لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا لە لایەنەکانی سوریا دەکەن بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و لە زوترین کاتدا گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە یەکگرتنی ئاشتیانە ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەکە لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر رەوشی سوریا بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەن، کە بە خێرایی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی .
راگەیەنداروەکە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە دیمەشق بڵاوکراوەتەوە و پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی 15 رۆژەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بە توندی پابەندی ئاگربەستەکە بن و خۆیان بەدور بگرن لە هەر هێرشێک بۆسەر یەکتری.
ئەو وڵاتانە، پێشوازیان لەو رۆڵە گرنگە کردوە کە حکومەتی هەریمی کوردستان، عیراق، هەسەدە و حکومەتی سوریا دەیگێڕن لە روبەڕوبونەوەی داعشدا
لە راگەیەندراوەکەدا پابەندبونی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی دووپاتکراوەتەوە و پێشوازی لە دامەزراندنی رێڕەوی مرۆیی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان.
جەختیان کردوەتەوە لە پێویستی پاراستنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارەکانی داعش و داوایان لە هەموو لایەنەکان کردوە، رێگەنەدەن بە دروستبونی بۆشای ئەمنی لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارەکانی داعش.