قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق، رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە یاسای نەوتی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستوری ناو بردووە، گرنگترین بڕیاری ئەم داگایەیە لە کاتی دروستبوونیەوە تا ئێستا، چونکە بڕیارەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە نییە لەنێوان ھێزە سیاسییەکان لەسەر حسابی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە.
وتیشی، ئەم بڕیارە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق دەکات وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و لە سودی گەلانی عێراقیدایە، چونکە نەوت و غاز موڵکی ھەموو خەڵکی عێراقە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئاستی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەسانی سەروو ١٢ ساڵ، وەک پلانی بۆ دانرا بوو ٣٠٪ تێپەڕاندووە.
لە بارەی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەش وتی، ھەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە دەتوانن ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە وەربگرن، بەڵام دەبێت دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی دووەم دۆز، دۆزی سێیەم وەربگرن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا کەمبوونەوە لە ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون، کە ئاماژەی باشن بۆئەوەی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی بەجێھێشتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، بەڵام سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، ھێشتا مەترسییەکانی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا ھەر بەردەوامن.
بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تائێستا لە عێراق ٢ ملیۆن و ٢٧٥ ھەزار و ٥٧١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە ٢٤ ھەزار و ٧٠٤ کەسیان گیانیان لە دەستداوە، ٩ ملیۆن و ٥٦٠ ھەزار و ٣٢٣ کەسیش ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەپێی میدیاکانی عێراق، دوای ئەوەی ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆ وردبینیان بۆ دەکرێت تا بزانرێت مەرجەکانیان تێدایە یاخود نا، لە چەند سەعاتی داھاتوودا ئەمیندارێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکرا دەکات و وادەیەکیش بۆ دانیشتنی ئەنجومەنەکە بە مەبەستی دیاریکردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەستنیشان دەکات.
لە ئێوارەی دوێنێوە، دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق داخراوە و چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ژمارەی کاندیدەکان گەیشتۆتە ٤٠ کەس.
کازمی لە وتەیەکدا لە ئاھەنگی لادانی پەردە لەسەر منارەی دووەمی مەرقەدی ئیمام عەلی لە شاری نەجەف ڕایگەیاند، لایەن ھەیە لە ھەوڵی دروستکردنی ئاشوبی تائیفیدایە لە عێراقدا، لە کاتێکدا وڵاتەکە بە ڕەوشێکی قورس و ئالۆزدا تێدەپەڕێت.
کازمی جەختیکردەوە، ھەموان پێویستیان بە چەسپاندنی ڕۆحی خۆشەویستییە، لە پێناو خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانی وڵات، نەک دروستکردنی قەیران و ناکۆکی و چاندنی تۆوی نائومێدی.
ڕوونیشیکردەوە، لە تەنگوچەڵەمەکانی ئەم ڕۆژەی ئێستادا ، ڕۆڵی سەرکردەکانی کۆمەڵگە و پیاوانی ئایینی دەردەکەوێت، کە پێویستە لەسەریان پەیامی ھیوا و برایەتی و لەناوبردنی ئاشوب و ناکۆکی بگرنە ئەستۆ.
کازمی باسی لەوەشکرد، بوونی جیاوازی و ڕەنگی جیاواز لە عێراقدا، سەرچاوەی ھێزە نەک لاوازی.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنەکە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە ڕەوشێکدا داڕێژراوە، جیاواز بووە لە ڕەوشی ئێستا. زۆربەی ئەوانەشی کە کاتی خۆی بەشداری داڕشتنی بەندەکانی دەستوریان کردووە، ئێستا ھەر ئەوانە لە پێشەوەی ئەو کەسانەن کە داوای ھەموارکردنەوەی دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، بەھۆی پێشھاتە سیاسییە جیاوازەکانەوە، لە چەند بۆنە و رەوشێکی جیاوازدا بوونی ھەندێک لە بەندی دەستوری ، خودی دەستورەکە پێشێل کراوە، بۆیە بەشێک لەو بەندانە بۆ قۆناغ و ڕەوشی ئێستا گونجاو نییە.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەشکردووە، نا روونییەکی زۆر لە داڕشتنی مادەی ٧٦ی دەستوردا ھەیە، کە باس لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکات بۆ پیکھینانی ئەنجومەنی وەزیران، لێرەدا کوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی ئایا مەبەست لیستی سەرکەوتووە یان کوتلەی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکانە، دەبێت ئەمە ھەموار بکرێتەوە.
بەوتەی پسپۆڕانی ئابوری، بەھۆی فەرامۆشکردنی لایەنی گەشتیاریی و ئەو کێشە گەورانەی ھاتووەتە ڕێی ئەو کەرتە، ساڵانە عێراق زیانی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلاری لێ دەکەوێت.
گرنگترین ئەو ھۆکارانەش کە بوونەتە ھۆی ئەو زیانانە، بوونی کێشەی ئەمنی و نەزانی حکومەت لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی گەشتیاری، بە دیاریکراویش وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.
جگە لەوەش عێراق ژێرخانێکی ئەوتۆی نییە، کە ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار لەخۆ بگرێت، ئەگەر سەردانی عێراق بکەن.
باسیان لەوەشکردووە، سەردانە مێژوویەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ ھەندێک شوێنی ئایینی و مێژوویی مەسیحی لەعێراق، ھیچ کاریگەرییەکی ئابوری نەبووە، کە دەبوایە زۆر کاری لەسەر بکرایە بۆ ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیاری بیانی بۆ ئەو ناوچانە.
دەرچووان رایانگەیاند، لە بەغدادەوە فەرمانی وزاری بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆی کەرکوک دەرچووە، بەڵام "راکان جبوری" پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک بە بیانووی ئەوەی بەشێک لەو دەرچووانە لە دەرەوەی کەرکوک نیشتەجێن رێگری دەکات لە دەستبەکاربوونیان و ئیمزای دەستبەکاربوونیان ناکات، لە کاتێکدا ئەو دەرچووانەی بەھۆی ئاڵۆزی و نا سەقامگیری ئەمنی لە شارەکە ئاوارە بوون و داواکارن رێگرییەکانی پارێزگار لاببرێن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کەیسی ھۆشیار زێباری کۆبوویەوە و بڕیاریدا ھۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکات.
ھاوکات سەعات ٣ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وادەی پێشکەشکردنی سیڤی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆتایی دێت و بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا چەند کەسی تر خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.
لە قۆناغی یەکەمیشدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوی ٢٥ کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پەسەند کرد.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندوە ، وەزارەتەکە بە گرنگییەوە چاودێری رەوشی عێراقییەکانی نیشتەجێی ئۆکراین دەکات کە ژمارەیان زیاترە لە ٥ ھەزار و ٥٠٠ کەس و لە ھەر رەوشێکی نەخوازراودا گرەنتی سەلامتیان دەکات ، باڵیۆزخانەی عێراقیش لە کیڤ لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ عێراقییەکان و ژمارەی تەلەفۆنی تایبەتی داناوە بۆ حاڵەتە بەپەلە و پێویستەکان .
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئاگادارکردنەوەیەکدا داوای لەو عێراقییانە کرد کە لە ئۆکراین نیشتەجێن ، لەپێناو پاراستنی ژیانیان ئەو وڵاتە بەجێبھێڵن و ھیچ کەسێکیش گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکات .
حەیدەر لامی سەرکردە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی تا ئێستاش کار لەسەر یەکخستنی ماڵی شیعە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری لایەنێک و پەراوێزخستنی لایەنێکی دیکە لە پرۆسەی سیاسیدا، وا دەکات ڕەوشی سیاسی نەتوانێت خۆی لەبەردەم ئەو مەترسییە گەورانەدا بگرێت، کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.
حەیدەر لامی داوای لە ڕەوتی سەدر بە تایبەت و سەرجەم کوتلە سیاسییەکانی دیکەش کرد، کارێک بکەن پرۆسەی سیاسی یەکگرتوو و بەھێز بێت لەبەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە عێراقی پێدا تێپەڕیووە لە سێ ساڵی رابردوو، ھەروەھا بۆ چوار ساڵی داھاتووش.
ئەو وتانەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کاتێکدایە، ماوەی ھەفتەیەک زیاترە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە، ھەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و سەرجەم لایەنەکانی دیکەش ڕاگرتووە.
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ مونزیر حامید ئەفسەر بە پلەی موقەدەم و ھەواڵدەر عەلی نەجم دەرکرد، بە تاوانی تێوەگلان لە ڕوداوی کوشتنی بە کۆمەڵی خێزانێکی ٢٠ کەسی.
پێشتر دادگای لێکۆڵینەوەی بابل، لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا ئەو تۆمەتبارانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەکە، رەوانەی دادگای تاوانەکانی بابل کرد، بە مەبەستی دادگاییکردنیان بە گوێرەی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی.
دادگاکە دانپێدانانی ١٣ تۆمەتباری تۆمارکرد، لەسەر تاوانی کوشتنی خێزانێکی ٢٠ کەسی لە قەزای جبلە سەر بە پارێزگای بابل، زۆربەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ بوون، تاوانەکەش لەسەر ناکۆکییەکی کۆمەڵایەتی بووە.
ڕوداوەکەش لەسەر ئاستی عێراق دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو، تا بە ناچاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستوەردانی تێدا کرد و لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھێنا.
ماڵپەڕی (دیڤینس وان)ی ئەمریکا بڵاویکردەوە، عێراق بە نیازە سیستمی بەرگری پێشکەوتوو و فڕۆکەی جۆری راڤاڵ لە فەڕەنسا و تانکی جۆری تی ٩٠ لە ڕوسیا و تانکی ئەبرامز لە ئەمریکا بکڕێت.
ماڵپەڕەکە کە تایبەتە بە کاروباری بەرگری و پڕچەککردن ڕایگەیاندوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ھەندێک وڵات گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتوو.
بە گوێرەی گفتوگۆکان فەڕەنسا پێشنیازی بۆ عێراق کردووە، ٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێ بفرۆشێت.
بڕیاریشە بەم نزیکانە وەفدێکی عێراقی سەردانی فەڕەنسا بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، لەسەر ئەو چەکانەی کە بە نیازە بیانکڕێت.
لە لایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، پلان ھەیە گرێبەستێک لەگەڵ ڕوسیا ئیمزا بکەن، بۆ کڕینی ژمارەیەک تانکی پێشکەوتوو لە جۆری تی ٩٠ و ئەبرامزی ئەمریکی.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵێنیداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەو ھاوڵاتییە ئێرانیانەی کە لە دەروازە سنورییەکانەوە سەردانی عێراق دەکەن.
مەسجدی ئاماژەی بەوەکردووە، ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزا بۆ ھاوڵاتیانی ئێران لە مانگی ئازاری داھاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەروازە سنورییە وشکانییەکانەوە سەردانی عێراق دەکەن.
پشتریش ئێران و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزا بۆ ھاوڵاتیانی یەکتر، بۆ ئەوانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، ھێزێکی تایبەتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی میسان دوای کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد، توانیان (حەسەن تەڕاد غلیەم) دەستگیر بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتباری دەستگیرکراو پێشتر بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە و لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا لە ناحیەی مەشرەح لە پارێزگای میسان دەستگیرکراوە.
لە ماوەی ڕابروودا لە پارێزگای میسان بە دەیان کەس تیرۆر کراون و ڕووداوەکانیش ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بە تایبەتی دوای تیرۆرکردنی فەیسەڵ ساعیدی دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە ماددە ھۆشبەرەکان لە پارێزگاکە.