ئەوەش لە کاتێکدایە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بایکۆتی دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە سەرۆک کۆمار دەکەن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی ھاوپەیمانێتییەکشیاندا دانووستان ناکەن.
موقتەدا سەدر پێشتر داوای لە ئەندامانی رەوتەکەی کردبوو دەنگ بە ھیچ کام لەو کاندیدانە نەدەن کە مەرجی سەرخستنی پرۆسەی سیاسییان نییە.
بەو پێیەی ھێزە سیاسییەکانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون چاوەڕوان ناکرێت بە بێ بەشداریی سەدرییەکان کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتوو بێت.
بە پێی راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی ، ئۆپراسیۆنەکە لەمرۆوە بەبەشداری لیواکانی ٨ و ٩ و ھەشتای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و خۆرھەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە خۆرھەڵاتی سەڵاحەدین دەستیپێکردوە و ئامانج لێی پشکنینی ناوچەکە و ئاشکراکردنی شانە نوستوەکانی داعش و لەناو بردنیانە .
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ دادگای فیدڕاڵیی کۆبووەتەوە و سەرگەرمی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیە، کۆبوونەوەکەی دادگای فیدراِڵی دوای سکاڵای ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دێت، کە داوای پێداچوونەوە بە مەرجەکانی کاندیدبوونی ناوبراو کراوە.
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند، بە سوود وەرگرتن لە ئاردی ھەڵگیراوی ناو سایلۆکان، کۆمەڵێک رێکار بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکان و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکەی گیراوەتەبەر، وتیشی، نرخی ئارد قۆناغ بە قۆناغ دەستی بە کەمبوونەوە کردووە و ئەو کەمبوونەوەیەش بەردەوام دەبێت و نرخی یەک فەردە ئارد، لە ٣٣ ھەزار دینارەوە بۆ ٢٥ ھەزار دینار دادەبەزێت.
وتیشی، ھیچ گرفتێکیان لە بوونی ئارد و یەدەگی ستراتیژیی ئارد نییە و بە ھەماھەنگیی ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، چاودێری بازاڕی ناوخۆیی دەکەن بۆ رێگری لە بەرزکردنەوەی نرخی ئارد.
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، لەسەر سکاڵای چوار پەرلەمانتار، بۆ یەکلاییکردنەوەی شیاوبوونی کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە و بڕیاریدا تاکو یەکلاییبوونەوەی سکاڵاکە، بە شێوەیەکی کاتی رێوشوێنەکانی کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری رابگرێت.
لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا ھاتووە، ھۆشیاری زێباری مەرجەکانی باشی ناوبانگ و راستگۆیی لە پیشەکەی تێدا نییە، ئەوەش دژبەییەکیەکی روون و پێشێلکاری دەستوورە، چونکە ھۆشیار زێباری لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٦، بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق دوورخراوەتەوە.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە، دانیشتنەکە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تەوەری یەکەم سوێندخواردنی ژمارەیەک پەرلەمانتارە و تەوەری دووەمیش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە.
بڕیارە سبەینێ کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی رەوتی سەدر بایکۆتی کۆبونەوەکەی کردوە، پێدەچێت نیسابی یاسایی تەواو نەبێت، لە ئەگەری بەڕێوەنەچونی کۆبونەوەکە و ھەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆماریشدا، بەرھەم ساڵح لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان لە نێو خۆیاندا لەسەر لە کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە رێکدەکەون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ھاوپەیمانی سەروەریی بڵاویکردەوە، بڕیاری بەشدارینەکردنەکە بە ھاوبەشی لەگەڵ زۆرینەی نیشتیمانی دراوە، وەک پیشتیوانییەک لە گفتوگۆ سیاسییەکان.
ھاوپەیمانێتییەکە جەختیکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ سەرجەم ھێزە نیشتیمانییەکان، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئەوتۆ، بۆ ئەوەی وڵات دووربخاتەوە لە قەیرانی زیاتر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە، بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، بڕگەیەکی تەرخان دەکرێت بۆ سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارانەی کە سوێندی یاساییان نەخواردووە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگای ھەواڵگری عێراق بڵاویانکردەوە، لە ڕێککەوتنێکی ھاوبەشی نێوان عێراق و لوبنان، ٣٣٧ پارچە شوێنەواری مێژوویی لە لوبنانەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە شوێنەوار، لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان ڕێوڕەسمێکی رەسمی رێکخراوە.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی ھەڵوەشاوە لە عێراق، بە ھەزاران شوێنەواری عێراق بە تاڵان بەرەو دەرەوەی وڵاتە براوە، بە تایبەتی لە کاتی داگیرکارییەکانی داعش لە ھەندێک پارێزگای عێراق، کە زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکان ڕووبەڕووی وێرانکردن و تاڵانکردن بوونەوە.
حەسەن عەزاری سەرۆکی کوتلەی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بە فەرمانی موقتەدا سەدر کوتلەی سەدر بڕیاریداوە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرجەم قەوارە سیاسییەکان ڕابگرێت، کە تایبەتن بە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
عەزاری ئاماژەی بەوەشکرد، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدڕ بڕیاریداوە کوتلەکەیان بەشداری کۆبوونەوەی ڕۆژی دووی شەممەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران نەکات کە تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
جەختیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو، لە ڕەوتی سەدڕ تەنھا حاکم زاملی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات ئەویش وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
"عەممار حەکیم" سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەھیدبوونی محەمەد باقر حەکیم لە بەغداد ڕایگەیاند، دەیانەوێت سەرۆک کۆماری داھاتوو، کەسێک بێت بتوانێت بڕیار بدات و ھەنگاوی دەستوری بنێت دوور لە فشاری حزبی. وتیشی، سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت لێپرسراویەتی کابینەکەی لە ئەستۆ بگرێت و دوور بێت لە فشاری سیاسی ھەر لایەنێک.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە وەرچەرخانی گەورەدا تێدەپەڕێت و پێویستە ھەمووان ئاگادار و ھۆشیار بن و لایەنە ئەرێنییەکان لە بەرچاو بگیرێت، گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی لەلایەن ھەر لایەن و کەسێکەوە بێت ڕەتکراوەیە.
"بەرھەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراقیش لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا کاتی کارکردنە بۆ پێکھێنانی حکومەتێک کە بتوانێت فەرمانڕەواییەکی یەکسان بکات و بەرەنگاری ھەموو ئاڵەنگارییەکان ببێتەوە و ئەوەش دەزانن عێراقێکی ئارام باشترین دەوڵەتە کە بە پێی دەستور بەڕێوەبچێت، پێویستیان بە دووبارە پێداچوونەوە ھەیە بۆ ھەموو کایەکانی حکومەت و سیاسەت.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند، دوژمنان گرەو لەسەر شکستپێھێنانی دیموکراسی دەکەن لە عێراقدا، نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان بگەنە بنەماکانی بنیاتنانی دەوڵەت.
"محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، ململانێکانی ئێستا لە ھەندێک لەو وڵاتانە رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە، ھۆکارەکەشی دروستبوونی چەند گروپێکی توندڕەو و لە یاسا دەرچووە.
عەلی جورانی ئەندامی ڕەوتی حیکمە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕەوتەکەیان سورە لەسەر یەکگرتوویی ماڵی شیعە و ڕێککەوتن لەسەر شێوازی حکومەتی داھاتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆک وەزیران مافی گەورەترین کوتلەی شیعییە نەک قۆرغ کرابێت بۆ لایەنێکی دیاریکراو.
جەختیشیکردەوە، چەند جارێک ڕەوتەکەیان ھۆشداری داوە لە ھەڵوەشانەوە و دابەشبوونی لایەنە شیعییەکان و ھەموو ھەوڵێکیشی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ماڵی شیعە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.
فەیسەل نائیلی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، بەردەوامبوون لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن، بە واتای پاڵپێوەنانی ئەو قەوارانەیە کە زۆرینەیان ھێناوە بۆ کاراکردنی دوو لەسەر سێی پەرلەمانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
جەختیشیکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی سورە لەسەر دوورخستنەوەی وڵات لە دابەشبوون و قەیرانی زیاتر و، کارکردن بە ئاڕاستەی ڕێککەوتن لەسەر سەرۆک وزیرانێکی تەوافوقی، کە بتوانێت ئەم قۆناغەی ئێستا تێبپەڕێنێت.
"محەمەد کەریم خەفاجی" وەزیری کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ لە ڕێگەی بەرھەمی ناوخۆییەوە، دەتوانن پێداویستی گۆشتی مریشک و ھێلکە دابین بکەن، بەوەش زیاتر لە پێنج ملیار دینار داھات بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە، ھاوکات دەتوانرێت بەو بڕە پارەیە ھەلی کاری زیاتر بڕەخسێنرێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢١ توانراوە ٨٠٠ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک و زیاتر لە شەش ملیار ھێلکە بەرھەم بھێنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا ١٥٠ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرھەمھێنراوە.
جەختیشیکردووەتەوە، لە ڕووی تەندروستییەوە دڵنیایی دەدەن بە ھاووڵاتییان و بەردەوام ھێلکە و گۆشتی مریشکی تازە بەردەست دەبێت.
کازمی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی تویتەر بڵاویکردەوە، کوژرانی سەرکردەی داعش لە سوریا، درێژکراوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی ھێزە چەکدارەکانی عێراقە.
لەچوارچێوەی ھەڵمەتی لە ناوبردن و دەستگیرکردنی سەدان سەرکردە و ئەندامی چالاکی داعش لە ناوخۆیی عێراق و، شیکردنەوەی زانیارییە ھەواڵگرییەکانە بۆ گەیشتن بە حەشارگەی سەری ئەو گروپە قێزەونە.