میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ٣٠٠ سەرباز لە یەکەی تۆپھاوێژی ١٦٣ لە سەربازگەی ئیڤانسڤیل رەوانەی عێراق دەکرێن کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ ەوە یەکەمجارە ھێزەکانی گاردی نیشتمانی ئەمریکا روو لە عێراق دەکەنەوە.
فەرماندە سەربازییەکان رایانگەیاندوە، سەربازەکان چەند مانگێکە سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەیان لە عێراق مەشق و راھێنان دەکەن، بەڵام ماوەی مانەوە و شوێنی جێگیربوونیان بەھۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکردووە.
ھادی سەلامی ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لیژنەکەیان لەبارەی بوونی گەندەڵی لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک رێکارەکانی لێپرسینەوەی لە وەزیری بازرگانی تەواو کردوە و چاوەڕێن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وادەی لێپرسینەوەکە دیاری بکات، وتیشی، قەبارەی گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک لە ھەردوو مانگێکدا دەگاتە ٢٢٠ ملیار دینار.
سەبارەت بە کەشوھەوای ئەمڕۆش کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، پلەی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار دەکات و لە ھەشت پارێزگا، دەگاتە ٥٠ پلەی سلیزی کە پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار و بەغداد و کەربەلا و بابل و واست و نەجەف و قادسیە دەگرێتەوە.
دەستەی کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی پێنجشەممەش بەھەمان شێوە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە و لە ناوچەکانی باکور لە ھەندێک شوێن ئاسمان نیمچە ھەوردەبێت و پلەکانی گەرماش وەک ڕۆژانی ڕابردوو دەبێت.
ھەر بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ڕۆژانی پێنجشەممە و یەکشەممە و دووشەممەی داھاتووی کردە پشووی فەرمی.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی وڵاتەکە پێویستی بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی گشتگیر ھەیە، کە لە ھەموو دانوستان و گفتوگۆکانی پێشوو جیاوازبێت و تەواوی ھێزە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی بەشداری تێدا بکەن.
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پشتیوانی دەستپێشخەرییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەپێی دەستور.
راشیانگەیاندووە، ھەوڵدەدەن گۆڕانکاری لەچەند بڕگەیەکی دەستور بکەن کە بەربەستن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی سیاسی.
ئاماژەشیان بەوەشداوە کە دەبێت گۆڕانکارییەکان لە ئاست داواکاری خەڵک بێت و پشک پشکێنە رەتبکرێتەوە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت.
موسەوی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، نێوەندگیری دەرەکی و ناوخۆیی ھەیە بۆ ھێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر. وتیشی، چوارچێوە رەتیکردووەتەوە شەقام تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت.
ئەحمەد موسەوی وتیشی، لایەنی سیاسی ھەیە کە دەیەوێت لەڕێی ھێزەوە خۆی بسەپێنێت، بەڵام دەرگای چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوەیە بەڕووی ھەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵ دانوستان و لێکتێگەیشتندان، چونکە ھیچ رێگەچارەیەک نییە جگە لە دانوستان و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "یۆنامی" لە تویتێکدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا داوای گفتوگۆی جدیانکردووە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق، بەڵام ئێستا ئەو گفتوگۆکردنە زۆر لە پێشوو پێویسترن و ھەنگاونەنان بەرەوپێشەوە کاریگەری ھەبووە لەسەر متمانەی گەل و ئەوەش بە روونی دەرکەوتووە.
راشیگەیاندووە، ھیچ لایەن و گرووپێک ناتوانێت خۆی لەم رەوشە بێبەری بکات، چونکە رۆژ بەرۆژ رەوشی عێراق بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات و لەکۆتایشدا ھەمووان باجەکەی دەدەن، ھەربۆیە یۆنامی پێشوازی لە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات.
دەشڵێت پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، چونکە گەلی عێراق پێویستی بە ناکۆکی و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوام نییە، بەڵکو پێویستی بەچارەسەر و چاکسازی ئابووری و خزمەتگوزاری و دەرھێنانی وڵات لە قەیرانی سیاسی ھەیە.
دوای ئەوەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ پلەکانی گەرما لە ھەندێک ناوچەی عێراق دەگاتە سەرو ٥٠ پلە، بەھۆیەوە پارێزگاکانی"بەغداد، واست، نەجەف، بابل، بەسرە، دیوانیە، موسەنا و دیالە" پشوی ڕەسمییان لەسەرجەم فەرمانگە حکومەییەکان ڕاگەیاند.
ھەر سەربارەت بە پێشبینییەکانی کەش و ھەوا، کەشناسی ھەرێم ئاشکرایکرد، سبەینێ بە بەراورد پارێگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی پلەکانی گەرما تیایدا نزمترینە و ٤٣ پلەیە، بەڵام پلەکانی گەرما لە ھەولێر ٤٥ پلە و لە دھۆک ٤٤ پلە و لە کەرکوک ٤٧ پلە دەبێت.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە وتارێکدا لەبارەی ڕەوشی سیاسی عێراق ڕایگەیاند، ھەرکەسێک خواستی دەسەڵاتی ھەبێت ٧٣ پەرلەمانتار ناکشێنێتەوە، وتیشی، گەلی عێراق بێَزاربووە لە چینی حکومڕان و دەسەڵاتدار بە ھەندێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدریشەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی عێراق قسەی خۆی کردووە و چیتر گفتوگۆ سودی نییە.
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پشتیوانی لە راگەیەنراوەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دەکەن سەبارەت بە رووداوەکانی وڵات و چەندینجار زۆرێک لەو خاڵانەیان خستۆتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دانیشتنی ناکۆکەکان لەسەر مێزی دیالۆگ و پشتیوانیکردنی دەستپێشخەری نیشتمانی گشتگیر کە ببێتە مایەی کۆتاییھێنان بە چەقبەستویی سیاسی وڵات.
حەکیم راشیگەیاندووە، پشتیوانی دەکەن لە داواکاری پابەندبوونی خۆپیشاندەران بە ھێمنی و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چۆڵکردن و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت و ھەماھەنگیکردن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سیستم و پێشێلنەکردنی یاسا.
ھەروەھا حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر، پێشوازی لە راگەیەنراوەکەی مستەفا کازمی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە، ناوەرۆکی راگەیەنراوەکەی کازمی یەک ئەگرێتەوە لەگەڵ بانگەواز و دەستپێشخەرییەکانیان بۆ دیالۆگ و رێککەوتن لەسەر نەخشە رێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستا.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لەناوچەی حەننانەی پارێزگای نەجەف دەکەن، دوورن لە راستییەوە و ھیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو سەرکردەیە دروستنەبووە.
وتیشی، ھادی عامری لەپێناو کردنەوەی دەرگەی دانووستان کار بۆ گەیشتن بە موقتەدا سەدر دەکات، بەڵام سەدر ھەر جۆرە کەناڵێکی دانووستان لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی رەتدەکاتەوە و سوورە لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتن.
دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر و مانگرتن لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغداد، چەندین دەستپێشخەری بۆ دانوستانی لایەنەکان و ھێورکردنەوەی رەوشەکە پێشکەشکراون، بەڵام تائێستا ئەنجامیان نەبووە.
لە رۆژی شەممەوە خۆپیشاندەرانی رەوتی سەدر چوونەتە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرەڕای بانگەواز و دەستپێشخەری لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، تائێستا رەوتی سەدر سورە لەسەر ھەڵوێستەکانی و ئامادەنیە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بھێنێت.
ێاڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، جەختیکردووەتەوە لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی رەتدەکاتەوە.
ئێوارەی دوێنێش لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدروشمی پشتیوانی لە شەرعیەت و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رێگەیان پێنەدرا بچنە ناوچەی سەوزەوە.
تورکی عەتبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، لە ٧٢ کاتژمێری داھاتوودا سەرکردەکانی چوارچێوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشھاتەکانی رەوشی سیاسی بە گشتی و داڕشتنی نەخشەڕێگەی قۆناغی داھاتوو ئەنجام دەدەن.
وتیشی، تائێستا محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەکەی ھەماھەنگییە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی داھاتوو و چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵی پاراستنی وڵات و پڕۆسەی سیاسی دەدات و ھەر جۆرە گۆڕانێک لە پڕۆسەی سیاسی پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.
جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە رەوشی عێراق کرد و ڕایگەیاند، تائێستا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بێلایەنی خۆیان لە خۆپیشاندانەکاندا پاراستووە و نەبوونەتە بەشێک لەو دوو لایەنەی ناکۆکییان ھەیە و ھەوڵدەدەن رەوشەکە کۆنترۆڵ بکەن، وتیشی ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی بەخۆپیشاندانەکانەوە دیارنییە ھەردوولا ئاگاداری لایەنگرانی خۆیان کردووە کە بەھیچ شێوازێک نابێت کەس چەکی پێبێت و نابێت توندوتیژی بەکاربھێنن دەبێت خۆپیشاندانەکان ئاشتیخوازانە بێت."
سەبارەت بە ئەگەری کودەتای سەربازی جەبار یاوەر ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ڕابردوودا عێراق ھەوڵیداوە ھێزە چەکدارەکانی بێلایەن بکات، لە زۆربەی خۆپیشاندانەکان کە لە عێراقدا کراوە بەردەوام ھێزی چەکدار بێلایەن بووە و ئەو دیاردەیەی تیا نەبینراوە کە میحوەرێکی گەورەی تێدابێت کە بیەوێت دەسەڵات بگرێتەدەست.
وتیشی، لەو ململانێیە سیاسییە توندەی نێوان لایەنەکانی شیعەدا ھەیە، ھیچ لایەنێکی شیعی ڕاگەیەنراوی لە دژی ھەرێمی کوردستان نییە ھەموو ئەو لایەنانەی کە ئێستا دژبەیەکن پێشوازی دەکەن لەو بانگەوازانەی کە لە ھەرێمی کوردستانەوە دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا کورد نەبووەتە لایەنێک لە ململانێکان و دەیەوێت ئەو ڕەوشەکە ھێوربکاتەوە.
مەھدی بن ئەحمەد، موفتی سونەکانی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕەوتی سەدر کردووە و ڕایگەیاندووە، دەرگای سۆز و رەحمەتیان کراوەیە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکان و ھیوای خواستووە لایەنەکان چاوی ویژدانیان بخەنە سەر ڕۆڵەکانی گەل.
موفتی سونەکانی عێراق پێشنیازی نێوەندگیریشی کردووە لەنێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی و دەڵێت، چاوەڕێی وەڵام و ڕەزامەندییان دەکات بۆ ئەو دەستپێشخەرییە.
ئەو دەستپێشخەرییە لەکاتێکدایە کە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدادی پایتەخت بەردەوامی ھەیە و تائێستا لەناو بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدان.
سەرۆکی فەڕەنسا، لە تویتێکدا رایگەیاند، زۆر نیگەرانە لە رەوشی عێراق و پێویستە ئارامی و دانبەخۆداگرتن ھەبێت، وتیشی، پشتیووانی لە بانگەوازەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ دیالۆگ و راوێژکردن وەک وەڵامێک بۆ خواستەکانی ھاووڵاتیانی عێراق.
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغداد خۆپیشاندانیان دەستپێکردووەوە و چوونەوە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مانگرتنیان راگەیاندووە.
ێاڵح محەمەد عێراقی وەزیری موقتەدا سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دوای رزگارکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گۆڕینی بۆ ئەنجوومەنی گەل داوادەکەن لەماوەی ٧٢ سەعاتدا باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران چۆڵبکرێت ولەبەردەم و چواردەوریدا مانگرتن بەردەوامبێت، ھەر شوێنێکی تریش کە پێویست بێت مانگرتنی لەبەردەمدا رابگەیەنرێت لە داھاتوودا رێنمایتان پێدەگات.
راشیگەیاندووە، بەردەوامیدان بە مانگرتن زۆر گرنگە بۆ بەدیھێنانی داواکارییەکان، گرنگە مانگرتنەکان بە شێوەی گروپ رێکبخرێت لەگەڵ ھێشتنەوەی قەرەباڵغی لە ھەندێ کاتی دیاریکراودا.
وەزیرەکەی سەدر، داواشدەکات نوێژی ھەینی یەکگرتوو لە بەغداد و بابل و کوت و کەربەلا و نەجەف لە گۆڕەپانی ئاھەنگێڕان ئەنجامبدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پڕۆسەی پێکھێنانی لیژنە لە خۆپیشاندەران بۆ ئیدارەدانی خۆپیشاندانەکان و رێکخستن و گرنگیدان بەھەموو ئەو شتانەی پێویستە.