لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە دادگای فیدراڵی عێراق زنجیرەیەک بریاری کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی داوە ، دیارترینیان وەڵامدانەوەی تانەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بوو لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، و پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و بریاردران لەسەر یاساییبوونی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ٩ ی مانگی رابردوودا بەرێوەچوو تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنەکە و جێگرەکانی ھەڵبژێردران .
یەکێکی تر لە دیارترین بریارەکانی دادگای فیدراڵی دورخستنەوەی ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ، دوایین بریاریش سەبارەت بە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە کە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە حکومەتی فیدراڵ تانەی لەسەر ئەو دۆسیەیە تۆمار کردوە ، بەپێی بریارەکەی دادگای فیدراڵی ، ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەبێ گەرانەوە بۆ بەغداد نا دەستورییە و دەبێت ھەرێم پابەند بێت بە رادەستکردنی نەوتە بەرھەمھێنراوەکەی بە بەغداد ، ئەم بریارەش لە ھەرێمی کوردستان کاردانەوەی توندی لێکەوتەوەو حکومەتی ھەرێم بریارەکەی دادگای فیدراڵی بە سیاسی ناوبرد .
لەسەرەتای دەستبەکاربونی دادگای فیدراڵی نوێوە ، چەند جارێک دادگاکە دوپاتیکردۆتەوە ئامانجی ئەوەیە ئەو دۆسیانە یەکلا بکاتەوە کە چەند ساڵێکە بۆ دادگای فیدراڵی بەرز کراونەتەوە و یەکلانەکراونەتەوە.
بەڵام بە وتەی چاودێران پێدەچێت ئەو بریارانەی لەم دواییانەدا دادگای فیدراڵی داویەتی ھێندەی تر قەیرانە سیاسی و ناکۆکیە سیاسییەکان قوڵ بکاتەوەو چەقبەستویی سیاسیی دروست بکات ، بەتایبەت کە لەم کاتەدا عێراق خۆی لە پێکھێنانی حکومەتی نوێدا روبەروی قەیرانێکی سیاسی گەورە دەبێتەوە و زۆرینەی بریارەکانی دادگای فیدراڵیش نارەزایی و نیگەرانیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیان لێکەوتۆتەوە ، بە دوریش نازانرێت بریارەکانی دادگای فیدراڵی ئاراستەیەکی سیاسییان لە پشتەوە بێت.
بەپێی ماددەی ٩٣ لە دەستوری عێراقیی ، کاری سەرەکی دادگای فیدراڵی چاودێریکردنی دەستوریی بونی یاساکان و رونکردنەوەی خاڵەکانی دەستور و یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەیە کە لە نێوان بەغداد و ھەرێم و بەغداد و پارێزگاکانی تردا دروست دەبێت. دادگاکە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دامەزراوەو تا ئێستا ٢ ھەزار و ٢٢٧ دۆسیەی دەستوری یەکلاکردۆتەوە .
ئاگر لە سێ کۆگای بازرگانی لە "ناوچەی شارع زڵال" لە شاری بەغداد کەوتەوە، کە ئەو کەلوپەلە پلاستیکیانەی ناو ماڵ لە کۆکاگاندا ھەڵگیرا بوون، پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بوون.
بەرگریی شارستانیی بەغداد، لە بارەی ڕووداکەوە ڕایگەیاند، ئاگرەکە بە بێ زیانی مرۆیی کۆنتڕۆڵکراوە و لێکۆڵینەوە لە زیانە ماددییەکان و ھۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، پێویستە بە توندی ڕێگری لە دراوی ساختە و بە قاچاغبردنی دۆلار بکرێت و چاوبخشێندرێتەوە بە کاری ھەندێک لە بانکەکان، کە خاوەنەکانیان کۆنتڕۆڵی دراویان کردووە و مامەڵەی توندیش لەگەڵ ئەو بانکانەدا بکرێت، کە خاوەنداریەتیان بۆ ھەندێک حزب دەگەڕێتەوە، کە کۆنتڕۆڵی وڵات و خەڵکیان کردووە.
سەدر داواشیکرد، بە خێرایی ھەریەکە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق، بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێن و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراویش بە شێوەیەکی ناوەندی و تەندروست ڕێکبخرێتەوە و ھەندێک یاساش بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار دەربکرێت.
"بەھادین نوری" سەرکردە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی چوارچێوەکە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی داوە ، تا ئێستا نەبۆتە ھۆی ئەوەی رێککەوتنی سیاسیی بکرێت ، بۆیە دانوستانەکان گەیشتونەتە رێگەیەکی داخراو .
وتیشی، ئامانجی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەوەیە نێو ماڵی شیعە ناکۆکی تێدا نەبێت وھەموان پێکەوە یەکریز بن لە بڕیارەکاندا، دوپاتیشیکردۆتەوە، ئەگەر چوارچیوەی ھەماھەنگی شیعەکان و رەوتی سەدر لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران رێک بکەون ، ئەوا سەرۆک وەزیران بە ئاسانی ھەڵدەبژێردرێت پشتگیریش دەکەن لەوەی کە حکومەتی داھاتوو خۆرھەڵاتی و خۆرئاوایی نەبێت و بریارەکە عێراقیی بێت .
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی دەرەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە کردنەوەی کونسوڵخانەی عێراق لە شاری ئەسفەھانی ئێران و شاری ملبۆرنی ئوسترالیا و شاری دبلنی ئیرلەندە.
بە گوێرەی بڕیارەکە مەرجی ئەوە دانراوە، کردنەوەی ئەو کونسوڵخانانە نەبێتە ھۆی زیادبوون ژمارەی فەرمانبەران لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان.
بڕیارەکە پشت بەست بە یاسای ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی خزمەتگوزاریی دەرەوە و ڕێککەوتنی ڤییەنا بۆ پەیوەندییەکانی کونسوڵگەریی ساڵی ١٩٦٣ دەرچووە.
ھاوپەیمانی سەروەری سوننەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین، بەڵام یەکلاکردنەوەی چەند دۆسیەیەک لەم کاتە ھەستیارەدا رەنگە ئەو ھەوڵانەی کە دەدرێن بۆ چارەسەری کێشەکان، عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار ببات .
ھاوپەیمانی سەروەری داوای لە حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵی کردووە، گفتوگۆی راستەخۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانیان و داواشی لە پەرلەمانی عێراق کردووە بە زووترین کاتدا یاسای نەوت و گاز دەربکات و بەرژەوەندی تەواوی ھاووڵاتیانی عێراق لە بەرچاو بگرێت.
شانەی میدیایی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ، توانیویانە ھەوڵی تەقاندنەوەی دوو بورجی کارەبا لە نێوان گەیارە و کەرکوک پوچەڵ بکەنەوە.
باسی لەوەش کردووە، ئەو دوو بۆمبەی بۆ تەقاندنەوەی بورجەکان دانرابوون دەستیان بەسەرداگیراوە و تەقێنراونەتەوە.
بەیدا خزر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای کرانەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە ڕۆژی ھەینی ڕابردوو، ژمارەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار، گەیشتووەتە ٦٠ کەس، چونکە پێشتر ناوی ٢٤ کاندید بۆ ئەو پۆستە پەسەند کران.
ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ناوی ئەو کاندیدانە دەکەن و پاشان ناوەکان بۆ لیژنەیەکی تایبەت بەرز دەکەنەوە، دواتریش ناوەکان ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکرێن.
لە بارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، تا ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران ھیچ وادەیەکی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ دیاری نەکردووە.
لە لایەکی ترەوە، ئەحمەد مووسەوی ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتح، ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەران بە بێ ڕێککەوتن و سازانی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار، بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆنابێتەوە، بۆ ئەوەی وەک جاری پێشوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پەکنەخرێت.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەری کێشەی ناوی کاندیدی سەرۆک کۆمار نییە، بەڵام ڕەنگە لە سەعاتەکانی داھاتوودا گۆڕانکاری ڕووبدات، بە تایبەت کە دانوستانی لایەنەکان بەردەوامە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە موقتەدا سەدر ئاشکرایکردووە، لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی موقتەدا سەدر و مستەفا کازمی لە حەنانە ، کازمی ناوی ئەو لایەنە سیاسییانەی ئاشکراکردووە کە پشتیوانی دەکەن بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆک وەزیران، کازمی ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران و وڵاتانی تری جیھانیش، لارییان نییە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
کازمی داوای لە سەدر کردووە جارێکی تر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدی بکاتەوە، بەڵام سەدر بە کازمی وتووە، ڕەوشەکە ناڕوونە و ئەو بڕیارە بە تەنھا لە دەستی ڕەوتی سەدردا نییە، چونکە ھێشتا بژاردەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن بوون لە بەردەوام ڕەوتی سەدردا کراوەیە.
ڕۆژی دووشەممە بۆ پەردەلادان لەسەر منارەی دووەمی مەرقەدی ئیمام عەلی، سەردانی نەجەفی کرد و لە وتارێکیشدا ڕایگەیاند، لایەن ھەیە ھەوڵی دروستکردنی ئاشوبی تایەفی دەدات لە عێراق.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وەزارەتی دارایی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ی ئامادەکردووە و چاوەروانی داواکاری دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنەکە بکرێت.
داواشی کردووە مشتومرەکان لەسەر ناردنی پرۆژە یاساکە لەلایەن حکومەتی ئێستاوە کۆتایی بێت چونکە ئەم حکومەتە بێت یان حکومەتی داھاتوو، مافی ئەوەی ھەیە بودجە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە و ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەم حکومەتە بێت یان حکومەتی داھاتوو دەتوانێت تاوتوێی ژمارەکان بکات لە پڕۆژە یاساکەدا، ئەگەر ھەر کێشەیەکیش لە پڕۆژە یاساکەدا ھەبێت دەکرێت دوای پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاندووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنەکە نەکرا، بەڵام لە ئێستادا گرنگە ڕەوانە بکرێت چونکە عێراق پێویستی بە پلانە، بە تایبەت کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ماوەی یەک ساڵدا یەک ملیۆن زیادیکردووە.
"مەھدی ڕەشید حەمدانی" وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری "ئەنقەرە"یە و پێداگریشی کردووە لەسەر بەشداریکردنی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا. وتیشی، سوریا ڕازی بووە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دابنیشێت و "بەغداد" میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات.
ئەو ھەوڵەی عێراق بۆ میوانداری کردنی ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ساڵانێکە تورکیا پشکی ئاو بۆ سوریا نانێرێت و کاریگەری لەسەر عێراقیش دروست بووە و وشکەساڵییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
بە پێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش، ئەو وشکەساڵییە زیانی بە نزیکەی ١٢ ملیۆن کەس و کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاژەڵی گەیاندووە و ئاوارەبوونی خەڵکیشی لێکەوتووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، دەبێت وردبینی بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی ھەرێم بکرێت و وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیش چاودێری گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و غازی ھەرێم دەکەن.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ھێزەکانی دەزگای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر توانیوویانە سەرکردەیەکی گروپی تیرۆریستی داعش بە ناوی (ئەبو ئیسلام) دەستگیر بکەن کە بە ناسنامەی ساختەوە لە نێوان پارێزگاکاندا ھاتوچۆی کردووە.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا جەختیکردەوە لە پێکھێنانی حکومەتی چاکسازیی نوێی زۆرینەی نیشتیمانی و دوور بێت لە بەشبەشکاری.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر وتیشی، پێویستە ڕۆڵی چاکسازیی ئەنجومەنی نوێنەران کارا بکرێت، بانگھێشتی ھەر کەسێک بکات کە گومان بکرێت لە گەندەڵی و کەمتەرخەمی لە کارەکانیدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، پێویستە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کارابکرێنەوە، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گەل و تەواوکردنی پرۆژە وەستاوەکان و لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا بێت.
باسی لەوەشکردووە، پێویستە ھەموو ئەو کۆمپانیا حکومی و مەدەنیانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە کەمتەرخەمییان نواندووە لە تەواونەکردن و پەکخستنی پرۆژەکاندا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەدر جەختیکردووەتەوە لەوەی دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران بە توندیی بەرپەرچی ھەر دەستوەردانێکی حزبی و دادوەرییی بە سیاسی کراو بداتەوە.
مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، کاردەکەن لەسەر تێپەڕاندنی ئەو ڕەوشە بێسەروبەرە قبوڵنەکراوە و بەرپەرچدانەوەی گروپە لە یاسا دەرچووەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، بەھەموو ھێزی خۆیانەوە بەرگری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن و ڕێگری بکەن لەو بێسەروبەریییە کە ھەندێک ئاواتی پێ دەخوازن.
کازمی ڕاشیگەیاند، پێویستە وەزیرەکان بەوپەڕی سووربوونەوە کاربکەن لە سەپاندنی ھەژموونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چونکە ھەیە دەیەوێت دامەزراوەکانی دەوڵەت بێ ڕۆڵ و لاواز بکات لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەت، کە بۆ بەرژەوەندی گروپ و کەسانی یاخیبوو کاردەکات.