فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد رایگەیاند، رۆژی چوار شەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری تر بۆ ھەرێمی کوردستان درا.
جەختی لەوەشکردەە، رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان تەواو بکرێت، پارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەو ھۆیەشەوە ئەگەری ھەیە ناردنی پارەکە بکەوێتە ھەفتەی داھاتوو.
پێشتریش وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچە بەبێ لیبڕین چاوەڕوانی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد دەکەن.
"عەلا جبوری" وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، بڕی ١٠٠ ملیار دیناریان بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١ تەرخانکردووە، بۆ ئەو بڕە گەنمەی لە وەرزی بە بازاڕکردنی ساڵی ٢٠٢١ لێیان وەرگیراوە.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا بڕی پارەکە دەخرێتە سەر ئەژماری بانکی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە بۆ جوتیاران خەرج بکرێت.
(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەشبینین بەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پڕۆسەیەک دەبێت کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە لە ڕووی پاکی و بێگەردییەوە، لە ڕووی لۆجستی و ئەمنیشەوە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
(مستەفا کازمی)، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھەوڵەکانی کڕینی دەنگ لە ڕێگەی "دامەزراندنی وەھمی" شکستپێدەھێنن، بەڵێنی درۆش جێبەجێ ناکرێن. وتیشی، ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئومێدی عێراقییەکانە بۆ داھاتوویەکی باشتر.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و لەو ڕێژەیەش ١٤ ملیۆنیان دابەشکردووە کە دەکاتە ٧٠٪ی ھەموو کارتە نوێکراوەکان.
بڕیاریشی داوە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا ٢٤ سەعات پێش دەستپێکردنی کاتی دەنگدان بەردەوام بێت، لە کاتێکدا پێشتر ٤٨ سەعات پێش دەنگدان ھەڵمەتی بانگەشە ڕادەگیرا.
"حەسەن سەلمان" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندی لە کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاندووە، زۆربەی ئەو پێشێلکارییانەی کاندیدەکان کردوویانە ناگەنە ئاستی سەپاندنی سزا و زۆرینەی پەیوەندی بەوەوە ھەبووە کە وێنە و پۆستەرەکان لە شوێنی نەگونجاودا دانراون.
وتیشی، ئەو پێشێلکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن تۆماری دەکەن، بەڵام پێویستە لە ڕێی سکاڵاوە بگاتە دەستیان.
"حەسەن سەلمان" ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ھیچ لایەنێک و قەوارە و کاندیدێکی سزا نەداوە، چونکە لە ماوەی ٣ ڕۆژی ئاگادارکردنەوەیان لە پێشێلکارییەکان، وێنە و پۆستەرەکانیان لابردووە.
ھاوکات ئەنجومەنی کۆمسیاران ٢ کاندیدی دوورخستەوە، بەھۆی ئەوەی وشەی نەشیاویان بەرامبەر بە دادگا بەکارھێناوە.
روبا فەلاح ئەندامی تیمی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا رێژەی ١٨٪ عێراقیەکان ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، بەڵام پلانیان ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٠ ملیۆن عێراقی ڤاکسین وەربگرن و جێبەجێکردنی ئەو پلانەش پەیوەستە بە پابەندبونی ھاوڵاتیان بە بەکارھێنانی ڤاکسین و پابەندبونی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ڤاکسین بە ناردنی ڤاکسین بۆ عێراق.
راشیگەیاند، بۆ پەیداکردنی بەرگری گشتی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دانانی سنورێک بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە ٥٠٪ عێراقییەکان ڤاکسین وەربگرن.
"موئەیەد غازی"كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی كەركوك رایگەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی عەرەبی و توركمانی لەكەركوك وەك پڕوپاگەندەی سیاسی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام هاوپەیمانی كوردستان پێداگری دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.
"لوئەی كاكەیی"بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 86% ی دەنگدەرانی كەركوك كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، هیچ گرفتێكیش لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكەركوك نییە ، وتیشی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن لیژنەیەكی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی رەوانەی كەركوك كردووە.
ئیحسان ئیسماعیل وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەر کردنی گرفتی بەنزین، رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزینی نۆرماڵ رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
وتیشی، بەردەوام دەبن لە رەوانەکردنی بەنزین تا ئەو کاتەی ئەو کێشەی بەنزین لە ھەرێم نامێنێت.
بڕیارە لەو کۆنگرەیەدا داوا لە ھەموو ھۆزەکانی عێراق بکرێت ئامادەکاری بکەن بۆ ڕاگەیاندنی لوتکەی ھۆزەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ھەژماری خۆی لە تویتەر ستایشی کارمەندانی تەندروستی عێراقی کردووە و ڕایگەیاندووە، کارمەندانی تەندروستی ھەموو کارێکیان لە پێناو ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کردووە و مردنیش نەیترساندن، چونکە عێراق و گەلەکەیان خۆشدەویست.
سەدر داواش دەکات، کارمەندانی تەندروستی سەرپەرشتی لایەنی تەندروستی ھەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگربن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چونکە پێویستە ھەڵبژاردن بە پێی مەرج و ڕێکارە تەندروستییەکان بەڕێوەبچێت وەک دوورەپەرێزی و پاکوخاوێنی.