مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو کێشانەی بەرۆکی عێراقی گرتووە کێشەی کارەبایە و ١٢٠ ملیار دۆلار زیانی بە حکومەت گەیاندووە، بەھۆی خراپی ئیدارەدانی وڵاتیشەوە ھێشتا پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی وزە بەپێی پێویست نییە و بەفیڕۆچوون ھەیە.
وتیشی، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە زیادبووندایە و بەوەش داواکاری لەسەر کارەبا زیادیکردووە، بانکی ناوەندیش پارەی بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنی وزە تەرخان کردووە، بە تایبەتی بە مەبەستی گەیاندنی کارەبا بۆ گوند و شوێنە دوورەکان.
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوساندا لەبارەی کاتی دەستپیکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە چەند بەربەستێک لەبەردەم ئەو پرسەدا ھەیە، بەڵام ھیواخوازن تا درەنگ نەبووە، ئەو دوو لایەنە دەست بە دانوستان بکەنەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا و بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران، چەند خولێکی دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بەغداد بەڕێوەچووە و بەرپرسانی ھەر دوولاش رایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکان ئەنجامی باشیان ھەبووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی لەلایەن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییەوە پێشكەشی كراوە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 3 لە بەشداربووانی كۆنگرەكەی هەولێر دەركرد، كە ئەوانیش "وسام حەردان" سەرۆكی "سەحوەی عێراق" و "میسال ئالوسی" پەرلەمانتاری پێشوو و "سەحەر كەریم تائی" فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیرین، ئەنجومەنەكە بەشداری كردنی ئەو كەسانەشی لەو كۆنگرەیە بە تاوان ناوبردووە. لەلایەكی ترەوە دادگای ئەنباریش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 5 كەس دەركردووە.
كۆنگرەكەی "هەولێر" بە ناوی " ئاشتی و گێڕانەوە" بوو كە رۆژی هەینی كرا و تێیدا داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئیسرائیل كرا.
"جومانە غەلای" وتەبێژی کۆمسیۆن رایگەیاند، ھەر کەسێک لە شوێنی کەسێکی تر دەنگبدات یاخود دوو جار ناوی ھەبێت لە رۆژی دەنگداندا، روبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و رەوانەی دادگا دەکرێت، کە سزای دارایی بەبڕی ٢٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلار و زیندانی بۆ ماوەی ٦ مانگ دەگرێتەوە.
"جومانە غەلای" وتیشی، دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سێیەمی ھاوشێوەی دەنگدان لە ٢ ھەزار و ١٧٩ وێستگە لە تەواوی عێراق، کۆمسیۆن بە تەواوی ئامادەی ھەڵبژاردنە.سەرچاوەیەکی ئاسایشی قەرەتەپە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر چوار گولـلە ھاوەن ئاڕاستەی ناو سەنتەری ناحیەی قەرەتەپە کراوە، بەڵام ھیچ زیانێکی لێنەکەوتوەتەوە.
ئاشکراشی کرد، گولـلە ھاوەنەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و لە خوارووی شارۆچکەکەوە ئاراستەکراون و حەشدی شەعبیش بە ئاراستەکردنی دوو گولە ھاوەن وەڵامی داوەتەوە.
ماوەیەکە جموجۆڵەکانی داعش لەسنوری ناوچە دابڕێنراوەکانی دیالە تەشەنەی کردوە.
دەستەی باڵای فەتوای سونە لە عێراق رایگەیاند، ھەر ھاوڵاتییەک بە ھەر ھۆکارێک کارتی دەنگدانەکەی بفرۆشێت پارەکەی حەرامە و فرۆشتنی دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی تاک.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھەر کاندیدێک پەنا بۆ کڕینی کارتی دەنگدان ببات، ئەوە دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە، دەبێت دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکات و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش دەبێت ئەو کاندیدە لەپڕۆسەی ھەڵبژاردن دوور بخاتەوە.
دوای ئەوەی بەشێک لە ھۆزە عێراقییەکان لە ھەولێر کۆبوونەوە و پێشنیاری رێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد، حکومەتی عێراق بە توندی پێشنیارەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل پێچەوانەی دەستوری عێراقە و رەتیدەکەنەوە.
حکومەتی عێراق دەشڵێت، ئەو کۆبوونەوانە نوێنەرایەتی ھەموو گەلی عێراق ناکەن و بەغدادیش سورە لەسەر ھەڵوێستە مێژووییەکەی بۆ پشتیوانیکردنی لە دۆزی فەڵەستین.
پێشتریش یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشوازی لە پێشنیارەکە دەکەن و ئەوەشی لە عێراقەوە داوا کراوە لە سەرووی چاوەڕوانییەکانی ئەوانەوە بووە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی ھۆشداری دا بە ھەرێمی کوردستان، کە پێویستە ڕێگەنەدات ئەو حزبانەی لەسەر سنوورن، ئێران بکەنە ئامانج.
ئاشکراشیکرد، چەندین جار داوایان لە ھەرێم و حکومەتی عێراق کردووە ئەو کارانە رابگرن، بەڵام ھێشتا نەیارانی ئێران سنوور دەبەزێنن و کاری تێکدەری دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
جەختیشیکردەوە، پێویستە ئەو کارانە ڕابگیرێن، ئەگەرنا ئێران ناچار دەبێت ئۆپراسیۆن ئەنجام بدات.
مەسجدی ئاماژەی بەوەشکرد، بە ھیچ شێوەیەک نایانەوێت ناوچە سنورییەکان و ھەرێمی کوردستان توشی زیان بن و داواشی لە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی جدی چارەسەر بکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە وەرگیراون، تیرۆرستانی داعش چەند موشەکێکیان ئاراستەی کۆمەڵگەی حەمرین کردووە سەر بە ناحیەی سەعدیە لە قەزای خانەقین.
وتیشی، بەھۆی پەلامارەکەوە، منداڵێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینتداربوون.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ی عێراق رەوانەی حکومەت نەکراوە، بەھۆی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە حکومەت دەرفەتی ناردنی پرۆژە یاساکەی نابێت بۆ پەرلەمان و لەدوای ئەوەش بەھۆی پێکھێنانی حکوتی نوێ دەنگدان بۆ پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ی عێراق دوادەکەوێت و ئەگەری ھەیە بۆ ساڵی داھاتووش یاسای بودجەی عیراق پەسەند نەکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند، بەھای دۆلار بەھەمان شێوەی ئەمساڵ دەبێت و بە دڵنییاییەوە تا سێ ساڵی تر گۆڕانکاری تێدا ناکرێت و بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دوو ئەفسەر لە پارێزگای بابل دەستگیرکراون، لەسەر دۆسیەی ئەو ھاوڵاتییەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانیناوە بە کوشتنی ھاوسەرەکەی، دواتریش دەرکەوت ژنەکەی زیندووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەو دوو ئەفسەرە پلەی عەقید و رائیدیان ھەیە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکھێندراوە.
ماوەی دوو رۆژە ھەواڵی دەستگیرکردنی ھاوڵاتییەک بە تۆمەتی کوشتنی ھاوسەرەکەی بەبێ ئەوەی تاوانەکەی ئەنجام دابێت، شەقامی عێراقی وروژاندووە و کازمیش بەڵێنیداوە بە سزادانی ھەموو ئەو کەسانەی لەو دۆسییە تێوەگلاون.