کۆمسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دژ بە قۆرخکاری بەرانبەر بە کۆمپانیای "مێتا"، کە پەیوەستە بە خستنەناوی تایبەتمەندییەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ ناو ئەپلیکەیشنی واتسئەپ.

رۆژنامەی فاینانشال تایمز بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەکە تەرکیز دەخاتە سەر چۆنیەتی جێگیرکردنی سیستمی (Meta AI) لەلایەن کۆمپانیاکەوە لەناو خزمەتگوزارییەکانیدا، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەیە ئەو هەنگاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر کێبڕکێ لە بازاڕەکانی ئەوروپادا دروست بکات.

بەپێی راپۆرتەکە، پێدەچێت کۆمسیۆنی ئەوروپا لە رۆژانی داهاتوودا بە رەسمی لێکۆڵینەوەکە رابگەیەنێت، هەرچەندە هێشتا کاتەکەی جێگیر نییە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، نەیتوانیوە بە سەربەخۆیی راستیی راپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە، کۆمپانیای مێتاش ئامادە نەبووە لە دەرەوەی سەعاتی رەسمی کارکردندا هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.

ئەم جوڵەیەی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە، کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا لە ئەمریکا رووبەڕووی چاودێری و وردبینییەکی توند بوونەتەوە لەلایەن دامەزراوەکانی ئەوروپاوە، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کێبڕکێ لە بازاڕدا لەناوببەن.