کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ١١٩ سکاڵا لە دەنگدانی تایبەت و گشتییدا تۆمارکراوە و لە ١٠ رۆژدا ئەنجامی سکاڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ھەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، ٢٠٠ سەرپێچیکاریان لە رۆژی ھەڵبژاردندا دەستگیر کراون.
جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەواندا رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت ٢٥ سکاڵا و لەدەنگدانی گشتی ٩٤ سکاڵا تۆمارکراون و ماوەی سێ رۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسیەکاندایە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، وتیشی، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی و ئەلکترۆنی دەنگەکان، ١٠٠% ھاوتا بووە.
ھاوکات عەبدولئەمیر شەمەری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پلانی ئەمنی پاراستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن سەرکەوتوو بووە و ٢٠٠ سەرپێچیکاریان دەستگیرکردووە.
دوای دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی لەلایەن رەوتی سەدرەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاند، گەلی عێراق و چاکسازی بەسەر داگیرکاری و گەندەڵیدا سەرکەوتن و لە ئەمڕۆوە ھیچ شوێنێک بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران نامێنێت، وتیشی، چاوەڕێی شۆڕشی چاکسازی دەکات و رێگەش بە بوونی میلیشیا و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نادەن.
جەلیل عەدنان سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەنگی ھاوڵاتیانی عێراق ئەمانەتێکی گەورەیە و پاراستومانە و زانیارییەکان لە رای گشتی و راگەیاندنەکان ناشارینەوە.
وتیشی، ھیوادارین راگەیاندنی ئەنجامەکان جێی رەزامەندی شەقامی عێراقی بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەموو ناوەندەکان نوێنەری لایەنەکان و سندوقی سکاڵا ھەبووە و لێکۆڵینەوە لە تەواوی سکاڵاکان دەکەین.
ئاشکراشیکرد، ئەنجامی بەشداریکردنی دەنگدان لە چەند سەعاتی داھاتوودا رادەگەیەنرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان بە راپۆرتێک ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵبژاردنەکە دەکات.
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، سبەینێ ناوەندەکانی دەنگدان بکەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەتان بۆ چاکسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەکاری، چونکە ھیچ دەنگێک لە دەنگی میللەت بەرزتر و ھیچ ئیرادەیەک لە ئیرادەی خەڵک بەھێزتر نییە، بەشداری کارا و ھوشیارانەی ھاوڵاتیان، خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووساز دەبێت و ڕێگە لە یاریکردن بە چارەنووسی وڵات دەگرێت.
وتیشی، ئەو ھەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ ھاوڵاتیان بۆ ئەوەی ئەو ڕێڕەوە بە ئاڕاستەی چاکسازی و گۆڕانکاری ببەن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی باش لەپێناو پارێزگاری لە دەنگەکان و ڕێگری لە ساختەکاری گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، ٦٠٠ چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ٢٧٤ چاودێری یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ دەیان چاودێری تر لە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چاودێری پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە سەرتاسەری عێراق دەکەن.
نوسینگەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە بەغداد ڕایگەیاندووە، سەرجەم پێداویستی لۆجستییەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دابینکردووە و ھیچ گرفتێکیان نییە و وەک دواین ئامادەکاریش جارێکی تر ھەستاون بە تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ھەڵبژاردن وتیشی، پڕۆسەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت و لە ئێستاوە ئاماژەکانی سەرکەوتنی دەرکەوتوون و چاودێرانی نێودەوڵەتیش لە بنکەکانی دەنگدانن و چاودێری پڕۆسەی دەنگدان دەکەن.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنیەکان لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان بەشدارییەکی کارا لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن.
ھاوکات ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لیژنە دادوەرییەکانی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکاڵا و پێشلکارییانەی لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەتدا تۆمار دەکرێن.
سەدر لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ھێزە ئەمنیەکانیان دەنگ دەدەن لە پێناوی نیشتمان و چاکسازی، ھیوادارن بە شێوەیەکی شەفاف و ئازادانە دەنگ بدەن بە بێ فریودان یا ھەڕەشەلێکردن یا فشارلێکردن یا تایەفەگەری یا قەومچێتی، چونکە ئەوان ڕۆڵەی نیشتمانن و ھەر بۆ نیشتمانیش دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ھێزە ئەمنییەکان پارێزەری نیشتمان بن ئەوا ئەوان پیشتیوان و پاڵپشتیان دەبن ڕێگە بە ھیچ دەست تێوەردانێکی دەرەکی یا نەوەکی لە دەنگدانیاندا نادەن.
موقتەدا سەدر ڕوونیشیکردووەتەوە، چاودێری ئەو کەرنەڤالە نیشتمانییەی دەنگدانی ھێزە ئەمنییەکان دەکەن، ھەر فشارێک یا دەست تێوەردانێکیش ھەبێت، دەستبەجێ ڕایدەگەیەنن.
نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ڕاپۆرتێکیان بینیوە کە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان گلەیی و گازندەی گەیاندووەتە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە چەند پێشلکارییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا.
ڕاشیگەیاندووە، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و ئەگەر چاودێران ھەر شتێک ببینن کە جێی نیگەرانی بێت، ئەوا بە ڕاپۆرت بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەنێرن.
ھیواشی خواست کە رۆژی یەک شەممە بەشدارییکردن لە دەنگدانی گشتی بەشێوەیەکی فراواندا بێت و بۆ دڵنیاییش لە دەرەنجامەکان دوای جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی، بە دەستیش دەنگەکان جیا دەکرێنەوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: چەندین لایەن ھەبوون کە گومانیان لە جدییەتی حکومەت ھەبوو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بێدەنگی حکومەت لە پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن گوزارشت بوو لە ھەڵوێستە نیشتیمانییەکە، و رێگەیان نەداوە ھیچ وەزیرێک بەشداربێت لە پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لایەنێک یان کاندیدێک.
مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشی ھەڵبژاردنەوە ھەیە گەرەنتی کراوە و ئازادی تەواو بۆ دەنگدەران زامن کراوە.
مستەفا کازمی ھەر لەو کۆنفراسە وتی، ئەرکی ئەوە کە راستییەکان ئاشکرا بکات و رایگەیاند: عێراق نزیک بوەوە لە ھەرەسھێنانی ئابوری، ھیچ رێگەیەکیان لەبەردەم نەمایەوە جگە لە راستگۆی لەبەرامبەر گەلی عێراق.