حاکم عومەر ئەحمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەمشەو وادەی تانەدان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆتایی دێت و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایش سێ ڕۆژ دەدرێت بە کاندید و لایەنەکان تاکو تانە لە ئەنجامی کۆتایش بدەن.
سەبارەت بە ژماردنی دەنگەکانیش حاکم عومەر وتی، تا ئێستا پڕۆسەی جیاکردنەوەی و ژماردنی دەنگەکان بەردەوامە و کۆتایی نەھاتووە.
بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بەمنزیکانە برێت مەکگۆرک، بە نوێنەرایەتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە بارەی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق کۆدەبێتەوە، مەکگۆرک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ھەمان مەبەست لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەردانی چاوەڕوانکراوی برێت مەکگۆرک بۆ عێراق، دوای ئەوە دێت ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ بەشێک لەلایەنە شیعەکان کۆبووەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، سەعات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەک قۆناغی یەکەم ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی ٤٩٨ وێستگەی دەنگدان لە ھەر دوو بەری رەسافە و کەرخی شاری بەغداد دەکرێت، کە ئەنجامەکانی ئەو وێستگانە بەشێوەی ئەلکترۆنی رەوانەی کۆمسیۆن نەکراوە.
لەوبارەیەوە حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندیە جەماوەریەکان، لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاروایە، کۆمسیۆن ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی ١٢ ھەزار و ٢٢٨ وێستگەی دەنگدان، لە سەرجەم پارێزگاکان ئەنجامبدات، کە ئەنجامی ئەو وێستگانە لەگەڵ ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکان رانەگەیەندراوە.
مەزھەر محەمەد راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی داھاتوویان ئامادەکردووە و دوای پێکھێنانی حکومەنی نوێ لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دەکەن و لە رەشنووسەکەشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتیان بە ٥٠ دۆلار خەمڵاندووە.
وتیشی، لە پێنج ساڵی داھاتوودا ئابووری عێراق بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و بەرھەمھێنانی نەوتیش شەش ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت.
ھێزەکانی سنوری عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە ڕووی ئەمنییەوە تەواوی سنورەکانی لەگەڵ خاکی سوریا کۆنترۆڵکراوە و ئەو ناوچەیەش کە پێشتر داعش لە باکوری خۆرئاوای شاری موسڵەوە دزەی لێوە دەکرد، لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، بەھۆی سەرکەوتنی پلانی ئەمنی، لەمساڵدا کەمترین تیرۆریستی داعش توانیوویانە لەسەر سنورەکانی (عێراق - سوریا) جموجۆڵیان ھەبێت.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە و ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە، ژمارەی کورسیەکانی ڕەوتی سەدر وەک پێشبینی دەکرا بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیادیکردووە، کە لە خولی پێشوودا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی سائیروندا ٥٤ کورسی ھەبوو، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٧ کورسی بەدەستھێناوە، ھاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ١٤ کورسی بەدەستھێناوە و بەراورد بە ھەڵبژاردنی پێشوو دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاوو پاشەکشەکەی کردووە.
لەسەر ئاستی سونەکانیش ھاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە و بە بەدەستھێنانی ٣٨ کورسی لەسەر ئاستی سونەکان یەکەمە.
کازمی لە پەیامێکدا لە تویتەر پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، ھەروەھا پیرۆزبایی لە ھێزە سیاسییەکانی پێکھێنەری ئەنجومەنی نوێنەرانی داھاتوو دەکات و ھیواخوازە ئەنجومەنی کاری و بونیادنان و پشتیوانی دەوڵەتی دەبێت.
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ستایشی ھەوڵی کۆمسیۆن و لایەنی ئەمنی کرد کە توانیویانە ھەڵبژاردنێکی ئارام ئەنجام بدەن، کە یەکێک بوو لە داخوازییەکانی گەلی عێراق بۆ چاکسازی و لێپرسینەوە و بەدیھێنانی داھاتوویەکی باشتر.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکان کردووە پشوو درێژبن و پابەندبن بە خشتەی زەمنی کۆمسیۆن بۆ یەکلاکردنەوەی تانە و سکاڵاکان و تەواوکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ڕێگەی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ بە زووترین کات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ستایشی حکومەتی عێراقی کردووە بۆ ئامادەکاری و ڕێکخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ڕایگەیاندووە، ڕێز لە بژاردەی گەلی عێراق دەگرن و ھیواخوازن بە زووترین کات حکومەتێکی بەھێز و گشتگیر پێکبھێنرێت.
کۆمسیۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پێی ماددەی ٢٠ لە یاسای ژمارە ٣١ی کۆمسیۆن بۆ ساڵی ٢٠١٩ ، ئەو لایەنانەی زیانیان بەرکەوتووە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی و تایبەت، دەتوانن لە ماوەی ٣ ڕۆژدا لە نوسینگەکانی ھەڵبژاردنی کۆمسیۆن یاخود نوسنگەی نیشتمانی و نوسینگەی دەستەی ھەرێم یاخود ڕاستەوخۆ لە دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن.
تانە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن تۆمار بکەن، ئەنجومەنی کۆمسیارانیش لە ماوەی ٧ ڕۆژدا وەڵامی دەستەی دادوەری دەداتەوە و دەستەی دادوەریش لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەست دەکات بە کارکردن و لێکۆڵینەوە لە تانەکان.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا کە لە بولگاردی پایتەختی سربیا بەڕێوەچووە، عێراق داوایکردووە تورکیا کۆت و بەندەکانی پێدانی ڤیزا لەسەر عێراقییەکان کەمبکاتەوە بە تایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا تورکیا کۆت و بەندەکانی زیاد کرد و کارکردنی بە لێکتێگەیشتنی نێوان ھەردوو وڵات بۆ پێدانی ڤیزا ھەڵپەسارد.
داواشکراوە تورکیا ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا خێراتر بکات بۆ ئەو عێراقییانەی خواستی ئەوەیان ھەیە سەردانی تورکیا بکەن.
ڕوبا فەلاح ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی تەندروستی، لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، دوور نیە لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتوو، شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوببێتەوە، ئەوەش بەھۆی بەربڵاوی ڤایرۆسەکە لە جیھان و بوونی چەندین جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا.
وتیشی، ٢١٪ی کەسانی پێگەشتوو و سەروو ١٨ ساڵ لە عێراق، ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئامانجیان ئەوەیە تاکۆتایی ئەمساڵ ڕێژەکە بگەیەننە ٢٠ ملیۆن کەس، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥ ملیۆن و ٢٩ ھەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان، ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی 94%ی وێستگەكانی هەڵبژاردن، ئاستی بەشداری لە تەواوی عێراق گەیشتۆتە 41% و 9 ملیۆن و 77 هەزار و 779 كەس دەنگیانداوە و لەدەنگدانی تایبەت 16 سكاڵا و لە دەنگدانی گشتیش 58 سكاڵا تۆماركراوە.
بەپێی ئەو ئامارە لەسەر ئاستی پارێزگاگانی هەرێم، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە سلێمانی 37% و هەولێر 46% و لە دهۆكیش 54% بووە، لە پارێزگاكانی عێراقیش، لە "بەغداد" بە هەردوو بەری رەسافە و كەرخ 65% و لە كەركوك 44% و لە بەسرە 40% و لە سەڵاحەدین 48% و نەینەوا 42% و دیالە 46% و لە ئەنباریش 43% بووە، لە پارێزگاكانی تری عێراقیش رێژەی دەنگدان لەنێوان 41% بۆ 44%دا بووە.
كۆمسیۆن راشیگەیاندووە، دوای ئەنجامدانی جیاكردنەوەی دەنگەكانی چەند وێستگەیەك بە دەستی و ئەلیكترۆنی، دەنگەكان 100% هاوتا بوون.