامانە سروشتییەکانی وەک زێڕەوە گرنگیی زۆری هەیە. ئەمەش وایکردووە سودان بە کردەیی دابەش بێت بەسەر رۆژهەڵاتێکی ژێر کۆنترۆڵی سوپا و رۆژئاوایەکی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست و دانوستان، بە نێوەندگیریی سعودیە، ئەمریکا و یەکێتیی ئەفریقا، تا ئێستا شکستیان هێناوە. کەوتنی فاشر و ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرفراوانانە، هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیی ئاڵۆزتر کردووە. لە کاتێکدا جیهان ئیدانەی تاوانەکان دەکات، چارەنووسی سودان و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەبەردەم داهاتوویەکی نادیار و مەترسیداردایە.
خێرایی روداوەکانی سودان وایکردووە پێشبینیکردنی ئەوەی چی رودەدات قورس بێت، بەڵام هەمووان هاوڕان لەگەڵ ئەوەدا، کە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بەرۆکی هاووڵاتیانی سودانی گرتووە و سودان وەک کەشتییەکی بێ کاپتن لەناو زەریایەک لە خوێندا دەخولێتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی وڵات دەکات تا بتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
لەسەر فەرمانی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاردرا بە رێگەپێدان بەو خوێندکار و قوتابییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی بڕیارەکە، خوێندکاران دەتوانن بۆ ماوەی (15) پازدە رۆژ، لە رێکەوتی 1ی تشرینی دووەمی 2025 تاوەکو 15ی تشرینی دووەمی2025 بگەڕێنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رونیشیکردووەتەوە کە "ئەو ماوەیە بە ماوەی مانەوەی ئاسایی بۆ خوێندکاران هەژمار دەکرێت"، واتە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن و مانەوەیان لە دەرەوەی وڵات نابێت.
ئەم بڕیارە بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتێکی گونجاوە بۆ خوێندکاران تا بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بکەن، کە بڕیارە لە11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
لە ساڵیادی کۆچی دوایی دکتۆر نەجمەدین کەریم، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارێزگاری پێشووی کەرکوک، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و یادی خزمەتەکانی بەرز راگرت.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا کە لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "بە رێزەوە یادی هەموو ئەو خزمەتانەی دەکەینەوە کە پێشکەشی گەلەکەی کردووە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تاڵەبانی بە تایبەتی ئاماژەی بە رۆڵ و کاریگەریی دکتۆر نەجمەدین کەریم کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رایگەیاندووە: "رەوەندی کوردی لە ئەمریکا هەرگیز ماندووبوون و هەوڵە بەردەوامەکانی لە گەیاندنی دەنگی کورد بە ناوەندەکانی بڕیار لەبیر ناکات."
ئەمڕۆ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، سەردانی ماڵی فاشنی عیراقی کرد لە ناوچەی زەیونەی شاری بەغداد و لەلایەن دکتۆر فازڵ محەمەد بەدرانی، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار بۆ کاروباری رۆشنبیری، و نەجوان فارس، بەڕێوەبەری گشتیی ماڵی فاشن، پێشوازیی لێکرا.
لە درێژەی سەردانەکەیدا، خانمی یەکەم بەشداریی لە چالاکییەکی رۆشنبیریدا کرد کە لەلایەن ماڵی فاشنی عیراقی و سەنتەری رۆشنبیریی عەرەبی-کوردییەوە لەژێر دروشمی "هەرچەندە دەزووەکان جیاوازبن، هێشتا چنینەکە یەک پارچە دەبێت" رێکخرابوو.
لای خۆیەوە، خانمی یەکەمی عیراق خۆشحاڵی و سەرسامیی خۆی بە سەردانیکردنی ئەم ماڵە دێرینە دەربڕی و بە "ماڵێکی جوان کە رەنگەکانی مێژووی عیراقی تێدا کۆکراوەتەوە" وەسفی کرد. هاوکات، دەستخۆشیی لە سەرجەم دیزاینەر، کارمەند و بەرپرسانی ئەو "گەنجینە جوانەی بەغداد" کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە، پێشوازی لە وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بەڕێوەدەچێت و ئەمە سێیەمین دیداری رەسمییە کە لەم ساڵدا لە نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و دەم پارتیدا ئەنجام دەدرێت.
زانیاری دەربارەی کۆبوونەوەکانی پێشو:
یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و وەفدی دەم پارتی لە 10ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، کە وەک یەکەم دیداری فەرمی لە دوای 13 ساڵ پچڕان تۆمارکرا. ئەو کات وەفدەکە، کە بە "وەفدی ئیمرالی" ناسرابوو، پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وان، و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری کۆچکردووی ئیستانبوڵ.
کۆبوونەوەی دووەم لە 7ی تەمموز ئەنجامدرا و وەفدەکە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری ڕحا. لەو کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەبوون و دیدارەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "واینێت"ی عیبری، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی دوو بارمتەی دیکە لە کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە شوێنی تەرمی هەریەک لە عومیرام کوپەر و سەحەر باروخیان دیاری کردووە.
سەرچاوە هەواڵییە عیبرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پێشوازی لە تەرمی ئەو دوو بارمتەیە دەکات، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین دێت کە لە رۆژانی رابردوودا ئەنجامدراون.
شەوی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل توانیبووی تەرمی هەریەک لە ئاریێ (زەلمان) زەلمانۆڤیچ و تامر ئادار وەربگرێتەوە، کە ئەمەش لەڕێگەی هەماهەنگیی ئەمنی و رێککاری تایبەتەوە کرابوو. راگەیاندنەکەی حەماس لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی کوپەر و باروخ، وایکردووە دەزگا ئیسرائیلییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تەرمەکان وەربگرنەوە.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە دوای زیاتر لە هەفتەیەک دێت لە دواین ئۆپەراسیۆنی حەماس، کە بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ئامادەباشی لەناو دەزگا ئەمنی و پزیشکییەکانی ئیسرائیلدا. دامەزراوە ئیسرائیلییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم بارمتەکانی دیکە، چ بە زیندوویی بێت یان وەک تەرم، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی بەردەوامە لەگەڵ نێوەندگیر و هاوبەشە مەیدانییەکاندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: ئێمە خزمەتکاری خەلکی خۆمانین و بەشدار لە حکومەتێک ناکەین خزمەتی هەموو هەرێمی کوردستان نەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە دەروازەی راپەڕین وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئاگری دیكتاتۆر رووخاندن لە دەروازەی راپەڕین داگیرسێندرا و دەروازەی كوردایەتی دەڤەری راپەڕینە.
وتیشی، گوێ لە داواكاری خەڵكی كوردستان دەگرین و جێبەجێی دەكەین و نابینە بەشێك لە حكومەتێكی لاواز لە هەرێم، هەروەها نابینە بەشێك لە حكومەتێك قوتی خەڵك ببڕێت بۆ پێكهێنانی گروپی چەكدار.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆك مام جەلال ئاشتی لەنێوان كورد و تورك دروستكرد، دەشڵێت، خاكی كوردستان رادەست داگیركەر ناكەین.
راشیگەیاند، راپەڕینی تر دروستبكەن و بەدەنگ و هێزی ئێوەوە دەچینە بەغداد و شەڕی مافە دەستورییەكان دەكەین بە رێگەی دیپلۆماسی نەك بە دروشم، چونکە موچە و كێشە ستراتیژییەكان لە بەغداد چارەسەر دەكرێن نەك لە هەولێر.
سەرۆکی یەکێتی ئاشکرایکرد، لە بەغداد گوێ لە یەكێتی دەگیرێت، بۆیە بەغداد چۆڵناكەین و لەوێوە زۆرترین خزمەتی كوردستان دەكەین وهیچ كاتێك پشت لە خەڵك ناكەین
لەکۆتایی وتارەکەیدا سەرۆك بافڵ وتی، سندوقەكانی دەنگدان سەوز بكەن و هێزی زیاترمان پێببەخشن، هەروەها لیستی 222ی یەكێتی لیستی هەموو چین و توێژەكانی كوردستانە.