بەپێی ھەواڵی میدیا عێراقییەکان، عامری و سەدر لە حەنانە رەوشی سیاسی عێراق و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی عامری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێ دەکەن.
بڕیاریشە عامری دوو پێشنیاز بخاتە بەردەم سەدر کە بریتین لە پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی یاخود کشانەوەی محەمەد شیاع سۆدانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو پێشنیازانەش بۆ ئەوەن کە سەدر رازی بکات لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت.
عامری چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدا و دوایین پێشھاتەکان و ئەگەری ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن و رێگەچارەکان بۆ رەوشی سیاسی عێراق تاوتوێکران.
عادل موختار ڕاوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە، بەھۆی نەھاتنی پشکی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە وشکەساڵی لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەگەر باراننەبارێت ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە.
بەوتەی ڕاوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران، تورکیا ڕەتیکردووەتەوە لەسەر دۆسیەی ئاو دانووستان لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی بکات، چونکە حکومەتێکی کاربەڕێکەرە ھەربۆیە دانووستانەکان بۆ حکومەتی داھاتوو دواخراوە.
بەھۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە تورکیا بەشەئاوی عێراق زۆر کەمبووەتەوە. حکومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، ئەگەر تورکیا بەنداوی جیزرە دروستبکات، بەردانەوەی بەشەئاوی عێراق بەرێژەی ٥٦% لەلایەن ئەو وڵاتەوە کەمدەبێتەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی لەسەر داواکاری کازمی لایەنەکانی کۆکردەوە، ھیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی گەل تێدانەبوو.
وتیشی، زۆرینەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تەنھا گرنگی بەمانەوەی پۆست و دەسەڵاتیان دەدەن و ھەوڵیاندا شۆڕش بچوک بکەنەوە و لە داواکارییە راستەقینەکان دووربکەونەوە.
وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوان ئەو کۆبوونەوەیەیان بکردایە تۆمەتباردەکران بەوەی کە بە فشاری دەرەکی و ئەمریکا بووە، بۆیە گرنگی بەو کۆبوونەوە نھێنییە نادەن و داواشی کرد ھێندەی دیکە گەل نەترسێنن لە پڕۆسەی دیموکراتی.
ساڵح محەمەد عێراقی داوای لەو لایەنانەش کرد، ئەگەر دەیانەوێت کورسییە بەتاڵەکان پڕبکەنەوە، پێویستە دانیشتنێکی کراوە و راستەوخۆ لەبەردەم گەلدا بکەن، چونکە گەل ھیچ سودێک لە کۆبوونەوە نھێنی و داخراوەکان نابینێت و ھیچ نیەتێکی خێر لە گفتوگۆکان نەبووە و کۆبوونەوەکە شکستیھێناوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ٨٩٤ کەس تووشی کۆلێرا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆلێراش لە کەرکوک تۆمارکراوە کە ٤٨٧ کەسن.
ھاوکات لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٩٩ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و ٥٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدانیش بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقارە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتەکەش رایگەیاندووە، ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زیادیکردووە و پێویستە ھۆشداری تەندروستی بەرز بکرێتەوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی بە وەکالەت ، ئەمرۆش وەزیری نەوت سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەی گرتە دەست.
وەزیری دارایی بە وەکالەت لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە پرۆژەی چاکسازی ئابوری کە لەلایەن عەلی عەلاوییەوە پشتیوانی کراوە، بە پێویستیشی زانی رۆڵی وەزارەتی دارایی پەرەی پێبدرێت بەو پێیەی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت و بەرپرسە لە نەخشەکێشانی سیاسەتی دارایی گشتی دەوڵەت.
(عائید ھیلالی) سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند/ سەردانەکەی (عەممار حەکیم) بۆ سعودیە، پەیوەندی بە قەیرانی سیاسی عێراقەوە ھەیە و لە میانی سەردانەکەدا داوا لە سعودیە دەکرێت، رۆڵی ھەبێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و سەدر، بە تایبەت کە سعودیە پەیوەندیی باشی لەگەڵ رەوتی سەدر ھەیە و دەتوانێت رۆڵی ھەبێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و لێکنزیکردنەوەی بۆچونەکان و دەتوانێت گەرەنتی جێبەجێکردنی ھەر رێکەوتنێک بکات، کە لە نێوان ئەو دوو لایەنە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، سەردانی سعودیەی کرد و لە لایەن (وەلید بن عەبدولکەریم خریجی) جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە پێشوازی لێکرا و بڕیارە چاوی بە لێپرسراوانی باڵای سعودیە بکەوێت.

سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، رێکاری ئەمنی توند بۆ پاراستنی کۆبوونەوەکە گیراوەتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو، ھەروەھا ھێزی ئەمنی تایبەت دانراوە بۆ پاراستنی دادوەرەکان لەکاتی چوونە دەرەوەیان لە دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە.
داواکاری بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانی سەدرییەکان لەلایەن ھەریەک لە پەرلەمانتاران "سەڵاح عەرباوی" و "باسم شێخ" و "جەمال ئەسەدی" و "قاسم عەبادی" و "عەلی تائی" لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو بەرزکرایەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران شکستیھێناوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و وادەی دەستوریش بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تێپەڕیوە.
چاودێران پێیانوایە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە رەتکردنەوە یاخود ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کاریگەری لەسەر داھاتووی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت.
ئەمڕۆ لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرکردە و کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، لەبارەی چەقبەستوویی رەوشی سیاسی و چارەسەرەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی کۆدەبنەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند، پێویستە سەرکردەکان لە ئاستی مەترسییەکانی سەر عێراقدابن و کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێت، وتیشی، دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بەشێک نیین لە ھیچ ناکۆکییەکی سیاسی.
کازمی بانگھێشتی سەرکردەی لایەنە سیاسیەکانیشی کرد، کە ئەمڕۆ لە باڵەخانەی حکومەت، دیالۆگی نیشمانی لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە سیاسیەکانی ئێستا دەستپێبکەن.
ھەر لەو چوارچێوەدا حەیدەرعەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، پێشوازی لە داواکاری ھێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەکەن، وتیشی، قۆناغەکە ھەستیارە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان پێویستییە.
دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، ھێزی ئەمنی سوپای عێراق بە بەشداری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی سەڵاحەدین ئۆپراسیۆنێکیان دەستپێکرد، بۆ پاراستنی ناوچەکانی "بەعێجی و حاوی" نزیک لە روباری دیجلە لە خۆرھەڵاتی بێجی.
ئۆپراسیۆنەکە بۆ کێوماڵکردن و پشکنینی ئەو ناوچانەیە تا لە مەترسییە ئەمنییەکان بپارێزرێن و رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بکرێت.
ساڵح محەمەد عێراقی لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی چوارچێوەی ھەماھەنگی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆپیشاندانەکەیان دیموکراسیانەیە و دەستور گەرەنتی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی کردووە، ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەکخستووە خۆپیشاندانەکانی ئەوان نیە، بەڵکو سێیەکی پەکخەر و بایکۆتی دانیشتنەکان بوونە مایەی پەکخستنی.
دووپاتیشیکردەوە، خۆپیشاندانەکانیان دژی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەکخراوە کە ناتوانێت یاسا دەربکات و پابەندی سوێندەکەی نەبووە و رەچاوی ماوە دەستورییەکانی نەکردووە بۆ پێکھێنانی حکومەت.
راشیگەیاند، ئەگەر خۆپیشاندانەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پشتیوانی دەستور و دەوڵەت بێت بۆچی دژایەتی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەکەن کە گوایە ماوەیان تەواوبووە، ئەوان دژی ئەنجومەنی نوێنەرانن، چونکە ژمارەیەکی کەمی کورسیان بەدەستھێناوە، پروپاگەندەکردن بۆ ساختەکاری پشتیوانی دەوڵەت نیە.
وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، ئەوان لەگەڵ دادگا ناکۆکن، بەڵام ناکۆکییەکەیان ئاشتیانەیە و بێرێزیی ناکەن.
لە رۆژی ھەینی ھەفتەی رابردووەوە، لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە نزیک پردی ھەڵواسراو لە شاری بەغداد، دەستیان بەگردبوونەوە و خۆپیشاندان کرد و دواتریش مانگرتنیان راگەیاند و خێوەتیان ھەڵدا، لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی وەک خۆیان دەڵێن، خۆپیشاندانەکەیان بۆ پشتگیریکردنە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنیان و بەشێکیشیان داوای پێکھێنانی حکومەتی نوێیان کرد بەزووترین کات.
پەیامنێری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بۆ دواخستنی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی رۆژی شەممە، ژمارەی لایەنگرە مانگرتووەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی زیادیکردووە و سەدان کەسی تر چوونەتە ناو گردبوونەوەکە و خێوەتی زیاتر بۆ مانگرتووەکان ھەڵدراوە.
لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرکردە و کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، لەسەر دەستپێشخەری و بانگھێشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی چەقبەستوویی رەوشی سیاسی و چارەسەرەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەدان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە.
ھاوکات سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و لایەنەکانی سووننە و کورد و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن، بەڵام رەوتی سەدر بایکۆتی کۆبوونەکەی کردووە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویکردەوە، بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، دەرئەنجامی سەردانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغداد و سەردانی وەزیری رۆشنبیری بۆ ئەرمینیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
دواتریش پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز و ڕێکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەیەکی تریشدا وەزیری شارەوانی راپۆرتێک سەبارەت بە رەوشی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاو بۆ ھاووڵاتیان پێشکەشدەکات، لەکۆتایشدا چەند پێشنیازێک بۆ جێبەجێکردنی بابەتی خانەنشنینی پلە تایبەت و باڵاکان لە یاسای چاکسازی دەخرێنەڕوو.
بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دیالۆگی نیشتمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و ھێورکردنەوەی رەوشەکە لە بەغداد بەڕێوەچوو، لە کۆتایی کۆبوونەکەشدا، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە.
بەشداربوانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردووەتەوە لە پاراستنی یەکێتی عێراق و بەردەوامبوونی سیستمی دیموکراسی دەستوری و داواشیان کردووە، کێشەکان بە ڕۆحی برایانە و گفتوگۆی بنیاتنەرانە چارەسەر بکرێن.
راشیانگەیاندووە، پەنابردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ھەنگاوێکی بێپێشینە نییە لە مێژووی سیستمە دیموکراسییەکاندا، کە ھەموو لایەک پەنای بۆ دەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
بەشداربوانی کۆبوونەوەکە، داواشیان لە رەوتی سەدر کرد، بۆ چارەسەرکردنی ھەمەلایەنەی کێشەکان، دەست بە گفتوگۆی نیشتیمانی بکاتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنا بردنە بۆ گفتوگۆی نیشتیمانییانە، کە خزمەت بە عێراقییەکان بکات.
بەرەی تورکمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حەسەن توران" سەرۆکی ئەو بەرەیە لەگەڵ "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە بەغداد کۆبووەتەوە و دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێکردووە.
بەرەی تورکمانی رایگەیاندووە، لەگەڵ دانوستانی نیشتمانین بۆ چارەسەری رەوشی سیاسی و ھەنگاونان بەرەو قۆناغی داھاتوو، پشتیوانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، بەڵام بە مەرجی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی فرە بازنەیی و ھەڵوەشاندنەوەی ژماردنی دەنگەکان بە ئەلکترۆنی، ھەروەھا گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بە کۆمیسیۆنێکی دیکە کە بەرژەوەندی نیشتمانی لەپێناو گەل بەدیبھێنێت.
شەوی رابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغداد کۆبوونەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە عائید ھیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، سوورن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و پاشەکشە لەو بژاردەیە ناکەن و چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت بە بەشداری ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بەبێ پەراوێزخستنی ھیچ لایەک بە رەوتی سەدریشەوە حکومەتی نوێ پێکبھێنێت.
سەرچاوەیەکیش لەچوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکرایکردووە، چوارچێوە لە کۆبوونەوەیەکەیان جەختیان کردووەتەوە لە پشتبەستن بەچارەسەرە دەستوورییەکان وەک بنەما بۆ سازدانی دیالۆگی نیشتمانی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و چوار مەرجیشیان بۆ پشتیووانیکردن لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەیە.
سەرچاوەکە وتیشی، مەرجەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان دەبیننەوە، لە پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە سەرۆکایەتیی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی و کۆتاییھاتنی حکومەتی ئێستا و گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و سازدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرە دەستوورییەکان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی ھێزە سیاسییەکان، بۆ بڕیاردان لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.