عیراقعیراق

سودانی و مالكی لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا، چوارچێوەی هەماهەنگییان سەرپشككردووە لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق.
موشریق فرێجی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردوودا سودانی و نوری مالكی، چوارچێوەی هەماهەنگییان سەرپشككردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بۆ كۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسی و یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە.
شەوی رابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغداد بۆدیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن و ماوەی دەستوریش بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ كۆتایی دێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"، بڕی 10ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر سەرکردەی گروپی "کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا"  بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ هەر کەسێک زانیارییان پێ بدات لەسەر ئەبو ئالا وەلائی، سەرکردەی گروپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا  وێڕای خەڵاتە داراییەکە، دەکرێت پرۆسەی گواستنەوەی بۆ شوێنێکی ئارام بۆ جێبەجێ بکرێت.

واشنتۆن ئەم گروپە و سەرکردەکەی تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی عیراقی و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا.

جێی ئاماژەیە، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە ئەمریکا بەدوای سەرکردەکەیانەوەیە،  یەکێکە لەو گروپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە لە یاسای بودجەی ساڵی 2026دا، موچەی مامۆستایانی گرێبەست بخرێتە سەر حکومەتی عیراق.

پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: ئەمڕۆ 23/04/2026 بە نووسراوێکی رەسمی داوام لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، کە لە یاسای بودجەی ساڵی 2026 یان هەر یاسایەکی تری بودجە کە لە داهاتوودا پەسەند دەکرێت، 39 هەزار مامۆستای گرێبەست بکرێتە سەر بودجەی فیدراڵی و پاشان بکرێنە هەمیشەیی، کە مافێکی یاسایی و مرۆیی و دەستووریی خۆیانە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزای لەسەر نووسراوەکە کرد و رەوانەی لایەنی پەیوەندیداری کرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق کۆبووەتەوە و باس لەوەکراوە: هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە.

د. بڕیاڕ رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە: هاوردەی دۆلار بۆ عیراق رانەگیراوە، هەنگاوەکانمان بۆ کردنەوەی بانکێکی تایبەت بەپارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان لە عیراق بەردەوامە و بە یاوەری عەلی عومەر، نوێنەری سلێمانی لە ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عیراق، لەگەڵ د. عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووینەوە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەداوە: ‏‎لە دیدارەکەدا جەختمان کردەوە لەسەر خێراکردنی رێکارەکانی چالاککردنی دەستپێشخەری (ڕیادە) لە کوردستان بە مەبەستی پێدانی قەرز بە گەنجانی خاوەن کار، کە پێشوتر رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بۆ وەرگیرا، وەک هەمیشە پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵە دەبین بۆ رەخساندنی هەلی کار و پشتگیریکردنی گەنجان و هاوکات داومانکرد لەگەڵ کردنەوەی بانکی پێشەنگی کە بانکێکی تایبەتی عیراقە بۆ پارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان، گەنجانی کوردستانیش سودمەند بن لە خزمەتگوزاریەکانی.

‏‎د. بڕیار رەشید دەشڵێت: دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەدەغەکردنی دۆلار دەکەن، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کەباس لەڕێگری بەردەم دۆلار دەکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عیراق، وادەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تۆماری بایۆمێتری بۆ دەنگدەران راگەیاند، کە بڕیارە لە 20ی نیسانی 2026 دەستپێبکات و تەواوی پارێزگاکانی وڵات بگرێتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی رەسمی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناغە لە رێگەی 1079 بنکەی تۆمارکردنەوە بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەکە بە پلەی یەکەم ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە پێشتر ناویان تۆمار نەکردووە، لەگەڵ گەنجانی لەدایکبووی ساڵی 2008 کە بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان دەبێت.

کۆمیسیۆن جەختی کردەوە کە تەنها پشت بە "کارتی نیشتمانیی" دەبەستێت و رەگەزنامە و ناسنامەی کۆن وەرناگیرێت، وپڕۆسەکە چەند بوارێک دەگرێتەوە، لەوانە: تۆماری نوێ بۆ ئەوانەی پێشتر ناویان نەبووە، وبۆ چاککردنی هەڵە لە ناو، وێنە، یان رێکەوتی لەدایکبوون، وبۆ سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان لەلایەن کەسوکاریانەوە بە بەڵگەی رەسمی.

وتەبێژی کۆمیسیۆن، سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان، ئاماژەی بەوەکد، کە پڕۆسەی نوێکردنەوە و گۆڕینی جۆری دەنگدان (گشتی و تایبەت) بەردەوام دەبێت. بەڵام غەلای رونی کردەوە کە لەم قۆناغەدا "گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون" لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر رێگەی پێنادرێت و بۆ کاتێکی تر دواخراوە.

لە کۆتاییدا، کۆمیسیۆن داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی دەوامی فەرمیدا سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرگرتنی پەنجەمۆر و وێنەی بایۆمێترییەوە، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پارێزراو بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا لەژێر ناونیشانی "عەرەبستانی سعودیە و عیراق لەنێو جەنگێکی شاراوەدان"، پەردەی لەسەر بەشداریی بەرفراوانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عیراق لاداوە، کە هێرش دەکەنە سەر خاکی سعودیە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت؛ لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا ئەو گروپانە دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاڕاستەی سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو کردووە.

ئەمەش جەنگێکی شاراوەی لەنێو جەرگەی ململانێکاندا دروست کردووە، کە ئەگەری هەیە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا بەرەو روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ ببات.

"بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، نزیکەی نیوەی ئەو 1000 هێرشە درۆنییەی کراونەتە سەر سعودیە، لە خاکی عیراقەوە ئەنجامدراون" ئەمە بەشێکی تری زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە هێرشي درۆنییەکاندا، کە لە عیراقەوە ئەنجامدراون ئامانجی سەرەکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای رۆژهەڵات و پاڵاوگەی "ینبع" بووە لەسەر دەریای سوور کە یەکێکە لە پاڵاوگە گەورەکانی سعودیە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هێڵی نەوتی كەركوك-بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێدەکات.

ساحب بەزون وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بە ئامانجی زیادكردنی هەناردەی نەوتی عیراق، لە چەند رۆژی داهاتوودا هیڵی نەوتی كەركوك-بەندەری جەیهانی توركیا لە رێی فیشخابورەوە دەكرێتەوە و لە سەرەتاشدا رۆژانە نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی ئەو هێڵەوە هەناردە دەكرێت، لە كاتێكدا ئەو هێڵە توانای هەناردەكردنی یەك ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە، دەشڵێت، لە ئێستادا هەناردەكردنی نەوت لە رێی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان رۆژانە نزیكەی 200 هەزار بەرمیلە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، وەزارەتەكەیان كار دەكات بۆ بەكارهێنانی هەموو رێگا بەردەستەكان بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت و كارەكانیشیان بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عیراق-ئوردن لە داهاتوودا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگ رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارجێوەی هەماهەنگیدا، بڕیاردراوە دەستنیشانکردنی ناوی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق دوابخرێت بۆ رۆژی چوارشەممە و سبەینێ سێشەممەش  لە گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبن.

ئەمشەو لە ماڵی عەمار حەکیم، چوارچیوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە، گەرچی ناوی کاندیدەکەیان ئاشکرا نەکرد و دوایان خست بۆ رۆژی چوارشەممە، بەڵام ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت؛ کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.

عەباس عامری، ئامژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و لەیەک تێکگەیشتنی باش هەبووە، بەڵام گفتوگۆکان پێویستی بەکاتی زیاتر هەبوو، بۆیە هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریاندا تاوەکوو چوارشەممە کۆبوونەوەکە دوا بخرێت و سبەینێش بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی رۆیتەرز و چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی رایانگەیاند بوو، باسم ئەلبەدری، نزیک لە نوری مالیکی کاندید کراوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە، لەمیانی دیدارێکدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و عیراق خرایەبەر باس و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا کرایەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پابەندبوون بە وادەی دەستووری بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد رایگەیاند کە پێکهێنانی حکومەت لە عیراق مافێکی تایبەتی گەلی عیراقە و جەختی لە رەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لەم پرسەدا کرد.

قائانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد: عیراق گەورەترە لەوەی ئەوانی دیکە دەستوەردان لە کاروباری بکەن بەتایبەتی ئەوانەی تاوانیان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

 فەرماندەی فەیلەقی قودسی دووپاتی کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران تەنها بەپێی بڕیاری عیراقییەکان خۆیان ئەنجام دەدرێت هەروەها ستایشی هەڵوێستی گەلی عیراق و مەرجەعیەتی ئایینی باڵا و بەرپرسانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و تێگەیشتنەی نیشانیان داوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
 
لە سەردانەکەیدا، سەرۆک بافڵ بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەیان وەک سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی پیرۆزبایی لە عەممار حەکیم کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست.
 
لە کۆبوونەوەکەدا تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز کە ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری وڵات جەختی لەسەر کرایەوە.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدادە و بڕیارە لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.

بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ عەممار حەکیک سەرۆکی رەوتی حیکە کۆبووەتەوە، دواتریش لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکە کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق دەکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند کە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێکی خێرا بۆ رێگریکردن لە یاری کردن بە نرخی هێلکەی دوای ئەوەی لە ماوەی پێشودا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و وەزارەت فەرمانی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کردووە چاودێری بازاڕەکان بکەن و سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن کە نرخەکان گران دەکەن

مەهدی سەهر جبوری بریکاری کارگێڕی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە: لایەنە پەیوەندیدارەکان تێبینی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکەیان کردووە لە بازاڕەکانی کۆفرۆشی لە بەغداد و پارێزگاکان بە جۆرێک نرخی کارتۆنێک هێلکەی سوور 70 هەزار دیناری تێپەڕاندووە لە کاتێکدا نرخی دیاریکراو لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دیناردایە.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت نووسراوی رەسمی ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی ئابووری کردووە بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران، هەروەها بڕیاردراوە ئاسانکاری تەواو بکرێت بۆ گواستنەوەی هێلکە لە نێوان پارێزگاکان بە تایبەتی گواستنەوەی بەرهەمی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا هەبێت و نرخەکان جێگیر ببنەوە و رێگری لە قۆرخکاری بازرگانان بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش دۆزرانەوە كە روفاتی دەیان كەس لە خۆ دەگرن و لە نێویشیاندا روفاتی ژمارەیەك پێشمەرگە هەن 
لیژنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان رایگەیاند، پڕۆسەی هەڵدانەوەی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە بەری ڕاستی موسڵ دەستپێكردووە كە روفاتی قوربانیانی دەستی داعشیان تێدایە. ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی لیژنەكە دەڵێت ،  تائێستا ڕوفاتی ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی و پێشمەرگە و خەڵكی موسڵ لەو گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە و كارەكانیشیان بەردەوام دەبن، بۆ پشكنینی چەند شوێنێكی دیكە كە گومان دەكرێت گۆڕی بەكۆمەڵی لێ بێت.

هەروەها زەید عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە موسڵ رایگەیاندووە، سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە كە دەیان روفاتیان تێدایە.
 وتیشی، روفاتەكان رەوانەی پزیشكی داد دەكرێن بۆ ئەنجامدانی پشكنینی "دی ئێن ئەی" بە مەبەستی ناسینەوە و رادەستكردنەوەیان بە كەسوكاریان.

عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا، کە سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردوە ئەوەی رونکردەوە، مێژووی ئەم گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ روداوەكانی ساڵی 2015 و روفاتی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی پێكهاتەی ئێزدی و پێشمەرگە لەنێو گۆڕەكاندان، ئەمەش قەبارەی ئەو تاوانە گەورەیە نیشان دەدات كە داعش بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان ئەنجامیداوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل قائانی بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی و بەربەستە سیاسیەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق لە بەغدادە.

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری لێپرسراوێكی عیراقیەوە ئاشكرایكردووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە سەردانێك گەیشتووەتە بەغداد بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، قائانی لە سەردانەكەیدا گفتوگۆ لەسەر كاریگەرییەكانی جەنگی ناوچەكە لەسەر عیراق دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران تاوتوێ دەكات.

ئاژانسەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، سەردانەكەی قائانی هەوڵێكی ئێرانە بۆ ڕێكخستنی نێو ماڵی شیعە و پاراستنی باڵانسی هێز لە عیراقدا، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ و فشارە دەرەكییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە.

ئەوە لەكاتێكدایە بڕیاربوو شەوی رابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆببنەوە، بەڵام جارێكی تر بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی رەوتی حیکمە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی عەممار حەکیم کرد

دەقی پەیامەکە:

برای ئازیزم جەنابی سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی نوێکردنەوەی متمانەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە بەڕێزتان وەک سەرۆکی ڕەوتەکە بۆ خولێکی نوێ، بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن و لێهاتووییتان بۆ دەخوازین لە ئەرکەکانی داهاتووتاندا
.

نوێکردنەوەی متمانە بە جەنابتان، پشتگیرییە بۆ کاروانی سیاسی و بەهێزکردنی سەقامگیری، ئەوەش وامان لێدەکات چاومان لە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە نیشتمانییەکان بێت، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هاووڵاتیان بگەیەنێت و ڕێڕەوەکانی چاکسازی و بونیادنان لە وڵاتدا بچەسپێنێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4445464748...491