ئیسرائیل کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس داخست و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە رەسمی داخستنی کۆنسوڵخانەی بەریتانیای لە قودس راگەیاند و چەند رێوشوێنێکی توندی دژی دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرتەبەر.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە بڕیاری پێشووی ئێد مێلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کە تیایدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی لە جوونشینە نایاساییەکانی کەناری رۆژئاوا راگەیاندبوو. ساعر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکەی بەریتانیا قبوڵنەکراوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانیاندا، نوێنەرانی بەریتانیا لە ناوەندی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەرتی غەززە لە باشوری ئیسرائیل دەردەکرێن، ھەروەھا کۆتایی بە چالاکییە تایبەتییەکانی بەریتانیا بۆ مەشقکردن بە ھێزەکانی فەڵەستین لە کەناری رۆژئاوا، دەھێنن.
ھەروەھا جەدعون ساعر، راشیگەیاندووە کە سەردانیکردنی بۆ ئیسرائیل لە 12 بەرپرسی بەریتانیا و ژمارەیەک ھاووڵاتیی دیکەی بەریتانیا بەھۆی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی "دژە جوو"، قەدەغە کردووە.
سوپای ئەمریكا دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیك دوورگەی خارك بۆردومان كرد و لێپرسراوێكی ئەمریكاش دەلێت هێرشەكە بۆ خنكاندنی ئابوریی ئێرانە.
میدیایاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هێزەكانی ئەمریكا بە موشەك دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانییان لە لە نزیك دوورگەی خارك و بەندەری جاسك كردووەتە ئامانج.
دوابەدوای تەقینەوەكان لێپرسراوێكی ئەمریكی بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاند، سوپای ئەمریكا كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێرانی پێكاوە.
ئاشكراشیكرد، هێرشەكان بەشێكن لە هەوڵە بەردەوامەكانی واشنتۆن بۆ خنكاندنی ئابوریی ئێران، نەك دەستپێكی قۆناغێكی نوێی جەنگ.
لە بەرانبەردا بارەگای خاتەم وئەلئەنبیا رایگەیاند، سوپای ئەمریكا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر سێ نەوتهەڵگری كردووە و هۆشداریشی دا لە ئەگەری هەر هێرشێكدا راستەوخۆ بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە تەواوی ناوچەكەدا دەكەنە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێران لە پشتی هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکانەوەیە بۆ سەر خاکی سعودیە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حوسییەکان دارودەستەی ئێرانییەکانن، دەشڵێت؛ زۆر بە روونی دیارە ئێران لەپشتی بەشێک لەم روداوانەوەیە.
ئاشکراشیکرد، پەیوەندییەکی سەربازیی بەرگریی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و سعودیەدا هەیە و واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پێشهاتانە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای یەمەن کرد و وتی، باوەڕی وایە هەندێک ئۆپەراسیۆنی زەمینیش هەیە، کە هێزەکانی یەمەن رووبەڕووی حوسییەکان دەبنەوە و بەرپەرچی بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەوی دەدەنەوە.
لە پێشهاتێکی مەیدانییدا، رووبەری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا بەڕێژەی %2 کەمبووەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای یەمەن هێشتا ئۆپراسیۆنی بەرفراوان و هێرشی گشتگیریان دەستپێنەکردووە، بەڵکو ئێستا پرۆسەی تێکشکاندنی هێڵەکانی بەرگری، و ئاسایشکردنی رێگە ستراتیژییەکان بەڕێوەدەبەن.
رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن، رایگەیاند: هێزە چەکدارەکان تواناێەکی بەرزیان لە بەرپەرچدانەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی حوسییەکان نیشانداوە، و رۆڵی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە پشتیوانیکردنی هێزە زەمینییەکان بەرز نرخاند.
عەلیمی ئاماژەی بەوەکرد: حوسییەکان بەرپرسیارن لە تێکچوونی رەوشەکە ، وهاوکات هۆشداری دا لە هەوڵەکانی ئەو گرووپە بۆ بەکارهێنانی خاکی یەمەن وەک سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە رێڕەوە ئاوییەکان و هێڵەکانی بازرگانیی جیهانی.
لە لایەکی ترەوە، سەمیر سوبەیری، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی یەمەن، بڕیاری ئازادکردنەوەی سەنعای بە یەکلاکراوە لەقەڵەم دا.
هاوکات، پێشڕەوییەکانی سوپای یەمەن بەرەو سەنعای پایتەخت بەردەوامییان هەیە و نزیکترین خاڵی پێشڕەویی هێزە حکومییەکان لە ئێستادا تەنیا 58 کیلومەتر لە ناوەندی پایتەختەوە دوورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین بەرەی جەنگ، بەتایبەت لە پارێزگاکانی تەعز، جەوف و بەیدا، ئاڵۆزیی سەربازیی بێوێنەیان بەخۆیانەوە بینیوە.
توركیا بڕیاریدا بودجەی وەزارەتی بەرگریی بۆ ساڵی 2027 بە رێژەی 86% زیاد بكات، بە مەبەستی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازی ناوخۆیی.
حكومەتی توركیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاردراوە بودجەی وەزارەتی بەرگریی بۆ ساڵی داهاتوو زیاد بكات و بڕی بودجەكەش دەگاتە یەك تریلیۆن و 533 ملیار لیرە، ئەو بودجەیەش بەراورد بە ئەمساڵ بە رێژەی 86% زیادبوونی بەخۆوە بینیوە.
جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، مەبەستیان لەو زیادكردنە دابینكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكانە و دەیانەوێت و كۆتایی بهێنن بە كڕینی چەك و كەرەستەی سەربازیی لە وڵاتانی دەرەوە.
وتیشی، بەپێی پلانەكە كۆی خەرجییە بەرگرییەكان لە ماوەی جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی سێ ساڵیدا بە رێژەی 229% زیاد دەكات و حكومەتی ئەنكەرەش پلانی هەیە تا ساڵی 2029 بەردەوام بێت لە تەرخانكردنی بودجەی زیاتر بۆ كەرتی سەربازیی.
سەرۆکی کۆماری ئێران، رایگەیاند وڵاتەکەی هەمیشە دژە جەنگ بووە و بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان تا دوژمنەکانیان پەشیمان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ بەردەوام دەبن لە دژایەتی زوڵم و هێرشيکانی دوژمن.
پزیشکیان جەختیکردوەتەوە، هەروەک چۆن تاوەکو ئەمڕۆ لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەکدا بەرگرییان لە خۆیان کردووە، بە هەمان هێز و تواناوە لە سەر ئەم بەرخۆدانە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەستدرێژکاران بە تەواوی پەشیمان دەکەنەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئێران هەمیشە دژی جەنگ بووە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی و ئاسایشی ناوچەکەی لە دورکەوتنەوە لە خۆشکردنی ئاگری جەنگدا دەبینێتەوە.
شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا تێپەڕیوە و درێژەپێدانی سزاکان بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت، تاران لە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانی بێبەش دەکات؛ هاوکات بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، هەڵاوسان زیادی کردووە و ئابوری ئێران بەرەو قەیرانێکی قووڵتر رۆچووە، کە کاریگەری تەواوی کردوەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکە.
تاران، کە بڕبڕەی پشتی ئابورییەکەی پەیوەستە بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە، ئێستا خۆی لە ناوەڕاستی گەمارۆیەکی توندی دەریاییدا دەبینێتەوە، کە رێگە لە دەستگەیشتنی دەگرێت بە گرنگترین سەرچاوەی دراوی بیانی.
ئەم تەنگژە داراییە بوەتە هۆی کەمی دراوی بیانی و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە، بەهای دراوی وڵاتەکەی دابەزاندووە و ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 80٪ بەرزکردووەتەوە.
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویکردوەتەوە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی ئاوەکانی کەنداوەوە و کۆگاکانی ناو دەریای نەوتی ئێران کە پێشتر 90 ملیۆن بەرمیل بوون، بۆ 29 ملیۆن بەرمیل دابەزیون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتودا بە تەواوی بەتاڵ ببن.
گەرچی ئێران دەستەوەسان نییە و لە رێگەی وشکانییەکانی بە بارهەڵگر هەوڵی تێشکاندنی گەمارۆکەی داوە، بەڵام ئەمە بەس نییە و واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت؛ توانای گواستنەوەی وشکانی زۆرترینی 40هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا، ئەمەش وایکردوە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی داڕمانی 5.4٪ی ئابووری ئێران بکات.
لە بەرانبەر ئێران ئەم زانیاریانە رەتدەکاتەوە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت و پارەکەشی وەردەگرنەوە.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیش، دڵنیایی لە بونی دراوی پێویستی بیانی دا و دەڵێت؛ وڵاتەکەی تووشی داڕمانی ئابوریی سەخت نەبووە و ئەگەری هەڵئاوسانی گەورەش لاوازە.
بەڵام ئامارە دەریاییەکان و داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاریی بازاڕی نەوت وێنەیەکی جیاواز لە لێدوانی لێپرسراوانی تاران نیشان دەدەن.
بەپێی داتاکانی کێپلەر، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران نەیتوانیوە لە گەمارۆی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا تێپەڕێت و هەناردەی رۆژانەی نەوت لەناو کەنداو لە مانگی ئابدا دابەزیوە بۆ 255 هەزار بەرمیل، کە ئەمەش 85٪ کەمترە بەراورد بە مانگەکانی پێش گەمارۆکە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم رەوشە قەیرانی دراوی بیانی لە ناوخۆی ئێراندا قووڵتر کردووەتەوە، بەجۆرێک کە رێگریکردن لە چوونی دۆلار بۆ ئێران، فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر بەهای تمەن و ئابوریی وڵاتەکە.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، لە شەپۆلێکی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە زیاتر لە 70 کەس برینداربوون و دامەزراوە مەدەنی و ئابورییەکانیان کردوەتە ئامانج و وەزارەتی وزەی سعودیەش دەڵێت؛ ژمارەیەک دامەزراوە و ناوەندەکانی وزە زیانیان بەرکەوتوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وتەبێژی هاوپەیمانی سعودییە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندوە، حوسییەکانی یەمەن، کە ئێران پاڵپشتیان دەکات دامەزراوە مەدەنی و ئابورییەکانیان لە شارەکانی ئەبها، جازان، نەجران و خەمیس مشێت کردووەتە ئامانجی سحودییە کردوەتە ئامانج.
جەختیشیکردوەتەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە 73 کەس بریندار بوون وهەموو رێکارێکی پێویست دژیان دەگرنبەر، ئەمەش پەرەسەندنێکی گەورەیە لە نوێبونەوەی ململانێی نێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکانی یەمەن.
وەزارەتی وزەی سعودیەش رایگەیاندوە، بەهۆی هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە باشوری وڵات، ژمارەیەک دامەزراوە و ناوەندەکانی وزە زیانیان بەرکەوتووە و ژمارەیەک کارمەندیش برینداربوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و هێزەکانی حکومەتی یەمەنی هاوپەیمانی سعودیە توندتر بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بەو ئاگربەستە چوار ساڵەیەی کە لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا راگەیەندرابوو.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە، گەمارۆی ئەمریکا و کەمبونەوەی یەدەگی نەوتی ئێران، ئابوری ئێرانی تێکشکاندوە و قەیرانی نەبونی دراوی بیانی دروست کردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کەپلەر کە بە بەدواداچونی بۆ جوڵەی کەشتیونای دەکات، لەو کاتەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە دەستی بە گەمارۆکە کردووە، هیچ نەوتێکی خاوی ئێران نەیتوانیوە بەو گەمارۆیەدا تێپەڕێت.
هاوکات، قەبارەی نەوتی خاوی ئێران، کە لە دەرەوەی گەمارۆکەیە و لەسەر کۆگائاوییەکانە، لە 90 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 29 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و پێشبینیش دەکرێت لە مانگی داهاتوودا بە تەواوەتی خاڵیببنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەش مانگ بەسەر جەنگدا تێپەڕیوە و فشاری هەناردەکردنی نەوت تارانی لە سەرچاوە سەرەکییەکەی دراوی بیانی بێبەش کردووە؛ بەهای تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی لە مێژودا دابەزیوە، هەڵاوسان بەرزبوەتەوە و ئابووری وڵاتەکەش لە قەیرانێکی تەواو قوڵدایە.

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئیسرائیل هۆکارەکەیەتی لە ئێستادا هەموان باجەکەی دەدەن، جەختیشدەکاتەوە بە دەستەوسانی ناوەستن بەرانبەر ئەو هەوڵانەی بۆ گەمارۆدانی تورکیا دەدرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستەوسان ناوەستێت بەرانبەر ئەو هەنگاوە دوژمنکارانەی، کە ئامانجیان گەمارۆدانی تورکیایە.
جەختی کردەوە لەوەی رێگە نادەن هیچ لایەنێک رێگرییان لێ بکات لە بەردەوامبوون وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و گەشەسەندوو.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەش کرد، باجی ئەو جەنگەی بە پیلانەکانی ئیسرائیل دەستی پێکردووە تەنها بەرۆکی ئێران و وڵاتانی کەنداو ناگرێتەوە بەڵکو هەموان دەیدەن.
هاوکات ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە درۆ و کارە تێکدەرەکانی بووەتە هۆی شکستپێهێنانی "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد" کە ناوچەکە زۆر پێویستی پێی بوو.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەشڵێت؛ تا ئەو عەقڵییەتە توندڕەوەی ئیسرائیل بەردەوام بێت قەیرانەکانی ناوچەکە هێور نابنەوە.
رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە لە ناوچەی جازان تووشی هێرش بوونەتەوە و تا ئێستاش پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بەردەوامە. لە هەمان کاتدا گرووپی حوسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، هێرشەکەی ئەمڕۆ لە رووی قەبارەی زیان و بەرفراوانییەوە هاوشێوەی ئەو هێرشەیە کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا ئەنجام درا، کە ئەوکات بووە هۆی وەستاندنی پاڵاوگەی جازان (بە توانای پاڵاوتنی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا) ئەمەش کۆمپانیای ئارامکۆی نەچار کرد هەناردەکانی لە رێگەی دەریای سورەوە دووبارە ئاڕاستە بكاتەوە.
شارۆچکەی جازان بە نزیکترین شاری صەنعایی سعودیە بۆ سەر سنوورەکانی یەمەن هەژمار دەکرێت و پێشتریش چەندین جار دامەزراوەکانی لەلایەن حوسییەکانەوە کراونەتە ئامانج.
لە میانی ئاڵۆزبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات هەڕەشەی بڕین و تێکدانی ژێرخانی ئابووری و کەشتیگەلی نەوتیی یەکتر دەکەن.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاڕاستەی هەڕەشەکانی رووی لە تاران کرد و رایگەیاند: زۆر سادەیە ئەگەر ئێران تەقە لە کەشتییەکانی ئەمریکا بکات، ئێمە نەوتهەڵگرەکانیان تێکدەشکێنین و نوقمیان دەکەین. تەنها پێویستە تەقە لە کەشتیگەلی دەریایی ئەمریکا نەکەن.
لە بەرانبەردا، محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و دانوستانکاری باڵای وڵاتەکە، وەڵامی هەڕەشەکانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد: زۆر سادەیە، زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەم ناوچەیەدا زۆر بەربڵاو، دەستگەیشتوو و کراوەیە، کۆمپانیا نەوتی و گازییەکانی ئەمریکاش لەم ئاو و دامەزراوانەدا هەمان مەترسییان لەسەرە. هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانمان، هێرشتان دەکرێتەوە سەر. پێشتریش ئەوەمان سەلماندووە؛ بچن پرسیار لەو بنکەیانە بکەن کە ئیتر لەکارکەوتوون.
ئەم ئاڵوگۆزی و هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان، لە وەڵامی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، کە ئەمەش مەترسییەکانی پەککەوتنی ئابووری و گواستنەوەی وزەی لە سەرانسەری جیهاندا بەرزکردووەتەوە.
ئێران هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی کۆریای باشور دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە لەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گەروی هورمز.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ هەر بەشداریکردنێک یان ئامادەیییەکی سەربازیی کۆریای باشور لە ئۆپراسیۆنەکانی کەنداو و گەروی هورمز، وەک پشتگیریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێت و بەشداری لەو جۆرە رێکارانەدا دەرئەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت هیچ وڵاتێکی خاوەن سەروەری و بەرپرسیار خۆی رادەستی فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا بکات و ببێتە هاوبەش لە کردەوە دژایەتییەکان بەرانبەر گەلی ئێران.
ئەم هۆشدارییەی تاران لە کاتێکدایە کە سیئول لەژێر فشاری ئەمریکادا تاوتوێی بەشداریکردن دەکات لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیرانی لە گەروی هورمز، بە جۆرێک لەنێو بژاردەکانیدا ناردنی فڕۆکەی دەوریەی دەریایی، کەشتیی پشتیوانی یان تیمی تایبەت بە رزگارکردن و هەڵگرتنەوەی مین دەبینرێتەوە.
موحسین رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیەنێت، گەروی هورمز بە تەواوی داخراوە و بەمزووانەش ناوچەیەكی قەدەغەكراو لە دەرەوەی گەروەكە رادەگەیەنن.
موحسین رەزایی لە وەڵامی لێدوانەكانی ترەمپ سەبارەت بە كردنەوەی گەروی هورمز و هەناردەكرنی نەوت لەو رێڕەوە ئاوییەوە گرنگە وتی، ئەو دەنگۆیانە بەتەواوی دوورن لەراستییەوە.
راشیگەیاند، لەكاتێكدا پێشتر رۆژانە بە ملیاران دۆلار و ملیۆنان بەرمیل نەوت بە گەرووەكەدا تێدەپەڕی، ئێستا تەنها چەند كەشتییەكی كەمی پێدا تێدەپەڕن.
وتیشی، ئێران ناوچەیەكی قەدەغەكراو لە دەرەوەی گەروی هورمز رادەگەیەنێت و هەر كەشتییەك سەرپێچی بكات دەخریتە لیستی سزاكانەوە.
راشیگەیاند، لە 48 سەعاتی رابردوودا بۆ یەكەمجار ئێران موشەكێكی تایبەتی دژی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكای تاقیكردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە سەكۆی ئەلیكترۆنی تایبەت بەخۆی ئاماژەی بەوە كردووە، تێپەڕبونی نەوت لە گەروی هورمز گەیشتووەتە 18 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە نزیك ئاسایی بونەوەی خۆی بۆ پێش جەنگ، هاوكات جەختی كردەوە كە هەناردەی نەوتی تاران گەیشتووەتە سفر و بەهای دراوەكەشیان بەرەو داڕمان دەچێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، پێناچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ئیمزابکرێت و رەنگە تا هاتنی دەسەڵاتێکی نوێ لە تاران دوا بکەوێت.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، رەنگە بەهیچ جۆرێک رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رونەدات، بەڵکو تەنها پرۆسەکە کورتببێتەوە بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
وتیشی، لەوانەیە ناچار بن چاوەڕێی ئیدارەیەکی نوێی ئێران بن بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتن، هێزەکانیشیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و زامنکردنی ئاسایشی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەیان لەگەڵ ئێران تەنها پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە بووە، نەک جەنگ.
بڕیارە سبەینێ، دووەمین كاروانی ئاوارەكانی سەرێكانی كە لە 725 خێزان پێكدێن، لە كەمپەكانەوە بەرەو گوند و ناوچە رەسەنەكانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی شارەكە و تەل تەمەر و زرگان بگەڕێنرێنەوە.
لیژنەی ئاوارەكانی سەرێكانی لە راگەیانراوێكدا ئاشكرایكردووە، ئەم خێزانانە لە كەمپی تەڵایەعەوە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێدەكەون.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ كۆتاییهێنان بە مەینەتیی چەندین ساڵەی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پڕۆسەی گەڕانەوەكە بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام دەدرێت تا گەشتێكی ئارام بۆ هاووڵاتییان مسۆگەر بكرێت.
یەكەمین كاروانی ئاوارەكان لە 10ـی مانگی رابردوودا بەڕێكەوت كە نزیكەی 400 خێزانی لەخۆگرتبوو، ئێستاش پڕۆسەكە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بەردەوامە.