شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە گرژییەکانی شاری حەلەب بڵاوکردەوە
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
لەبارەی گرژی و پێکدادانەکانی حەلەب، شاناز ئیبراهیم، ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەوە و رایگەیاند بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەیەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رودەدات کارەساتێکی مرۆییە و هاووڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان بۆردومان دەکرێن و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرانبەر بەوەی رودەدات لە گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب.
دەقی راگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق نیگەرانی و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو هێرش و گەمارۆ بەردەوامانەی دەخرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەشاری حەلەب لە سوریا.
ئەوەی ڕوودەدا کارەساتێکی مرۆییە. هاوڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان و ئەو خێزانانەی بە هۆی کێشمەکێش و زەبرو زۆری چەندین ساڵەوە ئاوارەبوون جارێکی تر وا سزا دەدرێن و بۆردوومان دەکرێن. ماڵ و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان وێران دەکرێن و بە دەستی ئەنقەست بێبەش ئەکرێن لە ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و چاودێری تەندروستی و خوێندن.
بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەییەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
دەست نەپاراستن لەهاوڵاتیان و رێگری کردن لەگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری منداڵانی بریندار و ژنانی دووگیان و هەموو ئەوانەی پێویستیان بەچاودێریی تەندروستیە.
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوای بەپەلە ڕاگرتنی ئەم توندوتیژییانە و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و بژاردەی ئاشتی دەکات لەگەڵ هەڵگرتنی ئابڵوقە و زامنی گەیاندنی بێ ئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان.
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە نابێت هاوڵاتیان وەک کارتی فشار بەکار بهێنرێن و باجی ئابلوقە بدەن.
کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و یاسایی لەئەستۆیە تا کۆمەکی مرۆیی بەپەلە بگەیەنێ و هاوڵاتیان بپارێزێ و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەم دەستدرێژییانە بکات..



