سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری گرژی و توندوتیژییەکانی سوریا دەکەن، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دراوسێی دەکەین. 

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و کار بۆ وەستاندنی ئەو پێکدادانانە بکەن کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.

د. لەتیف رەشید، راشیگەیاند، پشتیوانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ چارەسەری ئاشتییانە کە بنەماکانی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتر پتەوتر بکات و جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا تەواوکەری یەکترن، هەروەها  دەبێت ئاشتی و دیالۆگ تاکە بژاردە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم رەوشە قەیرانەدا کە تێیدا هاووڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکە.