فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادەوەریی عێراق، فەرمانێکی ئاڕاستەی سەرجەم دادگاکانی لێکۆڵینەوە کرد و داوای لێکردن، رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک بگرنەبەر، کە لە رێگەی بازرگانیکردن بە دراوی بیانی یاخود قۆرغکردنی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەی ھاووڵاتیان، زیان بە "ئابووریی نیشتمانی" بگەیەنێت.

فایەق زێدان داواشی لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی رابسپێرن، ھەماھەنگی لەگەڵ دادگاکان و ئەندامانی داواکاری گشتی بکەن، تاکو نوسینگەکانی کۆفرۆشی و ئەو شوێنانەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییان تێدا دەکرێت، بپشکنن و سەرپێچیکارانی یاسا دەستگیر بکەن.