عیراقعیراق

شەوی رابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغداد کۆبوونەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە عائید ھیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، سوورن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و پاشەکشە لەو بژاردەیە ناکەن و چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت بە بەشداری ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بەبێ پەراوێزخستنی ھیچ لایەک بە رەوتی سەدریشەوە حکومەتی نوێ پێکبھێنێت.

سەرچاوەیەکیش لەچوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکرایکردووە، چوارچێوە لە کۆبوونەوەیەکەیان جەختیان کردووەتەوە لە پشتبەستن بەچارەسەرە دەستوورییەکان وەک بنەما بۆ سازدانی دیالۆگی نیشتمانی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و چوار مەرجیشیان بۆ پشتیووانیکردن لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەیە.

سەرچاوەکە وتیشی، مەرجەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان دەبیننەوە، لە پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە سەرۆکایەتیی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی و کۆتاییھاتنی حکومەتی ئێستا و گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و سازدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرە دەستوورییەکان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی ھێزە سیاسییەکان، بۆ بڕیاردان لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، لە دوێنێوە ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگاکە لە ھەولێرەوە گەیشتوونەتە بەغداد بۆ رێکخستنی دانیشتنەکەی سبەینێ، کە تایبەتە بە بڕیاردان لەسەر داواکاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران.

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، رێکاری ئەمنی توند بۆ پاراستنی کۆبوونەوەکە دەگیرێتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو، ھەروەھا ھێزی ئەمنی تایبەت دانراوە بۆ پاراستنی دادوەرەکان لەکاتی چوونە دەرەوەیان لە دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە.  

وتیشی ھیچ نیەتێک نییە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکەی سبەینێی داگای باڵای فیدراڵی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، عێراق پابەندە بەبڕیاری رێکخراوی ئۆپیک و ھاوپەیمانەکانی لەبارەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام ئەو زیادکردنە کاریگەریی لەسەر یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاو نابێت.

عەلا یاسری وتیشی، مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق بە تێکڕا بۆ چوار ملیۆن و ٦٦٣ ھەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە، راشیگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە و داھاتەکەشی ١٠ ملیار و ٥٤١ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار و ٢٥٨ دۆلار بووە.

عێراق پلانی ھەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ بەھاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە عێراق کاردەکەن بەرھەمھێنانی نەوت بگەیەنێتە ھەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەقیل ردەینی سەرکردەی ھاوپەیمانی نەسر لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوای ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشی سیاسی و پەنابردن بۆ خۆپیشاندان، ھیچ چارەسەرێک لە ئاسۆدا دیارنیە و وەک ھاوپەیمانی نەسر پێیانوایە تاکە چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ دیالۆگ، نەک پەنابردن بۆخۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لە رێگەی شەقامەوە.

رونیشیکردەوە، داواکارییە سیاسییەکانی رەوتی سەدر زۆر گەورەترن لە دەسەڵاتەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی بڕگەکانی دەستور پەیوەستە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە نەک تەنھا پێکھاتەیەک.

سەرکردەکەی ھاوپەیمانی نەسر راشیگەیاند، پشتیوانی بیرۆکەی دیالۆگی گشتگیر لەنێوان کوتلە سیاسییەکان دەکەن و پێویستە دیالۆگ ھەبێت بۆ خستنەرووی دیالۆگی راستەقینە و بەدیھێنانی دیدوبۆچوونی لایەنە سیاسییەکان.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موقتەدا سەدر کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام دەڵێت، خوێنی گەل لە ھەموو شتێک بەنرخترە و عێراقییەکان بەردەوام دەبن لە مانگرتن تاکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکریت.

سەدر دەشڵێت، گەةدەڵکاران گرەو لەسەر جەنگی ناوخۆیی دەکەن، ئەوانیش گرەو لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن و بەردەوام دەبن لە چاکسازی و شۆڕش دژی گەندەڵکاران.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لەکاتی کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری پێشکەشی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کرد و کازمییش دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرد و ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی وەزارەتی دارایی بە وەکالەت راسپارد.

بەپێی زانیارییەکان، دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی بەھۆی نەبوونی ھەنگاوی کردارییە بۆ جێبەجێکردنی وەرقەی سپیی چاکسازی و سەرباری ھەوڵی مستەفا کازمیش بۆ پاشگەزکردنەوەی، بەڵام عەلی عەلاوی سووربووە لەسەر دەست لەکارکێشانەوەکەی.

عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی ساڵی ١٩٤٧ لە بەغداد لەدایکبووە، حەوتی ئایاری ٢٠٢٠ وەک وەزیری دارایی لە کابینەکەی مستەفا کازمی، لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی وەرگرت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مستەفا کازمی لە وتەیەکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند، پەیامی بۆ سەرکردەکانی وڵات ئەوەیە دەبێت لە ئاست مەترسیەکانی سەر عێراقدا بن و کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لە سەرەتاوە بڕیاریانداوە حکومەتەکەی دەستی نەچێتە خوێنی عێراقییەکان نە ئێستا نە لە داھاتوودا، پێویستە کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، بانگھێشتێکیش بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی لە نێوان سەرکردەکانی وڵات ڕادەگەیەنێت.

کازمی باسی لەوەشکرد، حکومەت لە دۆخێکی نائاساییدا ھاتە ئاراوە و سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی سەرجەم ڕێگرییەکان، بەڵام دوای ٢٨ مانگ  لە پێکھێنانی ئەم کابینەیە، جگە لە شەش مانگ  ھیچ بودجەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەبووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی بریکارانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرپەرشتی بەھا ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق تایبەت بە تاوتوێکردنی بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان بە بازرگانیکردن و بەکارھێنانیشەوە گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕوبەڕوبوونەوەشی پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانی ھاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشە.

راشیگەیاندووە، ھەرچەند پلانی جدی و تۆکمەیان داناوە بۆ گۆڕینی شێوازی روبەڕوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان بە تەنھا توانای لەسەدا سەدی ئەو ئەرکەیان نییەو پێویستە ھاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە روبەڕوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکاندا ھەمان رۆڵی ھێزە ئەمنییەکان ببینن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵح محەمەد عێراقی وەزیرەکەی سەدر رایگەیاندوە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار مووشەک ئاراستەی ھەولێر و ئەنبار کران کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی کردوویانە، دواتر پەنایان بردە بەر سوتاندنی نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی کارەبا و تەقاندنەوەی تاوەرەکان، تەنھا لە پێناو ئەوەی خۆیان بسەپێنن و رێگری بکەن لە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی.

لە بەرامبەریشدا ھاوپەیمانی فەتح کە لایەنێکی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگییە رایگەیاندوە، دوورکەوتنەوە لە دانوستان و گفتوگۆ دەبێتە ھۆی سوتاندنی شەقام و لە ناوبردنی عێراق بە یەکجاری، رەوتی سەدریش ئێستا ئەو رێگەیەی ھەڵبژاردووە و باوەڕی بە گفتوگۆ نەماوە و تەنھا کار بۆ فراوانکردنی قەیران و ئاڵۆزییەکان دەکات لە پێناو سەپاندنی خۆی دەستگرتن بەسەر عێراقدا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەکاتێکدا لەگەڵ برایەکی بەرەو پارێزگای دیوانیە رۆیشتون، لە لایەن چەکدارانی سەر بە گروپی سەرایا سەلامەوە تەقەیان لێکراوە، بەڵام لەلایەن پاسەوانێکییەوە وەڵامیان دراوەتەوە و ڕزگاریان بووە و ھیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، وتیشی، ئەگەر موقتەدا سەدر دەسەڵات بگرێتە دەست نەیارەکانی لە ناو دەبات، بۆیە بەردەوام دەبێت لە ڕوبەڕوبوونەوە و رێگریکردن لەو چاکسازییەی سەدر لە ژێر ھەڕەشەدا لە لایەنەکان دەیەوێت ئەنجامی بدات.

لەسەر ئەو ڕووداوەش ھۆزی بەرەکات و کەسوکارەکەی باسم خەشان گروپی سەرایا سەلامیان بە سەرایا غەدر ناوبردووەو رایانگەیاندووە، لایەنگرانی رەوتی سەدر شەڕ بە خانەوادەی ئال خەشان دەفرۆشن و ئەوەی گروپی سەرایا سەلامیش کردویەتی بەبێ وەڵام تێناپەڕێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ داواکارییەکی موقتەدا سەدر بە مەبەستی خۆپیشاندانی ملیۆنی کە ڕۆژی شەممەی داھاتووی دیاریکردوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی لەسەر داوای چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆپیشاندان دەکەن بۆ پشتیوانیکردن لەیاسا و دژی ئەوانەی یاسا پێشێل دەکەن، تەنیا بەشێکی زۆر کەمی لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگین.

ڕاشیگەیاندووە، دەتوانن ھاوشێوەی رەوتی سەدر ھەڵسوکەوت بکەن بۆ زیاتر شێواندنی رەوشی نەخوازراوی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانی دوو ملیۆنی بکەن نەک ملیۆنی، بەڵام پابەندن بە رێزگرتن لەدەستوور و یاسا و نایانەوێت کێشە و ئاڵۆزییەکان زیاتر فراوان ببێت، لەو باوەڕشدان وڵات بە خۆسەپاندن و زمانی ھەڕەشە بەڕێوەنابرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئیمزایان کۆکردۆتەوە و بە یاداشتێک ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردووە و دەڵێن، حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە سەرۆکایەتی (مستەفا کازمی) بە ئارەزوی خۆی ھەڵسوکەوت دەکات و کاروبارەکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبات، ئەنجومەنی نوێنەرانیش وەک لایەنێکی چاودێری حکومەت پەکخراوە و ناتوانێت چاودێری کارەکانی بکات.

ڕاشیانگەیاند، بە پێویستی دەزانن جارێکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەران کارابکرێتەوە و کۆبونەوەکانی دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بتوانن ئەرکەکەیان لە بواری یاسادانان و چاودێری کردنی حکومەت جێبەجێ بکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موعین کازمی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کاتێک ناکۆکی لەسەر پرس و بابەتێکی نیشتیمانی و ستراتیژی دەبێت، پێویستە ھەموو لایەنەکان بە یەکەوە بڕیاری لەسەر بدەن و یەکلایی بکەنەوە، نەک تەنھا یەک یان دوو لایەن خۆیان بکەن بە خاوەنی پرسە نیشتیمانییەکان.

وتیشی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو پرسی نیشتمانی و گرنگن و تایبەت نین تەنھا بە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، کە یەکێکیان داوای ئەنجامدانی بکات و ئەوی دیکەش رەتی بکاتەوە، بەڵکو پێویستە ھەموو لایەنەکان بەیەکەوە بڕیار بدەن لەسەر رەتکردنەوە یان ئەنجامدانی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسایەکی ئامادە کردوە، کە لە رێگەیەوە وڵاتانی ھاوکار و پشتیوانی تیرۆر ناچار و پابەند دەکات قەرەبووی ھەموو ئەو زیانە ماددی و گیانییانە بکەنەوە کە بەھۆی شەڕی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە بە عێراق گەیشتووە، لەگەڵ ھاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە بنیاتنانەوەی سەرجەم ئەو ناوچە و شار و شارۆچکانەی بەھۆی شەڕ و کردەوە تیرۆیستییەکانی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.

راشیگەیاندوە، لە ئێستادا چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و بکرێت بە یاسا و دواتر ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆئەوەی وڵاتانی ھاوکار و پشتیوانی تیرۆر جێبەجێی بکەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھیشام روکابی بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە تویتەر بڵاویکردەوە، نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بە ھیچ شێوەیەک محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەرنەکردووە و رەفتاری لەو جۆرەش دوورە لە مالکییەوە. 

ھیشام روکابی وتیشی، بەشێک لە سەرچاوەکانی ھەواڵ ئەو دەنگۆیەیان بڵاوکردۆتەوە کە ناڕاستە، ھۆشداریشیدایە سەرچاوەکانی ھەواڵ لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی نادروست. 

لەلایەکی ترەوە سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق بە عەرەبی جەدید-یان راگەیاندووە، چەند لایەنێکی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی فشاری زۆر لەسەر حەلبوسی دروست دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە داخستنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی دانیشتنێک، تایبەت بە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی محەمەد شیاع سۆدانی بۆ پێکھێنانی حکومەت. 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"عەلاوی" لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رەوشی سیاسی ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر دواکەوتن یاخود پەکخستنی پێدانی مووچە بە ھاووڵاتیان درووست نەکردووە. 

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەش، عەلاوی وتی، ئەگەر بەبێ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بچنە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، ئەوا بەپێی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ خەرجییەکان دەکەن، کە لەڕێیەوە دەتوانن ١٠٠ بۆ ١٢٠ ترلیۆن دینار بۆ خەرجییەکان تەرخان بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ بوونی بودجە حکومەت ناتوانێت پڕۆژە و وەبەرھێنانی نوێ ئەنجام بدات. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...309310311312313...446