ئیسماعیل قائانی بەسەردانێك لە بەغدادە
کەژان
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
ئیسماعیل قائانی بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی و بەربەستە سیاسیەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق لە بەغدادە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری لێپرسراوێكی عیراقیەوە ئاشكرایكردووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە سەردانێك گەیشتووەتە بەغداد بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، قائانی لە سەردانەكەیدا گفتوگۆ لەسەر كاریگەرییەكانی جەنگی ناوچەكە لەسەر عیراق دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران تاوتوێ دەكات.
ئاژانسەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، سەردانەكەی قائانی هەوڵێكی ئێرانە بۆ ڕێكخستنی نێو ماڵی شیعە و پاراستنی باڵانسی هێز لە عیراقدا، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ و فشارە دەرەكییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە.
ئەوە لەكاتێكدایە بڕیاربوو شەوی رابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆببنەوە، بەڵام جارێكی تر بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.



