وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە مانگی 10دا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق راپۆرتی مانگانەی سەبارەت بە بڕی فرۆشراوی نەوت لە مانگی رابردوودا بڵاوكردەوە و لە داتاكەدا ئاماژە بە كۆی بری نەوتی فرۆشراو لە هەرێمی كوردستان و عیراق كراوە.

بەپێی داتاكەی وەزارەتی نەوت، لە مانگی 10دا 110 ملیۆن و 923 هەزار و 47 بەرمیل نەوت فرۆشراوە و كۆی داهاتەكەشی گەشتووەتە حەوت ملیار و 30 ملیۆن و 689 هەزار دۆلار.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە مانگی 10دا پێنج ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە كە دەكاتە رێژەی 5.26%ـی كۆی نەوتی فرۆشراو.

هەروەها، بەپێی ئەو رێژەیەش داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم تەنها لە مانگی 10دا زیاتر بووە لە 369 ملیۆن دۆلار.