نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە ٧٩ دۆلار و ٥٠ سەنت و بەڕێژەی ٠٣% دابەزی.
ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش بە ٧٤ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و بەڕێژەی ٠٢% دابەزیوە.
دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە جیھاندا پاش دیاریکردنی نرخی نەوتی روسیا دێت لەلایەن وڵاتانی جی حەوت و ئوستوراڵیاوە کە ھەر بەرمیلێک نەوتی روسیا لە دەریاوە ٦٠ دۆلار دەبێت.
بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئەمڕۆ ١٥٨ ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو، بەڵام بڕیارە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ١٢٥ ملیۆن دۆلار بخاتەڕوو.
زۆربەی ئەوانەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو کاردەکەن، دۆلار دەکڕن و کەمترینیان دۆلار دەفرۆشن بە تایبەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندی بۆ سبەینێ پێنجشەممە خستنەڕووی دۆلاری کەمکردەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەڕێژەی ٢.٢% بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٧ دۆلار و ٤١ سەنت، نەوتی تەکساسیش بەرێژەی ٢% بەرزبووەو و یەک بەرمیل گەیشتە ٨١ دۆلار و ٦٢ سەنت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس ھات، کە تێیدا بڕیاردرا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەجێگیری بمێنێتەوە.
ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێنرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی رێکارەکانی قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە چەند شارێکی تری وڵاتی چین، بەو پێیەی ئەو وڵاتە یەکێکە لە گەورەترین ھاوردەکاری نەوت لە جیھاندا.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەسەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ پلانێکیان داڕشتووە بە مەبەستی زیاتر پێشخستن و گەشەپێدانی کەرتی نەوت بەتایبەتیش لە بوارەکانی بەرھەمێنان و زیادکردنی یەدەگی نەوت و فراوانکردن و گۆڕانکاری لە شێوازی رێگەکانی ھەناردەکردن و نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی نەوت لە پێناو زیادکردنی داھات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە بڕگەکانی پلانەکە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی بۆرییەکانی ھەناردەی نەوتە، کە لەئێستادا بەھۆی کۆنی سیستمەکەوە بڕێکی زۆر نەوت لەکاتی ھەناردەکردندا بەفیڕۆ دەچێت و ھەندێک لەبیرە نەوتەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاری و نۆژەنکردنەوە ھەیە، جەختیشیکردەوەتەوە، پلانەکە بەتەواوی ئامادەکراوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی تشرینی دووەم بڕی ٩٩ ملیۆن و ٨٦٧ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و داھاتەکەی گەیشتووەتە ھەشت ملیار و ٢٣١ ملیۆن دۆلار.
رونیشیکردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشور ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار بەرمیل و لە کێلگە نەوتییەکانی کەرکوکیش ٢ ملیۆن ٣٦٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە و تێکڕای رۆژانەی ھەناردەکردن ٣ ملیۆن و ٣٢٩ ھەزار بەرمیل بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتیش گەیشتووەتە ٨٢ دۆلار و ٤١٧ سەنت.
بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم داھات و نرخی نەوتی عێراق کەمیکردووە و لە مانگی تشرینی یەکەمدا داھاتی نەوت ٩ ملیار و ٢٥٨ ملیۆن دۆلار بووە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش ٨٨ دۆلار و ٣١ سەنت بووە.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھانی، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی ٢.٦% دابەزی و گەیشتە ٨١ دۆلار و ٤٧ سەنت، کە نزمترین ئاستە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تۆماربکرێت.
نرخی نەوتی تەکساسیش بەڕێژەی ٢.٧% دابەزینی تۆمارکرد و گەیشتە ٧٤ دۆلار و ٢٠ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک.
دابەزینی نرخی نەوت بەھۆی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی چینە دژی کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا، کە دوو رۆژە لەسەر یەک بەردەوامە و شارە گەورەکانی گرتووەتەوە، چونکە مەترسی لەسەر داواکاری نەوت دروستکردووە، بە تایبەت کە چین گەورەترین ھاوردەکاری نەوتە لە جیھاندا.
"سەعدون موحسن" یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە رایگەیاند، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رۆژانە ٤٣ ملیۆن نەوت بەرھەم دەھێنێت و عێراق ١١%ی بەرھەمھێنانی ئەو نەوتە پێکدەھێنێت، بڕیارەکەشی بە کەمکردنەوەی ھەناردەی نەوت، کاریگەری لەسەر ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق دروست نەکردووە.
وتیشی پێشبینی دەکەن، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ساڵی داھاتوو لە نێوان ٨٥ بۆ ٩٥ دۆلار یاخود کەمتر بێت.
بڕیارە رۆژانی ٣ و ٤ی مانگی داھاتووش، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کۆبێتەوە و رەوشی ئێستای بازاڕی نەوت تاوتوێ بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە بانکی ناوەندی عێراق ١٢٤ ملیۆن و ٩٩١ ھەزار دۆلاری خستۆتەڕوو کە ١٠٤ ملیۆنی بە حەواڵە بووە، و ٢٠ ملیۆنیش بە کاش بووە.
بۆ سبەینێ دووشەممە ٢٨ی ١١، بانکی ناوەندی ١٣٩ ملیۆن و ٥٢٤ ھەزار دۆلار دەخاتەروو کە ٩٦ ملیۆنی بەشێوەی حەواڵەو ٤٣ ملیۆن دۆلاریشی بەشێوەی کاش دەبێت.
کۆمپانیای دانەغاز راپۆرتێکی لەبارەی داھاتی کۆمپانیاکە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قەبارەی قازانجی ماوەی کۆمپانیاکەیان ١٦١ ملیۆن دۆلار بووە و داھاتی گشتیان ٢٤% زیادیکردووە، کە ٧٤ ملیۆن دۆلاری بۆ کۆمپانیای "پیرڵ پترۆڵ"ی ھاوبەشیان و ٨٦ ملیۆن دۆلاریشی بۆ کۆمپانیای دانەغاز بووە.
بە پێی راپۆرتەکە، ئاستی بەرھەمھێنانی وزەیان لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی %١١ زیادیکردووە.
کۆمپانیای دانەغاز گەورەترین کۆمپانیای بەرھەمھێنانی غازە لە ھەرێمی کوردستان و لە ئێستادا کارەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆر ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای نەوتی زیقار رایگەیاند، دوای تەواوبوونی کارەکانیان، ١٠ بیری نوێ بۆ کێڵگەی نەوتی غەڕاف کە سەر بە پارێزگای زیقارە زیادبووە و بەوەش کۆی ژمارەی بیرە نەوتەکانی ئەو کێڵگە نەوتییە گەیشتووەتە ١٢١ بیر بەسەر دوو بەشدا دابەشکراون کە ١٠١ بیریان تایبەتن بە بەرھەمێنانی نەوت و ٢٠ بیری تریش ھاوکار و پشتیوانی بیرەکانی بەرھەمھێنانن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان سنوری پارێزگای زیقار زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و بە مەبەستی دۆزینەوەشیان لە کارکردنی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی غەڕاف.
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی عێراقەوە رایگەیاند، نیازیان نییە لە داھاتوویەکی نزیک یاخود دوور بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بگۆڕن، چونکە ھەر گۆڕانکارییەک کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.
سەرچاوەکە وتیشی، بانکی ناوەند بەھای دۆلار و دینار وەک خۆی دەھێڵێتەوە و ئەوەشیان بە حکومەتی نوێی عێراق راگەیاندووە.
دوێنێ مالکی لە توێتێکدا داوایکرد، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکرێتەوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بکرێتە ١٣٧ ھەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی. وتیشی، بڕیاری پێشوو بۆ دابەزینی بەھای دینار، قەیرانی گەورەی ئابوری بۆ خەڵک دروستکردووە.
لای خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، حکومەتەکەی پابەند دەبێت بە سیاسەتی نەختینەی و دراوی بانکی ناوەندی عێراق.
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت سۆمۆ سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داھاتی نەوتی ئەمساڵ تائێستا بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی ٧٠.٦% زیادیکردووە کە لە مانگی پێنجی ئەمساڵیشدا بەرزترین ئاستی داھاتی نەوت ھەبووە کە ١١ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن و ٥١٤ ھەزار دۆلار بووە.
راشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق بۆ کۆکردنەوەی داھات بە رێژەی ٩٦% پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە.
ھەروەھا کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا داھاتی نەوتی عێراق ٩٠ ملیار و ٣٨٨ ملیۆن و ٧٨٦ ھەزار و ٣٣٦ دۆلار بووە کە داھاتی نەوتی تێکڕای مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیار و ٤٣ ملیۆن و ١٩٨ ھەزار دۆلار بووە.
بوڵ تیودور جۆنز، بەڕێوەبەری سندوقی پاراستن داو جونز دەشڵێت، " دوای ئەوەی بانکی فیدراڵی بە خێرایی ھەڵاوسانی بەرز کە رێژەی لەسەدا ٨.٣ بوو، بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود سنووردار کردووە، پاشەکشەی ئابووری نزیک بووەتەوە".
پۆڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ھەمیشە بۆمان دەردەکەوێت و سەرمان سوڕدەمێنێت کاتێک پاشەکشە بە رەسمی دەست پێدەکات.
نووسینگەی نیشتمانی توێژینەوەی ئابووری ئەمریکا، پاشەکشە بەم شێوەیە پێناسە دەکات "دابەزینێکی بەرچاو لە چالاکیی ئابووریدا، لە ڕێگەی ئابوورییەوە بڵاودەبێتەوە و زیاتر لە چەند مانگێک دەخایەنێت".
دامەزرێنەر و بەرپرسی وەبەرھێنان لە کۆمپانیای تیودور ئینڤێستمێنت وتی، مێژوو نیشانی دەدات کە سەروەت و سامانە مەترسیدارەکان شوێنی زیاتریان ھەیە بۆ کەوتن پێش ئەوەی بگەنە خوارەوە".
جۆنز دەشڵێت، "پاشەکشەی ئابووری لە سەرەتاوە نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژ دەخایەنێت،و بازاڕی بۆرسەش بە ڕێژەی ١٠٪ دابەزیوە، یەکەم شت کە ڕوودەدات نرخی کورتە کە بەرزبوونەوە ڕادەگرێت، و دەست بە دابەزین دەکات پێش ئەوەی بازاڕی بۆرسە بەڕاستی بگاتە خوارەوە."
ئەو وەبەرھێنەرە بەناوبانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر ئەستەمە بۆ بانکی فیدراڵی بتوانێت ھەڵاوسان بگەڕێنێتەوە بۆ ئامانجی ٢٪ی خۆی، بەشێکی بەھۆی زیادبوونی مووچەی زۆرەوە ھەیە.
بانکی ناوەندی لە مانگی ڕابردوودا بۆ سێیەم جار لەسەر یەک ڕێژەی سوودی بە ڕێژەی ٧٥ خاڵ بەرزکردەوەو رێژەی سودی گەیاندە ٣.٢٥٪ .
جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، پاشەکشەی ئابووری ئەگەر رووبدات "زۆر کەم دەبێت".
ھەروەھا کریستالینا جۆرجیێڤا لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "پێویستییەکی بەپەلە ھەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری".
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان پرسیاریان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کردوە، سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە راپۆرتێکدا وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە و جەختی لەوەکردۆتەوە، بە نیاز نییە گۆڕانکاری لە بەھای دۆلاردا بکات.
وتیشی، بەھای ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی پۆزەتیڤی ھەبووە و تارادەیەکی باش کورتھێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردوەتەوە، حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێک لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بداتەوە، ھەروەھا گۆڕانکاری لە بەھای دینار لە ماوەیەکی نزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی ئابووری و رەوشی وەبەرھێنان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بانکی ناوەند پێی وایە دەکرێت حکومەت لەرێگەی بەخشینی کۆمەک و ھاوکاریی بۆ توێژی کەمدەرامەتان، ھەروەھا لەرێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی.