کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەدەنگدانی تایبەتدا رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای ھەولێر ٧٥٪، و لە سلێمانی ٧٨٪ و لە دھۆک ٦٩٪ و لە کەرکوک ٦٢% بووە، بەرزترین رێژەی بەشداری لە پارێزگای بابل بووە کە لە ٨٠% بووە و کەمترین ریژەی بەشداریش لە پارێزگای ئەنبار بووە کەلە ٥٩% بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆی یەک ملیۆن و ١٩٦ ھەزار ٥٢٤ کەس کە مافی دەنگدانی تایبەتی ھەبووە، ٨٢١ ھەزار کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە، کە دەکاتە ٦٩%، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە زۆرترین رێژەی سکاڵا لە پارێزگای ھەولێر تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ کۆتایی بەخولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دێت و راوێژکاری یاسایی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، بە دەرکردنی بڕیارێکی یاسایی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی بەم خولە دەھێنرێت.
ئەمین بەکر راوێژکاری یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی پێشتر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە ئەمڕۆ ٧ی تشرینی یەکەم کۆتایی بە خوای چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران دێت و بۆ ئەوەش پێویست بە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی یاسایی دەردەکات و بەوجۆرە پەرلەمان خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد، لەدوای بڕیارە یاساییەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی دیکە ئەم خولەی پەرلەمان ناتوانێت دەست بەکارببێتەوە، چونکە خۆی خۆی ھەڵوەشاندووەتەوەو ئەگەر ھەڵبژاردنیش نەکرێت بەھەر ھۆکارێکی عیراق دەکەوێتە فەراغی تەشریعی.
بەگوێرەی مادەی ٦٤ لە دەستوری عیراق، ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ھەڵدەوەشێنرێتەوە و لە ماوەی ٦٠ رۆژی دواتردا دەبێت ھەڵبژاردن ئەنجامدرابێت، لەو ماوەیەشدا ئەنجومەنی وەزیران بە دەستلەکارکێشاوە ھەژمار دەکرێت و کارەکانی رۆژانەی بەڕێوەدەبات.
ڕۆژی پێنج شەممە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان، بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، کۆتایی بە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دێت و ھەڵدەوەشێتەوە.
لەو بارەیەوە تارق حەرب شارەزای یاسایی عێراق ڕایگەیاند، دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، پەرلەمانتاران پارێزبەندیان نامێنێت و سیفەتی ئەندامیەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەست دەدەن.
وتیشی، دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەتی ئێستا بە شێوەی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تاکو پێکھێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت لە دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.
ڕۆژی ٣١ی ئاداری ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگیدا لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران.
"زیا عەواد کازم" سەرۆکی دەزگای ناوەندی سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە تاقیکردنەوەیەک لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە پارێزگای "دھۆک" ئەنجام بدەن و تاقیکردنەوەی دووەمیش لە پارێزگای "قادسیە" دەکرێت، کە لەڕێیانەوە ئەو ئاستەنگ و کێشانە دیاری دەکرێن کە لە بەردەم سیستمی ئەلکترۆنی و پڕۆسەی سەرژمێری گشتیدا ھەن.
وتیشی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە بە تەرخانکردنی بودجەیەک بە بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو بۆ سەرژمێری گشتی، ئەگەر لە دوای ھەڵبژاردنیش حکومەت بە خێرای پێکبێت و ئەو پارەیە پەسەند بکرێت، ئەوا ڕەنگە سەرژمێرییەکە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدەن.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانە و پێویستە ھاوڵاتیان تاکو تەواو بوونی دەوامی ئەمڕۆ سەردانی نزیکترین ناوەندی کۆمسیۆن لە شوێنی نیشتەجێبونیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
وتیشی، ئەو دەنگدەرانەی کارتی کورت ماوەیان ھەیە و داتاکانیان لە ماوەی ٣ی مانگی ١ تا ١٥ی مانگی ٤ نوێکردووەتەوە پێویستە سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتە نوێکانیان، لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە کارتە کورتماوەکەیان پەکخراوە و ناتوانرێت لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەنگی پێبدرێت.
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینیەکانی بۆ کات و بڕی بارانبارینی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەکان چاوەڕێی بارانێکی زۆر ناکرێت و بڕی بارانی ئەمساڵیش وەک ساڵی رابردو دەبێت.
دەستەکە لە بارەی سەرەتای بارانیشەوە دەڵێت، لەم مانگە و مانگی داھاتوشدا بارانێکی ئاسایی و کەم دەبارێت، ھۆکارەکەشی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەویە کە وای کردووە بڕی باران کەمبێتەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، کار دەکەن لەسەر زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ھەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٧ و ئامانجیشیانە بەرھەمھێنانی گاز بەر لە ساڵی ٢٠٢٥ بگەیەنن چوار ملیار مەتر سێجا.
ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتنی نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ١٠٠ دۆلار بەردەوام نابێت، لە کۆبوونەوەی "ئۆپیک پڵەس"یشدا زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنان بەبڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا پێشنیار کراوە.
(مستەفا کازمی)، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە: نزیک دەبینەوە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن کە یەکێک بوو لە داواکارییە بنەڕەتییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە پێناو ئایندەیەکی باشتر، دەرفەتی گەورەش لە بەردەم ھەموواندایە بۆ ھەڵبژاردنی باشتر و دەستپاکتر بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییتان بکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
ھاوکات لە ڕۆژی ھەینیشەوە جارێکی تر بەشێک لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەتەوە و داوای سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن.
کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پێشمەرگە و وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری عێراق و دەزگای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، و ئاوارەکان و زیندانیانی گرتووخانەکان، لە ڕۆژی ٨ی مانگ بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن.
(نیبراس ئەبو سۆدە) وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕوونیکردەوە، کۆمیسیۆن داوای لە دەستەی حەشدی شەعبی کردووە لیستی ناوەکان ئاڕاستە بکات، بۆ ئەوەی لە دەنگدانی تایبەت جێگەیان بکاتەوە بەڵام ئەوان دواکەوتوون، ھۆکاری بەشداریی نەکردنیشیان لە دەنگدانی تایبەت، گرفتی ھونەرییە نەک ھۆکاری سیاسی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو عێراقییەکانی لە لیتوانیا گیریانخواردووە ٢٧٥ کەسن کە ١٤ خێزانیشیان تێدایە، کە لە نێویاندا خەڵکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە و لە ٢٩ کەمپدان، و دەیانەوێت خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی کۆچ ھەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی گیریانخواردووە لە لیتوانیا و بێلاروس.